سوپاسالاری پێشمەرگە: کێشە سیاسییەکان کاریگەری لەسەر چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە نییە

16-11-2022
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سوپاسالاری پێشمەرگە
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سوپاسالاری پێشمەرگە
A+ A-

نووسین: گۆڤەند مستەفا
رووداو دیجیتاڵ

سوپاسالاری پێشمەرگە لەبارەی چاکسازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، کێشە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکە نەبووە، "ئێمە بەلای سیاسەتدا ناچین و پارێزەری هەرێمی کوردستانین." دەشڵێت، هاوپەیمانانیان دڵنیا کردووەتەوە لەوەی کە کێشە سیاسییەکان تێکەڵ بە چاکسازییەکانی هێزی پێشمەرگە ناکەن. 
 
عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە لە هەڤپەڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری رووداو کە رۆژی 16-11-2022 بڵاوکرایەوە رایگەیاند، "بەنیازین لە هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەین. سەبارەت بە شایستە داراییەکان، لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی عێراقیدا پێویستە بایەخ بە پێشمەرگە بدرێت لەو بودجە بەکاربردنەی دادەنرێت بۆ پەرەپێدانی وەزارەتی بەرگری."
 
لەبارەی بۆردوومانی ئێران بۆ سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، عیسا عوزێر رایگەیاند، "راستییەکەی گرفت لە هەردوولادا هەیە.. پێویستە ئەو هێزانەی کە لێرەن نەبنە هەڕەشە بۆسەر دراوسێیەکان. پێویست ناکات ئەوان کە لێرە ئاوارەن چەکداربن و هێزی چەکداریان هەبێت و ببنە هەڕەشە لەسەر دراوسێکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی".
 
لەبارەی دەستبەکاربوونی دوو لیوای هاوبەشەکە عیسا عوزێر دەڵێت، "لیوا وەک پێکهاتە ئامادەبووە، بەڵام لەسەر بودجە ماوە. ئەمجارەش کە چووین، جەنابی فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر شەممەری کە ئێستا وەزیری ناوخۆیە، ئاماژەی بەوەدا کە بودجەکەی خراوەتە نێو بودجەی ساڵی 2023، بەڵام تاوەکو دەبێتە پڕۆژەیاسا و دەبێتە بودجە تۆزێک کاتی دەوێت."
 
سوپاسالاری پێشمەرگە لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، لەلایەن یەکێتییەوە داوای لێکراوە کە دەستلەکاربکێشێتەوە و دەوام نەکات تاوەکو ئەو کاتەی جێگرەوەی بۆ دیاری دەکەن.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فەریق روکن عیسا عوزێر، سوپاسالای پێشمەرگە
 
رووداو: سەردانی بەغداتان کرد و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی وڵات و وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازیی عێراق کۆبوونەوە. ئامانجی سەردانەکە چی بوو؟ بە چییەوە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان؟
 
عیسا عوزێر: ئامانجی سەرەکی لە سەردانەکەمان بۆ بەغدا پیرۆزبایی و دەستبەکاربوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق و کۆمەڵێک هاوڕێ و دۆست و هاوپیشەی ئێمە بوو لە وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان. لە هەمان کاتدا سوودمان لەو دەرفەتە وەرگرت و کۆمەڵێک بابەتی هەستیار کە پەیوەندییان بە ئیش و کاری رۆژانەی ئێمەوە هەیە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە، ئاسایشی هەرێمی کوردستان، شەڕی داعش، پاراستنی سنوورەکانمان تاوتوێ کرد. کۆمەڵێک دەستکەوتی زۆر باشمان هەبوو. پشت بەخوا لە ماوەیەکی نزیکدا هەوڵ دەدەین ئەو پلانەی بۆ کارەکانمان دامان رشتووە بەرەو پێشی ببەین.
 
رووداو: لەگەڵ سەردانەکەی ئێوەدا و هەمان رۆژ جارێکی دیکە ئێران تۆپبارانی هەرێمی کوردستان و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان کردەوە. پرسیارەکە ئەوەیە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی وڵات باسی ئەو دەستوەردانە بەردەوامەی ئێران و تورکیاتان کرد بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە رووی سەربازییەوە؟ عێراق دەتوانێت چی بکات؟ هیچ داوایەکتان لە عێراق لەوبارەیەوە هەبوو؟
 
عیسا عوزێر: راستییەکەی چونکە لەمیانی گەشتەکەی ئێمە ئەو شتە روویدا، ئامادەکاری بۆ نەکرابوو. جێگەی داخێکی زۆرە و ئەوانیش زۆر پێی نیگەران بوون. ئەمە دەستدرێژییە بۆسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو خەڵکەی لێرە ئاوارەن. هەر چ بیانووێک بێت، ئەو شێوازە مامەڵەکردنە گونجاو و شایستە نییە؛ بەدڵنیاییەوە کاری لەسەر دەکرێت و سەرۆکوەزیرانی وڵاتیش ئاماژەی بەوەدا کە لە بەرنامەیاندایە بە شێوازێکی دیکەی دیپلۆماسییانە هەوڵ بدرێت ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت و پلانیان بۆی هەیە. دەرفەتی زۆرمان نەبوو کار لەسەر ئەو بابەتە بکەین، بەڵام پشت بەخوا لە ئاییندەیەکی نزیکدا کاری لەسەر دەکەین.
 
رووداو: داواکاریی ئێوە لەو بارەیەوە لە عێراق چییە؟ زۆرجار رەخنە لە حکومەت و دەوڵەتی عێراق دەگیرێت کە لە ئاست بەرپرسیارێتییە گەورەکەدا بەرامبەر ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان نییە.
 
عیسا عوزێر: راستییەکەی گرفت لە هەردوولادا هەیە؛ شتێک نییە بیشارینەوە. پێویستە ئەو هێزانەی کە لێرەن نەبنە هەڕەشە بۆسەر دراوسێیەکان. پێویست ناکات ئەوان کە لێرە ئاوارەن چەکداربن و هێزی چەکداریان هەبێت و ببنە هەڕەشە لەسەر دراوسێکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی. لەلایەکی دیکەشەوە چونکە عێراق یەکدەست نەبووە، هەوڵی نەداوە بە شێوازێکی دیپلۆماسییانەی بەهێز مامەڵە لەگەڵ دراوسێکانی خۆی بکات؛ خەڵکی دیکە سوودی لەو دەرفەتە بینیوە و هەوڵ دەدات دەستدرێژی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی. ئەگەر سنوورەکان پارێزراو بن، سنوورێک هەبێت و بەپێی دەستوور مامەڵە بکرێت، خەڵکی دیکە مۆڵەت بە خۆی نادات سنوورمان ببەزێنێت و هەڕەشە لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات.
 
رووداو: هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە پارتی و یەکێتیشی تێدایە و ئەو حکومەتەی ئێستای لەسەر دروستبووە، چی بۆ پێشمەرگە تێدایە؟
 
عیسا عوزێر: راستییەکەی رێککەوتنێکی دوور و درێژ هەیە و جەنابی سەرۆکوەزیرانی وڵات ئاماژەی پێدا. لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی کە هەیە هەوڵ دەدەن لەو چوار ساڵە یان لەو ماوەیەی کابینەی داهاتوودا بە شێوازێکی رێکوپێک لە چوارچێوەی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەن. ئەمە پێویستی بەوەیە لیژنەی باش و تەکنیکی و شارەزا پێکبهێندرێن بۆ ئەوەی زۆر بەوردی لەسەر هەموو خاڵەکان بوەستن و هەنگاو بە هەنگاو هەوڵ بدەن ئەو خاڵانە جێبەجێ بکەن. سەبارەت بە پێشمەرگە، لە چوارچێوەی سیستمی بەرگری، لە هاوسەنگیی نیشتمانی، لە پاراستنی سنوورەکان، بەشداریکردنیان لە خولەکانی راهێنان لە وەزارەتی بەرگری و بەشەکانی دیکە، پێویستە بەشدارییان پێ بکرێت و ئاستیان بەرز بکرێتەوە. لە کۆمەڵێک بواردا دەتوانین کار لەسەر ئەمە بکەین. ئەوانیش بەرنامەیان هەیە و ئامادەییان هەیە هاوکارمان بن و بە یەکەوە هەوڵ بدەین عێراقێکی ئارام لە ماوەی ئەم کابینەیە بهێنینە کایەوە.
 
رووداو: یەکێک لە کێشەکانی چەند ساڵی رابردووی نێوان هەولێر و بەغدا پێشمەرگە بوو، وەک دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە، مووچەی پێشمەرگە، شایستە داراییەکانی پێشمەرگە... گەشبینن لەم کابینەیەدا ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن؟
 
عیسا عوزێر: گەشبینم. من هەمیشە بە ئەرێنی بیر دەکەمەوە. لە ماوەی ئەو 5 مانگەی من لێرە دەستبەکاربووم، زۆر لێک نزیک بووین و کۆمەڵێک دەستکەوتی باشمان هەبووە.
 
رووداو: ئێستا پەیوەندییەکانتان لەگەڵ سوپای عێراق و حکومەتی عێراق باشە؟
 
عیسا عوزێر: لە ئاستی بەرز پەیوەندییەکان زۆر باشن؛ سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق گوتی، چەند لە یەکەوە نزیک بین بەس نییە. پێویستە ئەو لێکنزیکبوونە دابەزێتە خوارێ تا ئاستی پێشمەرگە و سەربازی سوپای عێراق. ئێستا پەیوەندییەکە لە ئاستی بەرزدا زۆر باشە، بەڵام دەبێت هەوڵ بدرێت وەک ئەوەی ئێستا لە بەرنامەدایە بۆ پێکهێنانی لیوای 21 نزیکبوونەوەیەکی زیاتر دروستببێت.
 
رووداو: کەی ئەو دوو لیوایە پێک دەهێندرێن؟
 
عیسا عوزێر: لیوا وەک پێکهاتە ئامادەبووە، بەڵام لەسەر بودجە ماوە. ئەمجارەش کە چووین، جەنابی فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر شەممەری کە ئێستا وەزیری ناوخۆیە، ئاماژەی بەوەدا کە بودجەکەی خراوەتە نێو بودجەی ساڵی 2023، بەڵام تاوەکو دەبێتە پڕۆژەیاسا و دەبێتە بودجە تۆزێک کاتی دەوێت.
 
رووداو: مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە وەکو هێزێکی بەرگری لە عێراق، لەنێو بودجەی 2023ی عێراق جێگەی کراوەتەوە؟
 
عیسا عوزێر: راستییەکەی من وردەکارییەکەی نازانم؛ بەنیازین لە هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەین. سەبارەت بە شایستە داراییەکان، لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی عێراقیدا پێویستە بایەخ بە پێشمەرگە بدرێت لەو بودجە بەکاربردنەی دادەنرێت بۆ پەرەپێدانی وەزارەتی بەرگری. ئیدی ئەمە کارێکی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی بچینە نێو وردەکارییەکان بۆ ئەوەی زیاتر لێی تێبگەین.
 
رووداو: چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی 2015وە دەستیپێکردووە، ئەو کاتیش ویستێک هەبوو بۆ ئەوەی زوو ئەو چاکسازییانە بچنە بواری جێبەجێکردنەوە و هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی هێزێکی تۆکمەی سەربازیی رێکخراو. چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتوونەتە چ قۆناخێک؟
 
عیسا عوزێر: کاری زۆر کراوە، بەڵام لە ئاست رەزامەندیی ئێمە نییە؛ لە ئاست رەزامەندیی هاوپەیمانانیش نییە. لە بەرنامەماندایە فەرماندەیی و کۆنترۆڵ باشتر ببێت و لە ئیدارەدانی لیوا هاوبەشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە، فرقە دروست بکرێت. لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بە تایبەتی دوای گەڕانەوەمان لە ئەمریکا و یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێمە و ئەمریکا ئیشێکی زۆر جیدی کراوە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئاستێکی داواکراو. رەزامەندیی پێکهێنانی دوو فرقەمان بە فەرمی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە بۆ هاتووە. ئێستا ئەو پەیکەرە رێکخستنەی بارەگای فرقە دروستکراوە. دوێنێ دوو کۆبوونەوەی زۆر باشمان هەبوو لەسەر وردەکاریی دروستکردنی فرقە.
 
رووداو: فرقەکان چۆن دەبن؟
 
عیسا عوزێر: فرقە لە دوو هەزار کەس پێکدێت. 4 لیوا لەژێر فەرمانی فرقەیەکدا دەبن. ئەو فرقەیەش پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەرکان دەبێ و فەرمان و راسپاردە زۆر بەخێرایی دەگاتە چوار لیوایەکە؛ لە رووی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ شتێکی زۆر باش دەبێت. دوای پێکهێنانی ئەو فرقەیە چەند لیوای دیکە دەبەسترێنەوە، واتە هەشت لیوای دیکە بە دوو فرقەی دیکەوە دەبەسترێنەوە بەپێی جواگرافیای سەربازیی هەرێمی کوردستان. لەو بوارەوە زۆر بەرەو پێشەوە چووین، دەتوانم بڵێم 4 مانگ لە پێش ئەو وادەیەین کە بۆمان دیاریکراوە.
 
رووداو: 3 بۆ 5 ساڵتان بۆ دیاریکرابوو؟
 
عیسا عوزێر: بۆ پێکهێنانی هەر فرقەیەک 6 مانگ دیاریکراوە. ئەو لیژنانەی کە پێکهێندراون؛ ئەو چاودێرییە بەردەوامەی وەکو سەرۆکایەتیی ئەرکان هەمان بووە لەسەر دروستکردنی فرقەکان زۆر هاریکاربووە. پێش ئەو وادەیە دەتوانین فەرماندەیی فرقەکان بخەینە کار.
 
رووداو: ماوەیەکی زۆرە خەریکی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بوون؛ یەکەکانی 70 و 80 ، بەڵام لە ماوەی رابردوودا ساردییەک هەیە، بە تایبەت دوای کێشە سیاسییەکان لەنێوان پارتی و یەکێتی. تا چەند ئەو کێشە سیاسییانە بەربەربەستی لەبەردەم هەنگاوەکانی ئێوە دروستکردووە؟
 
عیسا عوزێر: راستییەکەی کاریگەری دەبێت، بەڵام نەک بەو ئاستە. سەرکردایەتیی سیاسی پێشوەخت بڕیاری خۆی داوە و تێگەیشتوون ئەگەر هێزێکی تۆکمە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە نەبێت، ئەو ئامانجەی کە هەیانە بۆ ئارامیی هەرێمی کوردستان و پاراستنی هەرێمی کوردستان نایەتە کایەوە.
 
رووداو: تاوەکو ئێستا هێزی حیزبی ماوە؟
 
عیسا عوزێر: ماوە، بەڵام قۆناخ بە قۆناخ دێتە نێو وەزارەتی پێشمەرگە. کەمێک کاتی دەوێ. لە هەموو جیهان چاکسازی شتێکی ئاسان نییە، تەنانەت ئەو دەوڵەتە بەهێزانەی جیهان وەکو ئەمریکا و بەریتانیا بۆیان ئەستەمە بڕیار بدەن چاکسازی بکرێت. ئینجا هەرێمی کوردستان کە نە ئەو توانایەمان هەیە لە ماوەیەکی کەمدا ئامادەکاری بۆ بکەین و نە ئەو ستستەمەش هەبووە.
 
رووداو: بەڵام هاوپەیمانانیش لەگەڵتانن بۆ ئەو چاکسازییە. بۆچی لە ئاستی پێویستدا نییە؟
 
عیسا عوزێر: ئەو ماوەیەی رابردوو ناکرێت هەمووی بکرێتە سەنگی مەحەک و بڵێن کەمتەرخەمی کراوە. ئەو لیوا هاوبەشانە لە شەڕی داعش بەشداربوون، سەرۆکایەتیی ئەرکان، ستافی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەرەی شەڕ بوون بۆ بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان و کاتی ئەوە نەبوو پرۆسەی چاکسازی بەرەو پێش ببرێت، بەڵام لە ماوەی رابردوودا ویستێکی بەهێز هەبووە و سەرکردایەتیی سیاسی لە پشتمانن و هاوکارمانن.
 
رووداو: ئەو کێشە سیاسییانە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا هەبوون کاریگەرییان نەبووە و پرۆسەکەیان سست نەکردووە؟
 
عیسا عوزێر: سستیان نەکردووە؛ دوێنێش کۆبوونەوەمان هەبوو و نوێنەری یەکەی 70 و 80 بەشداربوون. ئێمە بەلای سیاسەتدا ناچین و پارێزەری هەرێمی کوردستانین. دەمانەوێت بە یەکەوەش هەرێمی کوردستان بپارێزین.
 
رووداو: ئەوە بەرەو پێشچوونێکی باشە کە پێشمەرگە وا بیر دەکاتەوە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەبێت. هەر بەڕاست وایە و ئێوە وەکو هێزی پێشمەرگە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نابن؟
 
عیسا عوزێر: ئەوە بەرنامەمانە و لەسەری دەڕۆین؛ دەمانەوێت کاری لەسەر بکەین و ئەو بیرۆکەیە دابەزێتە خوارەوە بۆناو پێشمەرگە؛ لە سەرۆکایەتیی ئەرکان و وەزیری پێشمەرگەوە دابەزێتە خوارێ بۆ ناو پێشمەرگە بۆ ئەوەی پارێزەری دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و میللەتی کورد بین. رەنگە ئەگەر ناکۆکییەک لە ئاستی سەربازییدا هەبێت رەنگدانەوەیەکی زۆر خراپی لەسەر ئاستی زۆر بەرزیش هەبێت. بەڵام نابێت ئەو ناکۆکییەی لە ئاستی بەرزی سیاسیدا هەیە دابەزێتە خوارەوە و کاریگەری لە ئێمە بکات. دەبێت ئێمە لەسەر ئاستی رۆشنبیرکردنی پێشمەرگەش کار بکەین بۆ ئەوەی پێشمەرگە بزانێت ئەرکی سەرەکی پاراستنی هەرێمی کوردستانە. ئەرکی ئەو نییە دەستوەردانی لەکاری سیاسی بکات یان بە ئاراستەیەکی سیاسیی بجوڵێتەوە. سوپاس بۆ خودا ئەوەی من دەیبینم زۆر باشە، پشتگیرییەکی زۆر بەهێزمان هەیە لە حکومەت و لە سەرکردایەتیی سیاسی بۆ ئەوەی چاکسازی بکەین.
تا ئەم خولەکەی ئێمە قسە دەکەین، حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمتەرخەمی نەکردووە. ئەو داواکارییە فەرمییانەی کە هەمانبوون لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بۆیان جێبەجێ کردووین کە لە دەرەوەی پێشبینی هاوپەیمانانیش بووە. حکومەت کەمتەرخەمی نەکردووە؛ ئەرکەکە ئێستا لەسەر شانی ئێمەیە و ئەو وادەیەشی بۆ ئێمە دانراوە 6 مانگە. سیاسییەکان بۆ خۆیان چی دەڵێن پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. ئێمە ناوەستین. دوێنێ بە تیمی هاوپەیمانانیشم گوت و گوتم کە ئەو شتانە کاریگەرییان لەسەر ئێمە نابێت. 
 
رووداو: هاوپەیمانان نیگەرانن لەو کێشە سیاسییانە و ئەگەری کاریگەرییان لەسەر پێشمەرگە و چاکساییەکانی پێشمەرگە؟
 
عیسا عوزێر: بە دڵنیاییەوە نیگەرانن.
 
رووداو: دڵنیاتان کردنەوە؟
 
عیسا عوزێر: نیگەران بوون، بەڵام دڵنیامان کردنەوە ئێمە ناوەستین و بەردەوام دەبین و پشت بەخوا چاکسازییەکانیشمان بەرەو پێش دەچن.
 
رووداو:  لەگەڵ لایەنی عێراق باسی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەتان کرد کە هەیە، چونکە داعش بەردەوام لەو ناوچانە جموجووڵی هەیە؟
 
عیسا عوزێر: پڕکردنەوەکە لە رێگەی ئەو لیوا هاوبەشانەیە باسمان کرد. لە کابینەی رابردوودا کاری زۆری لەسەر کرا و تەنیا ئەوە ماوە بودجەکەی بخرێتە نێو بودجەی وەزارەتەوە. پێرێ کە لەوێ بووین بەیانییەکەی کۆبوونەوەیان کردبوو و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەگەڵ هاوپەیمانان لەسەر پڕچەککردن و ئامادەکردنی ئەو دوو لیوایە بە هاوکاری هاوپەیمانان قسەیان کردبوو.
 
رووداو: پێشمەرگەکانی ئەو دوو لیوایەش چاوەڕێن، هیچ هەواڵی نوێتان هەیە بۆیان؟
 
عیسا عوزێر: هەر ئەوەیە؛ لەوە زیاتر نییە و چاوەڕێی بودجە دەکەین. ئەو رۆتینیاتەی کە پێویست بووە لەناو وەزارەتی بەرگری، تەنانەت لەگەڵ وەزارەتی داراییش چییان داواکردووە بۆیان دەستەبەرکراوە. هەموو شتێک ئامادەیە تەنیا دەمێنێتەوە لەسەر ئەو بودجەیە پەسند بکرێت و بکرێتە مووچە بۆیان. نەماندەتوانی زۆر گلەییان لێ بکەین، چونکە حکومەتی رابردوو کاربەڕێکەربوو ئەو دەسەڵاتەی نەبوو بڕیار بدات ئەو مووچەیە بەشێوەی مانگانە بخرێتە سەر بودجە، بەڵام لێرە بەدواوە دەتوانین چونکە ئەم حکومەتە دەسەڵاتی هەیە و دەتوانێت ئەو بودجەیە دابین بکات.
 
رووداو: ماوەی چەند رۆژێکە وەزیری پێشمەرگە دەوام ناکات، دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش کردووە؟
 
عیسا عوزێر: پێشتر دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش کردبوو، بەڵام رەزامەندی لەسەر نەدرابوو. ئەمە پەیوەندی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە و بابەتێکی نێوخۆیی خۆیانە و لە حیزبەوە داواکراوە کە پێویستە دەستلەکار بکێشێتەوە. هۆکارەکان من نەچوومەتە نێو وردەکارییەکەی. لەو ماوەیەی بەیەکەوە لەگەڵ کاک شۆڕش دەوامم کردووە، مرۆڤێکی زۆر کراوەیە، تێگەیشتنێکی زۆر باشی لەسەر بابەتی چاکسازی هەبووە، تێگەیشتنی باشی بۆ هەموو بابەتەکان هەبووە، زۆر هەوڵی دەدا پرۆسەی چاکسازی نەک بەتەنیا لە یەکخستنەوەی یەکەکانی 70 و 80 بۆ ناو وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵکو بۆ هەموو بوارەکانی دیکە بۆچوونی باش بوو. حەزی لێبوو چاکسازی بکرێت. جێگەی داخە ئەو شتە هاتووەتە پێش.
 
رووداو: ماوەی چەندە دەوام ناکات؟
 
عیسا عوزێر: ماوەی هەفتەیەکە دەوام ناکات؛ زۆر نییە. بەڵام پێشنیاری ئەوە کراوە کە ئاڵوگۆڕ لەو پۆستە بکرێت.
 
رووداو: یەکێتی داوای کردووە؟
 
عیسا عوزێر: بەڵێ.
 
رووداو: واتە یەکێتی داوای کردووە یەکێکی دیکە بخەنە جێگەی شۆڕش ئیسماعیل؟
 
عیسا عوزێر: بەڵێ، ئاگادارکراوەتەوە کە نابێت دەوام بکات تا جێگرەوەی بۆ دەدۆزرێتەوە.
 
رووداو: لەلایەن یەکێتییەوە ئاگادارکراوەتەوە دەوام نەکات؟
 
عیسا عوزێر: بەڵێ. ئێمە بەو هیوایەین پاشگەز ببنەوە لەو بڕیارە. کاک شۆڕش لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوودا چاکسازی زۆر بەباشی هێناوە و بەو هیوایەین ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەمیدان نەمێنن و بەردەوام بێت تا ئەم کابینەیە کۆتایی دێت. ئەو هاوکارێکی زۆر باش دەبێت و باش لە بابەتەکان تێگەیشتووە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین ئەم پرۆسەیە لە داهاتوودا بەرەو پێشەوە ببەین و بگەینە ئەنجامێکی باش. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە