رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێویستە کۆمیسیۆنی پەرلەمان گوێ لە بیروبۆچوونەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و ئەندامی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی، گوڵستان کلچ کۆچییت، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نالین حەسەن، پیشکێشکاری رووداو، باسی لە کارەکانی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی کرد.
کۆچییت جەختی کردەوە، نابێت ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە درێژ بکرێتەوە و گوتی، "کارێک کە بە ساڵ و مانگ بەردەوام بێت، دەکرێت رووبەڕووی گرفت ببێتەوە."
"پێویستە ئامانجی سەرەکی لەنێو رۆژەڤەکانی دیکەدا ون نەبێت"
سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رایگەیاند، کۆمیسیۆنەکە بەرنامەی کاری خۆی ئامادە کردووە و کۆبوونەوەکانی گوێگرتن نزیکەی مانگێک دەخایێنن، بەڵام نابێت ئەم پرۆسەیە زۆر درێژ بکرێتەوە.
ئەو دەستنیشانی کرد کە بنەمای دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکە، گەڕانەوەی گەریلاکان، هەڵگرتنی سیستمی قەییوم و چارەسەرکردنی پرسی کورد بێت. کۆچییت هۆشداری دا و گوتی، "نابێت هەموو کێشەکانی تورکیا بخرێنە رۆژەڤی کۆمیسیۆنەکەوە. هەندێک لایەن دەیانەوێت هەموو کێشەکان لێرە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، بەڵام ئێمە ئەمەمان ناوێت، پێویستە ئامانجی سەرەکی لەنێو رۆژەڤەکانی دیکەدا ون نەبێت."
"تاوەکو یاساکان نەگۆڕدرێن، هیچ گەریلایەک ناگەڕێتەوە"
سیاسەتمەداری کورد کۆچییت ئاماژەی بەوەدا کە گرنگترین ئەرکی کۆمیسیۆنەکە ئامادەکردنی زەمینەی یاساییە بۆ چارەسەری و بەم شێوەیە درێژەی پێدا: "پێویستە رێگە بۆ گەڕانەوەی گەریلاکان بکرێتەوە".
هەروەها گوتی "لە پرۆسەی رابردوودا (2013)، 30 گەریلا کە چەکیان دانابوو، کاتێک گەڕانەوە دەستگیر کران. تاوەکو ئەم یاسایانە نەگۆڕدرێن، هیچ گەریلایەک ناگەڕێتەوە. ئامانجمان ئەوەیە کە پێش کردنەوەی پەرلەمان ئەم یاسایانە ئامادە بکەین."
لە 11ی حوزەیرانی 2025، 30 گەریلای پەکەکە کە هاوسەرۆکی کەجەکە بەسێ هۆزاتیشیان لەگەڵ بوو، لە ئەشکەوتی جاسەنەی سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبولی چەکەکانیان سووتاند.
"ئەوەی پرۆسەکە بەڕێوەدەبات ئۆجەلانە"
کۆچییت رۆڵی رێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی وەک بابەتێکی سەرەکی ناوبرد و گوتی، "ئەوەی پرۆسەکە بەڕێوە دەبات ئۆجەلانە." سەرۆکی گرووپی دەم پارتی رەخنەشی لە کۆمیسیۆنەکە گرت، کە تاوەکو ئێستا سەردانی ئیمراڵیی نەکردووە و گوتی: "پێویستە کۆمیسیۆنەکە پێش هەموو شتێک گوێ لە بەڕێز ئۆجەلان بگرێت. دوای دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکە، هیچ دیدارێک لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام نەدراوە، لەبەر ئەوەی نوێنەرانی حکومەتیش لەنێو کۆمیسیۆنەکەدان، دەبێت لە کورتترین کاتدا سەردانی ئیمراڵی بکرێت."
کۆچییت لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ قەندیل نییە و رەنگە میت و حکومەت پەیوەندییەکە بەڕێوە ببەن.
ئەو جارێکی دیکە جەختی لەسەر گۆڕینی یاساکان کردەوە و گوتی، "کۆمیسیۆنەکە هەموو کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵام بنەمای گۆڕانکاری دادەنێت. دەرگای ئاشتی و چارەسەری کراوەتەوە، کارە بەپەلەکانی ئێمە ئەوەیە کە ئەو یاسایانە بگۆڕین، کە پەیوەستن بە زیندانیان و ئەو گەریلایانەی چەک دادەنێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ