سەمیرە حەسەنپوور: من ئاشقی کارەکەمم و سەختییەکانیشی بە گیان دەکڕم

16-10-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
ئەکتەری دیاری ئێرانی، سەمیرە حەسەنپوور، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو
ئەکتەری دیاری ئێرانی، سەمیرە حەسەنپوور، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەکتەری دیاری ئێرانی، سەمیرە حەسەنپوور، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، خۆشەویستی قووڵی خۆی بۆ پیشەکەی دەربڕی و ئاماژەی بەو ئاڵنگارییانە کرد کە ژنان لە بواری سینەمادا، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رووبەڕووی دەبنەوە. حەسەنپوور کە بۆ دووەم جارە بەشداری فێستیڤاڵەکە دەکات، دوو فیلمی نوێی نمایش دەکرێت: "کاژێر شەشی بەیانی" و "هاوینی هەمان ساڵ".
 
حەسەنپوور، کە سەرەڕای تەمەنی کەم لە بواری هونەریدا، خاوەنی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییە و دووجار بۆ خەڵاتی فێستیڤاڵی فەجر بەربژێر کراوە، باس لەوە دەکات کە چۆن کاری پیشەگەرانە لە شانۆوە دەستپێکردووە و دواتر ڕووی لە سینەما کردووە. ئەو خۆی بە قەرزاری هاوسەرەکەی، دەرهێنەر سامان سالو، دەزانێت بۆ یەکەم ئەزموونی سینەمایی لە فیلمی "تمشک"، کە بەهۆیەوە خەڵاتێکی لە فێستیڤاڵی ئەمریکا بەدەست هێنا.
 
لەسەر پرسی ئاڵنگارییەکانی ژنان لە سینەمادا، حەسەنپوور بە راشکاوانە گوتی: "لە هیچ کوێی دونیا بۆ ژن کارەکان بە ئاسانی ناچێتە پێش و بە رای من ژنبوون لە هەموو شوێنێکی جیهان قورسە و لە رۆژهەڵاتی نیوەڕاست و وڵاتە رۆژهەڵاتییەکان قورسترە، چونکە تا ئێستا هەر پیاوسالارییە."
 
ئەو ئاماژەی بەوەشدا کە سانسۆر و سنووردارکردنی ژنان، کاری رۆڵگێڕانیان قورستر دەکات، بەڵام لەبارەی خۆی گوتی "من ئاشقی کارەکەمم، سەختییەکانیشی بە گیان دەکڕم" سەمیرە حەسەنپوور گەورەترین ئاڵنگاریی ژیانی هونەریی خۆی بە بڕینی قژی بۆ یەکێک لە رۆڵەکانی لە فیلمی "سە کام حبس" دانا.
 
حەسەنپوور هیواخوازە لە فێستیڤاڵەکەدا فیلمی وڵاتە جیاوازەکان ببینێت و لەگەڵ فەرهەنگە جۆراوجۆرەکان ئاشنا بێت.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: فێستیڤاڵەکە چۆن بوو؟ ئەوەندی هاتوویە ئێرە چیت بینیوە و چۆنی دەبینی؟
 
سەمیرە حەسەنپوور: زۆر سوپاس، سەرەتا سڵاو دەکەم لە هەموو بینەرە باشەکانتان و من زۆر خۆشحاڵم بۆ جاری دووهەمە لەو فێستیڤاڵە بەشداری دەکەم، وابزانم دوو ساڵ و نیو، یان سێ ساڵ لەوە پێش بوو، بۆ فیلمی( سە کام حبس) لێرە بووم و یەکێک لە ئەکتەرەکانمان خەڵاتی بردەوە، بەڕێز موحسین تەنابەندە بوو، ئێستاش دوو فیلمم هەیە، یەکیان بەرهەمی بەرێز مودیریە بە ناوی( ساعت شش صبح) کاژێر شەشی بەیانی و ئەوەی دیکەش بەرهەمی بەرێز مەحموودی کەلارییە، بە ناوی (تابستان همان سال) هاوینی هەمان ساڵ.
 
رووداو: تۆ دەمێک نییە لەناو کاری درامادای، دەبینین براوەی چەند خەڵاتێکی نێودەوڵەتیشی، بەتایبەت لە فێستیڤاڵی فیلمی فەجردا دووجار بەربژێر بووی بۆ وەرگرتنی خەڵات، چۆن بوو ئەو هەموو کارە لە ماوەیەکی کەمدا؟
 
سەمیرە حەسەنپوور: بەڵێ من زۆر دەمێک نییە کار دەکەم، بەڵام لەو کاتەوە کارەکەم بە شێوەی پیشەگەرانە لە شانۆوە دەستمپێکرد و دوای شانۆ چوومە ناو سینەما و هەڵبەت کاری زنجیرەدرامای تەلەفزیونیشم کردووە، واتە هەموو بوارەکانم ئەزموون کردووە، بەڵام لە سینەما بەشێکی قەرزاری هاوسەرەکەمم، کە دەرهێنەرە سامان سالو، کە لە فیلمەکانی ئەودا رۆڵم بینیوە و زۆر یارمەتی دام، چونکە یەکەم ئەزموونی سینەمای من لەگەڵ ئەو بووە لە فیلمی سینەمایی (تمشک) وەک شتێک سینەمام لەگەڵ ئەو ئەزموون کرد.
 
رووداو: ئەوە یەکەم کارت بوو وایە؟
 
سەمیرە حەسەنپوور: بەڵێ، کە بە هۆیەوە بەربژێربووم بۆ وەرگرتنی سیمورغ و جەژنی حافیز و خەڵاتێکیشم لە فیستیڤاڵی ئەمریکا وەرگرت، ئەوە یارمەتی منی دا لەو رێگەیەدا تا ئێرە لەگەڵ دەرهێنەرەکانی دیکە کار بکەم و دەبێ بڵێم کە لە 7 یا 8 فیلمی سینەمایی رۆڵم بینیوە.
 
رووداو: بینیمان لەگەڵ فەریبا نادری و نەرگس محەممەدی بەیەکەوە هاتوون، هاوڕێن لەگەڵ یەکدی، ئەو پەیوەندیە دەچێتە بەرهەمێکی سینەمایشەوە بتانبینین بەیەکەوە؟
 
سەمیرە حەسەنپوور: فەریبا و نەرگس بەڵێ هاوڕێی باشی منن، چەند ساڵێکە بەتایبەت نەرگس دەمێکە یەکدی دەناسین. لە فیلمی سامرتان، کە بەرهەمی بەرێز کەلاریە، من و فەریبا پێکەوە رۆڵ دەبینین و ئەزموونێکی زۆر باش و سەرنج راکێش بوو، بەڵام هێشتا لەگەڵ ستایش رۆڵم نەبینیوە، هیوادارم بتوانین لە شوێنێک پێکەوە کار بکەین.
 
رووداو: تۆ بووچونت چییە لەسەر ستایش؟ لەگەڵ ئەوانیش باسی ئەوەمان کرد بووچونت لە سەر درامای ستایش چۆن بوو؟
 
سەمیرە حەسەنپوور: ستایش درامایەکی زۆر سەرنجڕاکێش بوو و لە ئێران هەموو خزم و ناسیاوەکانمان ئاشقی ستایش بوون و دایکم زۆر نەرگسی خۆشدەوێت و هەمیشە بە ستایش دەیناسێ.
 
رووداو: بەگشتی پێم بڵێ ئەوندەی هاتوویتە نێو بوارەکەوە و دەبینین ئێستا لە جیهان زۆر باسی رۆڵی ژنان دەکرێت لە نێو سینەمادا، هێشا ئەوان رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە دەبنەوە، بۆ ئێوە لە وڵاتێکی وەک ئێراندا چۆنە دەرفەتەکان؟ زەمینەی کارکردن چۆنە؟ ئالنگارییەکان بۆ ئێوە چییە؟ 
 
سەمیرە حەسەنپوور: لە هیچ کوێی دونیا بۆ ژن کارەکان بە ئاسانی ناچێتە پێش و بە رای من ژنبوون لە هەموو شوێنێکی جیهان قورسەو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە رۆژهەڵاتییەکان قورسترە، چونکە تا ئێستا هەر پیاوسالارییە و زۆربەی شتەکان بە دەست پیاوانە، من نامەوێ زۆر بیکەمە رەگەزی، بەڵام لەناو پیشەکەی ئێمە کارکردن بۆ ژنان سەختی خۆی هەیە و بەشێکی کێشەکانی سانسۆر لە ناو کۆمەڵگە و ژنان دەستیان زیاتر بەستراوەو پیاوەکان لە رووی گوفتار و رەفتار لە هەموو روویەکەوە ئازادترن لە ناو کومەڵگە و ئەو سنووردارکردنەش بە بڕێکی زۆرتر رۆڵگێرانی خانمان قورستر دەکات، قورسە ئیدی .... ئێمە لەگەڵ ئەو سەختیانە راهاتووین.
 
رووداو: بەڵام لەگەڵ سەختییەکانیشدا ئێوە دەستتان داوەتە ئەو کارە، پێتان وایە چی پێویستە بکرێت و ئەرکی ژنان چییە بۆ ئەوەی ئەم زەمیینە سەختە بۆ خۆیان ئاسانتر بکەن؟
 
سەمیرە حەسەنپوور: ئیتر ئەوە دۆخی کۆمەڵگەیە، هەندێک یاسا و شت هەیە، کە کارەکە سەخت دەکات بۆ ئێمەی خانمان و هیوادارم کەمێک ئازادی کە بە پیاوان دەدەن بە ئێمەشی بدەن و ئێمەش بتوانین لە ئەکتەری لە زۆر شت سوود وەرگرین و ئاسانتر بتوانین کار بکەین، بەڵام چونکە ئاشقی کارەکەمانین، یانی من بە راستی ئاشقی کارەکەمم سەختییەکانیشی بە گیان دەکڕم. 
 
رووداو: خۆت چ شتێکت لە کارەکەتدا زۆر خۆشدەوێت و حەزت پێیەتی؟
 
سەمیرە حەسەنپوور: هەندێک رۆڵ هەیە من حەز دەکەم ئەو رۆڵانە ببینم و هیوادارم بنووسرێت و پێشنیاز بکرێت، کە من بتوانم رۆڵیان تێدا بگێڕم، چونکە ژیان لەناو رۆڵە جیاوازەکاندا بۆ ئەکتەر چێژبەخشە، من حەز دەکەم هەندێک رۆڵ کە لە خەیاڵم دایە، بتوانم ئەو رۆڵە بگێڕم و ئەوە بۆ من سەرنجڕاکێشە.
 
رووداو: سەختترین شت رووبەڕووت بووبێتەوە، یاخود بڵێن حاڵەت و بارودۆخێکی ناخۆش رووبەڕووت بووبێتەوە لە یەکێک لە بەرهەمە سینەماییەکانتدا چی بووە؟
 
سەمیرە حەسەنپوور: لەوانەیە بڕوا نەکەن، بەڵام بۆ نموونە لە فیلمی (سە کام حبس) کە لێرەش نیشاندرا و لە فێستڤاڵەکە بەشدار بوو، من دەبوو بۆ (سکانس) بەشێک لە فیلمەکە قژم کورت بکەم، دەبوو خۆم کەچەڵ بکەم، بۆ زۆربەی خانمان لەوانەیە ئەوە شتێکی قورس نەبێت، بەڵام بۆ من زۆر قورس بوو و دوو یان سێ مانگ بەر لە کارەکە بیرم لەو بەشە دەکردەوەو هەمیشە سترێس بووم و ئەو رۆژەی ئەو کارەم کرد بۆ من سەخترین کار بووە تا ئێستا.
 
رووداو: لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانیدا ئەو فێستیڤاڵەی کە ئێستا تۆی لێی، هیواداری چی ببینی و چی بکەی لەو رۆژانەی کە لێرەن؟
 
سەمیرە حەسەنپوور: ئەو فیلمانەی کە لە بەشی جیاواز و وڵاتە جیاوازەکان دێن بۆ من سەرنجڕاکێشە و بینینیانم زۆر پێخۆشە، چونکە لەگەڵ فەرهەنگی جیاواز ئاشنا دەبین و من بۆ نموونە زۆر سەیری فیلمی تورکی دەکەم، فیلمی کوردستان زۆر سەیر دەکەم و دیتن و سەیرکردنی ئەوانە بۆ من چێژبەخشە، حەز دەکەم کە ئەوانە دەبینم و ژینگەیەکە ئەوانە دەبینی و لەبارەیانەوە قسە دەکەین ئەوە چێژبەخشە ئیدی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ئادریان ئێسڵستاین، کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا

کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا: زۆربەی بازرگانیی وڵاتەکەمان لەگەڵ عێراق لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە

کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، ئادریان ئێسڵستاین، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشک دەخاتە سەر پڕۆژە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵی دا، ئێسڵستاین ئاشکرای دەکات کە قەبارەی بازرگانیی نێوان هۆڵەندا و عێراق ساڵانە دەگاتە 6 ملیار یۆرۆ و، هۆڵەندا گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عێراقە لەنێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپادا.