رووداو - نیویۆرک
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سوپاسی رووداو دەکات لەسەر بایەخدان بە گۆڕانی کەشوهەوا.
رۆژی 21ی ئەیلوولی 2022 لە نیویۆرک، ساموێل وێربێرگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا دەڵێت، هاوئاهەنگییان لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا هەیە "لەنێویاندا عێراق"، هەروەها رایگەیاند، ئەمریکا 300 ملیار دۆلاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا تەرخان کردووە.
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە نووسینگەکەی لە شاری دووبەیە بە رووداوی راگەیاند، ئاگادار نییە کە پلانێک هەبێت بۆ یەکتربینینی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە شاری نیویۆرک.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ رووداو سەبارەت بە کێشەی نەوت لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا رایگەیاند، "ئەمریکا ئامادەیە یارمەتیی پێشکێش بکات یان رۆڵێکی گونجاو بگێڕێت". هەروەها گوتی، "پێویستە هەموو عێراقییەکان سوود لە وزە ببینن، چ لەڕووی بەکاربردنی وزە لەنێو وڵات، یان لە فرۆشتنی".
لە نێوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق هەناردەکردنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی بە "نادەستووری" ناوبرد، دواتر وەزارەتی نەوتی عێراق داوای لە کۆمپانیا نەوتییەکان کرد کارەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان رابگرن و ئەگەر بەردەوام بن دەخرێنە "لیستی رەشەوە" و مامەڵەیان لەگەڵدا قەدەخە دەکات، بەو هۆیەشەوە چەند کۆمپانیایەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان کشانەوە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ساموێل وێربێرگ:
رووداو: سەبارەت بەو کارانەی کە بە پێشینە دادەنرێن قسەی زۆر لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا دەبیستین، بەڵام لەپڕ ئەو شەڕ و وێرانییەی کە لە ئۆکراینا روویدا سەرنجی جیهانی لەسەر زۆر شت دوورخستەوە. ئایا لەو باوەڕەدان قسە سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا کراوە بەتایبەتی لەگەڵ ئەو وشکەساڵی و خۆڵبارینەی کە بەم دواییە لە عێراق دروستبوون؟
ساموێل وێربێرگ: سەرەتا زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم، سوپاسی کەناڵی رووداو دەکەم. سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا ئەوە بابەتێكە لە کارە لەپێشینییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، کە لێرە لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری لەسەر دەکات، هەروەها هاوئاهەنگیشمان لەگەڵ وڵاتە جیاجیاکانی ناوچەکەدا هەیە لەنێویاندا عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا. لێرە لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵ و دەستپێشخەرییە نوێیەکانمان بیست و بینی و، لە گوتارەکەی سەرۆک بایدن بینیمان کە سەرنجی ئەمریکا لەسەر گۆڕانی کەشوهەوایە. ئێمە دەزانین کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا سنوور بەزێنن و بە یەک وڵات نەبەستراونەتەوە، بەڵکو هەموو وڵاتانی جیهان دەگرێتەوە؛ بۆیە وەک لە گوتارەکەی سەرۆک بایدن بیستمان ئەو واژۆی لەسەر یاسایەکی نوێی ئەمریکا کردووە بۆ وەبەرهێنان بە بڕی 300 ملیار دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
رووداو: یەکێکی دیکە لەو پرسانەی کە دەبینین شاندەکان، وەزیرانی دەرەوە و سەرۆکوەزیران قسەی لەسەر دەکەن نیگەرانییەکانی وزەیە. ئێستا لە عێراق وزەیەکی زۆر هەیە، بەڵام بڕیارێکی سیاسی لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ دەستوەردان لە بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان هەیە؛ هەندێک لەو کۆمپانیانەی لەو بوارەدا کاردەکەن ئەمریکین؛ ئەمریکا دەتوانێت چ بکات؟ دەزانم کە ئەم دواییانە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە لەوێ بوو و قسەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کرد. ئەو هەنگاوانە چین کە ئەمریکا دەیاننێت؟ ئایا ئەمریکا رژدە لەسەر گێڕانی رۆڵێک لەو پرسەدا؟
ساموێل وێربێرگ: ویلایەتە یەکگرتووەکان وای دەبینێت کە هەموو لایەنەکانی نێو عێراق پێویستە لەسەر سەرچاوەکانی وزە و چۆنێتیی سوود بینینی گەلی عێراق لە داهاتەکەی، لە کەشێکی گونجاو و بە یاسای گونجاو رێکبکەون. ئەمە گرنگترین شتە. پێویستە هەموو عێراقییەکان سوود لە وزە ببینن، چ لەڕووی بەکاربردنی وزە لەنێو وڵات، یان لە فرۆشتنی، پێویستە هەموو عێراقییەکان قازانجی لێ ببینن. بۆیە ئەمریکا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەموو لایەنەکان. ئەگەر هەر داواکارییەک لەلایەن لایەنە عێراقییەکانەوە لێمان بکرێت، بۆ نموونە بۆ پێشکێشکردنی یارمەتیی تەکنیکی، ئێمە ئەزموونی دوور و درێژمان لەم بابەتانەدا هەیە و توانامان هەیە. ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە. لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا لە پەیوەندیداین.
رووداو: کێشەکە یارمەتیی تەکنیکی نییە کە عێراق پێویستیی پێیەتی، بەڵکو بە دیاریکراوی بڕیارێکی سیاسییە کە لەلایەن عێراقەوە لە ژێر گوشاری لایەنە شيعییەکاندا دراوە بۆ ئەوەی دادگەی باڵا کاری کۆمپانیا ئەمریکییەکان کۆتایی پێبێنێت، چونکە لەم دواییەدا چەند نامەیەکمان لە کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانەوە بینین کە گوتیان کۆمپانیا ئەمریکییەکان کراونەتە ئامانج. بەڵام وەڵامی ئەمریکا بە شێوەیەکی دیکە بووە. مەبەستم ئەوەیە کە ئەوە یارمەتیی تەکنیکی نییە کە هەرێمی کوردستان یان کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لەوێ کار دەکەن پێویستیان پێیەتی، بەڵکو پێویستیان بە گوشاری ئەمریکایە بۆ سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی پێی بڵێت کە ناکرێت لەم کاتەدا هەردوولاتان ئەم کارە بکەن، چونکە عێراقییەکان خۆیان زۆر کێشەیان هەیە و ناکرێت قەیرانێکی ئابووریش دروست بکەن؟
ساموێل وێربێرگ: لە کۆتاییدا، پێویستە چارەسەرەکە لەلایەن لایەنە عێراقییەکان خۆیانەوە بێت، ناکرێت نە ئەمریکا و نە هیچ لایەنێکی دیکەی بیانی خواستەکانی خۆی یان هەر چارەسەرێک بەسەر لایەنە عێراقییەکاندا بسەپێنێت. بۆیە ئەمریکا ئامادەیە یارمەتی پێشکێش بکات یان رۆڵێکی گونجاو بگێڕێت، بەڵام لە کۆتاییدا، چارەسەرەکە هەڵقوڵاوی نێوخۆی عێراق بێت. لە ساڵانی رابردوودا بینیمان کە لایەنەکان توانایان هەیە رێکبکەون و گفتوگۆ لەسەر هەندێ بابەت و پرس بکەن. واتە ئێمە بڕوامان بە توانای عێراق هەیە بۆ گەییشتن بە چارەسەر بۆ ئەم ململانێ و ناکۆکییانەی کە لەسەر وزە هەن.
رووداو: یەک پرسیار، پرسیاری کۆتاییمە، بەڵام لە دوو بەش پێکدێت: سەبارەت شەڕی دژی داعش؛ هەرێمی کوردستانی عێراق رۆڵێکی گرنگی بینی لە شەڕی دژی داعش دا، بەڵام ئێستا هەستێکی وا هەیە کە سەرنجی ئەمریکا لەسەر شەڕی دژی داعش خەریکە لاواز دەبێت، ئێستا ئەمریکا لە کوێی وێنەکەدایە لە شەڕی دژی داعش و تیرۆر؟ ئایا ئێوە هێشتاش رژدن لەسەر ئەوە؟ چونکە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکاش گۆڕانکارییان بەخۆیانەوە بینیوە، دەتوانی چی لەو بارەیەوە بڵێیت؟
ساموێل وێربێرگ: سەبارەت بە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوە و بەزاندنی داعش، ئێمە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەردەوامین لە کارکردن. پێش ئەم هەفتەیە و بەر لەوەی بێینە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەیەک کۆبوونەوەمان هەبوو. ماوەی چەندین مانگ بوو لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە ناوخۆ و دەرەوەی ناوچەکە لە گفتوگۆدا بووین لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی داعش. وێڕای هەموو ئەو بەرەوپێشچوونانەی لە ساڵانی دواییدا لە دژی داعش بەدەستمان هێناون، پێویستە لەگەڵ هەموو هاوبەش و هاوپەیمانمان بەردەوامبین لەم هەڵمەتەی دژی داعش، لەوانەش لەگەڵ پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەموو هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە. چونکە ئەمریکا بڕوای وایە، وێڕای ئەم هەموو بەرەوپێشچوونانە، ئەم گرووپە تیرۆریستییەی داعش هێشتاش بۆ هەموومان ئاڵنگارییە.
رووداو: دەزانم گوتم ئەوە دوایین پرسیارم دەبێت، بەڵام ببوورە یەک پرسیاری دیکەم هەیە: سەرۆکوەزیران کازمی لێرەیە؛ هەندێ گفتوگۆ هەن. وەکو گوێم لێبوو شاندی عێراق هیوادارە کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرۆک بایدن و سەرۆکوەزیران کازمی بکرێت، هیچ شتێکتان لەسەر ئەوە هەیە؟ هیچ ئەگەرێک هەیە بۆ ئەو کۆبوونەوەیە؟
ساموێل وێربێرگ: ئەو وردەکارییانەی کە لای من هەن... هیچ وردەکارییەک یان یان پێشبینییەکم لا نییە کە کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرۆک بایدن و سەرۆکوەزیران کازمی دا بکرێت، بەڵام دوو هەفتە لەمەوبەر سەرۆک بایدن قسەی لەگەڵ کازمیدا کرد، دوای ئەو هەموو تووندوتیژییەی کە لە شەقامەکانی بەغدا بینیمان. ئێمە لەو پەیوەندییە بەردەوام دەبین. سەرۆک بایدن کاتەکەی لێرە لە نیویۆرک سنووردارە، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئێمە پەیوەندیی رۆژانەمان هەیە، چ لە رێگەی باڵیۆزخانەکەمانەوە لە بەغدا یان لە رێگەی باڵیۆزخانەی عێراق لێرە لە واشنتن. واتە ئێمە لە هەموو ئاستەکاندا پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان هەردوو حکومەتدا هەیە.
رووداو: زۆر سوپاس.
ساموێل وێربێرگ: سوپاس بۆ ئێوەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ