رووداو دیجیتاڵ
د. عەلی عەبوود، سەرۆکی یەکێتیی عەلەوییەکانی سووریا لە ئەورووپا، رۆژی هەینی داوای پاڵپشتیی نێودەوڵەتی کرد بۆ ئەوەی سووریا بچێتە قۆناخێکی نوێ.
لە کاتی قسەکردنی بۆ زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە دووسڵدۆرفی ئەڵمانیا، عەلی عەبوود دۆخی قۆناخی راگوزەری سووریای لە دوای ئەسەد بە نەخۆشێک چواند کە چارەسەری فریاگوزاری وەرگرتووە و ئێستا پێویستی بە چاودێریی چڕە؛ ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە "هەموو پێکهاتەکانی" گەلی سووریا لەژێر یەک چەتری سیاسیدا کۆبکرێنەوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانیان لە جیهاندا بکەن.
هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆنەکە گرووپە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکانی سووریا لەخۆدەگرێ.
راگەیاندنی هاوپەیمانییە سیاسییەکە هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
لە کاتی قسەکردنی بۆ زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە دووسڵدۆرفی ئەڵمانیا، عەلی عەبوود دۆخی قۆناخی راگوزەری سووریای لە دوای ئەسەد بە نەخۆشێک چواند کە چارەسەری فریاگوزاری وەرگرتووە و ئێستا پێویستی بە چاودێریی چڕە؛ ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە "هەموو پێکهاتەکانی" گەلی سووریا لەژێر یەک چەتری سیاسیدا کۆبکرێنەوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانیان لە جیهاندا بکەن.
سیاسەتڤانەکە گوتی، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ قەوارەیەکی سیاسی یان ناسیاسی نییە بە ناوی گەلی سووریاوە قسە بکات" و حکومەتی راگوزەری سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع - کە پێشتر بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسرابوو - رەتکردەوە و گوتی، تەنیا نوێنەرایەتیی "توێژێکی بچووکی"ی یەکێک لە تایفەکان دەکات.
ئەم لێدوانانە چەند رۆژێک دوای راگەیاندنی "کۆمەڵەی هێزە دیموکراسییەکانی سووریا" دێت لە 8ی کانوونی یەکەم لە بەرلین، کە هاوپەیمانییەکی بەرفراوانە و عەبوود وەک هەنگاوێکی گرنگ ناوی برد بۆ دەرهێنانی سووریا لەو "زۆنگاوە"ی تێی کەوتووە.
بە گوتەی د. عەلی عەبوود، بەشداربووان بریتی بوون لە نوێنەرانی ئاشووری، کوردانی ئێزدی، مەسیحی، دروز، سوننە و عەلەوییەکان. د. عەلی عەبوود ستایشی کۆبوونەوەکەی کرد و بە دەستپێشخەرییەکی "زۆر گرنگ" ناویبرد کە لە سەرەتاوە پاڵپشتیی میدیایی بەدەستهێناوە و رەنگە بەمزووانە پاڵپشتیی سیاسیش بۆ خۆی رابکێشێت.
کۆنفرانسەکە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێ کە سەقامگیرییەکی لەرزۆک باڵی بەسەر سووریادا کێشاوە، ئەوەش ساڵێک دوای ئەوەی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 ئەسەدیان رووخاند و کۆتاییان بە شەڕێکی ناوخۆیی 13 ساڵە هێنا کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 600 هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس.
حکومەتەکەی شەرع کە لە ئاداری 2025 بە دەستوورێکی کاتییەوە پێکهێندرا، بەڵێنی هەمەگری و تێکەڵکردنی چەکدارانی بە سوپای نیشتمانی داوە. بەڵام تۆمەتبار دەکرێ بەوەی نەیتوانیوە رێگری لە پێشێلکارییەکان بکات، لەوانەش کۆمەڵکوژی دژی عەلەوی و دروزەکان، کە ترس و دڵەڕاوکێی پێکهاتەکانی زیاد کردووە و هەوڵەکانی ئاشتەوایی پەکخستووە.
راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تشرینی دووەمی 2025 بەڵگەی کوشتنی بێ دادگەییکردن، ئەشکەنجە و دەربەدەرکردنی زۆرەملێیان دژی عەلەوییەکان لە دیمەشق و پارێزگاکانی رۆژئاوا تۆمارکردووە، هۆشداریشیان داوە کە ئەو جۆرە پێشێلکارییانە مەترسیی هەڵگیرسانەوەی ململانێکانیان هەیە.
رێکخرای چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومن رایتس وۆچ) و لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) ئاماژەیان بە هەبوونی گوتاری رقهەڵگر و تایفەگەری و تۆڵەسەندنەوە کردووە لەلایەن هێزەکانی نزیک لە حکومەتەوە.
رووداوەکان لە ئاداری 2025ـەوە بە شێوەیەکی مەترسیدار پەرەیان سەند، کاتێک نزیکەی هەزار و 500 عەلەوی لە ناوچە کەناراوەکانی وەک لازقییە و تەرتووس کوژران. هەڵچوونێکی هاوشێوە لە تەممووزی 2025 لە پارێزگای سوەیدا لە باشوور کە زۆرینەی دروزن، بووەهۆی کوژرانی هەزار بۆ دوو هەزار کەس، ئەمەش وایکرد ئیسرائیل بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو پێکهاتەیە هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر سووریا.
بە گوتەی د. عەلی عەبوود، یەکێتییەکەیان "بەڵگەنامەی بەرفراوانی" لەسەر تۆمەتەکان کۆکردووەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ تەممووزی 2024 دەگەڕێتەوە، لەوانە رفاندن، سووتاندنی ماڵ و کوشتن لە دژی پێکهاتەکان.
راپۆرتێک لە 4ی تشرینی دووەمی 2025 - کە بۆ 24 لایەنی نێودەوڵەتی نێردراوە، لەنێویاندا وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیمانگەی توێژینەوەی ئەمنیی یەکێتیی ئەورووپا، وردەکاریی پێشێلکارییەکانی تاوەکو مانگی تشرینی یەکەمی خستووەتەڕوو.
یەکێتییەکە هەروەها سکاڵایەکی لە نووسینگەی داواکاری گشتیی فیدراڵیی ئەڵمانیا دژی شەرع و وەزیرانی بەرگری، ناوخۆ و ئەوقافی حکومەتەکەی تۆمارکردووە بە تۆمەتی تاوانی دژی مرۆڤایەتی. دۆسیەکە وەرگیراوە، لە ژێر پێداچوونەوەدایە، هەرچەندە د. عەلی عەبوود ئاماژەی بە ئەگەری دواکەوتنی راییکردنی دۆسیەکەی کرد بەهۆی کرانەوەی دیپلۆماسییانەی بەرلین بەڕووی دیمەشقدا.
ئەڵمانیا کە میوانداریی زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەری سووریایی دەکات، بیر لە گوشاری ئابووری دەکاتەوە بۆ گەڕاندنەوەی هەندێکیان بۆ سووریا و رۆژئاوای کوردستان، وەک هەڵگرتنی سزاکانی رۆژئاوا لەسەر هەتەشە.
بەڵام د. عەلی عەبوود جەختی لەوە کردەوە کە بەرلین ئاگاداریی تەواوی هەیە لە "رابردووی خوێناوی"ی سەرکردەکانی هەتەشە، کە سەرەڕای مێژووەکەیان، بەم دواییە بەپێی بڕیارنامەی 2799 لە لیستی سزاکانی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان لابران.
هاوپەیمانییەکەی د. عەلی عەبوود هیچ داواکارییەکی لە حکومەتی شەرع نییە، کە عەبوود بە "بێتوانا" ناوی برد لە پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان دوای ساڵانێک لە "کوشتن، چەوساندنەوە و رفاندن." لەبری ئەوە، داوا لە زلهێزەکانی جیهان دەکات پاڵپشتیی ئەم هاوپەیمانییە بکەن. د. عەلی عەبوود گوتی: "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی واز لەم گاڵتەجاڕییە سیاسییەی پاڵپشتیکردنی ئەوانەی تاوەکو دوێنێ لە لیستی تیرۆردا بوون بهێنێت."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. عەلی عەبوود، سەرۆکی یەکێتیی عەلەوییەکانی سووریا لە ئەورووپا:
رووداو: جەنابت پزیشکی و پسپۆڕییت بارە فریاگوزارییەکانە. ئەگەر سووریا لەژێر مایکرۆسکۆپی تۆدا بێت، لەم دۆخەی ئێستادا چۆن چارەسەری دەکەیت؟
د. عەلی عەبوود: سڵاو. ئێمە ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین دوای ئەو چارەسەرە فریاگوزارییەی بۆ سووریا کرا، بیبەینە ژووری چاودێریی چڕەوە. ئەمەش بە کۆکردنەوە و یەکخستنی هەموو پێکهاتەکانی سووریا لەژێر یەک چەتری سیاسیدا دەستپێدەکات بۆ ئەوەی بە ناوی گەلی سووریاوە قسە بکات، چونکە تاوەکو ئەمڕۆ هیچ قەوارەیەکی سیاسی یان ناسیاسی نییە بە ناوی گەلی سووریاوە قسە بکات. تەنانەت حکومەتی دیفاکتۆش بە ناوی گەلی سووریاوە قسە ناکات و نوێنەرایەتیی گەلی سووریا ناکات، بەڵکو تەنیا نوێنەرایەتیی توێژێکی سنوورداری یەکێک لە تائیفەکان دەکات. گەلی سووریا ئەمڕۆ پێویستی بەوەیە بە ناسنامە کولتووری و شارستانییەکەیەوە، بە تواناکانی خۆی و توانای پێکهاتەکانییەوە، خۆی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بناسێنێت. دەبێت ئەم پێکهاتانە لەژێر یەک چەتری سیاسیدا کۆببنەوە و یەک پرۆژەی سیاسییان هەبێت. ئەمەش ئەو شتەیە کە رۆژی دووشەممەی رابردوو 8ی کانوونی یەکەم لە بەرلین لە کۆنفرانسی (کۆمەڵەی هێزە دیموکراسییەکانی سووریا) دەستمان پێکرد.
رووداو: کێ لەم کۆنفرانسەدا لەگەڵتان بەشدار بوو؟
د. عەلی عەبوود: نوێنەری هەموو چین و توێژەکانی گەلی سووریا: ئاشووری، ئێزدی، مەسیحی، دروز، سوننە و وەک روونە، ئێمەی عەلەویش. دەتوانین بڵێین هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا لەم کۆمەڵەیەدا نوێنەرایەتییان هەیە. هەنگاوێکی زۆر گرنگە و سەرەتا پێشوازی و پاڵپشتیی میدیایی لێکرا، بە پشتیوانیی خودا دواتریش پاڵپشتیی سیاسی لێ دەکرێ بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەم کۆمەڵەیەوە یان بەهۆی ئەم کۆمەڵەیەوە، گەلی سووریا لەو زۆنگاوەی تێی کەوتووە، دەربهێنین.
رووداو: ئەنجامەکانی ئەم کۆنفرانسە چی بوون؟ هیچ داواکارییەکتان لە حکومەتە نوێیەکە هەیە؟ هەروەها لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی کە ئێوە لە ئەڵمانیا دەژین؟
د. عەلی عەبوود: بێگومان هیچ داواکارییەکمان لە حکومەتی دیفاکتۆی ئێستا نییە، چونکە ئەوان لەوە لاوازترن بتوانن جێبەجێی بکەن. ئەوان لە دابینکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ هاووڵاتییان دۆش داماون، ئیدی چۆن دەتوانن داواکاریی ئەو کەسانە جێبەجێ بکەن کە بەخۆیان کوشتوویانن، چەوساندوویاننەتەوە، ژنەکانیان رفاندوون، ماڵ و زەوییەکانیان سووتاندوون و دەربەدەریان کردوون و ژن و منداڵیان رفاندوون؟ بە دڵنیاییەوە هیچ داواکارییەکمان لەم حکومەتە نییە. داواکاریی ئێمە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە پاڵپشتیی ئەم قەوارە سیاسییە بکات کە نوێنەرایەتیی هەموو عەلەوی، سوننە، دروز، مەسیحی، ئاشووری و ئێزدییەکان دەکات، واتە زیاتر لەو حکومەتە نوێنەرایەتیی گەلی سووریا دەکات. هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی واز لەم گاڵتەجاڕییە سیاسییەی پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانە بێنێت کە تاوەکو دوێنێ لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتیدا بوون و واز لە لابردنی ناویان لە لیستی تیرۆری لیژنەی 1267ی ئەنجوومەنی ئاسایش بەپێی بڕیاری نێودەوڵەتیی 2799 بێنێت. ئەمە ئەو رابردووە رەشە و ئەو رابردووەی بە خوێنی سوورییەکان سوور بووە، پاک ناکاتەوە.
رووداو: کورد داوای گۆڕینی ناوی (کۆماری عەرەبیی سووریا) بۆ (کۆماری سووریا) دەکەن و رەنگە پێکهاتەکانی دیکەش هەمان داوایان هەبێت. تەنانەت لە سیستمی سیاسیشدا داوای ناناوەندیبوون و فیدراڵی دەکەن. بۆچوونی ئێوە چییە لەسەر گۆڕینی ناوی کۆمارەکە و سیستمی داهاتوو کە رەنگە ناناوەندی یان فیدراڵی بێت؟
د. عەلی عەبوود: ئەمانە پرسیاری گرنگن، بەڵام من بە تەنیا ناتوانم وەڵامیان بدەمەوە. ئەگەر بە تەنیا بمانتوانیبایە دۆخێکی سیاسی دروست بکەین... ئەمڕۆ برایانی کورد لە رووی سەربازییەوە لە گۆڕەپانی سووریادا بەهێزترینن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بە تەنیا ناتوانن هیچ گۆڕانکارییەکی سیاسی بەرەو فیدراڵی یان گۆڕینی ناوی کۆمارەکە بکەن، ئینجا (عەرەبیی سووریا) بێت یان (سووریا). کەس ناتوانێت بە تەنیا وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، ئەمە ئەنجامی کاری سیاسیی بەکۆمەڵ و هاوبەش دەبێت.
رووداو: ئەی ئێوە پشتگیریی ئەم داواکارییانە دەکەن؟
د. عەلی عەبوود: ئێمە پشتگیریی هەر شتێک دەکەین کە پێکهاتەکانی گەلی سووریا لە داهاتوویەکی دیموکراسیی یەکگرتووی سوورییدا کۆبکاتەوە، واتە ئێمە بڕوامان بە برایەتی و هاوبەشی لەگەڵ برایانی کورد هەیە؛ ناکرێ هەبوونی ئەوان رەتبکەینەوە و کۆتایی پێ بهێنین لەبەر وشەیەک لێرە و وشەیەک لەوێ. ئێمە سەیری نێوەڕۆک دەکەین نەک رووکەش و رواڵەت، واتە ئەگەر وڵاتەکەت ناونا (کۆماری عەرەبیی سووریا) و ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی فوڕات لەژێر کۆنترۆڵتدا نەبوون، سێ پارێزگەی باشوور لەژێر کۆنترۆڵتدا نەبوون، گرنگیی ئەم ناوە چییە؟ بەڵام ئەگەر ناوت نا (کۆماری سووریا) بۆ نموونە و کورد و دروز و هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریات تێدا کۆکردەوە و سنوور و یەکپارچەیی خاکەکەی لە چوارچێوەی سیستمێکی پەرلەمانیی دیموکراسیی فیدراڵیی ناناوەندیی سێکولاردا پارێزراو بوو، کام بژاردەیە هەڵدەبژێرین؟ بێگومان ئەو بژاردەیەی یەکێتی و کۆبوونەوەمان و یەکپارچەیی خاکی سووریا لەسەر بنەمای فیدراڵی و دیموکراسی و ناناوەندیبوون مسۆگەر دەکات.
رووداو: دکتۆر، سەبارەت بەو رووداوانەی لە کەناراوەکان روویاندا، زۆر لە چالاکڤانانی عەلەوی یان دروز بەڵگەیان کۆکردووەتەوە. بەهۆی ئەم پێشێلکارییانەوە لەگەڵ هیچ لایەنێکی فەرمی لە ئەڵمانیا یان ئەورووپا، وەزارەتی دەرەوە، پەرلەمانتاران و ئەوانە قسەتان کردووە؟
د. عەلی عەبوود: لە یەکێتییەکەماندا نووسینگەی یاسایی هەیە کە ژمارەیەکی زۆر شارەزا و پارێزەری یاسای نێودەوڵەتی و سزا و شارستانی و پسپۆڕییە جیاوازەکانی تێدایە. تیمێکی گەورەی بەدۆکیۆمێنتکردنیش لە یەکێتییەکە کار دەکات. ئەم تیمە چەندین راپۆرتی ئامادە کردووە، دوایین دانەیان لە 4ی تشرینی دووەم بوو، واتە چەند رۆژێک پێش ئەوەی ناوی جۆلانی لە لیستی تیرۆری جیهانی دەربهێنن - ئەم راپۆرتە بۆ 24 لایەنی نێودەوڵەتی نێردراوە، لەنێویاندا لایەنی ئەڵمانی و ئەورووپی و تەنانەت لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی مرۆڤ و نووسینگەکانی سیاسەتی دەرەوە و ئەمنی و پەیمانگەی توێژینەوەی ئەمنی لە یەکێتیی ئەورووپا. بێگومان ئەم راپۆرتە بە وردی هەموو ئەو پێشێلکارییانە لەخۆدەگرێ کە لە سووریا بەرامبەر هەموو پێکهاتەکان کراون لە مانگی تەممووز تاوەکو تشرینی یەکەم. هەروەها ئێمە سکاڵامان لەسەر حکومەتی دیفاکتۆ و کەسایەتییەکان لەبەردەم داواکاری گشتیی فیدراڵیی ئەڵمانیا تۆمار کردووە و سەرەتایی سکاڵاکە وەرگیراوە و ئێستا ئەوان لە قۆناخی.
رووداو: مەبەستان سەرۆککۆمارە، دکتۆر؟
د. عەلی عەبوود: سەرۆککۆمار و وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆ و وەزیری ئەوقاف.
رووداو: چاوەڕێ دەکەن بەمزووانە سەردانی بەرلین بکات؟
د. عەلی عەبوود: دەکرێت، هەر بۆیەش سیاسەت چارەسەرە یاساییەکان دوا دەخات. ئەڵمانیا ئەمڕۆ بەرژەوەندییەکی کاتی هەیە، بەرژەوەندییەکی دوورمەودای لە دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لە دوورەوە لەگەڵ ئەم حکومەتە هەیە بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران کە بوونەتە بارگرانییەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ سەر کۆمەڵگەی ئەڵمانی. ئەمە بەرژەوەندیی ئەڵمانیایە بە کورتی و لەبەر ئەوەیە ئەگەر پێشوازی لێ بکەن. بەڵام ئەڵمانەکان زۆر بە وردی دەزانن چی لە سووریا روودەدات. باش ئاگاداری دۆخی سووریان.
رووداو: دوا پرسیار، دکتۆر. حکومەتە نوێیەکە یان بەرپرسانی حکومەتە نوێیەکە هەوڵیان داوە قسەتان لەگەڵ بکەن یان پەیوەندیتان پێوە بکەن، بەتایبەتی رەوەندی عەلەویی سووری لە ئەورووپا و ئەڵمانیا؟
د. عەلی عەبوود: هەوڵی ناڕاستەوخۆ هەبوو، بەڵام راستەوخۆ رەتمانکردنەوە، چونکە ناکرێت هیچ دەرگایەکی دانوستان یان گفتوگۆ، نە راستەوخۆ و نە ناڕاستەوخۆ، لەگەڵ ئەم حکومەتە بکەینەوە کە دەستەکانی بە خوێنی سوورییەکان سوورە؛ دەستیان بە خوێنی عەلەوی و کورد و دروز و کریستیانەکان سوورە. کەس لە دەستی سەلامەت نەبووە، تەنانەت سوننەش. هەفتەیەک لەمەوبەر شێخێکی سوننە لە تەرتووس کوژرا تەنیا لەبەر ئەوەی رەتیکردەوە پەیڕەوی رێبازی سەلەفی و جیهادی بکات. کەس لە دەستی ئەم حکومەتە رزگاری نەبووە. مرۆڤ لەسەر چی و بۆ چ ئامانجێک پەیوەندی بەم حکومەتەوە بکات؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ