ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: لە رێگەی خەباتی سیاسییەوە، پۆستی سەرۆککۆمار مسۆگەر دەکەین

24-01-2022
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی. وێنە: رووداو
ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی. وێنە: رووداو
A+ A-

نووسین: گۆڤەند مستەفا
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایدەگەیێنێت، راستە ئەوان لەگەڵ پارتی بە شاندی هاوبەش چوونەتە بەغدا، بەڵام ئەمە بێ گفتوگۆکردن مانای یەکڕیزی ناگەیێنێت، ئاماژە بەوە دەدات پارتی ویستوویەتی یەکێتی واژۆ لەسەر بەرنامەیەک بکات کە پارتی خۆی نێوەڕۆکەکەی داڕشتووە، دەشڵێت، "بۆ ئەوان بەرنامەکەمان واژۆ نەکرد، چونکە دەستکەوتەکانی گەلی کوردی تێدانەبوو، پارتی لە پشتەوە پاشقولی لە مافەکانی گەلی کوردستان گرتووە."
 
رۆژی دووشەممە 24-01-2022، ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشی دەکات، وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی نەبوونی یەکڕیزی لە نێوان پارتی و یەکێتی لە بەغدا لە پرسە جیاوازەکان دایەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ستران عەبدوڵڵا:
 
رووداو: وەڵامی ئێوە بۆ راگەیێندراوەکەی پارتی چییە کە وەڵامی راگەیێندراوەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی داوەتەوە؟ 
 
ستران عەبدوڵڵا: گوتاری سیاسیی برادەرانی پارتی لەسەر ئەو بابەتە روونە کە ئەم راگەیێندراوە و هەموو لێدوانەکانیش ئەوە دەسەلمێنن کە لە بنچینەدا رێککەوتننامەی پتەو لە شەو و رۆژێکدا دروست نابێت. رێککەوتننامەی پتەو بە بەڵگەی ئەوەی کە ئەم گفتوگۆیانە لە شوێنێک رۆیشتوون کە پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کردوویەتی و ئەو گفتوگۆیانەی کە بۆ یەکڕیزیی کورد کرابوو، لە شوێنێکی دیکە بوون. وابزانم ئەمە باشترین وەڵام بێت بۆ گوتاری سیاسی کە گوتراوە لە سەرەتاوە حەزمان لە یەکڕیزی کورد بووە، ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە رێککەوتننامەی پتەو لە شەوو رۆژێکدا دروست نابێت. رێککەوتننامەی پتەو دانیشتنی دەوێت، کۆبوونەوەی زۆری ویستووە. بۆیە لە راستیدا رێککەوتننامەی پتەوی پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، بەسەر رێککەوتننامەی پتەوی لایەنی کوردستانی یەکێتی و پارتی سەرکەوت. لەو رووەوە دەتوانم بڵێم پارتی بەسەر رەوتێکی دیکەی گفتوگۆی خۆی سەرکەوت کە گفتوگۆبوو لەگەڵ یەکێتی و لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی بە یەکڕیزی بچینە بەغدا. راستە دەتوانم بڵێم ئەمە سەرکەوتنە بۆ پارتی.
 
رووداو: لە بەیاننامەکەی پارتیدا باسی مرونەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات بۆ رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی، دەڵێن چووینەتە لای یەکێتی، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کاک بافڵ کردووە و یەکیان بینیوە، هەمووی لە پێناوی ئەوە بووە کە شاندێکی هاوبەش و گوتارێکی دروست ببێت، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەی نەویستووە. هەر لە سەرەتاوە فراکسیۆنەکەتان لە پەرلەمانی عێراق و شاندەکەتان لە بەغدا لەگەڵ شاندی کوردی جیابوونەوە، وەڵامتان بۆ ئەمە چییە؟
 
ستران عەبدوڵڵا: من ناچمە چەلەحانێی و وەڵامی گوتەبێژی پارتی بدەمەوە. رەنگە بە فەرمی گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەڵامی هەبێت. خۆ دەبێت مرۆڤ وەڵامی شتێک بداتەوە جۆرێک لە راستی تێدابێت، کۆی راگەیێندراوەکە بەڕاستی هەمووی چەواشەکارییە و هیچ راستییەکی تێدا نییە. بەڵگەش بۆ ئەمە، پێش هەموو شتێک هەڤاڵ بافڵ لەگەڵ کاک مەسعود دانیشتوون کۆبوونەوە کراوە، ئەوانە دەستکەوت نین، تۆ بتەوێت بگەیتە رێککەوتن دەبێت دابنیشیت، خۆ بە ئیمێل گفتوگۆ ناکەی.. دەبێت دانیشتن بکرێت. لەبەر ئەوە با ئەمە نەدەن بە چاوی یەکێتی و بڵێن دانیشتنمان کردووە و کۆبوونەوەمان لەگەڵیان کردووە. یەکێتیش کۆبوونەوەی کرد و ئامادەیی خۆی پێشاندا.
 
یەکێتی پێش هەڵبژاردن، لەکاتی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش تەئکیدی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کورد بە یەکڕیزی بچێتە بەغدا بۆ ئەوەی ئەو مافانەی هی گەلی کوردستانە بەدیبهێندرێن، بەڵام ئەو رێککەوتنانەی کە کراوە هیچ پەیوەندیی بە یەکڕیزی گەلی کوردەوە نییە، پارتی دەتوانێت وەکو سیاسەت بیفرۆشێتەوە بە خەڵک، بیفرۆشێتەوە بە یەکێتی و هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان، بەڵام ناتوانێت تایتڵی یەکڕیزی لێبنێت. ئەوە یەکێتییە دەتوانێت هەڵوێستەکانی خۆی و گفتوگۆکانی خۆی ناوبنێت یەکڕیزی، چونکە لە سەرەتاوە هەوڵیداوە بە یەکڕیزی بچێتە بەغدا.
 
رووداو: پارتیش کۆمەڵێک بەڵگەی خستووەتەڕوو، بۆچی ئەو رەوایەتیە بە خۆتان دەدەن و بە پارتی نادەن؟
 
ستران عەبدوڵڵا: بەڵگە چییە؟ خۆ بە قسە نییە، بە کردار و گفتوگۆیە، ئێمە چووین لەگەڵ پارتی دانیشتین و گوتمان با بەیەک بەرنامە بچینە گفتوگۆ، ئەو بەرنامەیە ئامادە نەکراوە، پارتی بەرنامەیەکی دیکەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ئامادەکردووە، با ناوەرۆکەکەی ئاشکرا بکەن بزانین ئەو رێککەوتنە چ دەستکەوتێکی تێدایە بۆ کورد و مافەکانی گەلی کوردستان، با بێن لە تەلەڤزیۆن ئاشکرای بکەن و خاڵەکانی بخەنەڕوو ئێمە بڕوای پێدەهێنین. بڕیاربوو یەکێتی و پارتی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە یەک بەرنامە بچینە بەغدا، نەک ئەوان بچنە بەغدا و بەرنامەیەک نیشانی یەکێتی بدەن و بڵێن واژۆی بکە، واژۆی ناکەیت هەر ئەمەیە. 
 
رووداو: بەو شێوەیە بوو کە باسی دەکەی، پارتی بەرنامەی خۆی خستەڕوو بۆ ئەوەی ئێوەش واژۆی بکەن؟
 
ستران عەبدوڵڵا: بەڵێ، هیوادارم بڵێن وانەبوو. بەڵێ گفتوگۆکان بەو شێوەیە بووە، بەرنامەکەیان هێناوە واژۆی دەکەن سەرچاو. با نێوەڕۆکی بەرنامەکەش باس بکەن کە چی تێدایە بۆ کورد و کوردستان، ئەو بەرنامەیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای کردووە لەگەڵ پارتی پێکەوە بچینە بەغدا، ئەو بەرنامەیە واژۆ نەکراو هەر دەستی دەستی پێکرا و نەبووە بەشێک لە رێککەوتنی هێزە کوردستانییەکان لە بەغدا. ئەو بەرنامەیە گفتگۆیەکی کوردستانی دەویست لە بەغدا، کە نەکراوە با وردەکارییەکانی بۆ برادەرانی پارتی بەجێبهێڵین.
 
رووداو: پارتیش کۆمەڵێک بەڵگەی هەیە کە خواستی ئەوەیان هەبووە کورد بە یەکەوەبێت لە بەغدا، جیا لە کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و سەرۆک بارزانی، باسی ئەوە دەکات شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بە سەرۆکایەتی عیماد ئەحمەد بووە، باس لەوەش دەکات کە سەردانی هەموو لایەنەکانیان کردووە بۆ ئەوەی بە بەرنامەیەکی هاوبەش بچنە بەغدا، پرسیارەکە ئەوەیە کە عیماد ئەحمەد سەرۆکی شاندە هاوبەشەکە بووە چۆن ئاگای لە رێککەوتنی پارتی و سەدرییەکان نەبووە؟
 
ستران عەبدوڵڵا: ئەو شاندە کە بە سەرۆکایەتیی کاک عیماد بووە، سوپاسیان دەکەین بۆ ئەوەی دەستپێشخەرییان کرد کاک عیماد سەرۆکی شاندەکە بێت. ئەمە دەستکەوت نییە، دەستکەوت ئەوەیە رێککەوتن بکرێت، جا ئەندامانی شاندەکەی یەکێتی دوایین کەس بوونایە لە ریزبەندی شاندەکە، بەڵام حەز دەکەین بزانین ئەو رێککەوتنە چ دەستکەوتێکی تێدایە بۆ کورد، بۆ ماددەی 140بۆ فیدراڵی و سازانی نیشتمانی. با ئەو رێكکەوتنە ئاشکرا بکرێت ئێمەش دەڵێین (امنت بالله) دەستتان خۆشبێت و چاکتان کرد.
ئەو رێککەوتنە بەشێک نەبووە لە گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی، هەمیشە برادەرانی پارتی گوتوویانە قسەمان کردووە لەگەڵ سەدر بەڵام بڕیارمان نەداوە و واژۆمان نەکردووە. واتە ئەمە هیچ پەیوەندی بە وەرەقەی دانوستانی نێوان یەکێتی و پارتی پێکەوە نەبووە، کە دەبوو ئەو وەرەقە دانوستانە بەنامەی هاوبەشی کوردبووایە لە بەغدا.
 
رووداو: ئەو بەرنامەیەی پارتی چی تێدابوو کە درا بە یەکێتی بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات؟
 
ستران عەبدوڵڵا: با بەرنامەکە ئاشکرا بکەن چی تێدایە، با بزانین چی تێدایە دەستکەوت بێت بۆ کورد خاڵ بە خاڵ بیخەنەڕوو.
 
رووداو: ئەوەی کە خرایە بەردەست یەکێتی چی تێدابوو؟
 
ستران عەبدوڵڵا: بۆچی من بیڵێم، بۆ لە پارتی ناپرسن؟
 
رووداو: بۆ رەتتان کردەوە؟
 
ستران عەبدوڵڵا: دیارە دەستکەوتەکانی گەلی کوردی تێدانەبووە بۆیە یەکێتی واژۆی نەکردووە. با برادەرانی پارتی ئەو بەرنامەیە بڵاو بکەنەوە و خاڵەکان یەک بە یەک بخەنەڕوو. کاک هۆشیار بەرنامەیەکی داڕشتووە کە ئێستا بەربژێرە بۆ سەرۆککۆمار، با بێت لە تەلەڤزیۆن بە کوردییەکی شیرن و رەوان روونی بکاتەوە، بڵێت ئەو دەستکەوتانەی تێدایە بۆ گەلی کوردستان. ئەگەر خۆی تاقەتی نییە و خەریکی کەمپەینە بۆخۆی، با برادەرێک بێت بیخاتەڕوو، من دڵنیام کەناڵی رووداو دەرفەتی ئەوەی پێدەدات بیخاتەڕوو بڵێت ئەو دەستکەوتانەی تێدایە هەروەک چۆن مافت بەمن دا ئەو قسانە بکەم، دڵنیاشم ماف بە نوێنەرێکی پارتی و گوتەبێژی پارتی دەدەن بێت و بڵێت ئەو دەستکەوتانەی تێدایە بۆ گەلی کوردستان.
 
رووداو: پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی پارتی و یەکێتی رێککنەکەوتن؟ کێشەی سەرەکی نێوان پارتی و یەکێتی چی بوو؟ پارتی دەڵێت ئێمە زۆرینەی کورسییەکانمان هێناوە خۆ دەبێت پۆستی سەرۆککۆمار بۆچوونی ئێمەشی لەسەر بێت، یەکێتی بۆ گوێی بۆ ئەمە نەگرت و رژدبوو لەسەر بەربژێرکردنی دکتۆر بەرهەم ساڵح؟
 
ستران عەبدوڵڵا: وانییە، ئێمە نەمانگوتووە گوێ لە پارتی ناگرین، پارتی لەسەرەتاوە پێش هەموو شتێک بەربژێری دیاریکردووە، بەربژێری خۆی هەبێت و لە هەمانکاتدا قسەی لەسەر بەربژێرەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش هەبێت؟
 
رووداو: تاوەکو ئەوکاتەی یەکێتی رژد نەبوو لەسەر بەربژێرکردنی دکتۆر بەرهەم، پارتی هۆشیار زێباری بەربژێر نەکرد؟
 
ستران عەبدوڵڵا: لە سەرەتاوە گوتەبێژی پارتی لێدوانی دەدا و دەیگوت ئەو پۆستە هی یەکێتی نییە و ئێمەش مافی خۆمانە، واتە ئاماژەکان روون بوون کە بەربژێریان دەبێت، کەس گلەیی لەوەش نییە، لە رووی دیموکراسییەوە کەس قسە لەسەر ئەوە ناکات، هەموو کەسێک بۆی هەیە خۆی بەربژێر بکات، بەڵام ناتوانێت ئەو بەربژێرە بفرۆشێت و بڵێیت ئەمە بەربژێرە بۆ یەکڕیزی گەلی کوردستان. ئەگەر یەکڕیزییە؛ یەکڕیزی بەو شێوەیە نابێت دوو کەناڵی دانوستان بکەیەوە، یەکێکیان لەگەڵ یەکێتی و حیزبەکانی دیکەی کوردستان هەر بۆ کات کوشتن، یەکێکی دیکەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کە دەڵێت رێککەوتنێکی پتەوە، رێککەوتنی پتەو بە شەو و رۆژێک لە دایک نابێت. واتە ئەو رێککەوتنە پێشوەخت ئامادەکراوە، ئامادەکاری بۆ کراوە. ئەوەی دیکەشیان بۆ سەرقاڵکردنی یەکێتی و حیزبەکانی دیکە.
 
ئێمە دەمانزانی پارتی ئەو شتەی بە دەستەوەیە، بەڵام گوتمان با لە دەستی ئێمەوە نەبێت، با بۆ نەهێشتنی بیانوو بێت کە دەزانین پارتی بە جیا ئەو ئیشە دەکات، ئێمە نەمانگوتووە پارتی فێڵی لێکردین، دەڵێن پارتی لە پشتەوە پاشقولی لە یەکێتی نا، لە یەکڕیزی کوردستانی گرتووە لە یەکێتی نا، لە مافەکانی گەلی کوردستان گرتووە، چونکە ئەو رێککەوتنە دیسان دەیڵێمەوە هیچی تێدانییە بە گەلی کوردستان. تکا دەکەم بەرنامەیەکی بۆ تەرخان بکەن با خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە بخرێتەڕوو کە چی تێدایە بۆ گەلی کوردستان.
 
رووداو: پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی داناوە هەڵبژاردنەکە بباتەوە، دەڵێت ئەوەی 2018 رۆیشت. پێتانوایە بەربژێری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەتوانێت زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنێت؟
 
ستران عەبدوڵڵا: چی رۆیشتووە لە 2018؟ لە 2018 چووینە ناو هەڵبژاردنێکی دیموکراسییەوە، تاوەکو ئێستاش پارتی دیموکراتی کوردستان بەو دەردەوە دەتلێتەوە کە هەڵبژاردنێکی دیموکراسی بووەو بە دڵی نەبووە.
 
رووداو: پارتی دەڵێت لە 2018 هیچ رێککەوتنێکمان نەبووە، بۆیە بەربژێرەکەمان دەرنەچوو، بەڵام ئەمجارە رێککەوتنێکی پتەومان هەیە لەگەڵ سوننەکان و سەدرییەکان، محەممەد حەلبووسی بە دەنگی ئێمە دەرچووە، سەدرییەکان ئیشیان بە ئێمە هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، کەواتە دەرچوونی بەربژێرەکەمان مسۆگەرە؟
 
ستران عەبدوڵڵا: ئەگەر دیموکراسی لەگەڵ کوردایەتی یەکی گرتەوە، شتێکی زۆرباشە. ئەگەر یەکی نەگرتەوە ئەمە پارتی وەکو مافێکی خۆی بەکاری دەهێنێت لەگەڵ کێ رێکدەکەوێت ئەوە کەیفی خۆیەتی. بەڵام ئەمە ناو نەنێین یەکڕیزی، ئەمە ناوبنێین پرۆسەیەکی دیموکراسییە لە بەغدا ئەنجامەکانی وەرگیراوە. لە 2018وە چی روویداوە؟ هەڵبژاردنێک بوو بەربژێرەکەی پارتی دەرنەچوو، لە 2018وە پارتی خۆی و جوڵانەوەی کوردی و حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بەو دەردەوە دەتلێنێتەوە لەبەر ئەوەی بەربژێرەکەی سەرکەوتوو نەبوو نەیتوانی لە هەڵبژاردن بیباتەوە. زەحمەت نەبێت یەکێتی نیشتمانی کوردستان چی کردووە؟ لە هەڵبژاردنی 2018 دەنگی کۆکردەوە توانیویەتی پۆستی سەرۆککۆمار بباتەوە.
 
رووداو: ئەگەر ئەمجارە بەربژێرەکەتان دەرنەچوو چی دەبێت؟
 
ستران عەبدوڵڵا: ئێمە وەکو پارتی ناکەین، ئێمە وەکو پارتی بە کینە سیاسەت ناکەین. بەربژێرەکەمان دەردەچێت، کە دەرچوو هیوادارین ئەمجارە پارتی تێبگات کە مەرج نییە هەموو جارێک پرۆسەی سیاسی هیلالێکی پارتی دروست بکات بە دەوری کوردستاندا.
 
رووداو: باسی ئەگەرەکە دەکەین، ئەگەر دەرنەچوو؟
 
ستران عەبدوڵڵا: ئەگەر بەربژێرەکەمان دەرچوو چاوەڕوانی ئەوەمان لە پارتی ئەوەیە بێت و پیرۆزباییمان لێبکات، ئەگەر بەربژێرەکەی ئەوان دەرچوو دڵنیاتان دەکەینەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کینەوە سیاسەت ناکات.
 
رووداو: ئەگەر بەربژێرەکەی پارتی دەرچوو، پیرۆزبایی لێدەکەن؟ هیچ رەنگدانەوەیەکی لەسەر دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نابێت؟
 
ستران عەبدوڵڵا: بۆ لێی ناکەین، ئەوە ئەدەبیاتی پارتییە بە رقدا دەچێت و دەڵێت بەربژێرەکەی من دەرنەچووە. بەربژێری یەکێتی دەردەچێت ئینشائەڵڵا، ئەگەریش دەرنەچوو ئێمە پیرۆزبایی لەو لایەنە دەکەین کە بردویەتییەوە. پارتی لە 2018وە تاوەکو ئێستاش پیرۆزباییەک قەرزدارە، ئەو پیرۆزباییەمان بداتەوە سوپاسی دەکەین.
 
رووداو: ئەو مسۆگەرییەی ئێوە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت، لەسەر چ بنەمایەک پێتانوایە بەربژێرەکەتان دەردەچێت؟
 
ستران عەبدوڵڵا: ئێمە خەباتێکی دیموکراسی بۆ دەکەین، دەچین لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی عێراق قسە دەکەین.
 
رووداو: بەڵام زۆرینەی پەرلەمانی لەگەڵ پارتی رێککەوتنیان هەیە
 
ستران عەبدوڵڵا: ئێمە پێش وەخت ناکەوین، ئێمە دەڵێین خەباتی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گوتاری سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتارێکی رازیکراو دەبێت بۆ هێزە سیاسییەکانی عێراق، دەبێت سیاسییەکانی عێراق وەڵامی ئەوە بدەنەوە کە ئێوە بەربژێرکێتان لە پەرلەمانی عێراق دەرکردووە بە بیانووی ئەوەی دۆسیەی لەسەرە، چۆن ئێستا دەتانەوێت دەنگی بۆ بدەن؟
 
رووداو: پارتی پێیوایە ئەمە دۆسییەکی سیاسی بووە، کاتی خۆی دەوڵەتی یاسا و نووری مالیکی لەسەر ئەو ناکۆکییانەی لەگەڵ پارتی هەیبووە، ئەو دۆسیە سیاسییەی جوڵاندووە؟
 
ستران عەبدوڵڵا: نەخێر، با ئێمە خەڵک چەواشە نەکەین. ئەوانەی هێنایانە پەرلەمان هاوپەیمانەکانی ئێستای پارتییە. هاوپەیمانە پتەوەکانی پارتییە کاتی خۆی بەربژێرەکەی پارتیان هێنایە پەرلەمان، ئەو هاوپەیمانانەی ئێستای پاتی کە خۆی بەسەر یەکێتی بادەدات و دەڵێت رێککەوتنێکی پتەوم هەیە، ئەو هاوپەیمانانە بەربژێرەکەی پارتیان هێنایە ناو پەرلەمان و گوتیان دەنگی پێنادەین، ئەوکاتەش کردیان بە هەڵڵا بەناوی کوردایەتییەوە خەریکبوو بەربژێرەکەی پارتی بێننە سەر خەت و بیکەن بە شەهیدی کوردایەتی، بەڵام نەیتوانی. هیوادارم ئەمجارە ببێتە شەهیدی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق.
 
رووداو: پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، هەر پۆستێکی دیکەش لە بەغدا بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێت، دەبێت لە رێگەی رێککەوتن بێت و بە فلتەری پارتی تێپەڕ ببێت. ئێوە دەڵێن چی؟
 
ستران عەبدوڵڵا: ئێمە دەڵێین پارتی مافی خۆیەتی هەموو جۆرە قسەیەک بکات، پرۆسەی دیموکراسی ئەو مافەی داوە بە پارتی وەک چۆن پێمانوایە ئەو مافەی بە هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان داوە. هیوادارم لەو چوارچێوەیە سەیری ئەوە بکەن کە خەڵکی دیکەش مافی ئەوەی هەیە قسە بکات، ئێمە بە پارتی دەڵێین ستۆپ، ئەمجارەش نەبێت لە پرۆسەی سیاسیدا دەڵێین ستۆپ. هەموو رێککەوتنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەموو پشوودرێژییەکی لەگەڵ پارتی لەبەر ئەوەبوو کە دەمانەوێت یەکڕیزی گەلی کوردستان بپارێزرێت و بمێنێتەوە، دیموکراسی و یەکڕیزی پێکەوە بچێت، بەڵام ئەگەر پێکەوە نەچێت چی بکات؟ دەبێت خەڵکی کوردستان نێوبژیوان بێت، پرۆسەی سیاسی لە عێراق نێوبژیوان کە کێیە لەگەڵ گوتارە سیاسییەکانی خۆی راستگۆیە و کێش هەیە دەیەوێت هەموو پرۆسەکان تێکبدات. هیوادارم ئەو هاوپەیمانییە پتەوەی پارتی هەیەتی، هاوپەیمانییەک بێت بۆ مافەکانی گەلی کوردستانیش هەروابێت. هیوادارم ئەو رێککەوتنەی کە پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کردوویەتی بەشی کەرکووک، ماددەی 140ـی تێدابێت، فیدڕاڵی و دیموکراسی و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بپارێزێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە