رووداو دیجیتاڵ
دیپلۆماتکاری باڵا و یاریدەدەری نوێنەری پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، داهاتووی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەندە بە گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق، پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە و لایەنە سیاسییەکانی ناوچەکە "سازشی ریالیستی" بکەن.
ویلیام رۆبەک، دیپلۆماتکاری باڵا و یاریدەدەری نوێنەری پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو جەختی کردەوە، سیاسەتی فەرمیی ئەمریکا پشتگیری لە دانوستاندن دەکات کە تێیدا تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریاوە لەپێشینەیەکی سەرەکییە. ئاماژەی بەوەش دا، هەرچەندە لامەرکەزییەت بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە "مانادارە"، بەڵام هەر مۆدێلێک دەبێت جێگەی قبووڵی حکومەتی دیمەشقیش بێت.
سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش، رۆبەک ستایشی رۆڵی "زۆر کاریگەری" هەسەدەی کرد وەکو هاوبەشێکی ئەمریکا، هۆشدارییشی دا کە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش هێشتا جدییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو پێیوابوو، یەکخستنی هەسەدە لە چوارچێوەی سوپایەکی نیشتمانیدا، چارەنووسێکی حەتمییە.
ناوبراو ئاشکرای کرد، وڵاتانی کەنداو سەرنجیان زیاتر لەسەر ئاوەدانکردنەوەی سووریا و وەبەرهێنانە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی نوێیە لە هاوکێشەکاندا.
رۆبەک ئامۆژگاریی حکومەتی ئەمریکای کرد کە کاریگەریی خۆی بەکاربهێنێت بۆ یارمەتیدانی هەسەدە، تاوەکو بگاتە "رێککەوتنێکی باش" کە رێز لە قوربانیدانەکانی بگرێت، پێش ئەوەی لە داهاتوودا هێزەکانی ئەمریکا بکشێنەوە.
رۆبەک بە شێوەیەکی چالاکانە لە رۆژئاوای کوردستان بووە و یەکێک لە نێوەندگیرە سەرەکییەکانی نێوان حکومەتی ئەمریکا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بووە. پەیوەندییەکی نزیکیشی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هەبووە.
ویلیام رۆبەک، دیپلۆماتکارێکی باڵا و بەئەزموونی پێشووی ئەمریکا لەبارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریاوە وەڵامی پرسیارەکانی نالین حەسەنی دایەوە:
رووداو: بەڕێز ویلیام رۆبەک، زۆر سوپاس کە بوویتە میوانی رووداو. رووداوەکانی سوەیدا جارێکی دیکە گرژییە ئیتنی و مەزهەبییەکانی سووریایان هێنایەوە پێشەوە. ئایا مۆدێلی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان پێکەوەژیانی پێکهاتەکان بەهێز ناکات؟
ویلیام رۆبەک: پرسیارێکی باشە. ئاشکرایە کە گرژیی بەرچاو لە سووریا هەیە، نەک تەنیا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بەڵکو لە بەشەکانی دیکەی وڵاتیش. پێموایە تا رادەیەک لامەرکەزییەت مانادارە و بێگومان لەگەڵ لامەرکەزییەتدا پێویستی بە ئیدارەی خۆجێی وەک بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەیە. لە کۆتاییدا دەبێت ئەم کێشانە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق چارەسەر بکرێن. ئەوەی ئەمریکا سوورە لەسەری ئەمەیە. بۆیە، دەبێت ئەمە لە رێگەی دانوستاندنەوە بکرێت. من باش نازانم حکومەتی ناوەندی، حکومەتی دیمەشق، چۆن قبووڵی دەکات بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەک خۆی بمێنێتەوە. ئەمە دەبێت ببێتە بەشێک لە گفتوگۆکان لەسەر یەکخستنی هەسەدە لەنێو سوپای حکومەتی ناوەندیدا.
رووداو: ئەو تووندوتیژییەی دژی عەلەوییەکان لە سەردەمی ئەحمەد شەرع گەیشتە ئاستی کۆمەڵکوژی، ئایا ئەمە بۆ داهاتووی سووریا جێگەی مەترسییەکی گەورە نییە؟
ویلیام رۆبەک: پرسیارێکی باشە. ئاشکرایە، ئەو تووندوتیژییەی کە لە مانگی نیساندا بە هێرشکردنە سەر عەلەوییەکان روویدا و تووندوتیژییەکەی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیدا، لەنێوان درووزەکان و عەرەبە سوننە بەدەوییەکان، رووداوی زۆر جدین. دەبێت لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێت. ئاشکرایە کە کاری زۆر لەپێش حکومەتی ناوەندی و سوپای نیشتمانی لە دیمەشقە بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی ئەمنیی کاریگەرتر. پێموایە ئەمریکا و دۆستەکانی دیکەی سووریا لەگەڵ حکومەتی دیمەشق کار دەکەن بۆ ئەوەی ئاستی ئەدای ئەمنییان باشتر بکەن. منیش هاوڕام، ئەم رووداوانە جدین و جێگەی نیگەرانین. پێویستە دۆستەکانی سووریا لە دەرەوە، وەک ئەمریکا و ئەوانی دیکە، لەگەڵ حکومەتی دیمەشق کار بکەن بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە ئەم جۆرە تووندوتیژییانە جارێکی دیکە روونادەنەوە.
رووداو: ئایا راستە کە ئەمریکا پشتگیری لە مەرکەزیکردنی سووریا دەکات و دژی داواکارییەکانی کورد، عەلەوی و درووزەکان بۆ سیستمێکی لامەرکەزی دەوەستێتەوە؟
ویلیام رۆبەک: پێموایە ئەوەی نوێنەری تایبەت روونیکردووەتەوە ئەوەیە کە ئەمریکا دەیەوێت رێککەوتنێک بکرێت. ئەوان کاتێکی دیاریکراو بۆ دانوستاندنەکان دادەنێن بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە ئەم رێککەوتنە دەکرێت. ئەوان تێدەگەن کە لە نموونەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریادا، هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوبەشە مەدەنییەکانیان داواکاریی خۆیان هەیە، هەروەها حکومەتی نیشتمانیی دیمەشقیش داواکاری و مەرجی خۆی هەیە. بۆیە پێویستی بە دانوستاندن هەیە. پێموایە حکومەتی ئەمریکا ئەوە روون دەکاتەوە کە یەکگرتنی هێزەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەبێت رووبدات. ئەمە بۆ ئەوان لەپێشینەیەکی سەرەکییە. بۆیە، پێموانییە ئەوان دژی ئاستێک لە لامەرکەزییەت بن، بەڵام ئەوەی دەیڵێن ئەوەیە کە دەبێت شتێک بێت حکومەتی نیشتمانیش قبووڵی بکات. بۆیە، دەبێت لە دانوستاندنەکاندا هەردوو لا بگەنە رێککەوتن.
رووداو: جەنابتان سەردانی رۆژئاوای کوردستانتان کردووە. لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە قامشلۆ کۆبوونەوە و داوای فیدراڵیزم بووەتە داواکاریی هاوبەشی کورد، بەڵام دیمەشق ئامادە نییە لەسەر ئەم بابەتە دانوستاندن بکات. ئایا پشتگیریی ئەمریکا بۆ ئەم سیاسەتەی دیمەشق راستە؟
ویلیام رۆبەک: پێموایە دەبێت سەرکردایەتیی سیاسی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هەندێک سازش بکات. لە راستیدا، پێموانییە ریالیستی بێت هەمان هەڵوێستەکانی چەند ساڵ لەمەوبەر بەردەوام بن. ئەم بڕیارە نوێیانە سەخت دەبن. ئەگەر هەسەدە بیەوێت لە یەکگرتنەوەدا سەرکەوتوو بێت، پێموایە هەندێک لە هەڵوێستەکانی پارتە سیاسییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەتی سووربوونیان لەسەر لامەرکەزییەکی رەها، بەرگریکردن لێیان لە بەرامبەر پێویستیی رێککەوتنێکدا، ئەستەم دەبێت.
رووداو: ئەگەر بەپێی دۆخی ئێستای سووریا ئۆتۆنۆمی ئەستەم بێت، دەسەڵاتی دیمەشق دەتوانێت کام مافی سەرەکی بداتە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا؟
ویلیام رۆبەک: پرسیارێکی سەرنجڕاکێشە. بێگومان، هێز و سەرکردایەتیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هەڵوێست و لەپێشینەکانی خۆیان هەیە. لە دانوستاندنەکاندا بێگومان ئەوان لەسەر لەپێشینەکانیان سوور دەبن. پێموایە ئەوان دەتوانن بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی سەربەخۆیی و لامەرکەزییەت دانوستاندن بکەن. ئەوەی من دەیڵێم ئەوەیە کە رێککەوتنێک دەکرێت. هیوادارم، ئەمریکا و فەرەنسا، بەڵام بێگومان ئەمریکا وەک ئەکتەرێکی سەرەکی، یارمەتیی هەردوو لا دەدات بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە کە سەقامگیریی سووریا بۆ هەموو گەلەکانی، هەم زۆرینە و هەم پێکهاتەکان، بەهێز بکات.
رووداو: ئایا پشتگیریی تۆماس باراک بۆ مەرکەزیکردنی سووریا، بۆچوونی فەرمیی حکومەتی ئەمریکایە؟
ویلیام رۆبەک: پێموایە باڵیۆز باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا، بە دەسەڵاتێکی گەورەوە بۆچوونەکانی حکومەتی ئەمریکا دەردەبڕێت. ئەو هاوکارێکی زۆر نزیکی سەرۆک ترەمپە و متمانەیەکی زۆری پێیەتی. بۆیە، ئەگەر گوێتان لێبوو کە هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتانە دەڵێت، دەبێت ئەوە قبووڵ بکەن کە ئەوەی دەڵێت، بۆچوونی فەرمیی ئەمریکایە.
رووداو: واتە لە قسەکانی ئێوە و گوتەکانی باراک تێدەگەین کە سووریا بەرەو مەرکەزییەت دەڕوات؟
ویلیام رۆبەک: پێموایە هەندێک گۆڕانکاری روودەدەن. لە رووی سەربازییەوە، زیاتر وەک سیستمێکی مەرکەزی دەردەکەوێت. لە رووی ئیدارەی خۆجێیەوە، وەک ئیدارەی شار و شارۆچکەکان، رەنگە دەسەڵاتی زیاتری لامەرکەزی هەبێت. دەبێت چاوەڕوانی ئەمە بکرێت. پێموایە تاوەکو ئێستا دانوستاندنەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر لایەنی سەربازی بوون و لەو لایەنەوە، ئەگەری هەیە فەرماندەیی و کۆنترۆڵی ناوەندی زیاتر بێت. ئەمە تەنیا شێوازی کارکردنی سوپایە. زۆر ئەستەمە پێکهاتەیەکی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی سەربازیی لامەرکەزی هەبێت. ئێستا، تایبەتمەندییەکانی چین و پێکهاتەی فەرماندەیی هەسەدە چۆن یەکدەخرێت، من وردەکارییەکانی نازانم. پێموایە ئەو وردەکارییانە دەبێت لەنێوان حکومەتی دیمەشق و هەسەدەدا چارەسەر بکرێن.
رووداو: بەڕێز ویلیام، دەمەوێت بۆچوونی ئێوە وەربگرم. ئێوە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بوون. هەروەها یاریدەدەری نوێنەری ئەمریکا بوون بۆ کاروباری سووریا. لەم قۆناخەدا کە داعش هێشتا مەترسییە، بوونی هەسەدە چەندە پێویستە؟
ویلیام رۆبەک: بێگومان شەڕی دژی داعش زۆر گرنگە. دەبێت بڵێم وەک کەسێک کە چەندین ساڵ لە گۆڕەپانەکە بووم، دەزانم هەسەدە وەک هاوبەشێکی ئەمریکا چەندە کاریگەر بووە. زۆر، زۆر کاریگەر بووە. لەم رووەوە هیچ گومانێک نییە. بۆ داهاتوو، ئەستەمە. پێموایە لە کۆتاییدا، پێویستی بە رادەیەکی بەرچاو لە یەکخستنی هەسەدە لەنێو سوپایەکی نیشتمانیی سووریادا هەیە. ئەمە ئاڵنگارییەک دەبێت، بەڵام ئاڵنگارییەکە کە ناچار دەبن رێگەی چارەسەری بۆ بدۆزنەوە. کات و دۆخ لە سووریا و لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەگۆڕێن. سەرکردایەتییەکی باش ئەوەیە کە رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە ببێتەوە و رێگەیەکی نوێ بۆ داهاتوو بدۆزێتەوە کە هەم شتێک لە رابردوو دەپارێزێت، هەمیش شێوازی نوێی کارکردن قبووڵ دەکات. ئەمە ئەو شتەیە کە هەسەدە ناچارە بیکات.
رووداو: پرسیاریش هەر ئەمەیە؛ ئایا فشارەکان بۆ تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سووریاوە، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش زیاتر ناکات؟
ویلیام رۆبەک: بەڵێ، پێموایە زۆر ئەگەری هەیە سەرهەڵدانەوەیەکی دیکەی داعش رووبدات. ئەمە مەترسییەکی گەورەیە. هەر لەبەر ئەمەیە کە هەسەدە و بوونی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها هاوبەشییەکەی لەگەڵ ئەمریکا زۆر گرنگە. هیوادارم ئەم هاوبەشییە بەردەوام بێت. هاوبەشییەکی زۆر بەنرخ بووە. بە گشتی، پێموایە، تواناکانی داعش زیاد دەکەن. ئەوان هێشتا بە بەراورد بە لوتکەی هێز و کاریگەرییان لە ساڵانی 2016 و 2017دا تاڕادەیەک سنووردارن. پێموایە ئەوان هەوڵ دەدەن چالاکییەکان و کادرە سەرکردایەتییەکانیان بەهێز بکەن. زۆر گرنگە کە هەسەدە و ئەمریکا پێکەوە لەسەر ئەم هەڕەشەیەی داعش دروستی دەکات، بە ئاگا بن.
رووداو: بۆ ئەوەی پێکهاتەی هەسەدە پارێزراو بێت، دەبێت حکومەتی ئەمریکا چی بکات؟
ویلیام رۆبەک: دەبێت ببینین ئەم پرۆسەیە چۆن بەڕێوەدەچێت. ئێستا هێزەکانی ئەمریکا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەمێننەوە، بۆیە کاریگەرییان هەیە؛ واتە توانای دەستوەردانیان لە دۆخەکەدا هەیە. پێموایە دەبێت ئەمریکا ئەو کاریگەرییە بەکاربهێنێت بۆ یارمەتیدانی هەسەدە تاوەکو لەسەر رێککەوتنێکی باش دانوستاندن بکات کە رێز لە بەرژەوەندییەکانیان بگرێت. لە کۆتاییدا ئەمریکا دەکشێتەوە، بەڵام کاتەکەی دیار نییە. پێموایە لە ماوەیەکی کورتدا نابێت، بەڵکو لە ماوەیەکی مامناوەند یان درێژخایەندا دەبێت. بۆیە گرنگە کە هەسەدە هاوسەنگیی راست و رێککەوتنی راست لەگەڵ حکومەتی نیشتمانیی دیمەشق بدۆزێتەوە، بە شێوەیەک کە رێز لە بەرژەوەندییەکانی هەسەدە و حکومەتی نیشتمانی بگرێت.
رووداو: بەڕێز ویلیام رۆبەک، ئێوە ئێستا یاریدەدەری سەرۆکی هاوپەیمانیی کەنداون. وڵاتانی کەنداو چۆن لە رۆڵی هەسەدە و داهاتووی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەڕوانن؟
ویلیام رۆبەک: پێموایە ئەوان تێدەگەن کە هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزێکی زۆر گرنگ بوون لە شەڕی دژی داعشدا. ئەوان تێدەگەن کە هەسەدە رۆڵێکی سەرەکی لە تێکشکاندنی داعشدا گێڕاوە. بۆیە وڵاتانی کەنداو لەمە تێدەگەن و بەهای بۆ دادەنێن. لە راستیدا، پێموایە ئێستا وڵاتانی کەنداو زیاتر سەرنجیان لەسەر رووداوەکانی دیمەشقە و ئەو شتانەیە کە دەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوە و بووژاندنەوەی سووریا بکرێن. بۆ نموونە، من ئەمڕۆ بینیم کە شاندێکی بازرگانیی زۆر گەورەی سعودیە لە دیمەشقە. ئەوان رێککەوتنێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ بەرهەمهێنان بە بڕی 6 ملیار دۆلار واژۆ کردووە. ئیماراتیش بۆ نوێکردنەوەی بەندەری تەرتووس رێککەوتنێکی 800 ملیۆن دۆلاری واژۆ کردووە. بۆیە، ئارەزوویەکی گەورەی وڵاتانی کەنداو بۆ بەرهەمهێنان و یارمەتیدان بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا هەیە.
رووداو: بەڕێز ویلیام، ئەگەر ئێوە ئێستا نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا بوونایە، چ ئامۆژگارییەکتان بۆ حکومەتی ئەمریکا دەبوو؟
ویلیام رۆبەک: ئامۆژگاریم دەکردن کە تێگەیشتنیان بۆ هەڵوێستی هەسەدە هەبێت و قوربانی و دەستکەوتە گەورەکانی کە هەسەدە لەگەڵ ئەمریکادا بەدەستی هێناون، بەرز بنرخێنن. پێموایە تا ئێستا، ئەوەی باڵیۆز باراک روونیکردووەتەوە ئەوەیە کە ئەو لەمە تێدەگات، بەڵام ئەگەر من ئامۆژگارییان بکەم، جەخت دەکەمەوە؛ یارمەتییان بدەن رێککەوتنێکی باش بکەن، لەگەڵ هەردوو لادا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە کار بکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو قوربانییانەی هەسەدە لە ماوەی دەیەی رابردوودا بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە دژی داعش داویەتی، بەرز بنرخێنن.
رووداو: سوپاس، زۆر سوپاس.
ویلیام رۆبەک: زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ