بەیتۆجان: گۆرانییەکانم بفرۆشم وەک ئەوەیە کوردستان بفرۆشم

19-06-2021
هێمن عەبدوڵڵا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەیتۆجان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەیتۆجان
A+ A-

رووداو - ستۆکهۆڵم

ساڵێک دەبێ هەواڵی نەخۆشکەوتنی بڵاوبووەتەوە، بەڵام کەم کەس دەیانزانی نەخۆشییەکەی چییە و چەندە سەختە. بەیتۆجان گۆرانیی زۆر نین، بەڵام ئەوەی هەیەتی زۆربەی خەڵکی کوردستان بیستوویانە. جا یا لەخۆیەوە بووە یان لەوانەوە کە گۆرانییەکانیان گوتووەتەوە. گۆرانییەکانی 32 گۆرانیبێژی دیکە گووتویانەتەوە. 
 
بەیتۆجان بە ریشێکی ماش و برنجی و سازێک و دەنگێکی چیاییەوە دەناسرێتەوە، بەڵام کاتێک لە رۆژانی رابردوودا لە ستۆکهۆڵم بینیمان نە ریشەکە مابوو و نە سازەکەی پێبوو و نە دەنگە چیاییەکەشی دەبیسترا. شێرپەنجە هەوڵیداوە زەفەری پێببات و ژیانی قورس کردووە، بەڵام نەیتوانیوە بیبەزێنێ.
 
لەم هەڤپەیڤینەدا بۆ بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو بەیتۆجان، لە یەکەم دەرکەوتنی میدیاییدا دوای چاکبوونەوەی، باسی نەخۆشییەکەی و خەونی گەڕانەوەی بۆ کوردستان و دادگاییکردنی ئیبراهیم تاتلیسەس لەسەر گوتنەوەی گۆرانییەکی دەکات. 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: ئێستا تەندروستیت چۆنە؟
 
بەیتۆجان: ئێوە بەخێربێن بۆ سوێد و منیش بەخێربێمەوە بۆ ژیان. ئەمە ژیانی دووەممە. من چووبوومە دنیاکەی دیکە. هەر واشیانگوتبوو! لێرە چارەسەریانکردم و یارمەتییەکی گەورەیان دام. ئێستا کە دنیا دەبینم، ئەوە دیارییەکی نوێیە بۆ من. پزیشک دەڵێن وردە وردە باشتر دەبیت. منیش هەمان رام هەیە، بۆیەش ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم. 
 
رووداو: لەو ماوەیەدا کە هێندە نەخۆش بووی، هەر خەریکی کاری هونەری بووی، بەڵام بەشێوەیەکی دیکە.. ئەوە چۆن بوو؟
 
بەیتۆجان: لای راستی چەناگەمیان دەرهێنا و فڕێیاندا. ئینجا لە قاچم ئێسقانێکیان لێکردووەتەوە و خستوویانەتە شوێنی چەناگەکەم. بۆیە بەزۆری دەتوانم قسەبکەم. ناتوانم نان بخۆم. دەرمانەکانیشمان لەڕێگەی دەممەوە ناتوانم بخۆم. بە قامیش دەتوانم ئاو و قاوە بخۆمەوە. ئەویش دەبێ زۆر لەسەرخۆ بێت. زۆر حەزملێبوو گۆرانی بنووسم، بەڵام پەنجەکانم دێشان. نەمدەتوانی قەڵەم بەدەستەوە بگرم. نەخۆشییەکی زۆر سەیرم گرتووە. هەموو رۆژێک بوونم دەگۆڕێت. دوێنێ و ئەمڕۆم وەکو یەک نییە. رۆژ بە رۆژ بەرەو باشتر دەچم. لەو ماوەیەدا هەمیشە هونەر لە مێشکمدایە. ئێستا هەندێک گۆرانیم نووسیون، بەڵام هێزی ئەوەم نییە ئاوازیان بۆ دابنێم و زۆرتر کاریان لەسەر بکەم. من بەبێ میوزیک ناتوانم بژیم. 
 
رووداو: ئەو گۆرانییانەی کاریان لەسەر دەکەی، بۆخۆت هەڵتگرتوون یان دەیاندەیە هونەرمەندی دیکە؟
 
بەیتۆجان: هەندێك شتی بچووک هەن، ناوی خۆشمیان لەسەر نانووسم و دەیدەمە ئەوان. ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە زۆر کەیفم بە گەنجان دێت. سبەی ئەوان دێنە جێگەی ئێمە. بۆیە پێویستە بیانپارێزین. خۆزگە توانام هەبووایە و ستۆدیۆیەکم هەبووایە و میوزیکی کوردیم بۆ چاککردبان. وڵاتێکی بێ کولتوور وەک ئەوەیە دەماری نەبێ. 
 
رووداو: لەو ماوەیەدا کە نەخۆش بووی، هاوڕێکانت لێیاندەپرسی؟
 
بەیتۆجان: کە نەخۆشکەوتم 54 رۆژ نەمتوانی قسەبکەم. تەلەفۆنەکەم لای براکەم بوو و وەڵامی داونەتەوە. هەندێکیشیان وەڵامنەدراونەتەوە، دەبێ ببوورن. من تازە دەتوانم بۆخۆم وەڵامبدەمەوە. هەرچەندە باش لێمتێناگەن، بەڵام ئیدارەی دەکەین!
 
رووداو: دەزانی لە کوردستانیش زۆر کەس دڵی لەلای تۆ بوو؟
 
بەیتۆجان: ئای، کوردستان شتێکی جیاوازە! ساڵی 2010 کە چوومە باشوور و میوان بووم. کاتێک کوردستانم دیت، کەوتمە لەرزین (پێدەکەنێ). هێندە خۆش بوو کە باسناکرێ. لەوێ مرۆڤ دەبێتە شتێکی دیکە. شتێکی زۆر سەیرە. پشت بەخوا دیسان دەڕۆمەوە. 
 
رووداو: هونەرمەندان بەگشتی دەبێ کلیپ دروستبکەن و تەنانەت رێکلامیش بکەن تا بگەنە خەڵک، بەڵام تۆ تەنیا بە سازێک و بەبێ کلیپ چوویتە دڵی خەڵکەوە. ئەمەت چۆن کردووە؟ 
 
بەیتۆجان: (بەپێکەنینەوە) ئەوە پرسیارێکی زۆر قورسە. پێویستە لەوان بپرسن کە چۆن چوومەتە دڵی خەڵکەوە. من نازانم. دەزانی کورد گەلێکی زۆر ئازیزە. زۆر گەنج و خۆشە. شتێکی جوانی دەستکەوێ، دەستی لێ بەرنادات. ئەمە بەشێکە لە رەسەنایەتیی کورد. ئەمە لە چاکەی من نییە. سەبارەت بە رێکلامیش، رەنگە بۆ هەندێککەس پێویست ببێ. با بیکەن و زیانی نییە. هەن گۆرانییەکانیان بۆ بازرگانی دروستدەکەن. بەخوا ئەوەی من وانییە! ئەوەی من هەرکاتێک شتێکم ئامادەکردبێ بۆ گەلی خۆم کردوومە نەک بۆ شتێکی دیکە. تەنیا بۆ گەلە. ئەگەر گەلی خۆم لێم جاڕس نەبن، ئەوە سەرمایەیەکی زۆر گەورەیە. دەزانی من زۆر دەوڵەمەندم! چونکە گەلەکەم منی هێندە خۆشدەوێ.
 
رووداو: بەیتوڵڵای فارقینی دەبێتە بەیتۆجان. ئەمە چۆن بوو؟
 
بەیتۆجان: باوکم شێخی فارقینێ بوو و ناوی شێخزادە بوو. لە سیاسەت و شت تێنەدەگەیشت. کاتێک باوکم دەچێتە حەج، دایکم دەڵێ کوڕ بێ ناوی دەکەینە بەیتوڵڵا. ئەوکات نەیاندەزانی منداڵی ناو سک کوڕ دەردەچێ یان کچ. (بەپێکەنینەوە) ئیتر کە لەدایکبووم و زانیی کوڕم، گوتی ناوی تۆ بەیتوڵڵایە. سەبارەت بە بەیتۆجانیش. من بۆ هەموو کەس کاسێتم بەرهەمدەهێنا. تەنانەت بۆ خوشکە عەیشە شانیش کردوومە. هەموو ئەوانەی لە باکوور گۆرانییان گوتووە و کاسێتیان هەیە من یارمەتیمداون یان بۆم دروستکردوون. حەزم لەوە بوو. من ئەوکات لە ئیستەنبوڵ بووم و پەیوەندییان پێوەدەکردم. دەبووایە کاربکەم بۆئەوەی بژیم. بۆیە دەچووم لە ستۆدیۆکانی ئەوێ کارمدەکرد. ئەوکات گوتیان زمانی کوردی ئازادە، بەڵام بەکردەوە وا نەبوو. هەرکەسێک ئاشکراببوایە دەیانگرت. جا پێیاندەگوتم تۆ هەرکەسێک دێت یارمەتیی دەدەیت و پێیدەڵێی چۆن گۆرانی بڵێت و تێسکتیان بۆ دەنووسی، ئەی بۆ بۆخۆت شتێک دروستناکەی؟ منیش گوتم دوای ئەو هەموو تەمەنە، تازە چۆن شتێک بۆخۆم دروستبکەم؟ بەڵێنیش دابووە باوکم کە گۆرانی نەڵێم. تاوەکو کۆچی دواییشی کرد گۆرانیم نەگوت. 
 
رووداو: باوکت دەیگوت گۆرانیگوتن حەرامە؟
 
بەیتۆجان: هەموو شتێکی پێ حەرام بوو. ساز حەرام بوو، تۆپ حەرام بوو، پایسکل حەرام بوو. هەموو شتێک حەرام بوو. لەنێو هەبووندا ئێشی نەبوونیمان دەبینی. مریدەکانیشی قبووڵیان نەدەکرد. دەیانگوت چۆن کوڕی شێخ ئاوا دەکات! مەسەلەکە ئەوە بوو کە گۆرانیگوتنی من ئیشی شێخی تێکدەدا و مورید لێیان قبووڵنەدەکرد. بۆیە لە هەر شوێنێک کارمدەکرد دەچووە لای خاوەنکار و دەیگوت چۆن دەبێ کوڕی من لای تۆ کاربکات. کوڕی شێخ چۆن دەبێ ئیش بکات! ئیتر سەیرمکرد هیچ سنعەتێک نازانم، تەشقەڵەی سیاسیی چەپ و راستیش هەبوو و قسمەت نەبوو و چوو. ئیتر ئەوکات هاوڕێیەکم هەیە ناوی سەلامی شاهینە. لە تورکیا زۆر ناسراوە. زۆر هونەرمەند بەهۆی ئەوەوە بوونەتە هونەرمەند. ئەو گوێ لە هەر گۆرانییەک بگرێ دەزانێ چییە. کە من گۆرانیم گوت، تاوەکو کۆتایی گوێی لێگرت. کەیفی پێهات و گوتی تۆ گۆرانییەکەت بە جان (واتە لەدڵەوە) چڕی. گوتی جا بەیتوڵڵاش ناوی عەرەبانە. سەلامی شاهین خۆیشی عەرەبە! مرۆڤێکی قسەخۆش و گاڵتەچییە. گوتی لەبەرئەوەی گۆرانییەکەت بە جان خوێندووە، دەبێ بتکەینە بەیتۆجان. واتە ناوی من ئەو دروستیکردووە نەک خۆم. سوپاسی گەلیش دەکەم کە قبووڵیان کردووە. 
 
رووداو: لە زۆر گۆرانیتدا ناوی حاجی دێت، ئەو حاجییە کێیە و چیرۆکەکەی چییە؟
 
بەیتۆجان: (بەپێکەنینەوە) راستدەکەی. دەزانی ئەوکات لە حاجییان تووڕە ببووم. جا با حاجی لێم تووڕە نەبن! دەمگوت ئەو حاجییانە خۆیان زۆر پێ شتە (یەمانن). جا من لەو گۆرانییەدا خۆم خستبووە شوێنی حاجییەک و دەمەوێ کچەکە هەڵخەڵەتێنم. بەڵام کچەکە هەڵناخەڵەتێ. جا ددانێکیش لە دەممدا نەماوە و شەرمناکەم دەمەوێ کچەکە هەڵخەڵەتێنم. ئەوە زۆرتر گاڵتە بوو. بەڕاستی کە گۆرانییەک دادەنێم بیری لێناکەمەوە کە دەبێ چی دابنێم. شتەکە لەخۆیەوە دێت و دروستدەبێ. ئەگەر گۆرانییەک بەخەیاڵمدا بێت، خۆمی پێوە نابەستمەوە. دەچم لەلایەک دایدەنێم. دوای یەک دوو مانگ دیسان سەیریدەکەمەوە. هەر خۆش ئینجا دەیڵێم.
 
رووداو: بۆچی گۆرانییەکانت زۆر نین؟ وەک بزانم سێ ئەلبوومت هەیە..
 
بەیتۆجان: نا چوارن، بەڵام یەکێکیان لە تورکیا نەیانهێشت. مەبەستم ئەوەیە کە گۆرانیی (یان مردن یان دیاربەکر)ی تێدا دەڵێم. ئەو گۆرانییەم گەریلاش گوتوویانەتەوە و زۆر گوتراوەتەوە. لە تورکیا سیدییەکانی ئەو ئەلبوومەیان لەنێوبرد. سەبارەت بە کەمیی گۆرانییەکانیشم، من تەنیام. بەتەنیاییش مرۆڤ ناگاتە هەموو شتێک. تەنیایی بۆ خوا باشە. شتێکم پێویست بێ، دامەزراوەیەک نییە بۆم بکات. بەتەنیاییش هەموو شتێک ناکرێ. جا ئەوەش قورسە کە بەبێ ئیمکانیەت بۆ دانانی گۆرانییەک رۆحی خۆت بنێرییە کوردستان و ئەوێ ببینی و بەپێی ئەوە گۆرانییەکەت بنووسی. ئەوە زۆر قورسە.
 
رووداو: منیش دەمەویست ئەوەت پێبڵێم کە تۆ لە ساڵی 1991 هاتوویە سوێد. کەچی کە مرۆڤ گوێ لە گۆرانییەکانت دەگرێ دەچێتە چیاکانی کوردستان و گۆرانییەکانت چیایین نەک گۆرانیی سوێدێکی سارد...
 
بەیتۆجان: راستە، ئاخر ئەگەر رۆحی خۆت نەنێرییەوە کوردستان ناتوانیت لەسەر کوردستان گۆرانی دابنێی. ئەوەش زۆر قورسە. 
 
رووداو: زۆر کەس گۆرانییەکانی تۆیان گوتووەتەوە، وەکو زەکەریا و ئیبراهیم تاتلیسەس، بۆچی تەنیا سکاڵات لەسەر ئیبراهیم تۆمار کرد؟
 
بەیتۆجان: بەخۆمەوە ئیبراهیم کەسی 33یەمینە کە گۆرانییەکانمی گوتووە. هەرکەسێک هاتبێ و داوای مۆڵەتی کردبێ بۆ گوتنەوەیان گوتم بیڵێنەوە. زەکەریاش هاتە ئێرە و داوایکرد. قەت داوای هیچم لە کەس نەکردووە. بە کەسیشم نەگوتووە گۆرانییەکانم مەڵێنەوە. هەرکەسێک دڵی خۆشکردبم و مۆڵەتی ویستبێ، گوتوومە فەرموو. بۆ ئەو گۆرانییە دەوڵەتی ئەڵمانیا گوتیان دەمانەوێ گۆرانییەکەت بەکاربهێنین و چیتدەوێ دەتدەینێ. گوتم ئەو گۆرانییە هی کوردە نەک هی ئێوە. ناتاندەمێ. کۆمپانیایەکی ئەڵمانی هەیە 60 ساڵە هەیە و دنیا دەخوات!  بەوانم گوت نا. من گۆرانییەکانم بفرۆشم وەکو ئەوە وایە کە کوردستان بفرۆشم. 
 
ئیبراهیم کە دەهاتە ئەوروپا سڵاوی بۆ دەناردم بە دۆستاندا، چونکە یەکدی دەناسین. گوتم ژمارەی ئیبراهیمم بۆ بێنن. سەربازیم نەکردووە، با پارەی سەربازییەکەم بدات بۆئەوەی بچمە تورکیا. چونکە دایکم کۆچی دواییکرد، براکەم کۆچی دواییکرد، خوشکەکەم کۆچی دواییکرد، نەمزانی گۆڕیان لەکوێیە. گوتم با پارەی سەربازییەکەم بۆ بدات گۆڕی کەسوکارم ببینم، چونکە تا دواتر نەچوومەوە نەمدەزانی لەکوێن. ئیتر تەلەفۆنم کرد و گوتیان دوایی وەڵامتدەداتەوە. من و خانمەکەم دانیشتبووین. خانمەکەم گوتی ئیبراهیم هیچ ئیشی نییە تەلەفۆن بۆ تۆ دەکاتەوە! ئیتر بینیم تەلەفۆنیکرد. بە تورکی زۆر بە گەرموگوڕی هەواڵی پرسیم و گوتی زۆر دڵخۆش بوومە. زۆریش سڵاوم بۆ ناردووی. ئیتر گوتی تەلەفۆنتکردبوو، فەرموو داواکاریت چییە؟ منیش گوتم شتێکی وا هەیە و بەڵکو بۆم چارەسەر بکەی. گوتی باشە بەسەرچاوان. گوتی پارەکە چەندە؟ گوتم نازانم دەڵێن فڵان هێندەیە. گوتی 30 قاتی ئەوەش بێ گرنگ نییە. یەکێک بنێرە لام، چارەسەری دەکەم. کەسێکمان ناردە لای و دوو مانگ لەوێ بوو. نە ژمارە تەلەفۆن و نە ناونیشانی کە دابووی راست نەبوون. ئەو جوامێرەی ناردبووم لێرەش ئیشەکەی لەدەستدا. ئیبراهیم منی ئێشاند. پاش 6 مانگ لەو رووداوە، هەستا گۆرانیی (ئاگر کەتییە دلێ من)ی گوتەوە! نەک مۆڵەتی لێوەرنەگرتم، ناویشی نەنووسیبووم. ئیتر گوتم ئەوە چۆن دەبێ، ئەو چیی بە ئێمە گوت و چییکرد! 
 
رووداو: ئیتر تۆش شکایەتت لێکرد و دۆزەکەشت لە دادگە بردەوە..
 
بەیتۆجان: من رەزیلم کرد (پۆرتم شکاند). ئەو نرخی نییە و نامەوێ باسی شتی وا بکەم. مرۆڤی رەزیل رەزیلە! ئەو دزێکی دزە. 
 
رووداو: ساڵی 2014 گەڕایەوە باکوور. نە پێویستت بە یارمەتیی ئیبراهیم هەبوو و دادگاشت لەدژی ئەو بردبووە. کە دیاربەکرت بینی، ئەو دیاربەکرەی بە گۆرانییەکانی تۆ لای ئێمە خۆشەویستتر بووە، چۆن بوو؟
 
بەیتۆجان: (بەتەوسەوە) ئەو دیاربەکرەی بینیم هیچ پەیوەندیی بە گۆرانییەکانی منەوە نەماوە. لە تەلەڤیزیۆن لێیان پرسیم دیاربەکرت چۆن بینی؟ گوتم دیاربەکر دەگریێت. بڕوابکە ئێستا بڕۆمەوە دەڵێم دیاربەکر دەمرێ. دیاربەکری نێو گۆرانییەکانم نەماوە. 
 
رووداو: باشوور چۆن بوو کە بینیت؟
 
بەیتۆجان: باشوور بۆ من وەک شەکر بوو. دەمەوێ دیسانیش بڕۆمەوە باشوور. با ژوورێک یان خانووێکی بچووکم بدەنێ، دەچمەوە. دەمەوێ هەندێک کار لەسەر گەنجان بکەم لەوێ. من 29 ساڵە لە سوێدم. پێشئەوەی بێمە ئێرە سیدییەکەم دەنگیدابووەوە. ئەوانەی کاسێتیان بڵاودەکردنەوە، کوردیش و تورکیش، هێرشیان بۆ هێنابووم و دەیانەویست کاریان لەگەڵ بکەم. نەمدەتوانی هەناسەش هەڵکێشم. وامزانی بۆ دوو سێ ساڵان لێرە دەمێنمەوە، بەڵام ئەوە ناکرێ. زۆر سوپاسی دەوڵەتی سوێد دەکەم. بەڵام ئێرە وڵاتی من نییە. لێرە بۆندەکەم، بۆنی من نییە. ئاو دەخۆمەوە، ئاوی من نییە. خەونی ئێرەش، خەونی من نییە. دەمەوێ بڕۆمەوە. من ناتوانم بچمەوە باکوور. لە باکوور نیگەرانم و ئەوان دەزانن بۆ. چونکە ئەوێ گۆڕدراوە. بووەتە شتێکی دیکە. بڕۆمەوە ئەوێ دڵم دێشێ، دەزانم. دەمەوێ بڕۆمەوە و لە باشوور بژیم. ئەگەر خەڵکی باشوور منیان قبوڵ بێ، ئەوێ ئەو شوێنەیە کە دەمەوێ تێیدا بژیم.
 
رووداو: ئەمڕۆژانە ترس هەیە جارێکی دیکە شەڕی براکوژی رووبدات، تۆ لەسەر ئەمە دەڵێی چی؟
 
بەیتۆجان: وایە، ئەمڕۆژانە زۆر نیگەرانم. هەر لە خەڵکیش دەپرسم، چونکە بڕوام بەو شتە ناتەواوانە نییە کە دەنووسرێن. عەقڵێکی ساخلەم دەزانێ کە پێویستە ئیدی کوشتنی کوردان بەدەستی یەکدی قەدەخە ببێ. جیاکردنەوەی باشوور و باکوور و نازانم چی پێویستە نەمێنێ، ئەوە چییە؟! ئیتر یەکدی کوشتنی کوردان قەدەخەیە. نابێ شەڕ دروست بێت. بۆ خاتری خوا بەرژەوەندیی ئێمە کەی لە شەڕی یەکدیدایە؟ پێویست بێینەوە هۆش خۆمان. دوژمنەکانمان بینەقاقایان گرتووین. خۆشمان ئەوە دەزانین. تکا دەکەم با شەڕ دروستنەبێ.  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات