رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی دەرچووی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەڵێت، جگە لە محەممەد شیاع سوودانی، بیستوویانە نووری مالیکیش دەیەوێت خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر بکات. هیواش دەخوازێت کورد یەک بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەبێت.
بەها ئەعرەجی، بەربژێری سەرکەوتوو لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکرد و باسی هەنگاوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، گوتی، "بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی بەربژێرێکی بەهێزە و بەبڕوای من ویلایەتی دووەم وەردەگرێت".
سەبارەت بە بۆچوونی کورد لەبارەی دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن محەممەد شیاع سوودانییەوە، بەها ئەعرەجی گوتی، "سوودانی دەتوانێت برا کوردەکان لەسەر یەک مێز کۆبکاتەوە و لەسەردەمی کابینەکەشیدا باشترین پەیوەندی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبووە". گوتیشی، "ئەوەی لە سەرکردەکانی پارتیمان بیستووە تەنیا ستایشی سوودانی بووە".
دیاریکردنی کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران لە عێراقدا تەنیا پرسێکی نێوخۆیی نییە، بەڵکو بۆچوونی ئەمریکا و ئێرانیش لەسەر ئەو پرسە هەمیشە بە هەند وەردەگیرێن.
بەها ئەعرەجی بۆچوونی وایە، "ئێران لەگەڵ حکومەتەکەی سوودانی ئاسوودەیە و ئەمریکاش [لە سەردەمی سودانیدا] لە دوای 2003ـەوە بۆ یەکەم جار دوو بەیاننامەی بۆ ستایشی حکومەت دەرکردووە".
ئەعرەجی رەتیکردەوە تائێستا کەس لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی راگەیاندووە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر کردبێت و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەوەی بیستوویانە نووری مالیکی دەیەوێت خۆی بەربژێر بکات کە مافی خۆیەتی.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت لیژنەیەکی پێکهێناوە، بە گوتەی بەها ئەعرەجی ئەو لیژنەیە لەلایەن عەممار حەکیمەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت، هەر یەک لە هومام حەمودی و ئەحمەد ئەسەدیی تێدان.
پرسی پۆستی سەرۆککۆمار کە لە دوای هەڵبژاردنەوە بووەتە بابەتی جێی باس و خواسی نێوان پێکهاتەکان بە تایبەت مانەوەی پۆستەکە لای کورد یان پێدانی بە سوننە.
بەها ئەعرەجی کە بە سەرکردەیەکی نزیک لە سوودانی دادەنرێت، گوتی، "ئەو پۆستە مافی کوردە مەگەر لێکتێگەیشتنی کوردی – سوننی بۆ گۆڕانکاریی هەبێت". هیواشی خواست کورد کە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ ئەوانە، یەک بەربژێریان بۆ پۆستەکە هەبێت.
دەقی چاوپێکەوتنی رووداو لەگەڵ بەها ئەعرەجی:
رووداو: بەڕێز بەها ئەعرەجی بەخێربێیت بۆ رووداو، خۆشحاڵین بەم دیدارە لەگەڵتدا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ بەربژێرانی پۆستی سەرۆک وەزیران، ئایا تائێستا هیچ ناوێکی دیکە جگە لە بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی هەیە؟
بەها ئەعرەجی: زۆر سوپاس برای ئازیزم. ئەو ناوانەی لە میدیاکانەوە دەیانبیستین ناوگەلێکی جددی نین و بە شێوەیەکی فەرمی پێشکەش نەکراون، ئەمە یەک. دوو؛ سەبارەت بەو لیژنەیەی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا پێکهێنراوە بۆ چاوپێکەوتنی وەزیرەکان نییە، سەرۆکایەتی وەزیران وەزیفەیەکی ئاسایی نییە تاوەکو هاونیشتمانیان داواکاری بۆ پێشکەش بکەن و دواتر وەربگیرێن، سەرۆکایەتی وەزیران دەبێت لە سەرکردەکان و کەسانی ناسراو و خاوەن ئەزموون بێت. ئەم لیژنەیە بۆ دانانی مەرج و میکانیزمەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانە نەک چاوپێکەوتن. ئێمە ئێستا لە دوای هەڵبژاردنین و دۆخەکە جیاوازە لە پێش هەڵبژاردن، بەتایبەتی ئێمە پێش هەڵبژاردن هەموو پێکهاتەکانی چوارچێوە واژۆیان کرد و رێککەوتن کە دوای هەڵبژاردن کۆببنەوە. ئەمڕۆ دەستکەوتە گەورەکە پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنە لە هەموو پێکهاتەکانی چوارچێوە و ئەمڕۆ "ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان" (الإعمار والتنمية) کۆڵەکەیەکی سەرەکی و گەورەترین فراکسیۆنە لەم هاوپەیمانییەدا، بۆیە بابەتە بنچینەییەکان لامان دیارن ئەمەش ئەوەیە کە بەڕێز سوودانی دەیڵێت: سەرۆکایەتیی وەزیران دەبێت لەناو ئەم فراکسیۆنە گەورەیەوە دەربچێت و دەبێت یەک پێوەر هەبێت کە هەموو بەربژێرەکانی پێ بپێورێت و باشترین بۆ ئەم بابەتە هەڵبژێرین.
هەروەها ئەمڕۆ ئەزموونمان لەگەڵ سەرۆک وەزیران هەیە و ئەم چاکسازی و خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەیە هەیە، بۆیە خواستی جەماوەریش هەیە کاتێک لیستەکەی ملیۆنێک و 400 هەزار دەنگ بەدەست دەهێنێت، واتە خواستی جەماوەریش هەیە کە کەس ناتوانێت باز بدات بەسەریدا. بەڵام لە هەموو دۆخێکدا بڕیارەکە بڕیارێکی "چوارچێوەییە" و "ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان" دەنگە گەورەکەی تێدا دەبێت.
رووداو: چانسی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی بۆ ویلایەتی دووەم، باوەڕت چییە؟ ئایا بەڕێز سوودانی نزیکترینە؟
بەها ئەعرەجی: تائێستا ئەوەی هەیە بابەتی ناکۆکییەکانە، من هێشتا دەڵێم ئەو مەقبوڵییەتی زیاتری هەیە. ئەمڕۆ هەروەها نابێت باس لە دۆخی نێوخۆیی بکەین، دەبێت باس لە دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی و ئەو ئاڵنگارییانە بکەین کە لە ناوچەکەدا هەن.. ئەزموون.. شارەزایی. بۆیە ئەمڕۆ ئەو زیاتر لە هەمووان ناوی دەهێنرێت.. ناڵێم مەقبوڵترینە بەڵکو دەڵێم زیاتر دەکرێت لەم پۆستەدا جێگیر بێت. ئەمڕۆ کاتێکی زۆرمان لەبەردەمدایە بۆ ئەم بابەتە، بەڵام ئەو دەبێتە بەربژێرە بەهێزەکە و بە بڕوای من ویلایەتی دووەم وەردەگرێت.
رووداو: لە راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەبارەت بە پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن، ئاماژە بە پێوەرەکانی چوارچێوە بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو یان بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کرا... گرنگترین پێوەرەکانی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ قۆناخی داهاتوو چین؟
بەها ئەعرەجی: واتە ئەمڕۆ تا ئەم کاژێرە هیچ بەربژێرێک بە فەرمی پێشکەش نەکراوە، بۆیە رەنگە بەڕێز مالیکی، بیستوومانە دەیەوێت خۆی کاندید، بکات بەڵام هیچ شتێکی فەرمی نەبووە، بابەتی خۆپاڵاوتن مافی مالیکییە و ئەمە دیموکراسییە، هەموو بەربژێرەکان جێگەی رێزن. بەڵام من وەک کەمێک پێش ئێستا گوتم دەبێت تایبەتمەندی هەبێت و دەبێت مەرج هەبێت و دەبێت پێوەرێکی دادپەروەرانە هەبێت کە بەسەر هەموو بەربژێرەکاندا جێبەجێ بکرێت. ئاڵنگاری نێوخۆیی هەیە، ئاڵنگاری دەرەکی هەیە، بۆیە گرنگ ئەوەیە بەرنامەیەکی حکومی بۆ بەربژێر هەبێت و بەرنامەیەکی راستەقینە بێت نەک مەرەکەب بێت لەسەر کاخەز، بەڵکو ئامراز و میکانیزمی تێدا بێت بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بەرنامەیە و سەقفی زەمەنیش بۆ جێبەجێکردنیان.
بابەتەکە ئەوەیە کێ بە راستی پەیوەندی باشی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و وڵاتان یان ناوچەکە و هەروەها جیهان هەیە؟ بە شێوەیەک.. پێموایە سوودانی لەمەدا پێشەنگە. بابەتەکەی دیکە و گرنگ؛ هاوبەشانمان لە نیشتمان، برایانی کورد و برایانی سوننە، بۆیە بینیمان سەقامگیری زیاتر لە حکومەتی بەڕێز سوودانیدا هەبوو. هەموو ئەمانە ئاماژەن، هەرچەندە نەچووینەتە ناو وردەکارییەکانەوە، بەڵام ئاماژەن بەوەی کە بەڕێز سوودانی خاوەنی زۆرترین چانسە و لە هەموو دۆخێکدا ئەمە بڕیارێکی چوارچێوەییە و لێی دەرناچین.
رووداو: وەک گوتت، بڕیارێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە و لێی دەرناچن. ئایا کاتێک چوارچێوە خۆی وەک گەورەترین فراکسیۆن راگەیاند، ئەمە بەو مانایەیە کە هیچ هێزێکی ناو چوارچێوە بە جیا دانوستاندن لەگەڵ فراکسیۆنە سوننی و کوردییەکان ناکات لە دەرەوەی چوارچێوە؟ کەواتە بابەتی سەرۆکایەتی وەزیران بابەتێکی چوارچێوەیی دەبێت و دوای یەکلاکردنەوە دەخرێتە بەردەم کورد و سوننە؟
بەها ئەعرەجی: بێگومان ئەمە وەک نەریت و عادەت لە حکومەتەکانی پێشوودا وابووە. ئەمڕۆ ئەم بابەتە، هەر سەرۆکوەزیرانێک دەبێت هاوبەشەکان رازی بن لەسەری، بۆیە بیرتە بەڕێز جەعفەری لە 2005 لە ویلایەتی دووەم چوارچێوە کاندیدی کرد و بە فەرمی هەڵیبژارد، بەڵام ناڕەزایەتی نیشتمانی هەبوو، بۆیە گەڕاینەوە بۆ بەڕێز مالیکی، هەروەها بەڕێز محەممەد عەللاوی کاتێک بەربژێر کرا و ناڕەزایەتی هەبوو و پاشەکشەمان کرد. ئەمڕۆ هاوبەشەکان قسەیان هەیە لەم بابەتەدا، تەنانەت بەڕێز سوودانیش دەیەوێت هاوبەشییەکی راستەقینە هەبێت، هاوبەشی لە بڕیاردا. ئێمە زۆر باوەڕمان وایە کە هاوبەشەکانمان لە نیشتمان دەبێت بەشداربن لە بڕیار پێش ئەوەی بەشداربن لە پۆستەکان.
رووداو: بەڕێز بەها ئاماژەت بە بابەتی هەرێمی و نێوخۆیی کرد، لە نێوخۆوە دەست پێدەکەم و دەمەوێت پرسیارت لێ بکەم دەربارەی رۆڵی هەرێمی و نێودەوڵەتیش، بەڵام فاکتەری نێوخۆیی، کێ لە بەڕێز سوودانی نزیکترینە لە رووی کوردییەوە؟
بەها ئەعرەجی: واتە راستییەکەی ئەمە بە وردی باسی لێوە نەکراوە، بەڵام من دەڵێم ئەمڕۆ پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەند باشترین پەیوەندی بووە کاتێک بەڕێز سوودانی سەرۆکایەتی وەزیرانی گرتەدەست. بەڵێ هەندێک دواکەوتن لە هەندێک پابەندبووندا هەبوو، بەڵام ئەم دواکەوتنە هونەری بوو، نەک کەسی. ئەمەش ئەوە بوو کە لە هەموو سەرکردە کوردەکانەوە بیستمان لە ستایشکردنی بەڕێز سوودانیدا و ئەمە جێگەی شانازییە بۆ ئێمە کاتێک سەرۆکوەزیران دەتوانێت براکانی لە سەرکردە کوردەکان لەسەر یەک را کۆبکاتەوە. مەسەلەکە نزیکی یان دووری نییە بەقەد ئەوەی بەدیهێنانی بەرژەوەندی نیشتمانییە.
رووداو: ببورە بەڕێز بەها.. ئایا پێتوایە پارتی دیموکراتی کوردستان تێبینی دەبێت لەسەر بەڕێز سوودانی بەتایبەت دوای کێشەکان، واتە قسە هەبوو لەسەر بابەتی پابەندبوون بە دەستوور، بابەتی مووچەکان، هەروەها کێشە و هەندێک کێشەی ئەمنی هەبوو لە سایەی حکومەتی بەڕێز سوودانیدا.. ئایا پێتوایە ئەم کێشانە جۆرێک لە تێبینی دروست دەکات لەسەر بەڕێز سوودانی لەلایەن پارتی دیموکراتەوە؟ پرسیارت لێ دەکەم چونکە تۆ نزیکیت لە هەموو لایەنەکان لە عێراق و سیاسەتمەدارێکی دێرینیت.
بەها ئەعرەجی: سوێند بە خوا ئەوەی لە برایان و سەرکردەکانی پارتی بیستمان ستایش بوو بۆ بەڕێز سوودانی، ئەمە مانای ئەوە نییە کێشە نەبووە، بەڵام کێشەکان کەم بوون و وەسف ناکرێن، وەک پێمگوتیت کێشەی هونەری بوون. ئەگەر مووچە دواکەوتبێت ئەوا هۆکاری هەبووە وەک دواکەوتن لە پابەندبوونەکانی برایانی کورد و هەروەها دواکەوتن لە مووچەی هەموو پارێزگاکان وەک دەزانن. بەڵام بە بڕوای من مەبەستدار نەبووە و من لە سەرکردە گرنگە کوردەکانم بیستووە کە ئەوان بە راستی پاڵپشتن -ناڵێین بۆ ویلایەتی دووەم یان دەڵێین ئەوان ئاسوودەن- لە بەڕێوەبردنی بەڕێز سوودانی بۆ دەوڵەت لەم سێ ساڵ و نیوەدا، باشترین پەیوەندی نێوان ناوەند و هەرێم لە حکومەتی بەڕێز سوودانیدا بووە. ناڵێین بێ کێشە بووە، بەڵام باشترین پەیوەندی بووە، و ئەمە رەنگدانەوەی لەسەر شەقامیش هەبووە، ئەمڕۆ هەروەها پەیوەندییەکی نایاب لەگەڵ سەرکردە سوننەکان هەیە. ئەمە واتە بوونی سەقامگیری و بوونی متمانە بە سیستمەکە، بۆیە ئەگەر تێبینی بکەیت یەکەمجارە لەم هەڵبژاردنانەدا رێژەی بەشداریکردن %56 بێت، ئەمە واتە متمانە هەیە بە سیستمی سیاسی و ئەم متمانەیە نەدەهات ئەگەر سیاسەتەکانی سوودانی نەبوایە لە پرسە چارەنووسساز و نیشتمانییە گرنگەکاندا، پەیوەندیمان بە ناوەند، پەیوەندیمان بە برایانی سوننە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ سەرکەوتنی سوودانی کە هیچ کام لە سەرکردەکان ناتوانن نکۆڵی لێ بکەن.
رووداو: بەڕێز بەها.. نیشاندانی ئاسوودەیی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردە کوردەکان و هەروەها سوننەکان، ئایا کاریگەری دەبێت لەسەر بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ کاندیدکردنی کەسایەتییەکی دیاریکراو بۆ سەرۆکایەتی وەزیران؟ یان بڕیارەکە چوارچێوەیی دەبێت و رای هاوبەشەکان کاریگەری نابێت؟
بەها ئەعرەجی: نەخێر نەخێر بێگومان، بە دڵنیاییەوە ئەوان هاوبەشن لە نیشتمان و هاوبەشن لە بڕیار. پێش کەمێک نموونەم بۆ هێنایتەوە کە دوو کەسایەتی لە قۆناخەکانی پێشوودا کاندید کران بۆ سەرۆکایەتی وەزیران، بەڵام هاوبەشەکان قبوڵیان نەکردن و پاشەکشەمان لێکردن. ئەم ئاماژانە هانی برایانی چوارچێوە دەدات بۆ پێدانی چانسی زیاتر بە بەڕێز سوودانی، بۆیە ئاسوودەییەک هەیە لەلایەن ئێمەوە لە لیستەکەدا بۆ ئەم بابەتە، شانازی بەم جۆرە هەڵوێستە نیشتمانیانەوە دەکەین. هەمیشە لەناو چوارچێوەدا دەترساین لەوەی کەسێک بەربژێر بکەین کە لە رووی نیشتمانییەوە رەتبکرێتەوە، ئەمڕۆ کە ئاماژە ئەرێنییەکان لەلایەن هاوبەشەکانەوە هاتوون، ئەوا زەمینەخۆشکەرن بۆ هاندانی برایان لە چوارچێوە.
رووداو: لیژنە راسپێردراوەکەی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ چاوپێکەوتنی بەربژێرەکان و دیاریکردنی پێوەرەکان، ئایا هیچ زانیارییەک هەیە دەربارەی ئەندامانی لیژنەکە و سەرۆکەکان.. کێیە سەرۆکی لیژنەکە؟
بەها ئەعرەجی: برای ئازیزم من پێم گوتیت کەمێک پێش ئێستا لیژنەی چاوپێکەوتنی بەربژێرەکان نییە، ئەوە بۆ دانانی پێوەر و میکانیزم و مەرجەکانە. سەرۆکایەتی وەزیران وەزیفەیەکی ئاسایی نییە تا چاوپێکەوتن لەگەڵ فەرمانبەرێک بکەین.. چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسێک بکەین بۆ وەرگرتنی، سەرۆکایەتی وەزیران دەبێت کەسایەتییەک بێت کە مێژوویەکی ناسراوی هەبێت لای هەمووان و دەستکەوتی هەبێت، ئەمە قبوڵکراو نییە. بەڵام مەرجەکانی لیژنەکە واتە بە سەرۆکایەتی بەڕێز عەمار حەکیم و هەروەها شێخ هومام حەمودی و برای بەڕێز ئەحمەد ئەسەدییە.
رووداو: ئاماژەت بە دادپەروەریی لیژنەکە کرد و گوتت دەبێت پێوەرەکان دادپەروەرانە بن وەک پێوەرێک بۆ هەمووان.. ئایا هیچ تێبینی یان نیگەرانییەکتان هەیە کە پێوەرەکان جۆرێک لە دووفاقی تێدا بێت؟
بەها ئەعرەجی: نەخێر نەخێر هەرگیز، هەرگیز.. ئەمڕۆ ئەوەی بەڕێز سوودانی بەدەستی هێناوە کردارە، بۆیە کاتێک بەراوردی کردار بە گوفتار دەکەیت، بێگومان دەچیتە لای کردار. رەنگە سەرۆک وەزیرانێک یان کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتی وەزیران بێت و زۆر قسە بکات، بەڵام لە ئەنجامدا ئەو ئەزموونەی پێشووی نابێت، بەڵام بەڕێز سوودانی ئەمڕۆ دەستکەوتی لەسەر زەوی هەیە، بۆیە کەس ناتوانێت لەم دەستکەوتەدا رکابەری بکات، ئەمە یەک.
دوو؛ گرنگترین بڕگە کە لەم پێوەرانەدا دەبێت بەرنامەی حکومی بەربژێری سەرۆکوەزیرانە. من بەشدار بووم لە زۆربەی بەرنامە حکومییەکان کە لە ماوەی حکومەتەکانی پێشوودا نووسراون بەڵام هەمووی مەرەکەب بوو لەسەر کاخەز، وەک سیاسی ئێمە بەرنامە حکومییەکەمان دەنووسی. ئەمڕۆ بەڕێز سوودانی پێش ماوەیەک لیژنەی پێکهێنا بۆ نووسینی بەرنامەی حکومی لە کەسانی پسپۆڕ واتە ئەندازیاران و مامۆستایانی زانکۆ و پلە باڵاکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و سوودی لە هەندێک کۆمپانیا وەرگرت، کە خاوەن ئەزموونن، بۆیە بەرنامەی حکومی ئەمڕۆ کە بەڕێز سوودانی پێشکەشی دەکات داڕشتن یان مەرەکەبی سەر کاخەز نییە، بەڵکو ژمارەیە کە گونجاوە لەگەڵ داهاتی دەوڵەت و بارودۆخ و هەروەها دۆخی هەرێمی. بۆیە پێموانییە بەرنامەیەکی ئاسایی بێت و خودی ئەم بەرنامەیە قەناعەت بە هەموو لایەنەکان دەکات لەکاتی پێشکەشکردنیدا.
رووداو: کورد، وەک بیستت دوێنێ جەخت لەسەر پابەندبوون بە دەستوور کرایەوە.. بەڕێز سەرۆک بارزانی جەختی لە پێویستی پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی کردەوە، ئەمە تەنیا پشت بە سەرۆکوەزیران نابەستێت بەڵکو پشت بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هەموو هاوبەشەکان دەبەستێت. ئایا پێتوایە ئامادەیی هەیە لەلایەن هێزەکانەوە لە بەغدا بۆ دەستپێکردن یان جێبەجێکردنی ئەم داواکارییە کوردییانە؟
بەها ئەعرەجی: واتە پابەندبوون بە دەستوور داواکاری هەمووانە، بەڵام ئێمە کێشەمان لەگەڵ بڕگەکانی دەستوور نییە، بەڵکو چۆن ئەم بڕگانە تەفسیر دەکەین، تەفسیرەکە کێشەکەیە. هەمووان دەڵێن پابەندین بە دەستوور، بۆیە من پێموایە تاکە چارەسەر بۆ ئەم مەسەلەیە ئەوەیە کە بڕگە یان ماددە دەستوورییە جێناکۆکەکان دیاری بکەین و بیخەینە بەردەم دادگای فیدراڵی بۆ پێدانی تەفسیرێکی راستەقینە پێش ئەوەی رووداو یان کێشەکە رووبدات تا نەکەوێنە هەڵەوە، ئەمە بەم رێگایانە چارەسەر دەکرێت. ئەوەی من لە کاک مەسعودەوە بیستم قسەیەکی نیشتمانی راستەقینە بوو کە دەیەوێت کێشەی عێراق چارەسەر بکات نەک تەنیا کێشەی کوردی، ئەمە یەک.
دوو؛ بابەتی ئەنجوومەنی فیدراڵی، ئەم ئەنجومەنە بابەتێکی دەستوورییە واتە دواکەوتنی سەرپێچی دەستوورییە، بەڵام بۆ ئەمانەت لە پێش چەند مانگێکی کەمەوە من گوێم لە سەرکردەکانی بەغداش دەبێت کە دەخوازن ئەم ئەنجوومەنە پێکھێنن. بێگومان دوو پاڵنەر هەیە، پاڵنەری یەکەم پاڵنەرێکی دەستوورییە وەک ئەوەی جەنابت فەرمووت، پاڵنەری دووەم پاڵنەرێکی شەخسییە.. واتە دەزانیت زۆر لە سەرکردە سیاسییەکان نەچوونە هەڵبژاردن یان هەندێکیان بەختیان نەبووە وەک جێگرانی سەرۆککۆماری پێشوو و سەرۆکوەزیرانی پێشوو، بۆیە بۆ ئەوەی دامەزراوەیەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە کە بتوانێت کاری سیاسی تێدا بکاتەوە پاڵپشتی پێکهێنانی ئەم ئەنجوومەنە دەکات، بەتایبەتی کە هەڵبژاردنی بەبێ دەنگدان دەبێت. بۆیە من پێموایە ئەگەر بخرێتە ناو دانوستاندنەکانەوە ئەوا هیچ کێشەیەک لەمەدا نییە.
رووداو: لە رووی هەرێمی و نێودەوڵەتیشەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت لە عێراق و دیاریکردنی کەسی سەرۆکوەزیران رای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر گرنگە و بەرژەوەندی ستراتیژی لە عێراقدا هەیە، رای ئێرانیش زۆر گرنگە، لەکاتی پێکهێنانی هەموو حکومەتێکدا نزیککردنەوە هەیە واتە کەسایەتی هەن رۆڵ دەبینن لە نزیککردنەوەی رای ئێرانی و رای ئەمریکی. لە رووی ئەمریکییەوە.. پێتوایە.. گرنگترین داواکارییەکانی ئەمریکا چین، نەک داواکاری بەڵکو ئەولەویەتەکانی ئەمریکا بۆ حکومەتی داهاتوو لە عێراق؟
بەها ئەعرەجی: واتە یەکەم بە راشکاوی قسە دەکەم.. یەکەمجارە بەیاننامەی ستایش هەبێت بۆ حکومەت و کەسی سەرۆکوەزیران لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە 2003وە تاوەکو ئەمڕۆ، واتە دوو بەیاننامە دەرچوون یان دوو تویت لە شێوەی بەیاننامە لەلایەن نێردەی ئەمریکا لە بەغدا و ئەوی دیکە لە وەزارەتی دەرەوە، ئەمە رووی نەداوە.. ئەمە واتە ئاسوودەییەک هەیە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە بەغدا.
مەسەلە گرنگەکە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت ئەوەیە عێراق کارا بێت و هەروەها وەبەرهێنانی هەبێت لە عێراق بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان، ئەمە راستییەکەی ئێمە رێگری لێ ناکەین چونکە ئەمە بنیاتنانی وڵاتی تێدایە مادام وەبەرهێنان بێت و بەپێی یاسا بێت، ئەمە مەسەلەیەکی سروشتییە.
بابەتەکەی دیکە بابەتی ئێرانە.. ئێران ئاسوودەیە لە حکومەتی بەڕێز سوودانی بە ڕاشکاوی پێت دەڵێم، بەڵام هەروەها یەکڕیزی چوارچێوەی بەلاوە گرنگە. لە هەموو دۆخێکدا بەڕێز سوودانی سەیری ئەم پێوەرانە ناکات، ئەمانە پێوەر و کۆڵەکەن لەم بابەتەدا بەڵام بە تەنها را دەیانبینین و شانازییان پێوە دەکەین، بەڵام بڕیارەکە دەبێت بڕیارێکی عێراقی بێت، بڕیارێک لە فراکسیۆنی گەورەترەوە. ئەمڕۆ بە راشکاوی پێت دەڵێم.. ئەمڕۆ سەرۆکایەتی وەزیران تاکە بڕگەیە لە دەستووردا کە نووسراوە فراکسیۆنی (الكتلة الأكبر) بەربژێر دەکات، نەنووسراوە سەبارەت بە سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی پەرلەمان. بۆیە ئەم فراکسیۆنە گەورەیە هەرچەندە لەم حیزبە بەڕێزانە پێکهاتووە، بەڵام بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆمان، بەرپرسیارێتی پێکهاتەیەکی تەواوە، بۆیە دەبێت بیپارێزین و پێی بچینە لای هاوبەشەکانمان لە نیشتمان بۆ دۆزینەوەی دۆخێکی سەقامگیری و دۆخێکی بنیاتنان و تێپەڕاندنی ئەم ساڵە وشکانەی کە بەسەر هەموو عێراقییەکاندا تێپەڕی.
رووداو: بابەتی کۆنترۆڵکردنی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە، واتە داواکارییەکە لە داواکارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئایا دەبێتە جۆرێک لە ئاڵنگاری بۆ حکومەتی داهاتوو؟
بەها ئەعرەجی: نەخێر هەرگیز، هەرگیز.. ئەم بابەتە پێش ئەوەی داواکارییەکی ئەمریکی بێت داواکارییەکی عێراقی نیشتمانییە، داواکاری بەڕێز سەرۆکوەزیرانە، داواکاری زۆربەی فراکسیۆنەکانە، داواکاری مەرجەعیەتە. بۆیە بێگومان بەرنامەیەک دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە، لێرەدا مەبەستمان تەنیا گرووپەکان نییە، بەڵکو عەشیرەتەکان و ئەوانی دیکەشە.. ئەمڕۆ کێشەمان دەبێت لە بەسرە و عەمارە لەنێوان دوو عەشیرەتدا و ئەمە روانگەیەکی نەرێنی لەسەر واقیعی عێراقی دروست دەکات.
واتە ئەمڕۆ ئێمە دەبینین لە ساڵانی کەمی رابردوودا گەشتیاری چالاک بووە نەک تەنیا ئایینی بەڵکو گەشتیاری.. ئەگەر سەیری زۆنگاوەکان و ئور بکەیت زۆر لە بیانییەکان و لە رۆژئاواوە هاتوون بۆ ئێرە، ئەمە واتە بوونی جۆرێک لە سەقامگیری، بۆیە تەواوکردنی دۆخی سەقامگیری بە تەواوی لە هەموو شوێنێک واتە داهاتێکی نوێ لە گەشتیاری و خەڵک دێن بۆ سەردانکردنی.
گرنگیش لەم بابەتەدا.. ئەمڕۆ عێراق لە دۆخی هەرێمیدا زیاتر کاریگەری هەیە نەک کاریگەری لەسەر بێت، و بۆیە دەستێوەردانەکانیمان بینی. واتە عێراق و میسر بوون کە بانگهێشتیان کرد بۆ کۆنگرەی دەوحە، عێراق بنەمای راستەقینەی هەبوو لە گەڕاندنەوەی ئاشتەوایی نێوان سعودیە و کۆماری ئیسلامی، سوودانی هۆکارێک بوو لە هۆکارەکانی وەستاندنی بۆردوومانی ئەمریکی لە کاتی جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی. بۆیە ئەمە واتە عێراق دەستی کردووە بە کاریگەریدانان لەسەر دۆخی هەرێمی، بۆیە دەبێت ئەم سەرەتایە تەواو بکەین و عێراق لە پێشەنگیدا بێت وەک ئەوەی پێشتر هەبووە.
رووداو: بەڕێز بەها ئەعرەجی، سەرەڕای ناکۆکییەکان بەڵام خاڵی ستراتیژی هەن.. بەرژەوەندی ستراتیژی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆماری ئیسلامی ئێران یەکدەگرنەوە.. بەرژەوەندی هاوبەشی ستراتیژی لە عێراقدا بەیەک دەگەن. ئێستا ئەو بەرژەوەندییە ستراتیژییە چییە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا تێیدا یەکدەگرنەوە؟
بەها ئەعرەجی: واتە سەرت سوڕدەمێنێت ئەگەر پێم گوتیت سەقامگیری عێراقە لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە لە رێگەی ئەم کاریگەرییەوە. ئەمڕۆ ئێران دڵنیا بووەتەوە کە سەقامگیری عێراق سەقامگیری تێدایە بۆ دۆخی ناوخۆیی خۆی بەتایبەتی دوای ئەم جەنگە و هاتنە ناوەوە و بوونی ئەم پێشێلکارییە ئەمنییە لە ناوخۆیدا، کۆماری ئیسلامی هەڵوێستێکی شەرەفمەندانەی هەبوو لەگەڵ عێراق بۆیە دەبێت قەرزەکەی بۆ بدەینەوە، بەوەش ئەم سەقامگیرییە.
هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەقامگیری دەوێت لە عێراق تاوەکو رەنگدانەوەی هەبێت بۆ سەقامگیری لە ناوچەکە. واتە بینیت ئەمڕۆ سووریا هێشتا هەندێک ناسەقامگیری تێدایە، غەززە تا ئەمڕۆ یەکلایی نەبووەتەوە، کێشە هەبوو لە قەتەر رەنگە لە میسریش ببێت.. بۆیە سەقامگیری عێراق بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی و کاریگەرییەکەی لە بازاڕی جیهانی بەتایبەتی لە نەوتدا، هەموو لایەنەکان ئەمڕۆ و دوو خاڵەکە یان دوو دەوڵەتە گرنگەکە کۆک بوون لەسەر ئەوەی سەقامگیری تێدا بێت.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم دەربارەی سەرۆکایەتی کۆمارە.. ئاماژەی بەڕێز محەممەد حەلبووسی بەوەی رەنگە داوای سەرۆکایەتی کۆمار بکەن.. پێموایە بەڕێز سوودانی دوێنێ رایەکی دا کاتێک گوتی پێویستییەک نابینین بۆ گۆڕینی ئەم نەریتە سیاسییە. رای تۆ بەڕێز بەها؟
بەها ئەعرەجی: من دەڵێم یەکەم ئەمڕۆ ئەم بابەتە بووەتە نەریت و عادەت کە ئەم پۆستە بۆ برایانی کورد بێت، بۆیە ئەوان خاوەن مافن تێیدا، مەگەر لێکتێگەیشتنی کوردی سوننی هەبێت و ئەمە بابەتێکی دیکەیە. بەڵام ئەمڕۆ ساڵان یان خولەکانی پێشوو کاتێک دەڵێین سەرۆکایەتی وەزیران بۆ شیعەیە دەڵێین سەرۆکایەتی کۆمار بۆ کوردە، ئەمە کێشە نییە. رەنگە تەنانەت ئاماژەکەی بەڕێز حەلبوسیش بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی سیاسی بێت و ئەوە نییە کە بە شێوەی راستەقینە ئارەزووی دەکات.. نازانین، بەڵام ئێمە وەک چوارچێوە -و ناڵێم وەک فراکسیۆن- بێگومان بەم ئاڕاستەیە دەڕۆین کە نەریت و عادەتی لەسەر بووە.
رووداو: بە بڕوای تۆ ماوەی پێکهێنانی حکومەت ئەمجارە چەند دەخایەنێت؟
بەها ئەعرەجی: من راستییەکەی پێچەوانەی ئەو رایانەم کە دەیبیستیت کە گوایە خێرایی دەبێت لە ئەنجامدان، بە خێرایی نییە.. ئەمڕۆ ڕەنگە خێراییەک هەبێت کاتێک دادگا قسەی خۆی کرد کە لەم ماوەیەدا پەسەندی دەکات،بەم بۆنەیەوە دەبێت سوپاسی دادگا و سەرۆکەکەی بکەین لە رێگەی کەناڵە بەڕێزەکەتانەوە بۆ ئەو رۆڵەی گێڕایان لەم ماوەیە و هەڵبژاردنەکان و پاراستنی دۆخەکە.
بۆیە ئەنجومەنی نوێنەران رەنگە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو تاوەکو کۆتاییەکەی یان پێش کۆتاییەکەی کۆببێتەوە، بەڵام بێگومان دەزانیت ئەمڕۆ وادەی دەستووری هەیە کە نابێت سەرپێچی بکرێت بەڵام هەروەها پێکدادانی سیاسی هەیە و کێبڕکێی سیاسی هەیە، بۆیە دۆخەکە ئاسانە، بەڵام وەک ئەوە نییە هەندێک وێنای دەکەن کە بە گوڵ رازێنرابێتەوە. کێشە دروست دەبێت لەنێوان فراکسیۆنە بچووک و گەورەکان و ئەوانی تر.. ئەمڕۆ مەسەلەی یەکەم ئەوەیە ئایا سەردەکەوین لە کاتێکی کورتدا سەرۆکێک بۆ کۆمار هەڵبژێرین؟ هیوادارین لە برایانی کورد مادام ئەم پۆستە بۆ ئەوانە لەنێوان خۆیاندا رێکبکەون و بە یەک بەربژێرەوە بێن، ئەمە کارەکە ئاسان دەکات. بەڵام بێگومان دواکەوتن دەبێت، نەک وەک ئەو دواکەوتنەی لە خولی پێشوودا روویدا، بێگومان هەموو سەرکردەکان هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن، ئەو دەستکەوتە گەورەیەی گەلی عێراق بەدەستی هێنا بە دەرچوون بەم رێژە گەورەیە بۆ هەڵبژاردنەکان دەبێت خێرایی هەبێت لە پێکهێناندا تاوەکو قەرزەکەیان بۆ بدەینەوە.
رووداو: بەڕێز بەها ئەعرەجی سیاسەتمەداری عێراقی و بەربژێری براوە لە لیستی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان لە بەغدا، زۆر سوپاس بۆ کاتەکەت و بەخێربێیت بۆ رووداو جارێکی دیکە.
بەها ئەعرەجی: سوپاس بۆ تۆ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ