نوێنەری حکومەت لە پۆڵەندا: وارسۆ جیاوازتر مامەڵەی لەگەڵ کۆچبەرانی ئۆکراینا دا کرد

24-09-2023
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دیاسپۆرای ئەمجارە لە پۆڵەندا بوو لەسەر قەڵای زنار، تێیدا باسی دیاسپۆرای کوردی لەو وڵاتە کرا و چەند پرسێک تاوتوێکران لەوانە: قەبارەی دیاسپۆرای کوردی، کۆچبەری کورد و ئایا پۆڵەندییەکان وەک لە چەند مانگی رابردوو لە راگەیاندنەکان بینرا رقیان لە کوردە؟ یان وێنەکە دیوێکی دیکەیشی هەیە.
 
هەروەها لە هەفتەکانی داهاتوودا هەڵبژاردن لە پۆڵەندا بەڕێوەدەچێت، لەو هەڵبژاردنانەدا پرسی کۆچبەری مژارێکی گرنگە و هەروەها سیاسەتی کۆچبەری رەنگە بەهۆی ئەو هەڵبژاردنانەوە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا بێت. لەسەر ئەو مژارە، زیاد رەئووف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا کە پێشتریش وەکو کارسازێک ساڵانێکی زۆر لە پۆڵەندا بووە و پەیوەندی فراوانی لەگەڵ کارسازان و گەورە بەرپرسانی پۆڵەندا هەیە، قسەی کرد.
 
هەر لە بەرنامەکەدا، راستی بلباس کە خەریکی خوێندنی ژیریی دەستکردە لەو وڵاتە لەگەڵ شەهرام وریا ساڵحی کە کچی کۆیەیە و لە بواری دارایی و ئابووری شارەزایە و دەیەوێ ئەزموونی ئابووری و دارایی لە پۆڵەندییەکانەوە فێربێت و لێیان تێبگات قسەیان کرد. هەروەها خاتوو ماریانا دلێر کوردە و پێشەنگ حەمە کەریم کە لە بوارەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی ژینگە چالاکن، میوان بوون. 
 
 
 
دەقی دیبەیتەکە: 
 
هێمن عەبدوڵڵا: ئایا پرسی هەڵبژاردن یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ئەوەی سیاسەتی کۆچبەری لە پۆڵەندا بگۆڕێ، یان گۆڕانکارییەکی گەورە روونادات؟
 
زیاد رەئووف: سەرەتا سوپاستان دەکەم و سوپاسی رووداو دەکەم کە هاتن دیاسپۆرای کوردی لێرە ببینن و بەرنامە بکەن، بێگومان بەڕای من گۆڕانکاری دەبێت لە سیاسەتی کۆچبەری لە پۆڵەندا دوای ئەو هەڵبژاردنە، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکە ئۆپۆزیسیۆن سەرکەوێت، کە ئێستا سیاسەتی حکومڕانی پۆڵەندا دژ بە کۆچبەرانە و بەردەوام کێشەیان هەیە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و نایانەوێ بەشێک لەو ئەرکە بخەنە سەر ئەستۆی خۆیان، کۆمەڵگەی پۆڵۆنی بووەتە دوو بەش، بەشێکیان دژ بە هاتنی کۆچبەرانن، ئەوانە ئەو خەڵکانەن کە وابیردەکەنەوەو پێیانوایە ئەو کۆچبەرانە دێن کولتوورەکەیان دەگۆڕن و زیانیان پێبگەیێنن و وڵاتەکەیان وەک هەندێک وڵاتی دیکەی ئەوروپای لێبکەن و جار جار نموونە بە فەرەنسا دەهێننەوە کە کۆچبەران هاتوون و ئەزیەتی خەڵکەکە دەدەن بە مانگرتن و شەڕ و ناخۆشی، بەڵام بەشی زۆری خەڵکی پۆڵەندا لەگەڵ ئەوەیە کە سیاسەتەکە گونجاو بێت لەگەڵ سیاسەتی ئەوروپا و مافی مرۆڤ بپارێزرێت، بەڵگەش بۆ ئەمە زۆر لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پۆڵەندا تاوەکو ئەمڕۆش لەسەر سنوورەکان خۆبەخشانە کاردەکەن و خۆیان ماندوو دەکەن بۆ یارمەتیدانی کۆچبەران و دابینکردنی خۆراک و دەرمان و جلوبەرگ بۆ ئەو کۆچبەرانەی لە سنوورەکانیان دەپەڕنەوە، هەروەها پارێزەریان بۆ دابین دەکەن، بۆئەوەی بتوانن داوای مافی مانەوە بکەن، لە ناو کۆمەڵگەی پۆڵەندا پشتیوانییەکی زۆر لەو رێکخراوانە دەکرێت، ئابووری پۆڵەنداش خۆشی پێویستی بە توانای کۆچبەرانە، بەڵام هەندێک لە هێزە سیاسییەکان ئەمە وەک کارتێک بەکاردێنن و دەڵێن دەبێت وڵاتەکەمان بپارێزین لە کۆچبەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا، بەڵام کاتێک کۆچبەری ئۆکراینا هاتن، بەشێوەیەکی دیکە پێشوازییان لێکردن کە سەرەتا نزیکەی سێ ملیۆن کەس دەبوون، بەهۆی ئەوەی لەوانەوە نزیکن و هەروەها هەمان ئایینییان هەیە و دواتر بەشێکیان چوونە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و بەشێکیشیان مانەوە.
 
هێمن عەبدوڵڵا: شەهرام خان جەنابت لێرە خەریکی خوێندنی دکتۆرای و ئەوەی دەگوترێت، بەڕاستی لە سەر شەقام دەبینی کە رق هەبێت و پۆڵۆنییەکان حەزیان بە کۆچبەران نەبێت؟
 
شەهرام وریا: بە پێچەوانەوە، واتە پێچەوانەکەی راستە، بەڵام هاتنی کۆچبەر بە رێگەی یاسایی و نایاسایی جیاوازە، ئەگەر کەسێک بەلایەنێکی یاسایی بێت بۆ نموونە بۆ خوێندن ئەوا چەند لایەنێکی باشی بۆ پۆڵەندا هەیە، بەڵام ئەگەر بە رێگەی قاچاخ بێت لەوانەیە چەند لایەنێکی خراپی بۆ وڵاتەکە هەبێت، بۆیە بەش بە حاڵی خۆم هەستم بەو رق و کینەیە نەکردووە لەلایەن هاووڵاتییانی پۆڵەنداوە.
 
هێمن عەبدوڵڵا: خاتوو شەهرام وڵاتی دیکەی ئەوروپات بینیوە، بۆ نموونە ئەڵمانیا، ئەو تەماشاکردنە بە ئەڵمانیا بەراورد دەکرێت کە لە هەندێک شوێن دەیبینی بەرامبەر کۆچبەران؟
 
شەهرام وریا: من زۆر کەم لە ئەڵمانیا ماومەتەوە و لەوانەیە هەر چەند رۆژێک بێت، بەڵام هەستم بەو جیاوازییە کردووە لەنێوان ئەڵمانیا و پۆڵەندا بەشێوەیەکی گشتی پۆڵەندا کوردی زۆر کەم لێیە، بەڵام لە ئەڵمانیا کورد زۆر زۆرن، بۆیە ئەو چەند رۆژەی لە ئەڵمانیا بووم دەتوانم بڵێم بەس کوردم بینی لەوێ، بەڵام لە پۆڵەندا نا بەداخەوە تاک تاکە کوردی دەبینم، ئەو کوردانەی لێرەشن بەزۆری خوێندکارن و یەکەم ساڵ کە دەست بە خوێندنی بەکالۆریۆس دەکەن و سەیری ئێرە دەکەن بڕیار دەدەن نەگەڕێنەوە بۆ نموونە وەک من و بەردەوامم لە خوێندنەکەم.
 
هێمن عەبدوڵڵا: ماریانا خان جگە لە کاک زیاد تۆ پێش هەموو ئەوانە هاتوویتە پۆڵەندا، تێکەڵاویشیت لەگەڵیان هەیە و میدیاکانی دەبینی و دەبیستی و دەخوێنییەوە، بەڕاستی وایە لێرە پرسی کۆچبەران ئەوەندە گەورەیە؟
 
ماریانا دلێر کوردە: من نۆ ساڵە لێرە دەژیم، دەتوانم پێتبڵێم پۆڵۆنییەکان چۆنن، کێشەی پۆڵۆنییەکان تەنیا سەرەتایە تاوەکو شەرمیان دەشکێت و  لەسەرەتا وایە ساردن و قسە ناکەن وتێکەڵاو نابن، بەڵام دوای ئەوەی شەرمیان شکا تێکەڵاو دەبن و پرسیاری زۆر دەکەن و بە دوای زانیارییەکان دەگەڕێن، بۆ نموونە ژیان لەوێ چۆن بووەو  زۆربەی پۆڵۆنۆییەکان دەیانەوێ هاوکارییان بکەن، بەتایبەتی کاتێک دەزانن ئێمە لە کوردستان هاتووین پێی دڵخۆشتر دەبن و ریزێکی زۆریان بۆ خەڵکی کوردستان هەیە، چونکە هەمان مێژوومان هەیە و مێژوویەکی ناخۆشمان هەبووە، بۆیە ئەوان سەرەتا سارد دیارن، بەڵام دواتر وانابن و تێکەڵاودەبن و هاوکار دەبن.
 
هێمن عەبدوڵڵا: هەست دەکەم کاک پێشەنگ کۆک نییە لەگەڵتان.. 
 
پێشەنگ حەمە کەریم: نا منیش هاوڕای قسەی هاوڕێیانمم لێرە، من لێرە لەگەڵ رێکخراوی ئۆسێلێنیا کاردەکەم کە رێکخراوێکی تایبەت بە مافی مرۆڤە لێرە کاردەکات، ئەو کاتەی کورد هاتنە سەر سنوور من وەک وەرگێڕ کارم لەگەڵ رێکخراوەکە دەکرد، وەرگیڕی ئینگلیزی و کوردیم بۆ دەکردن، یارمەتی خوشک و براکانم دەدا لەسەر سنوور، لەوێ بۆم دەرکەوت کە خەڵکی پۆڵەندا چەند بە سۆزن، دەبێت ئێمە دوو شت لێک جیابکەیەنەوە، خەڵک لەگەل سیاسەتی حوکمی دەوڵەت، لێرە گەنج بیرکردنەوەیان زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو بە تەمەنانەی کە نەهامەتییەکی زۆر زۆریان چەشتووە و دەترسن لە خەڵکی دەرەکی، واتە پیرەکانیان دەترسن لە ئەڵمان لە رووس، دەڵێن ئەمانە دوژمنمانن و دێن داگیرمان دەکەن و خاکەکەمان لێ دەسێنن، لەمێژوودا واشبووەو ئەمە روویداوە، بەڵام گەنجەکان لەبەر ئەوەی ئەمەیان نەدیوە مێشکیان کراوەترە و زیاتر بەڕووی دەرەوەدا کراوەترن و ئینگلیزی دەزانن بە سۆزن لەگەڵ خەڵک و ترسیان نییە، ئێمەش وەک گەنج کاتێک لەگەڵ گەنجەکانیان دادەنیشین و قسە دەکەین رووخۆشییەکی زۆز زۆریان لێدەبینین و  خەڵکەکەی بە گشتی بە سۆزن، بەڵام سیاسەتی حکومەتەکە هەندێکجار وا دەخوازێ کە بە سیاسەتێکی جیاوازتر دەرکەوێ وەک ئەوەی خەڵکەکە بە گشتی دەیانەوێ.
 
هێمن عەبدوڵڵا: باسی سەرسنوورەکانت کرد و باسی کۆچبەرانت کرد، ئەوکات کە ئەو تووندوتیژییە دەکرا بەرامبەر بە کۆچبەران لە ناو کۆمەڵگەی پۆڵەندادا هەبوو کە ناڕازی بێت و پێ ناخۆش بێت ئەوە روودەدات؟
 
پێشەنگ حەمە کەریم: زۆر زۆر نارازی بوون، بەتایبەتی خەڵکی سەر سنوورەکان، ئەوان ئەوەندە بە سۆزبوون ماڵەکانیان بۆ کۆچبەران واڵا دەکرد بۆ ئەوەی تێیدا بحەوێنەوەو نان بخۆن، تەنانەت کیسەی خۆراکیان بە دەرگاکان هەڵدەواسی بۆ ئەوەی ئەگەر نەیێنە ژوورەوەش دەتوانن خۆراکەکە ببەن و بیخۆن، هەروەها ئەو رێکخراوانەی هاوکاری کۆچبەرانیان دەکرد لە سەر سنوور کاتێک دەگەڕانەوە کۆچبەریان باردەکرد و  پۆلیس رێگەی لێدەگرتن، ئەوانیش وێنەیان دەگرت و لە سۆشیاڵمیدیا بڵاویان دەکردەوە کە چۆن پۆلیس رێگری دەکات و ئەمەیان بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ناوزەند دەکرد، تەنانەت خۆپیشاندانیان کرد دژی ئەو کردەوانەی پۆلیس لەسەر سنوور بەرامبەر کۆچبەران دەیکرد، کە لەوانەیە لە وڵاتێکی دیکە ئەو شتانە نەکرابێت، بۆیە خەڵکی پۆڵەندا زۆر بەسۆزن و من خۆشەویستیم بۆ خەڵکی پۆڵەندا زیاتر بوو، بۆ نموونە کاتێک ژنێکی پۆڵۆنیم بینی چاوی پڕ فرمێسک بوو و دەگریا بەهۆی بینینی دیمەنی کۆچبەرێکی کورد لەسەر سنوور و شێوازی مامەڵەکردن لە دژیان و ئامادەبوو جلی بەرخۆی دابکەنێت و بیدات بەسەر منداڵەکەدا بۆ ئەوەی سەرمای نەبێ، بۆیە کە مرۆڤ ئەو شتانە دەبینێت گوناحە بڵێی خەڵکەکەی خراپن، شتێکی دیکەشم تێبینی کردووە تاوەکو ئێستاش خەڵکی پۆڵەندا تیاماون ئایا ئەوان ئەوروپییەکی ساردوسڕن یاخود شەرقییەکی گەرم و گوڕن.. بەڵام لایەنی کۆمەڵایەتییان زۆر خۆشە.
 
هێمن عەبدوڵڵا: کاک راستی لێرە لە بواری ژیری دەستکرد کاردەکەی، ئێرە بژاردەیەکی باش بوو کە هاتی بۆی یان هەستبکەی نا دەبوایە شوێنێکی دیکە بێت؟
 
راستی بلباس: سەرەتا کە هاتمە ئێرە بۆ ماوەیەکی کاتی هاتم، بۆ شەش مانگ هاتم، دوای تەواوکردنی بەکالۆریۆس پێموابوو کە مانەوەم لێرە سوودی زیاتر دەبێت لە گەڕانەوەم، بۆیە بڕیاری مانەوەمدا و بڕیارمدا ماستەر لە یەکێک لە زانکۆ باشەکانی ئێرە لە بواری ژیری دەستکرد بخوێنم، لەلایەکی دیکەش لە کوردستان خوێندنی دەستکرد لەو ئاستە بەرزەدا نییە کە لێرە لە وڵاتێکی ئەوروپادا هەیە، ئەمە وایلێکردم لەو بوارە شارەزایی پەیدا بکەم و ماستەر بخوێنم و دکتۆراش لەهەمان بوار و دواتر بگەڕێمەوە کوردستان و خزمەتی خاک و ڵاتی خۆم بکەم.
 
هێمن عەبدوڵڵا: کەواتە دەتەوێ بگەڕێیەوە کوردستان و ناتەوێت لە پۆڵەندا بمێنییەوە؟
 
راستی بلباس: نازانم چی روودەدات بەڵام بەپێی ئەو پلانەی دامڕشتووە رۆژێک لە رۆژان هەر دەگەڕێمەوە و هەرچەند ئێرە خۆش و شیرین بێت، بەڵام وەک نیشتمان نابێت بێگومان.
 
هێمن عەبدوڵڵا: کاک زیاد دەتوانین بڵێین دیاسپۆرای کوردی هەیە لە پۆڵەندا؟
 
زیاد رەئووف: دیاسپۆرای کوردی ئێستا زیاتر گەنج و خوێندکارن، چونکە کە گۆرانکارییە ئابووری و سیاسییەکان لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەتەکان روویدا، ئەو خەڵکەی کە پێشتر لێرەبوون و رۆیشتن و دۆخی ئێرەیان بینی کە چەند ساڵێک زەحمەت بوو، بۆیە پۆڵەندایان بەجێهێشت و چوون بەرەو سوێد و نەرویج و ئەڵمانیا، ئیتر دیاسپۆرای نوێ وردە رودە دروست دەبێتەوە کە زۆربەیان گەنج و خوێندکارن، بێگومان وەک وڵاتانی رۆژهەڵات نییە بڵێن بەهەزاران بێن، بەڵکو بە سەتانن، ئەوەی ئاگامان لێیە نزیکەی 200 خوێندکارمان هەبێت و چەند سەت کەسێکی گەنجیش لێرە کاردەکەن و مافی نیشتەجێبوونیان هەیە و هەیە خێزانیان هەیە و هەشە خێزانیان لەگەڵ پۆڵۆنییەکان دروستکردووە، بۆیە تازە دووبارە خەریکە رەوەندی کوردی لێردە دروستببێتەوە، بەرای من ئەزموونی پۆڵەندا لەگەڵ رەوەندی کوردی زۆر گرنگە، چونکە پۆڵەندا بە گوێرەی راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی پۆلۆنیا نزیکەی هەژدە ملیۆن کەسیان لە دەرەوە هەیە، ئەمەش لە ئەنجامی شەڕی سەدەی نۆزدەیەم و دابەشبوونی پۆڵەندا بەسەر سێ پارچە و دواتر جەنگی دووەمی جیهانی و هەروەها خەڵکی ناڕازیش وڵاتیان بەجێهێشت، بۆیە پۆڵەندا ناچار بوو سیاسەتێکی پوختە دابرێژێت بۆ سوود وەرگرتن لە توانای دیاسپۆراکەی لە دەرەوەی وڵات وایان لێبکات پەیوەندییەکی بەردەوام هەبێت لەگەڵ وڵات و هەستی نیشتمانپەروەری خۆیان و منداڵەکانیان هەبێت و هەوڵیان دەدا لە هاوینان خۆیان و منداڵەکانیان چەند هەفتەیەک بگەڕێنەوە پۆڵەنداو خول ببینن و هەروەها زمانەکەیان باشتر بکەن .
 
هێمن عەبدوڵڵا: ئەو رێوشوێنانە کاریگەرییان هەبوو؟
 
زیاد رەئووف: بێگومان ئەو رێوشوێنانە کاریگەریی زۆریان هەبوو وایانکرد لە هەموو ئاستێکەوە  پێشبکەوێت، چونکە خستیانە نێو  دەستووری وڵاتەکەیان کە ئەرکی دەوڵەتە گرنگی بە دیاسپۆراکەی بدات و ئیتر لە سەرۆکایەتیی کۆمار، وەزیران ، پەرلەمان و لە خوارەوەش لە دەسەڵاتە خۆجەییەکان لیژنەی تایبەتمەندیان بۆ دروست کردن پلانیان بۆ دانان و بودجەیان بۆ دانان بۆئەوەی هەموو پێکەوە کاربکەن بۆئەوەی دیاسپۆرا پەیوەندی بەردەوام هەبێت و سوودیان لێوەربگرن و ئەوانەی پسپۆری باشن بگەڕێنەوە و دەرفەتی باشیان بۆ رێکبخەن، ئەمەش دەرەنجامەکەی زۆر باش بوو، ئێستا سیاسەتمەدارە نوێیەکانیان ئەوانەن کە لەدەرەوەی وڵات بوون و گەڕاونەتەوە.
 
هێمن عەبدوڵڵا: ئەمە لایەنی حکومی ئێرە بوو، بەڵام دیاسپۆرا هیچی گەڕاندەوە بۆ ئێرە لەڕووی ماددییەوە بەتایبەتی، گەڕانەوەی دیاسپۆرا کاریگەری هەبوو بۆ ئەوەی ئابووری ئێرە چاکبێتەوە؟ 
 
زیاد رەئووف: بێگومان، یەکەم ئەندازیاری تازەی پۆڵەندا لێشکبار چرۆڤیچ خۆی لە دیاسپۆرا بوو و هاتەوە بووە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی، پلانێکی پوختەی دانا بۆ گۆڕینی ئابووری پۆڵەندا و تا ئێستاش باسی دەکرێت کە گەورەترین سەرکەوتن بوو کە پۆلۆنیا لە ماوەیەکی کەم پێشبکەوێت و بگاتە ئاستی وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا.
 
هێمن عەبدوڵڵا: لە ماوەی 30 ساڵ وایە؟
 
زیاد رەئووف: بەڵێ لە ماوەی 30 ساڵدا توانیان بێنە نێو یەکێتیی ئەوروپا و توانیان بێنە نێو ناتۆ، ئابوورییەکەیان والێبکەن تاوەکو لە ساڵانی رابردوو لە 2006 و 2007 لە رۆژئاوا و ئەمریکا کێشەی ئابووری دروست بوو، پۆڵەندا هەستی بەوەنەکرد، هەروەها تەنانەت لەکاتی کۆڤید دا پۆڵەندا ئەوەندە کێشەی نەبوو، چونکە ئابوورییەکەی بەهێز بوو، ئێستا بەرهەمی ناوخۆییان زۆرە و 60٪ هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا دەکەن، لە زانستیشدا جیاوازییان نییە لەگەل پێشکەوتووترین وڵاتانی جیهان من زۆر لە مامۆستاکان دەناسم کە سەرپەرشتی دکتۆرای خوێندکارانی ئێمەیان دەکرد، شەش مانگ لێرە لە پۆڵەندا کاریان دەکرد و شەش مانگی دیکە لە ئەمریکا و بەریتانیا وانەیان دەگوتەوە، بۆیە ئاستی زانستی لێرە هیچ کەمتر نییە لە پێشکەوتووترین وڵاتانی جیهان.
 
هێمن عەبدوڵڵا: شەهرام خان من لەگەڵ هاوکارانم لەناو شاردا گەڕام ئەوەی لێرە دەیبینی هەمان ئەو شتەیەکە لە پاریس، لەندەن لە شارەکانی ئەمریکا دەیبینی، هەموو جۆرە مارکەیەک باڵەخانەی رێکوپێک، سەرەڕای ئەمەش ئەو وڵاتە زۆر زۆر خاوێنیشە کە تێبینیم کرد بەڕاستی زۆر جیاوازترە لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، تۆ پێمان بڵێ لەڕووی ئابووری و داراییەوە ئێمە دەتوانین چی لە پۆڵۆنییەکان فێربین؟
 
شەهرام وریا: زۆرشتیان لێوە فێربین، بۆ نموونە کاتێک دەچیە بازاڕ ئەوەندە بەرهەمی ناوخۆ دەبینی ئەوەندە بەرهەمی دەرەوە نابینی، بەداخەوە لە کوردستان کە دەچینە بازاڕ ئەوەندە بەرهەمی دەرەوە دەبینین ئەوەندە بەرهەمی ناوخۆ نابینین، بەرهەمی خۆماڵیمان زۆر کەمە بەداخەوە، بەڵام لە بازارەکانی پۆڵەندا بەرهەمی ناوخۆ زۆر زۆرە، ئەوە رۆڵێکی گرنگی لەسەر بازاڕی پۆڵەندا هەیە، دەتوانین ئەمەیان لێفێربین، زۆر خۆشە کە دەچیە بازاڕ بەرهەمی وڵاتی خۆت ببینی.
 
هێمن عەبدوڵڵا: بەرهەمی پۆڵۆنییەکان ئەوەندە زۆرە تەنانەت لە گوندەکانی وڵاتانی ئەوروپاش دووکانی بەرهەمی پۆڵۆنییەکان هەیە و بەناوبانگە و هەرزانتریشە، ئێستا کوالیتی خوێندن لێرە چۆنە؟
 
پێشەنگ حەمە کەریم: خوێندن لێرە لە ئاستێکی بەرزە، من دوای ئەوەی ماستەرم لێرە خوێند، ساڵێک زمانی پۆڵۆنیم خوێند و دواتر دکتۆرا، کوالیتی خوێند لێرە بگرە زۆر زۆر باشە، کاتێک ماستەرم خوێند ئینجا زانیم خوێند یانی چی، زانکۆ وەک ناوەندێکی ئەکادیمی چۆن دەبێ کاریگەری هەبێت بەسەر شۆرشی دروستکردنی وڵات، نەک ناوەندێک وەک کارگەیەک بێت و خوێندکار بێت و  دواتر دەربچێت و هیچ رۆڵێکیان نەبێت، من لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی ماستەرم خوێند و شانازی بەوە دەکەم کە خوێندکاری ئەو زانکۆیە بووم لەکاتێکدا مانگی دەستکردی هەڵدەدا بۆ بۆشایی ئاسمان، ئێستا دکتۆراکەم لە زانکۆی وارشۆم دەخوێنم کە لە ریزبەندی 300ەمینی جیهانە، لەکاتێکدا زانکۆکانمان لە کوردستان لە ریزبەندی چوارهەزار و ئەوانەن، واتە دەتوانین بەرواردێکی باش بکەین، من ماوەی سێ ساڵە بەشداری کۆرسێک دەکەم کە پێنج شەش زانکۆی ئەوروپی پێکەوە وانە دەڵێنەوە، بۆیە ئاستی ستانداردی خوێندن کە لێرە هەیە ئاستێکی زۆر زۆر باشە، کاتێک من هاتمە ئێرە و ئەو ئاستە بەرزەی خوێندنەم لێرە بینی، بەڵێنم دا گوتم هەر کەسێک بیەوێ بێتە پۆڵەندا و لێرە بخوێنێ من بەبێ بەرامبەر هاوکاری دەکەم و یارمەتی دەدەم تەنیا بۆ ئەوەی ئەو خوێندنە باش و جوانە وەربگرێت، دواتر سوودێک بە کوردستان بگەیێنێت، چونکە ئێمە زۆر پێویستیمان بەو شتانە هەیە کەلێرە هەیە لە کوردستان بەکاریبهێنین، نەک بێینە ئێرە و بەتەواوی واز لە کوردستان بێنین، چۆن دیاسپۆرای پۆڵەندی ئەم وڵاتەیان هەڵساندەوە و بوژاندەوە ئومێدەوارم ئێمەش لەگەڵ ئەو گەنجانە و گەنجەکانی دیکەی دیاسپۆرای کوردی لە ئەوروپا کە کەسی زۆر زیرەک و ئەکادیمین لە بوارە جیاوازەکان لەسەر ئاستی جیهان بگەڕێینەوە کوردستان ببوژێنینەوە و بیپارێزین، من سەرەتا ماستەرم لە ئەندازیاری شارستانی خوێند، کەچی سەیرم کرد هەموو کوردستان باڵەخانەیە، بەڵام سەوزاییەک نابینی و بابەتی ژینگە کە گرنگترینە پشتگوێخراوە، کارەساتی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە، بۆیە بوارەکەی خۆم گۆڕی کردم بە ژینگە و  رێکخراوی ژینگەمان لە کوردستان دامەزراند و ئێستا لە فەیسبووک 100 هەزار ئەندامی هەیە واتە کاری ئێمەیە ئەو ئەزموونە ژینگەیەی کەلە پۆڵەنداوە وەرمان گرتووە لە کوردستان جێبەجێی بکەین و ئومێدەوارم پێکەوە بیکەین، چونکە چەپڵە بەدەستێک لێنادرێ.
 
هێمن عەبدوڵڵا: چ ئەزموونێکی گرنگی پۆڵۆنییەکان لەبارەی پاراستنی ژینگەوە هەیە کە ئێمە دەتوانین لە کوردستان سوودی لێببینین؟
 
پێشەنگ حەمە کەریم: جوانترین شت کەلە پۆڵۆنییەکان بینیم بەرزی هەستی نەتەوایەتییە و ئەوان دەڵێن ئەمە وڵاتی ئێمەیە و حکومەتیش شتێکی دیکەیە، گەنجەکان دژی سیاسەتی حکومەتن، زۆر جاریش خۆپیشاندانیشیان لە دژ دەکەن، بەڵام حکومەت نوێنەرایەتی دەوڵەت ناکات و نوێنەرایەتی هەموو پۆڵەنداکان ناکات، بۆیە گەنجانی ئێرە ولاتەکەیان بە هی خۆیان دەزانن، من هەموو وڵاتانی ئەوروپا گەڕاوم و بە سویسراشەوە پۆڵەندا لەهەموویان خاوێنترە، هەر لە شەقامەکان و جوانی سروشت، هەموو خەڵکەکەی هەوڵدەدەن جوانی سروشتی وڵاتەکەیان بپارێزن، لەکاتێکدا 65٪ی پۆڵەندا سەوزاییەو دارستانە کە خوا پێیداوە، زۆربەی جار لە هاوینیان باران دەبارێت کە لە هەموو شوێنەکان گەرمایە کەچی زۆربەی بارانی پۆڵەندا لە هاوینیان دەبارێت، ئەمەش نیعمەتێکی خوایە داویەتی بەم ناوچەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە هەوڵدەدەن درەختی تازە بڕوێنن، حکومەت هەمیشە هەوڵدەدات خەڵک پەروەردە بکات کە گرنگی بە ژینگە بدەن، ئێمە لێرە کەمپەینێکمان راگەیاند بەناوی کەمپەینی پاکردنەوەی پۆڵەندا لە گەڕەکەکەمان دەستمان پێکرد، ئەوکات سەرۆکی شارەوانی خۆی هات و لەگەڵ ئێمە گەڕەکەکەی پاکدەکردەوە، ئینجا ئەوان زۆریان پێخۆش بوو دەیانگوت ئێوە خەڵکێکی بیانین چۆن هەوڵدەدەن وڵاتی ئێمە پاکبکەنەوە و ئێمەش دەمانگوت ئێمە ئاوهەوای پۆڵەندا هەڵدەمژین، بۆیە دەمانەوێ سوودێک بە ژینگەی وڵاتەکەتان بگەیێنین، گرنگیشە ئەو ئەزموونەی ئێمە لە پۆڵەنداوە فێری بووین لە کوردستانیش جێبەجێی بکەین و رەنگدانەوەی هەبێت، لێرە لایەنی حکومەی زۆر زۆر پاڵپشتن بۆ پاراستنی ژینگە و دەرفەت و کورسی خوێندنی زۆر ساڵانە بۆ خوێندنی ژینگە تەرخان دەکرێت، من بۆ خۆم تێزی دکتۆراکەم بابەتێکی ژینگەیە، ئەمەش هەم خوێندن پێشدەخات و هەمیش ژینگەش دەپارێزێت، کارێکی سەرکەوتووە، بەهیوای ئەوەم ئێمەش بتوانین ئەو ئەزموونە لە کوردستان تاقیبکەینەوە، چونکە کوردستانی ئێمە زۆر ناوچە و شوێنی جوانی تێدایە و رووبار و سەرچاوی گرنگی ژینگەی تێدایە و ئێمە بەرپرسیارین لە نەوەی داهاتوو بۆ ئەوەی ئەوان بەسەر گۆڕانکارییەکانی ژینگە سەربکەون.
 
هێمن عەبدوڵڵا: ماریانا خان پۆڵەندا بۆ کوردستان گرنگە بەڕاستی، زۆر جار لە کوردستان بەتایبەت بەرپرسان کاک زیادیش خۆی لێرەیە دەڵێن پۆڵەندا چییە؟ فەرەنسا و ئەمریکا گرنگن تۆ سیاسەتی ئێرەت خوێندندووە بەراستی پێتوایە پۆڵەندا بۆ کوردستان گرنگە؟
 
ماریانا دلێر کوردە: پێموایە بۆ کوردستان گرنگە، راستە مێژووی پۆڵەندا قورس بووە، وەک فەرەنسا نەبووە، پۆڵەندا درەنگ پێشکەوت، بۆیە خەڵك هەر پێیوایە فەرنساو ئەڵمانیا و بەریتانیا باشن و زۆر گرنگی بە پۆڵەندا نادەن، بەڵام کاتێک من لێرە ژیام و بینیم ئەوان گرنگی بە هەموو شتێک دەدەن و هەوڵدەدەن کە مێژوویان خۆی دووبارە نەکاتەوە و لە ماوەیەکی زۆر کەم توانیان زۆر پێشبکەون بەتایبەتی ئابووری و خوێندن، بۆیە من هەمیشە دەمەوێ ئێمەش وەک پۆڵۆنییەکان بین و وەک ئەوان هەوڵبدەین، ئەوان مێژوویەکی ئەوەندە ناخۆشیشیان هەبووە، بەڵام هەوڵیاندا و سەرکەوتن، بۆیە هیوادارم خەڵک لە کوردستان گرنگی بە پۆڵەندا بدەن و سوودیان لێوەرگرن بەتایبەتی بۆ خوێندن، کە دەرفەتی زۆری هەیە.
 
هێمن عەبدوڵڵا: کاک راستی باسی ژیری دەستکردمان کرد، بەڵام ئەوەی تۆ دەیخوێنی فراوانترە، دەڵێن ئەوەی زۆر لەگەڵ کۆمپیۆتەر بوو تێکەڵاوی زۆری خەڵکی نابێت... لێرە دەرفەرتی زۆرت هەبووە بۆ ئەوەی تێکەڵاوی پۆڵۆنییەکان بی و پڕۆژی ژیری دەستکرد لێرە چۆن کاری لەسەر دەکرێت و ئێمە لە کوردستان چۆن دەتوانین سوودی لێوەرگرین؟
راستی بلباس: پرسی ژیری دەستکرد لێرە لە پۆڵەندا کاری جیددی و زۆری لەسەر دەکەن، لەو چەند ساڵەی رابردوو کە من لێرە بینیومە گەشەیسەندووە، لێرە سیستەمێکیان دروستکردووە کە کاری خەڵکی بەتایبەت لە فەرمانگە حکومەییەکان زۆر ئاسانکردووە، واتە پێویست ناکات کەسێک بچێتە فەرمانگەکان و لاپەڕە و ئەوراق پربکاتەوە، جێگەی خۆشحاڵییە خەریکە لە کوردستانیش سیستەمی ئەلیکترۆنی بەکاردێت و پەرەی پێدەدرێت، بەڵام داهاتوو بۆ ژیری دەستکردە، هەر لە مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانمان هەموویان لایەنێکی ژیری دەستکردیان تێدایە، بەڵام لایەنی نەرێنیشی زۆرە، بۆنموونە ئێستا یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێ هاوسەنگییەک راگرێت لەنێوان خەڵک و ژیری دەستکرد زۆر خەڵک دەڵێن لە داهاتوودا لەوانەیە کار نەمێنێت بەهۆی ژیری دەستکردەوە کە هەمووی دەبێتە رۆبۆت، دەیانەوێ بە یاسایەک رێگە نەدەن کۆمپانیاکان بەرێژەیەکی زۆر ژیری دەستکرد بەکاربێنن بۆئەوەی نەبێتە هۆی ئەوەی پێویستی بە هەلی کار و خەڵک نەمێنێت، هیوادارم لە کوردستانیش پەرە بە ژیری دەستکرد بدرێت.

هێمن عەبدوڵڵا: پۆڵۆنییەکان لە بەڕێوەبردنی حکومەتدا سیستەمی ئەلیکترۆنییان بەهێزە، ئایە لە پرسی خوێندندا ئەوەندە لەپێشن بەڕاستی؟ واتە شتی ئەوەندە گرنگیان هەیە کەلە دونیا پشت بە پۆڵەندا ببەسترێت لە پرسی ژیری دەستکرد؟
 
راستی بلباس: بەڵێ بێگومان ئێستا زۆربەی زۆری کۆمپانیا گەورەکانی جیهان وەک فەیسبووک و گووگڵ هەموویان هاتوون لە وارشۆی پایتەخت لقیان کردووەتەوەو  سوود لە پسپۆرو شارەزایانی پۆڵۆنیی دەبینن بۆ ژیری دەستکرد، چونکە زانکۆ تەکنیکییەکانی پۆڵەندا لە ئاستی جیهان لە ئاستێکی زۆر بەرزدان، ئەمە وایکردووە خەڵک و کۆمپانیاکانیش بێنە پۆڵەندا سوود لە ژیری دەستکرد وەربگرن و فێری بن، پۆڵۆنییەکان ئارەزووی زۆریان بۆ ژیری دەستکرد هەیە و دەزانن داهاتوو بۆ ژیری دەستکردە.
 
هێمن عەبدوڵڵا: بەنیازی بگەڕێیەوە کوردستان یان لێرە دەمێنیەوە؟
 
راستی بلباس: بەو پلانەی ئێستا هەمە لێرە دەمێنمەوە، چونکە زۆر شت ماوە لێرە فێربم لە بارەی ژیری دەستکردەوە، دوای ئەوەی بە باشی فێربووم و شارەزابووم رۆژێک لە رۆژان دەگەڕێمەوە نیشتمان و خزمەت بە کوردستان دەکەم لەو بوارە.
 
هێمن عەبدوڵڵا: پێش بەرنامە بەمنت گوت خەریکی فێربوونی ژیری دستکردم، منیش گوتم پەکوف خەریکی ئیشێکیت کە دواتر بێ ئیشت دەکات... تۆ گوتت نانا تاوەکو بیست ساڵی دیکە کاریان بەمن دەبێت، بەڕاستی ئەمە وایە؟
 
راستی بلباس: لەبارەی نەمانی کار ئەوە شتێک نییە بڵێین زوو رووبدات، لەوانەیە لەهەندێ بابەت زوو رووبدات بەتایبەتی لە دروستکردنی وێبسایت، بەڵام دەتوانین ئێمە بەربەست دابنێنێین کە ژیری دەستکرد نەتوانێت هەموو شتێک دروست بکات و لە دەستی خۆمانە دەتوانین وابکەین ئیش نەمێنێت و دەشتوانین وا بکەین کە هاوسەنگییەک لە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد و هەلی کار رابگرین.
 
هێمن عەبدوڵڵا: چ شتێک هەیە لەو بوارەی کە خۆت دەیخوێنێ و بڕیارت دابێت رۆژێک بیبەیەوە کوردستان؟
 
راستی بلباس: ئەوەی راستی بێت تازە من دەستمکردووە بە فێربوونی ژیری دەستکرد، واتە تاوەکو ئێستا هیچ شتێک نییە کە بڵێم دەمەوێ ئەمە ببەمەوە کوردستان، بەڵام ئەو بابەتەی کەمن هەڵمبژاردووە لە بەڕێوەبردن چۆن ئای ئای بەکاربهێنرێت، یاخود لایەنی بەڕێوەبردنی حکومەت کاتێک بە تەواوی فێربووم و گەڕامەوە کوردستان دەمەوێ لەڕووی بەڕێوەبردن و فەرمانگەکان ژیری دەستکردیان پێبناسێنم، لەوانەیە ئێستا هەندێک کەس لەوێ شارەزاییان لەو بوارە هەبێت، بەڵام کاتێک من هاتم لە هەموو زانکۆکەمان تەنیا یەک کەس هەبوو لە بواری ژیری دەستکردا شتێکی دەزانی، بەڕاستیش ژیری دەستکرد نەبوو بەڵام خۆی پێ هەڵواسی بوو.
 
هێمن عەبدوڵڵا: کاک زیاد لە بواری ئەکادیمیدا خەڵک وردە وردە دێنە ئێرە بۆ خوێندن و لەوانەیە دیاسپۆرایەکی باش لێرە دروست بێت، هەروەها هەندێک کەسێکیش دەیانەوێ بێن لێرە بژین، چۆن خەڵک بتوانێت بە رێگەی یاساییەوە بێتە پۆڵەندا، نەک تەنیا بۆ خوێندن بەڵکو بۆ کارکردن؟
 
زیاد رەئووف: حەز دەکەم تێبینییەک بڵێم، لە ساڵی 2004 یەکەم دەستەی خوێندکار بۆ ماستەر و دکتۆرا هاتنە پۆڵەندا و دواتر گەڕانەوە کوردستان و ئێستا خزمەتێکی زۆر دەکەن و ژمارەشیان زۆر بوون و هەندێکیان بوونە سەرۆکی زانکۆ و هەندێک بوونە راوێژکاری سەرۆکوەزیران و هەندێکیان بوونە راگری کۆلێژ و هەروەها بوونە مامۆستای زانکۆ، چەندین پۆستی دیکەیان هەیە، بۆیە شوێنپەنجەیان دیارە لە کوردستان، لەبارەی هاتنی کۆچبەران دەبێت ئەو راستیە بڵێن ئەوانەی لە رێگەی پۆڵەنداوە دێن مەبەستیان پۆڵەندا نییە، بەپیێ قسەکانی پۆلیس ئەوان چەند رۆژێک ئازاد دەبن و روودەکەنە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، بەڵام ئەوانەی دەستگیر دەکرێن کە داوای مافی مانەوە ناکەن، پۆلۆنیاش دەڵێت ناتوانین ئازادیان بکەین و بڕۆنە وڵاتانی دیکە بەهۆی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا هەیانە، ئەمە کێشەکەیە، بەڵام رێگەی یاسایی ئەوەیەی پێشکەشکردنی داواکاری ڤیزا بە فەرمی بۆ خوێندن بێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات