نووسین: گۆڤەند مستەفا
ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دەڵێت، گرفتی سەرەکیی ئەوان لەگەڵ یەکێتی پۆستی سەرۆککۆمار نییە، بەڵکو ئەو دیدگە جیاوازە بووە کە بۆ هاوپەیمانیێتی لەگەڵ بەغدا هەیانبووە؛ عەلی حوسێن پێیوایە بابەتی سەرۆککۆمار تێپەڕیوە و درەنگە بۆ رێککەوتن.
لەبارەی ئەگەری کشانەوەی گۆڕانیش لە حکومەت، ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی پێیوایە دەتوانن بە گفتوگۆ کێشەکانیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان چارەسەر بکەن و دەشڵێت: "دەرفەتی ئەوەش نەماوە گۆڕان لە حکومەت بکشێتەوە".
عەلی حوسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵی ئەنجامیداوە، چەند پرسێکی سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار و ئەگەری رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش، هەروەها هەڵوێستی پارتی لەبارەی ئەگەری کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەت و کۆمەڵێک مژاری دیکە لێدەکات.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەلی حوسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان:
رووداو: ساڵانە بەبۆنەی جەژنە نەتەوەیی و ئایینییەکانەوە لایەنەکان پەیامیان هەیە و زۆرجاریش ئەو بۆنانە بوونەتە مایەی خێر بۆ لایەنەکان. بۆ ئەم نەورۆزە هیچ گۆڕانکارییەکی تازە و بەرەوپێشچوونی نوێ لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە، بە تایبەییش لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان هەیە؟
عەلی حوسێن: بە تەئکید ئێمە لە بۆنەکاندا لایەنە سیاسییەکان و سەرکردە سیاسییەکان، بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک بارزانی پەیامیان بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و لایەنەکان هەیە، ناوەرۆکی پەیامەکانیش، بە دڵنیاییەوە پەیامە بۆ خەڵک و لایەنەکان بۆ لێکنزیکبوون و هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتن. بەڵام جگە لەمەش ئێمە حیزبی سیاسین، بەرژەوەندیی سیاسی و هەرێمی کوردستان و میللەتەکەمان پێکەوەمان دەبەستێتەوە. ئێمە لە کوردستان هاوپەیمانین و حکومەتمان پێکهێناوە، بە دڵنیاییەوە خاڵی هاوبەشی زۆریشمان هەیە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەش. بۆیە بە دڵنیاییەوە دەبێت هەوڵ بدەین پێکەوە بین، ئەگەر لەسەر هەندێک بابەتیش ناکۆکیمان هەبێت کە ئێمە حیزبی جیاین، بەڵام بە دڵنیاییەوە خاڵی هاوبەشمان زۆرە. لەکاتی هەڵبژاردنەکان، بە دڵنیاییەوە دیدگای بۆچوونی جیامان دەبێت. لە دوایین هەڵبژاردنی عێراقیش بە هەمان شێوە بووە، ئەمە تەنیا پەیوەستیش نییە بە ئێمە، لە ئاستی هەموو عێراق ئەو بۆچوونە جیا جیایانە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە، چ لەنێو خودی حیزب و لایەنە شیعەکان، چ لەنێو سوننەکان و چ لەنێو کوردیش. بەڵام بە دڵنیاییەوە دەبێت هەوڵبدەین بە هەر شێوەیەک بێت لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق بە گشتی و لە بەرژەوەندیی ئێمەی هەرێمی کوردستان و نێوان ئێمە و بەغداش بێت، هەوڵ بدەین لە یەک نزیک ببینەوە.
رووداو: لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و بە تایبەتی یەکێتی، وەک ئاماژەتان پێدا خاڵی هاوبەشتان زۆرە، بەڵام خاڵی ناکۆکیشتان هەیە. دوایین خاڵی ناکۆکیش کە جۆرێک لە ساردیی لەنێوان پارتی و یەکێتی دروستکردووە، پرسی پۆستی سەرۆککۆمارە و چەند رۆژێکی دیکەش هەڵبژاردن بۆ ئەو پۆستە دەکرێت. هیچ بەرەوپێشچوونێکی تازە و گفتوگۆی نوێ لەنێوان پارتی و یەکێتی لەو بارەوە هەیە؟
عەلی حوسێن: پێم وانییە پۆستی سەرۆککۆمار گرفتی سەرەکیی ئێمە و یەکێتی بووبێت، بە پێچەوانەوە گرفتی دیکە هەبووە. ئێمە دیدگەی جیامان هەیە بۆ رێککەوتن یان هاوپەیمانیێتی لەگەڵ بەغدا، راستە ئێمە نابێت ببینە بەشێک لەنێو ماڵی شیعە و نێو ماڵی سوننە، بەڵام نابێت ببینە پاشکۆش؛ نابێت لایەنە شیعەکان بۆخۆیان رێکبکەون لایەنە سوننەکان رێکبکەون و هەردووکیشان پێکەوە رێکبکەون و زۆرینە پێکبهێنن و بەرنامەی حکومەتی ئاییندە دابڕێژن و ئێمەش بچین بەشداربین لەگەڵیان و هیچ بەرنامەیەکمان نەبی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانمان. ئێمە پێمان وایە پێش هەڵبژاردن دەبێت لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو لایەنانە هەبێت، ئەوانەی کە لێک نزیکین، ئەوانەی ئامادەیی چارەسەری گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییان هەیە. ئێمە بەو ئاڕاستەیە رۆیشتووین، هەوڵمان داوە ئەو تێگەیشتنە پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنەکانیش هەبێت.
گرفتی سەرەکیی ئێمە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوە بووە کە یەکێتیی نیشتمانی ئامادە نەبووە بێتە نێو ئەو رێککەوتنانە؛ لە هەمان کاتدا ئێمە لە دوای هەڵبژاردنی عێراق سەردانی هەموو لایەنەکانمان کرد؛ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئامادەی دانیشتنەکانیش نەبوون بۆ ئەوەی راوێژ بکەین بۆ ئەوەی چی بکەین و بەرنامەکە چۆن دابنێین. ئێستا دوای ئەو بابەتانە دێن بەشێوەیەک قسە دەکەن وەکو ئەوەی بڵێی هەر یەکەمان لە شوێنێکین و یەکترمان نەبینیوە.. بۆیە بابەتی سەرۆککۆمار زۆر بە راشکاوی گوتوومانە لە دوای 2005وە بووە بە نەریتێکی سیاسی لە عێراق کە سەرۆککۆمار بۆ کورد بووە، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ عەرەبی سوننە. لە نێوان شیعەکان سەرۆکوەزیران بۆ یەک حیزب قۆرخ نەکراوە بە تەنیا، بەڵکو لەنێو چەند حیزبێک گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، سوننەش بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بە هەمان شێوە.
پێمان وایە سەردەمی مام جەلال بە رەحمەت بێت، سەردەمێکی تایبەت بوو؛ پێگەی مام جەلال و بوونی مام جەلال لە بەغدا و پەیوەندییەکانی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و جەنابی سەرۆک مام جەلال بە رەحمەت بێت، پەیوەندییەکی تایبەت بوو. مام جەلال نوێنەرایەتیی کوردی دەکرد، بە تەنیا نوێنەرایەتیی یەکێتی نەدەکرد.
پێمان وایە سەرۆککۆمار پارێزەری دەستوورە، سەرۆککۆمار دەیتوانی لە ماوەی رابردوودا ئەو پێشێلکارییانەی دەستوور کە کراون، ئەوانەی کە پەیوەستن بە هەموو گەلانی عێراقەوە، ئەوانەی کە پەیوەستن بە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، سەرۆککۆمار دەیتوانی سنوورێک بۆ ئەو پێشلکارییانە دابنێت. ئێمە پێمان وایە سەرۆککۆمار نەیتوانیوە ئەو رۆڵە ببینێت. بۆیە یەکەم؛ داوامان لە برایانی یەکێتیی نیشتمانی ئەوەبوو لەگەڵ ئێمە هاوئاهەنگ بن بۆ ئەوەی رێککەوتنی پێشوەختمان لەگەڵ ئەو لایەنانە هەبێت کە لە ماف و داخوازییەکانی ئێمە نزیکن و ئامادەییان تێدایە، لە هەمان کاتیشدا پێمان وابوو سەرۆککۆمار بە رێککەوتن بێت کە نوێنەری کوردە چ لە پارتی بێت یان یەکێتی دەبێت رای لایەنەکانی لەسەربێت بەتایبەتی پارتی، چونکە پارتی حیزبی یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق لە کوردەکان بە تایبەتی، دەبێت حیساب بۆ رای پارتی و بۆچوونەکانی بکرێت، چونکە ئەو نوێنەرایەتیی کورد دەکات و نوێنەرایەتیی حیزبێکی دیاریکراو ناکات. راستیەکەی ئەو ئامادەکارییە نەبوو.
رووداو: لەدوای مام جەلال ئەوانەی بوونەتە سەرۆککۆمار، هەم بەڕێز دکتۆر فوئاد مەعسوم، هەم بەڕێز دکتۆر بەرهەم نوێنەرایەتیی کوردیان نەکردووە؟ نوێنەرایەتیی حیزبەکەی خۆیان کردووە؟
عەلی حوسێن: ئێمە ناڵێین نوێنەرایەتیی کوردیان نەکردووە؛ ناشڵێین نوێنەرایەتیی حیزبەکەی خۆشیان کردووە. بەڵام بە دڵنیاییەوە پێگەی رەحمەتی مام جەلال و کاریگەرییەکانی زۆر زیاتر بوو لەوان، ئەگەر گرفتێکیش هەبووایە تێگەیشتن لەگەڵ مام جەلال ئاسانتر و باشتر بوو، کاریگەریشی لەسەر ئاستی عێراق زیاتر بوو. ئەو سەردەمەی مام جەلال جیا بوو، ئەو گرفتانەی کە هەشبوون رەنگە نەگەیشتبوونایەتە بنبەست وەکو ئێستا و ساڵانەی دوای ئەو.
رووداو: هەندێک زانیاری باس لە پێشنیازی نوێ دەکەن بۆ پارتی و یەکێتی، لە دەرەوەی ئەو دوو بەربژێرە فەرمی و سەرەکییەی کە ئێستا و پارتی و یەکێتی هەیانە، بەڕێز بەرهەم ساڵح و بەڕێز رێبەر ئەحمەد لەسەر بەربژێرێکی دیکە. پارتی ئامادەیە لەسەر ئەمە گفتوگۆ بکات لەگەڵ یەکێتی؟
عەلی حوسێن: پێموایە ئەمە تێپەڕبووە؛ بابەتی سەرۆککۆمار کە رێککەوتن بکرێت، پێم وایە درەنگە. رەنگە ئەوە باسی لێوە دەکەن ئەگەر زووتر بووایە، پێموایە پارتیش ئەو ئامادەییەی تێدا دەبوو، بەڵام کۆمەڵێک بابەت هاتنە پێش پێمانوایە بە نادروست مامەڵەیان لەگەڵ کرا؛ بەشێوەیەک مامەڵەکرا ئەوەی لە رابردوو لە بەرامبەر کاک هۆشیار زێباری لە دادگەی فیدراڵی کرا، پێمان وابوو بابەتێکی سیاسی بوو، لایەنە کوردییەکانی خۆشمان بە تایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش رۆڵێکی ئەرێنی نەبوو، بەڵکو رۆڵێکی نەرێنی هەبوو.
رووداو: رۆڵی دکتۆر بەرهەم لەو بابەتە چی بوو؟
عەلی حوسێن: پێمان وایە سەرۆککۆمار دەیتوانی بە تایبەتی لە بابەتی نەوت و گاز رۆڵێکی ئەرێنی ببینێت، دەیتوانی نەگاتە ئەو ئاستەی کە بووە، چونکە ئەمانە هەمووی گوشاری سیاسین، سەرۆککۆمار دەیتوانی وەکو کوردێک مامەڵە بکات، وەکو سەرۆکێکی عێراق مامەڵە بکات بە رەچاوکردنی هەموو لایەنەکان. پێمان وایە کاریگەریی سیاسی و حیزبیی زۆر لەسەر هەبوو. ئەمانە بۆ پێکەوە کارکردن و بۆ هاوئاهەنگی بە دڵنیاییەوە رەنگە کاریگەریی نەرێنی هەبووبێت و کاریگەریی نەرێنی دەبێت.
رووداو: بەو پێیەی بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییە کوردستانی و عێراقییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیت و یەکێک بووی لە ئەندامانی شاندی پارتی بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان گلەیی لە پارتی هەیە و دەڵێت ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت واژۆیان کردووە، جێبەجێنەکراوە. بۆیە ئێستا گوشارێک لەنێو بزووتنەوەکە هەیە بۆ کشانەوە لە حکومەت. چۆن لە گلەییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڕوانن؟
عەلی حوسێن: ئێمە بزووتنەوەی گۆڕان بە بزووتنەوەیەکی هاوپەیمانیی خۆمان دەزانین لە حکومەت؛ ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەمانە، بەراورد بەو پابەندییەی کە لەسەر گۆڕان هەیە، رێککەوتنەکان زۆر زیاتر جێبەجێکراون.
رووداو: گۆڕان دەبوو چی بکات نەیکردووە؟
عەلی حوسێن: بە دڵنیاییەوە ئەو حیزبەی کە هاوپەیمانە لە حکومەت، دەبێت پشتگیری بەرنامە و ستراتیژییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات، بە تایبەتی لەنێو پەرلەمان، چ لە پەرلەمانی عێراق و چ لە پەرلەمانی کوردستان. لە بەغدا بەشێک لە ئەندامەکانیان چی نەماوە نەیکەن بۆ دژایەتیی هەرێمی کوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پارتی بە رێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و نوێنەرەکانی لە حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردووە، لە ئاییندەش دەبێت هەوڵ بدەین ئەو تێبینیانەی هەردوولا هەمانە بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین و هەوڵ بدەین هاوئاهەنگییەکانمان زیاتر بکەین.
رووداو: ئەگەر گۆڕان بڕیاریدا لە حکومەت بکشێتەوە، هەڵوێستی پارتی چی دەبێت؟
عەلی حوسێن: رێککەوتنمان هەیە؛ بەپێی ئەو رێککەوتنەی هەمانە دەبێت بەردەوامبین تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو. پێشمان وایە هەڵبژاردنی داهاتوو ئەوەندەی نەماوە کە ئەو دەرفەتە ببێت و بیر لە کشانەوە لە حکومەت بکەنەوە. چونکە ئەوەندە نەماوە بیر لە کشانەوە بکرێتەوە، ئەگەر بیریش لە کشانەوە بکەنەوە بۆ پێش هەڵبژاردن بە چەند مانگێک، رەنگە خۆی لە خۆیدا پەیامێک بێت بۆ خەڵک و خەڵک لە پەیامەکە تێدەگات کە زیاتر پەیوەستە بە هەڵبژاردنەکان.
رووداو: هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت؟
عەلی حوسێن: ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، چونکە دەبینین عێراق بەو دۆخە خراپەی خۆی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد. ئێمە ئەگەر لەکاتی خۆیدا نەیکەین دەکەوینە ژێر پرسیار لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەکانمان. بە دڵنیاییەوە بۆ دۆستەکانمان و ئەزموونی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئیجابی نابێت.
رووداو: بەو هەموو ناکۆکییەی کە ئێستا لەنێوان لایەنەکان هەیە لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن و پێکهاتەکان و کۆمەڵێک ناکۆکیی دیکە؛ پێتانوایە لە ماوەی کەمی داهاتوودا لە پەرلەمان یاساکە هەموار بکرێتەوە و رێوشوێنەکانی هەڵبژاردن وەکو خۆی بەڕێوەبچن و هەڵبژاردن لە مانگی 10 بکرێت؟
عەلی حوسێن: پێمان وایە ئەگەر کۆمیسیۆن بە ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێت هی 2018، دەبێت پێداچوونەوەی پێدا بکرێتەوە، بە دڵنیاییەوە رەنگە هەندێک لەو لایەنانەی کە لەناو کۆمیسیۆنن لە کۆمیسیۆن نەمێنن و ئەو مافەیان نەبێت. بەڵام ئێمە پێمانوابوو بۆ ئەو هەڵبژاردنەش کێشە نییە با هەموو لایەنەکانی تێدابێت و وەکو خۆی بمێنێتەوە، ئەو دەرفەتەش کەمە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە یاساکە بکرێت، ئەمەش رەنگە قابیلی گفتوگۆ بێت، بەڵام رەنگە بۆ خولێکی داهاتوو ئاساییە، کە دەرفەتی باشترمان لەبەردەست دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر گفتوگۆی لەسەر بکەین.
رووداو: پارتی رازی دەبێت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن بۆ فرە بازنەیی؟
عەلی حوسێن: پێمانوایە ئێستا رەنگە ئەو دەرفەتە نەبێت، چونکە فرەبازنەیی لە بەرژەوەندیی هەندێک حیزبی بچووکیش نییە، ئەوانیش رازی نین نەک هەر پارتی. نەک هەر لە کوردستان لەسەر ئاستی عێراقیش یەک بازنەیی بووایە هەموو دەنگی ئەو لایەنانە کۆدەبووەوە لە بەرژەوەندیی لایەنەکاندا، بەڵام دەکرێت بۆ خوولی داهاتوو گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەت بکەین، مانای ئەوە نییە کێ رازی دەبێت و کێ رازی نابێت. چ شتێک لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی دیموکراسی و سیاسی بێت، بە دڵنیاییەوە لای پارتی قابیلی گفتوگۆ لەسەر کردنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ