رووداو - هەولێر
نەوار نەجمە، گوتەبێژی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا بە رووداوی راگەیاند، وێڕای ئەوەی هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆی ئەندامانی پەرلەمان لە پارێزگاکانی حەسەکە، رەققە و سوەیدا دواخراوە، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا هێشتا دەتوانێت بە بڕیاری خۆی چەند ئەندامێک لەو سێ پارێزگەیە دەستنیشان بکات.
هەڵبژاردنی "ئەنجوومەنی گەل"ی سووریا مانگی ئەیلوول بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچێت، واتە ژمارەیەک دەستە کە لە لایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە پێکهێنراون، لە بری خەڵک ئەندامەکان هەڵدەبژێرن. بەڵام لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکە رۆژی شەممە بە رووداوی گوت، لە هەرسێ پارێزگەی حەسەکە، رەققە و سوەیدا، بەهۆی "ئاڵنگاریی ئەمنییەوە" هەڵبژاردنەکە دوادەخرێت بۆ کاتێکی دیکە.
یەک لەسەر سێی کورسییەکانی پەرلەمانەکە و هەڵبژاردنی بۆ ناکرێت و لە لایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەرەوە، دەستنیشان دەکرێن بۆ ئەوەی لە پەرلەماندا نوێنەرایەتیی پارێزگەکانیان بکەن.
نەوار نەجم ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، وێڕای ئەوەی هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ لەو سێ پارێزگەیە دواخراوە، هێشتا دەکرێت سەرۆککۆمار لە پشکی خۆی، واتە لە چوارچێوەی ئەو یەک لەسەر سێیەی کە بۆی دانراوە، ئەو کەسانە هەڵبژێرێت کە نوێنەرایەتیی سێ پارێزگەکە دەکەن.
گوتەبێژی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سووریا رۆژی شەممە ئەم قسانەی لە بووڵتەنی کاژێر 7:00ی ئێوارەی رووداودا کردن، کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد.
پێش ئەوە، نەوار نەجمە بە رووداوی راگەیاندبوو، هەڵبژاردن لەو سێ پارێزگایەدا تاوەکو رەخساندنی "هەلومەرجی گونجاو" ، دواخراوە.
بە گوتەی نەوار نەجمە، یەکێک لە مەرجەکانی ئەندامبوون لە لیژنە لاوەکییەکانی هەڵبژاردن، کە ئەرکیان رێکخستن و ئیدارەدانی کاروباری هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی خۆجێیی هەر پارێزگەیەک، ئەوەیە کە دەبێت ئەندامەکە پێش 1ی ئایاری 2011 وەڵاتینامەی سووری هەبووبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لە دیاریکردنی ئەو رۆژە بە دیاریکراوی، ئەوە بووە تاوەکو کوردیش بتوانن ببنە ئەندامی لیژنەکان، چونکە تاوەکو مانگی نیسانی 2011، حکومەتی بەشار ئەسەد کوردی لە وەڵاتینامە بێبەش کردبوو. حکومەتەکە نیسانی ئەو ساڵە، نووسراوێکی دەرکرد بۆ ئەوەی وەڵاتینامەی سووری بە کورد بدرێت.
نەوار نەجمە گوتی: "هەرکەسێک ئەو نووسراوە بیگرێتەوە، تەنانەت ئەگەر دواتریش رەگەزنامەی وەرگرتبێت، وەک ئەوە هەژمار دەکرێت کە پێش ئایاری 2011 رەگەزنامەی وەرگرتووە."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: هیچ ماوەیەکی دیاریکراو یان وادەیەکی دیاریکراو بۆ ئەم دواخستنە هەیە؟
نەوار نەجمە: هەر لە دەرچوونی ئەو نووسراوەوە کە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلی پێکهێنا، رووبەڕووی ئاڵنگاریی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لەم سێ پارێزگایە بووینەوە. راستیەکەی چاوەڕێی ئەوە بووین بارودۆخێکی سیاسی و ئەمنیی گونجاو بێتە ئاراوە بۆ کردنی ئەم هەڵبژاردنانە، بەڵام تائێستا ئەو بارودۆخە نەڕەخساوە. بۆیە هەڵبژاردنمان لەم سێ پارێزگایە دواخست. پێموایە ئەم هەڵبژاردنانە بە دواخراوی دەمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی گونجاو دێتە ئاراوە بۆ کردنی هەڵبژاردنێک لەم ئاستەدا، کە پێویستی بە ئاستێکی بەرزی دەستپاکی و شەفافیەت هەیە. هەروەها پێویستە دەوڵەت خاوەنی دۆخێکی سەروەریی راستەقینە بێت لەنێو ئەم ناوچانەدا، چ لە رەققە، حەسەکە یان سوەیدا.
رووداو: پشکی ئەم پارێزگایانە لە کورسییەکانی ئەنجوومەن چەندە؟
نەوار نەجمە: پارێزگای حەسەکە 10 کورسی، پارێزگای رەققە 6 کورسی و پارێزگای سوەیدا 3 کورسی هەیە. بێگومان، ئێمە لێرەدا باس لە ژمارەی کورسییەکان لە چوارچێوەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل دەکەین، واتە 140 کورسی (لە کۆی گشتی 210 کورسی). 70 کورسی دیکەش دەمێنێتەوە کە لەلایەن بەڕێز سەرۆککۆمارەوە دەستنیشان دەکرێن. ئەم پارێزگایانە لەنێو ئەو یەک لەسەر سێیەشدا کە پەیوەندی بە بەڕێز سەرۆککۆمارەوە هەیە، کورسییان هەیە. لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە ئەو یەک لەسەر سێیەی بەڕێز سەرۆککۆمار دەستنیشانی دەکات، هەڵبژاردنی بۆ ناکرێت، بۆیە ئەگەری هەیە یەک لەسەر سێی کورسییەکانی ئەم پارێزگایانە پڕبکرێنەوە. بەڵام سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، لەم کاتەدا دوادەخرێت.
رووداو: ئایا ترسی ئەوە نییە کە ئامادەنەبوونی سێ پارێزگای سەرەکی ببێتە هۆی لاوازکردنی شەرعیەتی ئەو یاسا و بڕیارانەی دەریدەکات، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە دەستوورەوە هەیە؟
نەوار نەجمە: لە پەرلەمانەکاندا، یاسا یان بڕیارێک کاتێک شەرعیەت وەردەگرێت کە زیاتر لە 50%ی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستبهێنێت. ئەو کورسییانەی هەڵبژاردنیان دواخراوە تەنیا نزیکەی 10%ی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل پێکدەهێنن، بۆیە پێموانییە کاریگەری لەسەر شەرعییەتی یاساکان هەبێت. بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە ئەم دواخستنە هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەم پارێزگایانە لە مافی بەشداریی سیاسی بێبەش دەکات. لێرەدا، لە راستیدا، ئێمە بەرپرسیارێتییەکە دەخەینە ئەستۆی ئەو گرووپە سەربازی و چەکدارانەی کە کۆنترۆڵی ئەم ناوچانەیان کردووە، کە بەهۆی سەرەڕۆییان لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ حکومەتی سووریا واژۆیان کردووە، هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەم ناوچانە لە مافی بەشداریی سیاسی بێبەش دەکەن. بەتایبەتی کە ئەم گرووپانە هەمیشە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە خوازیاری بەشداریی سیاسین و رەخنەیان لە حکومەتی سووریا دەگرت سەبارەت بە پرسی بەشداریی سیاسی. ئێستا، کاتێک ئەم هەلە هاتە پێشەوە، بارودۆخی ئەمنی و سیاسی لەم ناوچانەدا یارمەتیدەر نەبوو بۆ ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنانە کە دەبێتە هۆی بەشداریی سیاسی.
رووداو: ئایا لیژنەی باڵا دەستی بە پێکهێنانی لیژنە لاوەکییەکان کردووە لەو پارێزگایانەی هەڵبژاردنیان تێدا دەکرێت؟
نەوار نەجمە: میکانیزمی هەڵبژاردن و کار و خشتەی کاتی بەپێی ئەو میکانیزمەی رێککەوتنی لەسەر کراوە بەردەوامە. نزیکەی دوو رۆژ پێش ئێستا سیستمی کاتی هەڵبژاردن دەرچوو، ئێمەش راستەوخۆ دەستمان بە راوێژ کرد بۆ پێکهێنانی لیژنە لاوەکییەکان کە لە چەند رۆژی داهاتوودا پێکدەهێنرێن. هەر کە لە پێکهێنانی لیژنە لاوەکییەکان تەواو بووین، ئەو لیژنانە دەستبەجێ لەسەر ئاستی ناوچەکان لەنێو خاکی سووریادا دەست بەکار دەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەو دەستەیانەی کە ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێرن و رەنگە پرۆسەکە نزیکەی 10 بۆ 15 رۆژی پێویست بێت بۆ پێکهێنانی دەستە هەڵبژێرەرەکان. دوای ئەوە، قۆناخی دەستنیشانکردن کۆتایی دێت و قۆناخی دەنگدان دەستپێدەکات، کە رەنگە هەفتەیەک بۆ 10 رۆژی دیکەی پێویست بێت. میکانیزمەکە بەردەوامە و خشتەی کاتی بەپێی ئەم رێککەوتانە رێکخراوە و تائێستا هیچ ئاڵنگارییەکی راستەقینە لەبەردەم پارێزگەکانی دیکەدا نییە.
رووداو: کەی ئەنجامە کۆتاییەکان رادەگەیێندرێن و ئەنجوومەنی گەل بەشێوەی سەرەتایی پێکدەهێنرێت؟
نەوار نەجمە: پێمانوایە ئەگەر کارەکان بەپێی ئەو بەرنامە کاتییەی دانراوە بڕۆن، ئەوا پێویستمان بە نزیکەی 30 بۆ 40 رۆژ دەبێت بۆ تەواوکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان لەسەر دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل. بە دڵنیاییەوە، بەڕێز سەرۆککۆمار دوای ئەوە راستەوخۆ یەک لەسەر سێی کۆتایی دەستنیشان دەکات. پێموایە پێش کۆتایی مانگی ئەیلوول، پەرلەمانێکی نوێمان لە سووریا دەبێت.
رووداو: مەرجەکانی ئەندامێتی لە لیژنە و دەستەکانی هەڵبژێرەردا (ماددەی 21) پێوەری سیاسی لەخۆدەگرێت وەک "نابێت لە پشتیوانانی رژێمی پێشوو بێت" یان "جوداخواز بێت". کام لایەن ئەم پێوەرانە هەڵدەسەنگێنێت و یەکلاییان دەکاتەوە؟
نەوار نەجمە: کۆمەڵێک پێوەر و مەرج هەن کە پێویستە لە هاووڵاتیدا هەبن بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە ئەندامی دەستەی هەڵبژاردن. ئەم مەرجانە لە سیستمی کاتیی هەڵبژاردندا ئاماژەیان پێکراوە و، پەیوەندییان بە تەمەن، شیاویی یاسایی و هەبوونی بڕوانامەی زانکۆییەوە هەیە، لەپاڵ پێویستیی وەرگرتنی وەڵاتینامەی سووری پێش مانگی ئایاری ساڵی 2011. هەروەها مەرجە کە پشتیوانی رژێمی پێشوو نەبێت و لە ماوەی شۆڕشدا ئەندامی ئەنجوومەنی گەل نەبووبێت یان خۆی بۆ ئەنجوومەنی گەل بەربژێر نەکردبێت. ئەمانە کۆمەڵێک مەرج و یاسان کە لە سیستمی کاتیی هەڵبژاردندا دیاریکراون و پێویستە لە ئەندامانی دەستەی هەڵبژێرەردا هەبن بۆ ئەوەی ئەندامێتییان لەنێو ئەم دەستانەدا شەرعی بێت.
رووداو: مەرجە بۆ ئەندامی لیژنەی لاوەکی کە پێش 1ی ئایاری 2011 وەڵاتینامەی سووری هەبووبێت، بەو هاووڵاتیانەشەوە کە نووسراوی 49ی ساڵی 2011 دەیانگرێتەوە. ئایا دەکرێت ئەم خاڵە روونتر بکەیتەوە؟
نەوار نەجمە: بەڵێ، ئێمە ئەگەر سەرنجتان دابێت، مانگی ئاداری 2011مان هەڵنەبژارد، بەڵکو مانگی ئایاری 2011مان هەڵبژارد، چونکە لە مانگی نیسانی هەمان ساڵدا نووسراوێک دەرچوو کە وەڵاتینامەی بەو برا کوردانە بەخشی کە لە وەڵاتینامەی سووری بێبەشکرابوون. مەبەست لە دیاریکردنی ئەو رێککەوتە، بێبەشنەکردنی ئەو کەسانەیە لە مافی خۆیان بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی دەستەی هەڵبژێرەر. بێگومان، هەرکەسێک ئەو نووسراوە بیگرێتەوە، تەنانەت ئەگەر دواتریش وەڵاتینامەی وەرگرتبێت، وەک ئەوە هەژمار دەکرێت کە پێش ئایاری 2011 وەڵاتینامەی وەرگرتووە. بەڵام دوای 2011، ئێمە ئەم یاسایەمان داناوە بۆ تێپەڕاندنی کێشەی بوونی ئەو کەسە بیانیانەی کە رژێم لە ماوەی شۆڕشدا رەگەزنامەی پێداون، بۆیە ئەوانە مافی ئەوەیان نییە ببنە ئەندامی دەستە هەڵبژێرەرەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ