مەحموود سەنگاوی: سەردەمەكە هی ئەوە نییە خۆم بەربژێر نەكەمەوە

27-11-2019
زریان حاجی
نیشانەکردن مەحموود سەنگاوی
A+ A-
رووداو – هەولێر

مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرەی چوارەی حیزبەكەی دەكات كە بڕیارە لە 7ی كانوونی یەكەمی داهاتوو ببەسترێ‌ و دەڵێت ئەو سەرەتا بڕیاری دابوو خۆی بۆ سەركردایەتی كاندید نەكاتەوە و رێگە بۆ گەنجانی یەكێتی خۆش بكات، بەڵام دەڵێت سەردەمەكە هی ئەوە نییە جێیبهێڵێت و خۆی بەربژێر نەكاتەوە.
 
رووداو: ئامادەكارییەكانی یەكێتی بۆ بەستنی كۆنگرە چۆن بەڕێوەدەچن؟
 
مەحموود سەنگاوی: من هەموو جارێك گوتوومە، هەر كاتێك یەكێتی بكەوێتە مەترسییەوە خۆمانی بۆ دەكەین بە قوربانی. ئێستاش كۆنگرەمان لە پێشە. پێموایە كۆنگرەیەكی سەركەوتوو دەبێت و قۆناغەكانی ئامادەكاری بەستنی كۆنگرەش بە باشی دەچنە پێش. هەڵبژاردن لە كۆمیتە و مەكتەبەكان كراوە، ماوەتەوە لەناو مەڵبەندەكان هەڵبژاردن بكرێت و ئەندامانی كۆنگرە دیاری بكرێن. ئومێد دەكەین كۆنگرە لە كاتی خۆیدا ببەسترێ. ئەگەر چەند رۆژێكیش پێش بكەوێ یان دوابكەوێت لەو وادەیەی بۆی دیاری كراوە، رەنگە نەبێتە كێشە.
 
رووداو: هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرە لە كۆمیتەكانی سنووری قەزای كفری و چەمچەماڵ توندوتیژیی لێكەوتەوە و خەڵك كوژرا، ئەمە بۆ روویدا؟
 
مەحموود سەنگاوی: لە كفری لە نێوان دوو خزم كێشەیەك هەبووە كە یەكێكیان پێشمەرگەی كۆنە و بە تەبیعەت پیاوێكی تووڕەیە و ئێستا پەیوەندییان باشە، بەداخەوە دوو كەسیش كوژران، بەڵام ئەمە كێشەی كۆمەڵایەتی كۆن بوو،  رووداوەكە لەو رۆژە روویدا.
 
رووداو: كەی هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرە لە مەڵبەندەكان دەستپێدەكات؟
 
مەحموود سەنگاوی: لەم دوو رۆژەدا هەڵبژاردنی مەكتەبەكانی یەكێتی كۆتاییان دێت، دوای ئەوەش هەڵبژاردنی مەڵبەندەكان دێت.
 
رووداو: لەو ئۆرگانانەی هەڵبژاردنیان تێدا كراوە، پرۆسەكە شەفاف بووە؟ هیچ تێبینییەكتان هەبووە؟
 
مەحموود سەنگاوی: تا ئەمڕۆ كەس تەدەخولی تێدا نەكردووە و خەڵك بە ئازادی دەڕوات دەنگ دەدات بە نوێنەری خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە ململانێی سیاسییە لەناو هەموو حیزبێكی سیاسیدا لە كاتی كۆنگرەدا هەیە، خەڵك كۆببێتەوە و دەنگەكەی بگۆڕێ بیدا بە كەسێكی دیكە.
 
رووداو: وەك مەحموود سەنگاوی بەنیازی جارێكی دیكە خۆت بۆ سەركردایەتی كاندید بكەیت؟
 
مەحموود سەنگاوی: لەم سەردەمەدا یەكێتی بەجێناهێڵم. پێشتر بە حوكمی تەمەنەكەم بڕیارم دابوو بەهیچ جۆرێك خۆم هەڵنەبژێرم، بۆ ئەوەی خەڵكی گەنج بێنە پێشەوە، بەڵام ئەم سەردەمە هی ئەوە نییە حیزبەكەمان بەجێبهێڵم، خۆم كاندید دەكەمەوە ئەگەر خەڵك دەنگم پێ بدەن سوپاسیان دەكەم، ئەگەر دەنگیشم پێ نەدەن دیارە لە ئاستێكی دیكەی بەرپرسیارێتییەوە بیر دەكەنەوە.
 
رووداو: دەنگۆی دواخستنی كۆنگرە هەیە، پێتوایە دوابخرێت؟
 
مەحمود سەنگاوی: زۆربەی ئەندامانی یەكێتی پێموایە داوایان ئەوەیە لە كاتی خۆیدا كۆنگرە بكرێت، هەموو كارەكانیش كۆتاییان هاتووە، مەگەر چەند رۆژێك پاش و پێش بێ، ئەگەرنا دەكرێ.
 
رووداو: شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە رۆژانی رابردوودا پەیامێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا باسی هەوڵێك بۆ دواخستنی كۆنگرە دەكات، ئەم قسانە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟
 
مەحموود سەنگاوی: من پەیامەكەیم نەخوێندووەتەوە، بەڵام ئەوە رای خۆیەتی و قسەكردنیش ئاسانە.
 
رووداو: باسی رێككەوتنێك لەنێوان باڵەكان دەكرێت كە كۆسرەت رەسوڵ ببێ‌ بە سكرتێری گشتی و هەریەك لە مەلا بەختیار، پاڤڵ تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح بكرێن بە جێگری، ئەمە تا چەند راستە؟
 
 مەحموود سەنگاوی: شتی وام نەبیستووە و ئاگاداری ئەوە نیم.
 
رووداو: بڕیارتانداوە سكرتێر دابنرێتەوە یان سیستەمی سەرۆكایەتی حیزب دەگۆڕن؟
 
مەحموود سەنگاوی: لەناو كۆنگرە ئەندامانی كۆنگرە بڕیاری لەسەر دەدەن، چونكە ئەو كارە بە دەست كەس نییە و پرۆژەیە، رەنگە دەیان پرۆژەی دیكەش هەبێت تەقدیم بكرێت، بۆیە زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرە دەنگ لەسەر كام پرۆژە بدەن ئەوە دەچێتە ناو پەیڕەوی ناوخۆوە، واتە تا ئێستا قسەیەكی یەكلاكەرەوە لەسەر ئەوە نەكراوە سكرتێر دابنرێت یان سیستەمەكە بگۆڕێت.
 
رووداو: كەسی دیاریكراو لەناو یەكێتیدا هەیە بۆ پۆستی سكرتێر خۆی كاندید بكات، یان هاتبێتە پێش بۆ ئەو پۆستە؟
 
مەحموود سەنگاوی: خەڵك لەناو كۆنگرە خۆی كاندید دەكات، بەخەیاڵ هەموو كەسێك بۆ ئەو پۆستە خۆی كاندید دەكات، بەڵام ئایا لەناو كۆنگرە كێ خۆی كاندید دەكات و كێ دەردەچێت؟

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات