رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پێشووتری دارایی بەریتانیا دەڵێ وانەی ئیمارات بۆ عێراق ئەوەیە؛ لەبری سزادانی کورد، ئەگەر بەغدا لەگەڵ هەولێر کاربکات ئەوا سوود بە گەشەی ئابووریی وڵات دەگەیێنێت.
نەدیم زەهاوی، بە رەچەڵەک کوردی فەیلییە، پێشتر لە پۆستەکانی وەزیری دەوڵەت بۆ پەروەردە، وەزیری دارایی، وەزیری یەکسانییەکان، وەزیری پەیوەندییە نێوخۆییەکان هەروەها وەزیری دارایی بەریتانیا کاری کردووە. لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو لەبارەی چەند تەوەرێک قسەی کرد.
لە کۆتاییەکانی مانگی ئاداری 2023، بەهۆی سکاڵای حکومەتی عێراقەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا. دوای نزیکەی دوو ساڵ، رۆژی 2-2-2025 هەمواری یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق پەسندکرا و بەوپێیە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەدیم زەهاوی گوتی "زۆر گرنگە بۆرییەکە دووبارە بخرێتەوەکار. وەک دەزانن، بەهۆی، یەکتر قبووڵنەکردنی سیاسییەوە، ملیاران دۆلار لەدەستچووە."
ئەو وەزیرەی پێشووتری دارایی بەریتانیا پێی وایە؛ هەندێک لە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان نرخی سوودی زۆر بەرز دەسەپێنن، بۆیە پەیامێکی بۆ کۆمپانیاکان هەیە و، دەڵێ "دەبێت زۆر وریا بن لەوەی چۆن دەتانەوێت بەردەوام بن."
نەدیم زەهاوی باسی دیداری لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و گوتی ''دەیەوێت شتەکان چاک بکات و دڵنیا بێت لەوەی نەوت بە بۆریەکەدا بڕوات."
لە کۆتایی گوتەکانیدا لەم هەڤپەیڤینە کە رۆژی 11-2-2025 لە دووبەی لەگەڵی تۆمارکراوە، نەدیم زەهاوی روانگەی خۆی لەبارەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ دەربارەی غەززە بۆ رووداو خستەڕوو، پێی وایە ترەمپ کەسێکی مامەڵەکارە و دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکات، نەوەک کێشە دروست بکات.
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ نەدیم زەهاوی، وەزیری پێشوتری دارایی بەریتانیا:
رووداو: حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق نزیک بوونەتەوە لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. جەنابت ماوەیەک لە هەردوو لا نزیک بوویت و، ئێستاش پەیوەندیت لەگەڵیاندا هەیە. پێتوایە بەم زووانە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێت؟
نەدیم زەهاوی: پێموایە زۆر گرنگە بۆرییەکە دووبارە بخرێتەوەکار. وەک دەزانن، بەهۆی، یەکتر قبووڵنەکردنی سیاسییەوە، ملیاران دۆلار لەدەستچووە. ئەوە نابێت رووبدات. دەزانم مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زۆر جەختی لەسەر چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی ماوە، کردووەتەوە. با سەیری ئەوە بکەین کە ئێستا لە کوێ راوەستاوین. ئێمە لە دڵی حەوت میرنشینی دووبەیداین. یەکێک لەو میرنشینانەی جیاوازییەکانیان وەلاناوە. توانیویانە لەگەڵ 6 میرنشینەکەی دیکە کار بکەن و کێکی ئابووریی ئیماراتیان گەورە کردووە کە خێراترین ئابووریی گەشەسەندووە لە ناوچەکەدا بە گەشەی ناوخۆیی زیاتر لە 5٪ لە ساڵی رابردوو. وانەکە بۆ عێراق ئەوەیە؛ لەبری سزادانی کورد، ئەگەر پێکەوە کاربکەن، ئەگەر بەغدا لەگەڵ هەولێر کاربکات، کورد وەک بەرژەوەندییەک، وەک شتێکی باش، وەک رێگەیێک بۆ گەورەکردنی کێکی ئابووریی عێراق ببینێت، ئەوا دەتوانێت سوود بە هەموو عێراق و بەتایبەتی خەڵکی کوردستان بگەیێنێت.
رووداو: عێراق دەیەوێت یان نیاز و نیەتی ئەوەی هەیە نەوتی کوردستان جارێکی دیکە بچێتە دەرەوە؟
نەدیم زەهاوی: من، چاوم بە (محەممەد شیاع) سوودانی، سەرۆکوەزیران کەوت کاتێک سەردانی بەریتانیای کرد و پێموایە ویستەکە هەیە، من پێی دڵخۆشم و پێموایە دەبێت ئەوە دانی پێدا بنرێت و پشتگیریی بکرێت. هەروەها پێموایە ئەگەر سەیری ستراتیژییەکەی سەرۆکی نوێی ئەمریکا بکەیت، دەیەوێت ئەو بەرمیلانە بگەڕێنەوە بازاڕی نێودەوڵەتی. پێموایە ئەوە گرنگە. گرنگترین شت ئەوەیە کورد پشکی دادپەروەرانەی خۆی لە بودجەی گشتیی عێراق وەربگرێت. ئازاردەر بووە سەیری ئەوە بکەیت کوردستان مانگ لە دوای مانگ سزا بدرێت لەپێناو ئامانجە سیاسییەکان، با وای دابنێین، خواستە سیاسییەکان، کە مووچەکان نادرێن، کە ناکۆکییە بچووکەکان زۆر گەورەتر دەبن تەنیا بۆ سزادانی کورد. ئەوە ناکرێت راست بێت. پێموایە ئەگەر هەموو لایەنەکان کار بکەن بۆ لابردنی هەندێک لەم بەربەستانە، لە راستیدا قازانجەکە، قازانجی گشتی زۆر گەورەترە لەو وردەکارییانەی لە زۆر رووەوە هەن. بێگومان، کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت دڵنیابن لەوەی پارەیان پێ دەدرێت کە پاداشتی دادپەروەرانەی خۆیان لە پشکی بەرمیلەکان وەردەگرن. کوردستان گرێبەستی نەوتیی باشی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان هەیە.
رووداو: پێتوایە گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت باش و تەواو بن؟
نەدیم زەهاوی: بەڵێ. پێموایە حکومەتی هەرێمی کوردستان کارێکی باوەڕنەکراوی کردووە و پێشکەوتنێکی باوەڕنەکراو بەدەستهاتووە بۆ گەشەپێدانی کەرتی وزە و دەزانم سەرۆکوەزیران دەیەوێت زیاتر لەگەڵ گەشەپێدانی وزەی خۆر و وزەی نوێبووەوە هەروەها هایدرۆکاربۆن بڕوات و زۆر باش کاری کردووە. روونە لەوێ سەختە هەندێک لە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بە بۆچوونی من نرخی سوودی زۆر بەرز دەسەپێنن و دەبێت دووجار بیربکەنەوە. پەیامەکەم بۆ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان ئەوەیە دەبێت زۆر وریا بن لەوەی چۆن دەتانەوێت بەردەوام بن لە وەبەرهێنان لەکاتێکدا دادپەروەر بن بۆ وڵاتی خانەخوێ.
رووداو: لە دیدارەکەت دا لەگەڵ بەڕێز سوودانی لە لەندەن، باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداتان کرد؟ لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چی گوت؟
نەدیم زەهاوی: شتی زۆر باس کران. پێموایە وەڵامەکەی ئەوە بوو؛ دەیەوێت شتەکان چاک بکاتەوە. دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی نەوت بە بۆرییەکەدا دەڕوات. دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی هەتاوەکو دەکرێت، پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەرێنی بێت. ئەو سوودەکانی ئابوورییەکی بەهێز و چالاک لە کوردستان دەبینێت، بەڵام لە کۆتاییدا قسە شتێکە کە دەبێت بیگەیێنیتە ئەنجام. بە بۆچوونی من، هەموو ئەو شتانەی لە سیاسەتدا کردوومە، دەتوانم پێت بڵێم سیاسەتمەداران وتاری گەورە دەدەن، بەڵام بە کردەوەکانیان هەڵیانبسەنگێنە. لە کۆتاییدا، عێراق بە کردەوەکانی هەڵدەسەنگێندرێت لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، چ شانشینی یەکگرتوو بێت یان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەوان چاودێریی کردەوەکانی سیاسەتمەدارانی بەغدا دەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی بزانن لە راستیدا شتی دروست دەکەن لە رێگەی کوردەوە.
رووداو: حکومەتی عێراق و حکومەتی بەریتانیا کۆمەڵێک رێککەوتنیان لە بواری وزە و مرۆیی واژۆکردن. با لە هاتنی کۆمپانیای بیپییەوە دەستپێبکەم. کۆمپانیای بیپی دەتوانێت چی لە عێراق بکات؟ دەتوانێت بەرهەمهێنانی نەوت بە تایبەتی لە کەرکووک و دەوروبەری زیاد بکات؟
نەدیم زەهاوی: دەتوانێت. کەواتە چەند شتێک هەن. یەکەم، ئاشکرایە باشترکردنی کەرتی وزە بەگشتی بەڵام هەروەها گازیشت هەیە، هەندێک لە گازەکان ئاڵۆزترن، چونکە رێژەی بەرزی گۆگردیان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەتێکی گەورە لە بواری گازدا لە هەرێمی کوردستان هەیە، لە بەشەکانی دیکەی عێراقیش. پێموایە ئەوە بردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ هەردوولا. پێموایە گەشەپێدانی هەندێک لە کێڵگە گەورەکان لە عێراق، دەزانم کە ئەدنۆک لێرە لە ئیمارات زۆر بە جددی بیر لە عێراق دەکەنەوە. بەڵام دەرفەتێکی راستەقینەیش لە وزەی نوێبووەوەدا هەیە. بۆیە سەرۆکوەزیران بارزانی باسی وزەی خۆر و وزەی نوێبووەوەی دیکەی کردووە. تەکنەلۆژیای نوێ هەیە. وەزیری دەرەوەی ئیمارات عەبدوڵڵا بن زاید دوێنێ (11-2-2025) پێی گوتم، ئێستا تەکنەلۆژیا هەیە کە تەنانەت شنەبایەکیش دەتوانێت وزە دروست بکات. پێویستت بە بای بەهێز نییە بۆ دروستکردنی وزە. لەگەڵ هەندێک لەو داهێنانە نوێیانەی لە جیهانەوە دێن و لێرە لە ئیمارات بەکاریان دەهێنن. شتی زۆرمان هەیە لە ئیماراتەوە فێری بین. پێموایە ئەو هاوکارییەی نێوان عێراق و ئیمارات و، کوردستان و ئیمارات زۆر گرنگ دەبێت.
رووداو: رێککەوتنێکی دیکە لەبارەی ناردنەوەی پەنابەرانی نایاسایی لە بەریتانیاوە بۆ عێراق؛ بە بڕوای ئێوە ئەوە جێبەجێ دەکرێت؟ ئەگەر دەکرێت، کەی؟ ئەگەر ناکرێت، بەربەستەکانی بەردەمی چین؟
نەدیم زەهاوی: من ئیدی لە حکومەتدا نیم. ئێستا حکومەتی کرێکارانە. کەواتە، لە زۆر رووەوە، ئەوە دەکەوێتە سەر هاوڕێکانم لەم حکومەتەی ئێستادا کە هەوڵبدەن دڵنیابن لەوەی هەندێک لەو نیگەرانییانەی لە عێراقەوە دەورووژێنرێن چارەسەر بکەن، بێگومان دڵنیا بن لەوەی ئەو پەیوەندییە، کە پێموایە بەرەو ئاراستەی دروست دەڕوات، بەڕاستی دەتوانێت گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە ئاسان بکات کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە وڵاتەکەم. ئەوە تەنیا کاری دروستە؛ ئەگەر بەشێوەیەکی نایاسایی هاتیتە ژوورەوە، دەبێت مامەڵەیەکی زۆر جیاوازت دا لەگەڵ بکرێت. دەبێت جیاواز بێت لەوەی ئەگەر بە یاسایی بێیت و بتەوێت بخوێنیت و کار بکەیت. بۆیە پێموایە ئەوە دوو شتن کە دەبێت زۆر بە روونی جیاوازییان لەنێواندا بکرێت.
رووداو: بەڕێز نەدیم، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکات لەبارەی غەززە گوێ لێ بووە، چۆڵکردنی غەززە، ئاوەدانکردنەوەی، خەڵکەکەی بچنە میسر و ئوردن. بۆچوونی بەڕێزت لەو بارەیەوە چییە؟ ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپ داوای دەکات، جێبەجێ دەکرێت؟
نەدیم زەهاوی: باشە، سەیر بکە، سەرۆک ترەمپ کەسێکە کە مامەڵەکارە. ئەو کەسێکە دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکات نەوەک کێشە دروست بکات، ئەمە ئەزموونی منە لەگەڵی دا. پێموایە دەرفەتێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبینێت لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشە درێژخایەنەکان، لەوانەش کێشەی فەلەستین. پێموایە ژیرانە دەبێت سەیری ئەوە بکات کە چۆن دەکرێت دەوڵەتێکی فەلەستینی بەردەوام، دروست بکرێت. پێموایە لە بەرژەوەندیی هەموو ناوچەکەیە کە گەلی فەلەستین هەست بکەن وەک ئەمریکییەکان دەڵێن، بەشێکن لە یارییەکە. کاتێک خەڵک خاوەنی موڵک دەبن، کاتێک هەستیان هەیە شتێکیان هەیە، دەیانەوێت بیپارێزن و پەرەی پێبدەن و گەورەی بکەن، ئینجا پەڕجوو (موعجیزە) روودەدات. سەیری ئیمارات بکە؛ چ پەڕجوویەکی ئابووریی دروست کردووە!
من لەگەڵ ئەجێندای خۆشگوزەرانیدام. مەسەلەکە ئەوەیە کە چۆن لە کۆتاییدا پێی دەگەیت. لەوانەیە ناڕەحەت بێت. پێموایە لە زۆر رووەوە، کەسێکم پێ باشترە کە مامەڵەکار بێت، کە کارا بێت، لەو کەسەی بە راستی نازانیت لە کوێ راوەستاوە. تا رادەیەک، پێموایە ئەگەر جیهان لە شتێکەوە ئازاری چەشتبێت، چ ئەورووپا بێت بە جەنگ لە کیشوەرەکەماندا، لە رێگەی هێرشی پووتینەوە بۆ سەر ئۆکراینا یان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەمریکا لە زۆر رووەوە دوودڵ بووە، کەمتر روون بووە لە بارەی هەڵوێستیەوە بەرامبەر بە ناوچەکە. بوونی سەرۆک ترەمپ و ئەو روونییە، تەنیا شتە دەتوانێت شتێکی ئەرێنی بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ