رووداو- هەولێر
ماوەیەکە پرسی یەکگرتنەوەی هەردوو حیزبی دیموکرات بە گەرمی هاتووەتەوە بەرباس، بەرپرسانی هەردوو حیزبەکەش جەخت لەسەر بەردەوامی پرۆسەی یەکخستنەوەی ریزەکانیان و بە ئامانج گەیاندنی دەکەن.
لەبارەی دوایین زانیارییەکان لەسەر ئەو پرۆسەیە و چۆنیەتی دەستپێکردنەوەو درێژەپێدانی پرۆسەکە، لە هەڤپەیڤینێکدا محەممەد نەزیف قادری، جێگری لێپرسراوی گشتیی و بەرپرسی دەزگای گشتیی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) ، وەڵامی پرسیارەکانی رووداو دەداتەوە.
رووداو: بەو پێیەی ئێوە بەرپرسی شاندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)ن بۆ دانوستاندن لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)، چۆن دەڕواننە ئەو نووسینەی عەبدوڵڵا حەسەن زادە، سکرتێری پێشووتری حیزبی دیموکرات؟ پێتانوایە دەکرێت ببێتە بنچینەیەکی باش بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان بۆ یەکگرتنەوەی حیزبی دیموکرات؟
محەممەد نەزیف قادری: ئەوەی پەیوەستە بە پرسی یەکگرتنەوە، ئێمە لە کۆنگرەی شانزەیەمی حیزبەکەماندا بڕیارێکی بەرپرسیارانەمان داوە بۆ زیاتر پێداگربوون و گرنگیدان بە دیالۆگ بە ئاراستەی یەکگرتنەوە و یەکخستنەوەی ریزەکانی حیزبی دیموکرات. بۆیە لەو پەیوەندییەدا ئێمە دوای کۆنگرەی شانزەیەمی حیزبەکەمان هەم بەڕێز کاک مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی حیزب و هەم دەستەی دانوستاندنکارمان جەختمان کردووەتەوە لەسەر گرنگیدان بە پرۆسەی یەکگرتنەوە و دیالۆگ بە ئاراستەی بە ئاکام و بە ئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆسەیە.
لە ماوەی رابردوو ئێمە دیسان لەسەر ئاستی سەرکردایەتیمان لەگەڵ هاوڕێیانی خۆمان لە قەڵا لە دانوستاندن و گفتوگۆدابووین، ئەو پێویستییەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەیبینین لە ئاڵۆگۆڕە سیاسییەکانی ئێران و ناوچەکە و پرسی کورد بە گشتی و داهاتووی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە هەموو کاتێک ئەو پێویستییەی هێناوەتە ئارا و بەبایەخەوە بە گرنگییەکی تەواوەوە پرسی یەکگرتنەوە ئاوڕی لێبدەینەوە.
سەبارەت بە قسەکانی بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە، لەو بابەتەی کە بڵاوی کردووەتەوە، هەروەها زۆر کەس و لایەنی دیکەی سیاسی، چ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چ کەسایەتییە سیاسییەکانی نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دەرەوەی وڵات و لە هەرێمی کوردستان و دۆستانی بزووتنەوەی کورد، زۆرجار لەسەر پرسی یەکگرتنەوەی ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران جەختیان لەوە کردووەتەوە و داوایان لە رێبەرایەتی هەردوولا کردووە گرنگی بەو بابەتە بدەن و بەرەو پیلی یەکگرتنەوە هەنگاوی خێرا و جیددی هەڵبگرن.
بۆیە ئێمە سیاسەتمان نەگۆڕە بە نسبەت گرنگیدان بە دیالۆگ لە چوارچێوەی بڕیار و راسپاردەی کۆنگرەی شانزەیەمی حیزبەکەمان.لەو پەیوەندییەدا ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین بەردەوام لەگەڵ هاوڕێیان و دۆستانمان لە پەیوەندیداین، هەوڵیش دەدەین لە داهاتوویەکی نزیکدا و دەستەکانی وتووێژ یان دانوستاندنکارمان لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەی کۆنگرەی شانزەیەمی حیزبەکەمان وتووێژ و گفتوگۆیەکانیان دەستپێکردووە.
رووداو: کەواتە کەی دەست بە گفتوگۆکانی یەکخستنەوەی حیزبی دیموکرات دەکەنەوە؟ ئایا کاتەکەی دیاریکراوە؟
محەممەد نەزیف قادری: نا، کاتەکەی دیاری نەکراوە، بەڵام هەر ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی، یان هەر هەنگاوێکی خێر ئەگەر هەرچی زووتر بە بەرهەم و ئاوات بگات باشترە.
بەڵام ئەوە بۆ ئێمە گرنگە، ئەو هەستکردنە بە بەرپرسیاریێتییەوە وەک رێبەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بەتایبەت بەرپرسی گشتی ئێمە کاک مستەفا هیجری کە لەسەر ئەو بابەتە جەختی کردووەتەوە، راسپاردەی دەستەی ئێمەش ئەوەیە بەو ئاراستەیە هەنگاو هەڵبگرین، هیوادارم هاوڕێیانی دیکەشمان بەو گیانی هاوکاری و تەبایی و تەفاهومەی کە لە رێبەرایەتی ئێمەدا هەیە، بێگومان ئەوانیش بەبایەخەوە وەریدەگرن، هەنگاوی خێرا هەڵبگرین بۆ ئەو بابەتە.
رووداو: کەواتە دەکرێت بە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵێین، کە بە یەکەوە هەردوو حیزبی دیموکرات ساڵڕۆژی دامەزراندنی یۆبێلی ئەڵماسی حیزبی دیموکرات پێکەوە دەگێڕن.
محەممەد نەزیف قادری: ئەوە بابەتێکە خودی رەوتی دیالۆگەکە نیشانی دەدا، چەندە هەنگاوەکان کاریگەر دەبن و چەندە دەتوانین بەو ئامانجە بگەین، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە بێگومان ئەو هاوڕێیانەش لەو پەیوەندییەدا ئارەزووی ئاکام و ئەنجامێکی وا دەکەن، ئەویش یەکخستنەوەی ریزەکانی حیزبی دیموکراتە، لەبارەی کاتەوە ناتوانم هیچ بەڵێنێک بدەم، بەڵام ئیرادەی ئێمە لێبڕاوانەو هەنگاوی ئێمە جیددیە و سیاسەتی ئێمە بە نیسبەتی گەیشتن بەو ئامانجە نەگۆڕە.
رووداو: عەبدوڵڵا حەسەن زادە دەڵێ، لەتبوونی ئەمجارەی حیزبی دیموکرات و چەند جارێکی دیکەش، بەهۆی جیاوازی ئایدۆلۆژیا و فیکرییەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی لەگەڵ یەکدی نەحەوانەوە بووە. دەتوانن ئەمجارە بنچینەیەکی باش بۆ پێکەوە حەوانەوە دابنێن؟
محەممەد نەزیف قادری: بەهەرحاڵ ئەزموونی هەر رووداوێکی ناخۆش بۆ پرۆسەی سیاسی و بۆ ئەزموونی سیاسی حیزبێک دەبێت بە بایەخەوە وەربگیرێت، لەسەر بنچینەی ئەزموونەکانی رابردوو بەرخوردی سەلیقەیی دەبێت بونیادی یەکگرتنەوەیەک بدەین کە قەوام و دەوامێکی بەردەوامی بەدواوە بێت و بتوانێت نەوەکانی داهاتوو ئەوانەی دێنە ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەو ئامانجەوە لەسەنگەری خەبات و بەرخوداندا بن، شاهێدی رووداوێکی لەیەکدابڕان نەبن و ئەو ئەزموونانەی رابردوو ببنە دەرسی خەباتگێڕی و نیشتمانپەروەری بۆ هەموو تاکێکی کورد.
رووداو: بۆچی گفتوگۆکانی رابردووتان وەستاند؟
محەممەد نەزیف قادری: ئێمە لەڕاستیدا گفتوگۆیەکانمان بە مانای راوەستان هەر لە ئارادا نەبووە، ئێمە گفتوگۆ و چاوپێکەوتنمان هەر هەبووە، لەو پەیوەندییەدا هەندێک شتی تەکنیکی بووە، ئەو لایەنە تەکنیکییانە قابیلی زیاتر ئاڵۆگۆڕی تێڕوانینەکان بووە هاوکات لە یەک تێگەیشتنی زیاتر. دەنا ئێمە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەمان بەردەوام دانیشتن و چاوپێکەوتنمان هەبووە لە بەرزترین ئاستی پەیوەندیداین، ئێستاش هەر لە پەیوەندیداین.
رووداو: ئەمجارە چی دەکەن بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکان نەوەستن تاوەکو دەگەنە ئەنجام و یەکدەگرنەوە و ئەو کێشە تەکنیکیانەی باسیان دەکەن دووبارە نەبنەوە؟
محەممەد نەزیف قادری: دەکرێت لە چوارچێوەی ئەو ئەرک و بەرنامانە تەفسیری بکەین یان پێناسەی بکەین، کە هەنگاوەکان لە هەردوولا چەندە خێرا دەبێت و چەند هەست بە بەرپرسیاریێتیەکە کاریگەر دەبێت بۆ هەڵگرتنی بەربەستەکانی سەر رێگای یەکگرتنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ