محەممەد حاجی مەحموود: دادگەی فیدراڵی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرنگدایە

22-02-2022
گۆڤەند مستەفا
محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی چوارشەممە 23-02-2022 دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی یاساییبوون یاخود یاسایینەبوونی دووبارە کردنەوەی دەرگەی خۆپاڵاوتنی بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆککۆمار کۆدەبێتەوە.
 
محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "دانیشتنەکەی رۆژی چوارشەممە تاقیکردنەوەیەکی گرنگە بۆ دادگەی فیدراڵی"، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە نایاسایی بزانێت ئەو دڵنیایە کە دادگەیەکی حیزبی و مەزهەبییە.
 
سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە پێویستی دەزانێت سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە بڕیارێک دادگەی فیدراڵی هەڵبوەشێتەوە. سەبارەت بە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی-یش، محەممەدی حاجی مەحموود ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر بەربژێربوونی رێبەر ئەحمەد لەلایەن دادگەی فیدراڵی رەتبکرێتەوە هەریەک لە د. لەتیف رەشید، حاکم رزگار و د. بەرهەم ساڵح سێ بەربژێرن کە پارتی و یەکێتی بە ئاسانی دەتوانن لەسەری رێکبکەون.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان:
 
رووداو: بۆچوونتان لەسەر بارودۆخی نێوخۆی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نێوخۆی هەرێمی کوردستان و ململانێیەکان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار چییە؟
 
محەممەد حاجی مەحموود: بابەتەکان رەنگە پەیوەندییان تەنیا بە پۆستی سەرۆککۆمارەوە نەبێت، بەڵکو کۆمەڵێک بابەتی دیکە هەبن. سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگە، پێمانوایە بڕیارەکانی ئەمدواییەی دادگەی فیدراڵی کە سێ بۆ چوار بڕیاری دا، سەرجەمی ئەو بڕیارانەی جێگەی گومانن، تەنانەت گومانی ئەوەم بۆ دروستبووە کە بۆچی کاتی خۆی چالاکیی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی راگرت، رەنگە یەکەمجار ئەو رایەم نەبووبێت، واتە دوای ئەوانە رایەکی جیاوازم هەیە لەسەر دادگە، چونکە لە بنچینەدا لە ساڵی 2005 کە دامەزرا، لەسەر بنچینەی حیزبەکان دامەزراوە، پێموابێت ئەوکات دکتۆر عەلاوی واژۆی کرد. دادگەکەش لەسەر بنەمای مەزهەب و حیزب دامەزراوە. بۆیە کاتی خۆی مەدحەت مەحموود سەرۆکی دادگەکە بوو، پێشتر ئەندامی دادگەی شۆڕشی عێراقی بوو. بڕیارەکانی ئەمدواییەی دادگەی فیدراڵییش لەژێر پرسیارن و بابەتەکان بەرەو سیاسی و مەزهەبیی بردووە. سەبارەت بە دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەو کێشانەی هەن، ئەسڵی بابەتەکە لەسەر پرسی سەرۆککۆمارە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە رێکنەکەوتن. دەبوو بە یەک بەربژێر چووبانە بەغدا، ئەگەر بە یەک بەربژێر چووبان، رەنگە بۆ هەموو لایەک باشتر دەبوو. ئەگەر لەسەر مەسەلەی سەرۆککۆمار کە پشکی کوردە، کورد لەنێوانی خۆیاندا رێکنەکەون، ئاسان نییە کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت، دادگەش کۆمەڵێک کۆسپی لەڕێگەی پەرلەمان داناوە بۆئەوەی دانیشتنی پەرلەمان نەکرێت. بۆ نموونە کۆبوونەوەی پەرلەمان پێویستی بە 165 بۆ 167 کەسە، بەڵام دادگە بەبێ ئەوەی پرس بکات بڕیارێکیان داوە دەڵێن دەبێت 220 کەس ئامادەبن تاوەکو دانیشتنی پەرلەمان بکرێت، لە کاتێکدا لە عێراقدا هیچ لایەنێک 51%ی نەهێناوە تاوەکو 200 کەس ئامادەی دانیشتنەکە ببن. ئەمە یەکێکە لەو ئاستەنگیانەی دادگە لەبەردەمی پەرلەمان داینا بۆئەوەی دوای بخات و کۆبوونەوەکان نەکرێن. پاشان بڕیاری وەستاندنی چالاکییەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و دواتر بابەتی کاک هۆشیار و پاشانیش پرسی نەوت و گاز لەو ماوانە لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە دراون. زیندووکردنەوەی سکاڵایەکی 15 ساڵ پێش ئێستا، ئەمانە هەمووی وەکو ئەوە وایە لە بۆسەدابوون بۆ هەرێمی کوردستان، بە سوودوەرگرتن لەو ململانێیانەی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار هەیە. من ئەو دادگەیە نە بە دادگەی فیدراڵی دەزانم و نە بە دادگەی خەڵکی دەزانم، دەبێت حکومەتی عێراق یان پەرلەمان داوا بکەن ئەو دادگەیە هەڵبوەشێننەوە و دادگەیەکی دەستووری دابنێن، چونکە ئەمە دادگەی دەستووری نییە و بەرگری لە هیچ شتێکی ناکات. بۆیە پێموایە رەنگە دادگەیەکی دەستووری بتوانێت چارەسەری هەندێک لە کێشەکان بکات. من پێموایە سبەی تاقیکردنەوەیەکە لەبەردەمی دادگە، ئەگەر سبەی بڕیار بدات لەسەر بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ دووبارە کردنەوەی دەگەری خۆبەربژێرکردن بە نایاسایی لە قەڵەمی بدات، ئەوا هیچ گومانێک نامێنێت کە ئەو دادگەیە دادگەیەکی حیزبی و تائیفییە. رەنگە سبەی واش بڕیار بداتە کە بڵێت ئەو بڕیارەی پەرلەمان یاسایی نییە. ئەوەش دەبێتە تاقیکردنەوەیەک بۆ دادگە، ئەگەر بڕیاری یاساییبوونیشی بدات رەنگە بەشێک لە کێشەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان چارەسەر ببن.
 
رووداو: لە ئەگەری ئەوەی سبەی دادگەی فیدراڵی بڕیارەکەی پەرلەمان لەبارەی دووبارە کردنەوەی دەرگەی خۆبەربژێرکردن بە نایاسایی دابنێت، دەرفەت لەبەردەم پارتی و یەکێتی دەمێنێت بۆ رێککەوتن؟ یان بەربژێرەکەی یەکێتی چانسی زیاتر دەبێت بۆئەوەی ببێتە سەرۆککۆمار؟
 
محەممەد حاجی مەحموود: هەموو کاتێک دەرفەت لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ماوە گفتوگۆی لەسەر بکەن، پێموایە دەتوانن نیو کاژێر پێش کۆبوونەوەکەی پەرلەمان لەسەر ئەو بابەت بگەنە رێککەوتن، بەڵام ئەگەر دادگە رەتیبکاتەوە بەربژێری دیکە هەبێت، کورد سێ بەربژێری دیکەی هەیە، ئەوکات یەکێتی و پارتی دەتوانن لەسەر یەکێک لەو سێ بەربژێرە رێکبکەون.
 
رووداو: کورد ئەمجارە دەیویست بە هێزێکی زیاترەوە بچێتە بەغدا، کورسییەکانی زیاد بوون، لەڕووی سیاسییەوە ئێستا پێگەی بەهێز بووە، بەڵام بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان پێگەی هەرێمی کوردستان لە چوار ساڵی داهاتوودا چۆن دەبینیت؟ پێتوانییە ئەمە گورزێک بێت لە پێگەی هەرێمی کوردستان؟
 
محەممەد حاجی مەحموود: ئەوان هەرکاتێک دەرفەت و هەلێکیان هەبێت چ سوننە و چ شیعە، یەک بۆچوونیان هەبووە لە بەرامبەر کورد، لەسەر بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان، هاتنی سوپای عێراق بۆ کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان و تەنانەت یاسای نوێی هەڵبژاردن هیچ کێشەیەکیان نەبووە. بە بڕوای من، دەبوو کاردانەوەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێم، حکومەت، پەرلەمان و دادوەری لە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی تووندتر بووایە و بیانگوتبا ئەو بابەتە جێی گفتوگۆ نییە، چونکە ئەوە بابەتێکە لە دەستووری عێراقدا هاتووە کە نەوت و گاز هی هەموو عێراقە، هەرێمەکان و پارێزگاکان پشکیان هەیە و هەموو پێکەوە دەتوانن بڕیاری لێبدەن. ئەو دادگەیە کە دامەزراوە لە سەردەمی بریمەر دامەزراوە، لە کاتی حکومەتی کاتیدا دامەزراوە، لە دەستووری کاتیدا دامەزراوە، هێشتا نەگوازراوەتەوە بۆ دەستووری هەمیشەیی عێراق و گۆڕانی بەسەردا بێت و هەمواربکرێتەوە. رەنگە ئەمە یەکێک بێت لەو گرفتانە کە تاوەکو ئێستا کورد بێدەنگ بووە لێی. باشە ئەگەر دادگە ئەوەندە بە تەنگی مەسەلەی نەوت و گازەوە دێت، بۆ نەیتوانی لە ماوەی 18 ساڵدا یاسایەکی نەوت و گاز لە عێراقدا دەربکەن؟ بۆ نەیتوانی ئەنجوومەنی فیدراڵی دابمەزرێنن؟ لە لایەکی دیکەوە دوو ئەندامی ئەو دادگەیە کوردن، یەکێکیان پارتی و ئەوەی دیکەیان یەکێتی، بۆ ئەوانە واژۆیان کردووە؟ خۆ لەسێدارە نەدەدران.. با واژۆیان نەکردبایە.. با لەسەر کورد زیندانیان کردبان، بیانگوتبا دوو ئەندامی کورد لەسەر واژۆنەکردن زیندانی کران... ئەوان نوێنەری میللەتێکن، چۆن واژۆ لەسەر بڕیارێک دەکەن دژی میللەتێک. دەبوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بیگوتبا ئەو بڕیارەی دادگە دەبێت لەسەر رەفەکان لە ژوورەکەی خۆیان دایبنێن و کاری پێناکرێت. لە لایکی دیکەوە عێراق خۆی یاسای نەوت و گازی نییە، با بێت لەگەڵ یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بەراوردی بکات، ئەگەر ئەوان هەیانبوو ئەوکاتە. خاڵێکی دیکە، ئەو قسانەی لەسەر نەوت و گاز کراون، ئەو بیرە کۆنانە بۆیان هەیە لەڕێگەی سۆمۆوە بڕوات کە کاتی خۆی لە کاتی سەدام و پێشتر بە یاساکانی عێراق کراوە. بیرە تازەکانی هەرێم هیچ پەیوەندیی بەوانەوە نابێت جگە لەوەش، تەنیا پرس و رایەک هەیە، ئەگەرنا بیرە تازەکان هی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و کورد خۆی دەتوانێت بینێرێت.
 
رووداو: هەرێمی کوردستان هیچ کارتێکی گوشاری بەهێزی بەدەستەوەیە بۆئەوەی ئەو بڕیارەی دادگە رەتبکاتەوە و جێبەجێی نەکات؟ چونکە زۆربەی ئەوانەی قسەی لەسەر دەکەن، دەڵێن بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی یەکلاکەرەوەن و دەبێت جێبەجێ بکرێن.
 
محەممەد حاجی مەحموود: کاتی خۆیشی دادگەی باڵای شۆڕش بڕیاری وای دژی کورد دەرکرد، ئەنفالی کردین و کیماییشی لێداین، زیندەبەچاڵیشی کردین، وڵاتەکەشی وێران کردین، بەڵام میللـەتی کورد لەنێو نەچوو، ئەوان لەنێوچوون. بۆیە ئەوان دەبێت ئاوڕێک لە رابردووی خۆیان و حکومەتەکانی دیکە بدەنەوە. کورد ئەگەر ئەمە قبووڵ بکات واتە کۆتاییهاتووە، ئەوکات دەبێت قبووڵی بکەن بەڕێوەبەری ناحیەی بامەڕنی و بیارە و گەرمەکیش دەبێت لە عەرەب بێت، پارێزگارەکانیش لەوان بێت. قبووڵکردنی ئەو بڕیارە واتە وشککردنی سەرچاوەی ژیانی خەڵکی کوردستان. پەیوەندیم بەوەوە نییە کێ دەیبات و کێ دەیخوات و کێ دەیفرۆشێت و چی لێدێت. من وەکو کوردێک بیردەکەمەوە. ئەوان هاتوون دەیانەوێت کورد بخنکێنن و لەنێویببەن، رەنگە هاندەریشیان هەبێت بۆ ئەمانە. بۆیە پێموایە نابێت کورد بە هیچ شێوەیەک ئەوە قبووڵ بکات.. بەڵێ هێزی هەیە، کارتی بەهێزی هەیە، دەتوانێت لە بەغدا بکشێتەوە. دەبوو لەو ماوەیەدا کورد لە بەغدا بکشێتەوە و کەسی لەوێ نەمێنێتەوە، دەبوو خۆپێشاندان بکات، دەبێت کورد دژی ئەو بابەتە بێت، نابێت خۆمان رادەستی شتێک بکەین کە خۆیان بوونیان نییە. عێراق کەی وڵاتە؟ عێراق هیچ شتێکی نییە، لە تورکیا و ئیمارات و تاران و ئەمریکاوە ئاراستە دەکرێن، عێراق خۆی هیچ شتێکی بەدەستەوە نییە. بۆیە نابێت کورد خۆی رادەستی ئەوە بکات کە ئەوان دەیانەوێت. خۆ ئەگەر هەر چارەی نەما، دەتوانین بەرگری لە خاک و نیشتمانی خۆمان بکەین.
 
رووداو: پارتی و یەکێتی ناکۆکیی گەورەیان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار هەیە، هەردوولا بەربژێری خۆیان هەیە، پێتانوایە ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی سەرۆککۆمار بگەنە رێککەوتن، لەسەر بابەتی دیکەی وەکو پارێزگاری کەرکووک و پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رێکدەکەون؟ پێتانوایە گەڕێکی دیکەی کێشە لەنێوان پارتی و یەکێتی رووبدات؟
 
محەممەد حاجی مەحموود: پێموایە مەسەلەی سەرۆککۆمار چارەسەر بکرێت، زۆرجار گوێم لێدەبێت دەڵێن پۆستێکی تەشریفاتییە و هیچ نییە، ئەگەر تەشریفاتییە بۆ شەڕی لەسەر دەکرێت. سەرۆککۆمار بۆ کورد گرنگە لە عێراق، چونکە لە سەرۆکی 193 دەوڵەتی دونیا یەکێکیان کوردە، ئەمە گرنگە. لە وڵاتێکدا کە کورد شەش ملیۆن کەسە، بەڵام دەوڵەتەکە نزیکەی 38 ملیۆن دانیشتووی هەیە، سەرۆککۆمارەکەی کوردە. لە پرۆتۆکۆلدا سەرۆککۆمار نەک تەنیا پرۆتۆکۆلییە، سەرۆککۆمار تەشریفاتی نییە، سەرۆککۆمار لە عێراقدا لایەنی جێبەجێکاریشە، دەتوانێت بە بڕیارێک داوا لە پەرلەمان بکات ئەو دادگە عەرەبییە هەڵوەشێنێتەوە، واتە سەرۆککۆمار پۆستێکی گرنگە. سەرۆککۆمار دەتوانێت دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەرمان، فراکسیۆنی گەورە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران دیاریبکات. سەرۆککۆمار دەتوانێت پرسی بودجەی عێراق راگرێت. واتە سەرۆککۆمار زۆر گرنگە لە عێراقدا؛ بەبێ سەرۆککۆمار هیچ شتێک ناکرێت. جگە لەمانەش سەرۆککۆمار ئیمتیازی هەیە، کاتی خۆی بەڕێز مام جەلال سەرۆککۆمار بوو، کە چوومە لای بۆی باسکردم، کە چەند بودجەی هەیە، نزیکەی شەش بۆ حەوت هەزار سەرباز لەسەر حیسابی سەرۆککۆمار لە بەغدایە، ئەو پۆستە چەندین ئیمتیازاتی دیکەی هەیە. پێمخۆشە نموونەیەک باس بکەم، کاتێک لای جەنابی مام جەلالی رەحمەتی بووم لە بەغدا، پەیوەندیی بە هەموو حیزبەکانەوە کرد و گوتی، لە بودجەکەی خۆم دەبێت بودجەیەک بۆ هەموو حیزبەکان خەرج بکرێت، پارەی بۆ هەموو حیزبەکان دەنارد، بۆ ئێمەش بەناوی خوێندکارانەوە دەینارد. سەرۆککۆمار هەموو دەسەڵاتێکی هەیە.
 
رووداو: پێتانوایە گەڕێکی دیکەی کێشە لەنێوان پارتی و یەکێتی رووبدات؟ لەسەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری کەرکووک و هەندێک بابەتی دیکە؟
 
محەممەد حاجی مەحموود: پێموایە ئەمانە ئاسانترن، پرسی پارێزگاری کەرکووک رەنگە بگەنە ئەنجام، ئەوە ئاسانتر بێت، مەسەلەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان رەنگە ئاسانتر بێت، بەڵام پرسی سەرۆککۆمار، ئەو کەسەی کە سەرۆککۆمار بێت حیزبی سەرکردەیە لە عێراقدا، کاتی خۆیشی لەگەڵ جەنابی مام جەلال باسی ئەو بابەتەم کرد. مام جەلال گوتی، نوێنەری هەمووتانم، گوتمان نا، گوتم خۆت بە توانای خۆت رەنگە گەیشتبیتە ئێرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا ئەگەر جەنابت سەرۆککۆمار نەبوویتایە وڵاتێکی وەکو چین نەدەهات لە بواری ئابووریدا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێککەوتنی ئابووری بکات.. واتە سەرۆککۆمار گرنگە، کە چوو بۆ سەرۆککۆمار واتە حیزبی سەرکردە لەو وڵاتە.
 
رووداو: لە چەند رۆژی رابردوودا بەڕێز د. لەتیف رەشید یەکێک لە بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆککۆمار لای جەنابت بوو، یەکترتان بینی. باسی چیتان کرد، هیوای هەبوو ئەو چانسەی پێبدرێت و ببێتە سەرۆککۆمار؟
 
محەممەد حاجی مەحموود: بە دڵنیاییەوە ئەگەر هەر کەسێک هیوای نەبێت، هەنگاو نانێت بۆ شتێک، بۆیە بە هیواوە هەنگاو دەنێت. ئێستا سێ بەربژێر هەن، ئەگەر سبەی دادگە دووبارە دەرگەی خۆبەربژێرکردن بە نایاسایی بزانێت، سێ بەربژێر دەمێننەوە کە ئەوانیش بریتین لە حاکم رزگار، دکتۆر لەتیف و کاک بەرهەم. ئەوکاتە رەنگە یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکرات بتوانن بە ئاسانی لەسەر یەکێکیان رێکبکەون. بەڵێ د. لەتیف سەری لێمانداوە و لە نزیکەوە قسەمان لەسەر ئەو بابەتانە کردووە، ئەوەش ماوەتەوە بۆ نێوانی پارتی و یەکێتی تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدەن.
 
رووداو: پێتوایە چانسی د. بەرهەم چەندە بۆئەوەی جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆککۆمار؟
 
محەممەد حاجی مەحموود: پێموایە کۆمەڵێک لە حیزبە عەرەبییەکان، رەنگە ئەو هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەی لەنێوان سوننەکان و پارتی و سەدری پێکهێندراوە لە لایەک؛ لە لایەکی دیکە رەنگە بەڕێز مالیکی، ئەویش تێبینیی لەسەر هەبێت، چونکە کاتی خۆی زۆر هەوڵیدا ببێتە جێگری سەرۆککۆمار، بەڵام ئەوکات نەکرا، رەنگە ئەویش کۆمەڵێک کێشەی هەبێت لەسەر ئەو بابەتە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە