رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییەکان لە دەروازە وشکانی و دەریاییەکانی سووریا رایگەیاند، لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەروازەی سنووریی تەنەف - وەلید لەگەڵ عێراق نۆژەن دەکرێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 5 ملیۆن گەشتیار لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە هاتووچۆیان کردووە.
مازن عەلووش، بەرپرسی پەیوەندییەکان لە دەروازە وشکانی و دەریاییەکانی سووریا رۆژی سێشەممە 29ی تەممووزی 2025 لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نالین حەسەن، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی پلان و لێکۆڵینەوەین بۆ ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی دەروازەی سنووریی تەنەف لەگەڵ عێراق، لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا کاری چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی دەستپێدەکەین."
سەبارەت بە دەروازەی ئەلبوکەمال - قائیم، مازن عەلووش گوتی، "دیمەشق و بەغدا لە نێوەڕاستی حوزەیرانی رابردوودا گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ کاراکردنەوەی هاتووچۆی مرۆیی و بازرگانی تێیدا، لە سەرەتای 2025ـەوە 35 هەزار گەشتیار لەو دەروازەیەوە هاتووچۆیان کردووە، بەڵام جووڵەی بازرگانی هێشتا تاڕادەیەک لاوازە."
دەربارەی دۆخی ئەو دەروازانەی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دان، عەلووش باسی لەوە کرد، "5 دەروازەکە کە بریتین لە دەروازەی کۆبانێ، دەروازەی دربێسی، دەروازەی قامشلۆ - نسێبین، لەگەڵ هەردوو دەروازەی یەعڕوبیە - رەبیعە و سێمالکا، کە لە ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتدا، دەکەونە ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە."
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەروازە وشکانی و دەریاییەکانی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، "هیچ هاوئاهەنگییەک لەنێوان ئەوان و لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نییە، سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەردوولا."
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی مازن عەلووش، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەروازە وشکانی و دەریاییەکانی سووریا:
رووداو: دۆخی ئێستای دەروازە وشکانییەکانی سووریا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ژمارەی دەروازە سنوورییە وشکانییە کاراکانی سووریا چەندن؟ چەند دەروازە لە کارکردن وەستاون؟
مازن عەلووش: سەبارەت بە دەروازە سنوورییە وشکانییەکان، ئێمە لە سووریا نزیکەی 20 دەروازەی سنووریمان هەیە، کە ئێستا 11 دەروازەیان کراوەن. هەروەها چەند دەروازەیەک هەن کە کاریان لەسەر دەکرێت بۆئەوەی بخرێنەوە خزمەت، چەند دەروازەیەکیشمان هەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادا نین. ئەو دەروازانەی ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدان، 6 دەروازەمان لەگەڵ تورکیا هەیە، لە دەروازەی جەرابلوسەوە، پاشان راعی، سەلامە، حەمام، بابولهەوا و کەسەب. سێ دەروازەی سنووریمان لەگەڵ لوبنان هەیە کە کار دەکەن: دەروازەی جەدیدە یابوس، عەریزە و جوسیە. سێ دەروازەی دیکەش لە لوبنان هەن کە کاری نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوە و خستنەوە خزمەتیان بۆ دەکرێت. دەروازەیەکی سنووریمان لەگەڵ ئوردن هەیە کە دەروازەی نهسیبە. لە ئێستاشدا لەگەڵ عێراقی برادا تەنیا یەک دەروازەی سنووریمان هەیە کە لە خزمەتدایە، ئەویش دەروازەی ئەلبوکەمال-قائیمە. پشتیوان بە خودا پلانی داهاتوومان هەیە بۆ کردنەوەی ژمارەیەک دەروازەی دیکە. ئەو دەروازانەی کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدا نین، دەکەونە ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان.
رووداو: پلانەکانتان بۆ دووبارە کردنەوەی دەروازە سنوورییە کۆنەکان، یان دروستکردنی دەروازەی نوێی سنووری چین؟
مازن عەلووش: سەبارەت بە سنوورەکانی لوبنان، لەدوای رزگارکردنەوە دەروازەی جەدیدە یابوس - مەسنەعی سنووریمان کردەوە، کە ئەمە چالاکترین دەروازەمانە. پاشان لە مانگی ئاداری رابردوودا دەروازەی جوسیەمان لە باکووری لوبنان کردەوە، و دوو مانگ لەمەوبەر، دوو رۆژ پێش جەژنی قوربان، دەروازەی عەریزەمان کردەوە کە پارێزگای تەرابلوس لە باکووری لوبنان بە پارێزگای تهرتووس لە باکووری رۆژئاوای سووریاوە دەبەستێتەوە. لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بە کاری نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی دەروازەی دەبووسیە دەکەین کە دەکەوێتە نێوان ئەو دوو دەروازەیەوە و لە باکووری لوبنانە. ئەمە سەبارەت بە سنوورەکانی لوبنان. سەبارەت بە سنوورەکانی عێراق، بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراوە و چاککردنەوەکان لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی پلان و لێکۆڵینەوەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی دەروازەی سنووریی تەنەف-وەلید لە لایەنی عێراقەوە. لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا کاری چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە لەم دەروازەیەدا دەستپێدەکات. بە گشتی ئەمانە ئەو دەروازانەن کە ئێستا کاریان لەسەر دەکەین. پلانی داهاتوومان هەیە تاوەکو ئەو هەوڵانەی لە نێوان حکومەت و هێزەکانی "هەسەدە"دا دەدرێن پێدەگەن، بۆ کاراکردنەوەی دەروازەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
رووداو: لە سەرەتای ئەم ساڵەوە چەند گەشتیار لە رێگەی دەروازەکانی سووریاوە پێشوازییان لێکراوە؟
مازن عەلووش: لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ، لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە پێشوازیمان لە زیاتر لە 5 ملیۆن گەشتیار کردووە، کە سێ ملیۆنیان گەشتیاری هاتوو و دوو ملیۆنیان گەشتیاری رۆیشتوو بوون. ئەمەش لە هەموو ئەو 11 دەروازەیەی کە پێشتر باسم کردن. بێگومان نزیکەی نیو ملیۆن گەشتیاری دیکەشی دەچێتە سەر کە لە ماوەی دوای رزگارکردنەوە، واتە لە 8ی کانوونی یەکەمەوە تاوەکو سەرەتای ساڵی 2025 هاتوون.
رووداو: باسی دەروازەی قائیمت کرد لەگەڵ عێراق، دۆخی ئێستای دەروازەکە چۆنە؟ و قەبارەی هاتوچۆی رۆژانەی گەشتیاران و کاڵاکان لەوێ چەندە؟
مازن عەلووش: بێگومان سەبارەت بە دەروازەی ئەلبوکەمال - قائیم، ئێمە لە یەکەم رۆژی رزگارکردنەوەوە ستافەکانمان ناردە دەروازەکە. بەداخەوە دەروازەکە وێران و تاڵان کرابوو و پێویستی بە چاککردنەوەیەکی گشتگیر هەبوو. وەک قۆناغی یەکەم بە شێوەیەکی سەرەتایی نۆژەنمان کردەوە. ستافەکانمان نارد و ئامادەمان کرد. بۆ ماوەی شەش مانگ تەنیا پێشوازیمان لەو سووریانە کرد کە لە عێراق پەنابەر بوون و ئارەزووی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ سووریا هەبوو، چونکە گفتوگۆ سیاسییەکان لەگەڵ لایەنی عێراقی هێشتا پێنەگەیشتبوون بۆ کاراکردنەوەی بە تەواوەتی. بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا، گەیشتینە بڕیارێکی هاوبەش لەگەڵ براکانمان لە عێراق بۆ کاراکردنەوەی ئەم دەروازەیە، و هاتوچۆی گەشتیاران و بارهەڵگرەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەستیپێکرد. بێگومان ئێستا کارەکان هێشتا تا رادەیەک لاوازن، بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ زیاد دەکەن. ئێمە وەک قۆناغی یەکەم دەروازەکەمان بە شێوەیەکی سەرەتایی کار پێکردووە، و ئێستا لە قۆناغی دروستکردن و نوێکردنەوەیداین؛ هۆڵی نوێی گەشتیاران و هۆڵی گومرگ دروست دەکەین، گۆڕەپانەکان فراوان دەکەین و کارگەلێکی دیکە کە پلانمان هەیە لە ماوەی داهاتوویەکی نزیکدا کاریان لەسەر بکەین پشتیوان بە خودا. لەم دەروازەیەوە لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا نزیکەی 35 هەزار گەشتیار هاتوچۆیان کردووە، کە 23 هەزاریان هاتوو و 12 هەزاریان رۆیشتوو بوون. نزیکەی نیوەی ژمارەی گەشتیاران، واتە 17 هەزار گەشتیار، ئەو سووریانەن کە لە عێراق پەنابەر بوون و ویستوویانە بە ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە بۆ نیشتەجێبوون لە سووریا.
رووداو: ئەی سەبارەت بە جووڵەی رۆژانەی کاڵاکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی؟
مازن عەلووش: راستگۆیانە، هێشتا زۆر لاوازە، واتە رۆژانە تەنیا باسی دەیان بارهەڵگر دەکەین نەک زیاتر. هۆکارەکەشی دوورییەکەیەتی، زۆرێک لە بازرگانان پشتیان بە گواستنەوەی کاڵاکانیان لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ترەوە دەبەست چونکە ئەم دەروازەیە کارا نەبوو، جگە لەوەی رێگاکانی بەرەو ئەوێ پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە. بەڵام دەبینین کە دۆخەکە رۆژ لە دوای رۆژ باشتر دەبێت. لە پاڵ جووڵەی بازرگانیدا، دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە حکومەتی عێراقی برا دیارییەکی گەورەی گەنمی بۆ ناردووین. نزیکەی دوو مانگە، رۆژانە نزیکەی 60 بۆ 70 بارهەڵگری گەنم لەم دەروازەیەوە دێنە ناومانەوە، ئەمە جگە لە جووڵەی بازرگانی کە بە نزیکەی 20 بۆ 30 بارهەڵگر لە رۆژێکدا لە هەردوو ئاراستەدا مەزەندە دەکرێت. بەڵام کاروبارەکان رۆژ لە دوای رۆژ پشتیوان بە خودا بەرەوپێش دەچن، و پێشبینی دەکەین لە مانگی داهاتوودا ژمارەی بارهەڵگرەکان، چ ئەوانەی هەناردە دەکرێن یان ئەوانەی لە رێگەی دەروازەی ئەلبوکەمالەوە هاوردە دەکرێن، دوو هێندە ببن، و کاروبارەکان بەرەو باشتر دەچن.
رووداو: هیچ هەوڵێک هەیە بۆ کاراکردنەوەی دەروازەی رەبیعە - یەعڕوبیە؟
مازن عەلووش: راستگۆیانە، دەروازەی رەبیعە - یەعڕوبیە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدا نییە، لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە. ئەو و دەروازەی قامشلۆ و دەروازەی دربێسیێ و دەروازەی کۆبانێ. گرنگترین دەروازەشمان دەروازەی سێمالکایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەمانە گرنگترین دەروازەن لەم کاتەدا. ئەم دەروازانە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان. ئێمە وەک دەستەی دەروازە وشکانی و دەریاییەکان، چاوەڕوانی کرانەوەیەک دەکەین لە رێککەوتنەکەی کە لە 10ی ئاداری رابردوودا لەنێوان بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع و بەڕێز مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کرا و، جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە لەسەر زەوی تاوەکو ئەم دەروازانە وەربگرین و بیانخەینە سەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆمان بۆ ئەوەی هەموو دەروازە سنوورییەکانی کۆماری عەرەبی سووریا لەژێر یەک کۆنترۆڵدا بن. ئێمە ستافەکانمان بۆ وەرگرتنی ئەم دەروازانە ئامادە کردووە و پلانمان داناوە، بەڵام چاوەڕوانی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنەین تاوەکو پلانەکانمان بەرەوپێش ببەین.
رووداو: لەم بارەیەوە بەڕێز مازن، هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان لیژنەکانی ئێوە و لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا کراوە، بەتایبەتی سەبارەت بە بابەتی بەڕێوەبردنی دەروازەکان؟
مازن عەلووش: تا ئێستا نەخێر. وەک دەزانن، رێککەوتنەکە کراوە بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکرات تا ئێستا هەوڵدەدەن خۆیانی لێ بدزنەوە یان جێبەجێی نەکەن و کۆسپی زۆر لەبەردەم جێبەجێکردنیدا دروست دەکەن. تا ئێستا هیچ هەنگاوێکمان لەمبارەیەوە نەناوە. بێگومان بابەتی گرنگتر هەن کە دەبێت لەسەریان رێکبکەوین، وەک بابەتی سوپا و ئاسایش و بەڕێوەبردن بە گشتی، و لە کۆتاییدا بابەتی دەروازەکان ئەنجامێکی حەتمی دەبێت. تا ئەم ساتە، هیچ دانیشتنێک لە نێوان ئێمە و ئەواندا نەکراوە، تاوەکو لەسەر بابەتە سەرەکییەکان رێکدەکەوین، و بێگومان ئەم بابەتانە لە کۆتایی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەدا دەبن.
رووداو: باسی گرنگیی دەروازەی سێمالکات کرد، هیچ کەناڵێکی پەیوەندی لە نێوان ئێوە و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە؟
مازن عەلووش: پەیوەندی لە نێوان براکانمان لە وەزارەتی دەرەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، و ئەمەش بۆ هەمووان زانراوە. بەڵام وەک دەستەی دەروازەکان، پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵیاندا نییە، چونکە پەیوەندی سەبارەت بە کاروباری دەرەوە لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەوە دەبێت. بێگومان دەروازەی سنووریی سێمالکا دەروازەیەکی زۆر گرنگە، کە کاڵای لێوە دێتە ژوورەوە. ئێمە دەناڵێنین، و دەمەوێت ئاماژە بەم بابەتە بکەم، کە هیچ سنوورێکمان لەگەڵ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا نییە، بۆیە زۆرێک لە بازرگانان کاڵاکانیان لە رێگەی دەروازەی سێمالکاوە دێننە ژوورەوە و هەوڵدەدەن بە قاچاخ بیخەنە ناو بازاڕەکانی ناوخۆی سووریاوە. رۆژانە بەدەست هەوڵی بازرگانە چاوچنۆکەکانەوە دەناڵێنین بۆ هێنانی دەیان بارهەڵگری قاچاخ بۆ ناو بازاڕی ناوخۆیی بۆ خۆدزینەوە لە باجی گومرگی، کە ئەمانە بارهەڵگەرێکن لە بنەڕەتدا لە رێگەی دەروازەی سێمالکاوە هاتوونەتە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. ئێمە لە لای خۆمانەوە مەفرەزەکانی پۆلیسی گومرگیمان لە درێژایی جوگرافیای سووریادا بڵاوکردۆتەوە، چ لە شاری منبج لە باکووری رۆژئاوای سووریاوە تا دەگاتە دەروازەی ئەلبوکەمال. دەیان مەفرەزەی پۆلیسی گومرگیمان هەیە، و رۆژانە دەست بەسەر بارهەڵگری قاچاخدا دەگرین. ئێمە دەمانەوێت دەروازەکان یەکبخرێن تاوەکو لەم ماندووبوون و هەوڵە گەورەیەی ئێستا دەیدەین رزگارمان ببێت.
رووداو: هیچ پێشهاتێکی نوێ هەیە سەبارەت بە دەروازەی نسێبین - قامشلۆ؟ ئایا لە ئێستادا هیچ هەماهەنگییەک لەگەڵ لایەنی تورکی دەکرێت بۆ کردنەوەی؟
مازن عەلووش: بێگومان ئێمە لەگەڵ لایەنی تورکی سەبارەت بە هەموو دەروازە سنوورییەکان قسەمان کردووە، و دوو هەفتە لەمەوبەر سەردانی هەردوو دەروازەی گرێ سپی و سەرێ کانیمان کرد لە ناوچەی "کانیی ئاشتی". ئەم دوو دەروازەیە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادان، بەڵام لەژێر بەڕێوەبەرایەتیی ئێمەدا نەبوون. بە هەماهەنگی لەگەڵ براکانمان لە تورکیا کاردەکەین بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا هەردوو دەروازەی گرێ سپی و سەرێ کانی بخەینە سەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆمان. لەگەڵ تورکیا سێ دەروازەمان دەمێنێتەوە کە بریتین لە: دەروازەی کۆبانێ، دەروازەی دربێسی و گرنگترینیان دەروازەی قامشلۆ - نسێبین. لایەنی تورکی ئامادەیە ئەم دەروازانەمان رادەست بکات، بەڵام لایەنی بەرامبەری سنووری سووریا لەژێر کۆنترۆڵی تورکیا یان حکومەتی سووریادا نییە. ئەم سێ دەروازەیە لە لایەنی سووریاوە دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات. واتە وەرگرتنی ئەم پێنج دەروازەیە (ئەو سێیەی باسکرا لەگەڵ هەردوو دەروازەی یەعڕوبیە-رەبیعە و سێمالکا) ئەنجامی ئەو رێککەوتنە دەبێت کە لە نێوان ئێمە و هێزەکانی سووریای دیموکراتدا واژۆ کراوە.
رووداو: چەند بەندەری دەریایی کارا لە ئێستادا لە سووریا هەن و گرنگترینیان بۆ بارهەڵگرتنی بازرگانی کامانەن؟
مازن عەلووش: ئێمە دوو گرنگترین بەندەری دەریاییمان هەیە کە بریتین لە بەندەری تهرتووس و بەندەری لازقیە، کە تەواوکەری یەکترن و بە تەواوی لە بواری بارهەڵگرتنی بازرگانیدا کاردەکەن. رێککەوتنی نێودەوڵەتیمان سەبارەت پێیان واژۆ کردووە، لە بەندەری لازقیە گرێبەستێکی وەبەرهێنانی گەورەمان لەگەڵ کۆمپانیای CMAـدا کردووە، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان لە بواری بەڕێوەبردنی وێستگەکانی کۆنتێنەر. دوو هەفتە لەمەوبەریش، رێککەوتننامەی گرێبەستی وەبەرهێنانی بەندەری تهرتووسمان لەگەڵ کۆمپانیای بەندەرەکانی دوبەی جیهانی واژۆ کرد. سوپاس بۆ خودای گەورە، دوێنێ شاندێکی تەکنیکی گەورە لە کۆمپانیای بەندەرەکانی دوبەی گەیشت، و دەستی بە کارەکانی کردووە لە پلاندانان بۆ کاری نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی بەندەرەکە، و رێککەوتننامەکەش هەر لەو رێکەوتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها، کۆمپانیای CMA سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەیە کە لەگەڵماندا واژۆی کردووە لە وێستگەی کۆنتێنەرەکاندا. چەند رێککەوتنێکی دیکەش هەن کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ بەڕێوەبەرێکی گەورەی جیهانیدا بۆ بەڕێوەبردنی یەکێک لە بەندەرەکانی سووریا رووناکی دەبینن. جگە لەم بەندەرانە، بەندەری ناوخۆییمان هەیە بۆ کاری راوکردنی ماسی و چاککردنەوەی کەشتی و گەشتوگوزار، چ لە دوورگەی ئەرواد و سەری بەسیت و سەری ئیبن هانی و چەندینی تر، نزیکەی هەشت بەندەر، کە بەندەری سادەن و تەنیا بۆ کاری چاککردنەوە و راوکردن و گەشتوگوزار تەرخانکراون. وەک بەندەری سەرەکی، دوو بەندەرمان هەیە، سێیەمیشی دەخەینە سەر کە بەندەری بانیاسە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا بۆ پێشوازیکردن لە بارە نەوتییە هاوردەکراوەکان تەرخانکراوە. پلانێکیش هەیە بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا بکرێتە بەندەرێکی بازرگانی. دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە ناوچە ئازادەکان لە سووریا سەر بە دەستەی گشتیی دەروازە وشکانی و دەریاییەکانن. ئێمە لە سووریا دە ناوچەی ئازادمان هەیە کە بەسەر جوگرافیای جیاوازی سووریادا درێژدەبنەوە، لە دیمەشقەوە بۆ دەرعا و حومس و لازقیە، و چ لە ئیدلب یان لە یەعڕوبیە لە نزیک دەروازەی رەبیعە. ئەم ناوچە ئازادانە سەر بە دەستەکەی ئێمەن، و پلانی وەبەرهێنانی گەورەمان بۆیان ئامادە کردووە، و پلانێکیشمان هەیە بۆ فراوانکردن و ئامادەکردنیان تاوەکو وەک ناوچە ئازادە جیهانییەکانی لێبێت. هەروەها چەند گرێبەستێک هەن کە بەم زووانە بۆ دروستکردنی چەندین بەندەری وشکانی واژۆ دەکرێن، چ لە ئیدلب یان حەلەب یان لە حەسیا لە حومس. زۆر شتی دیکەمان لە هەگبەدا هەیە لە پلان و رێککەوتن کە لە چەند مانگی داهاتوودا رووناکی دەبینن. لە رێگەی مینبەرە بەڕێزەکەتانەوە بەڵێن بە گەلەکەمان دەدەین کە دەستەی گشتیی دەروازە وشکانی و دەریاییەکان هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی ئەم نیشتمانە و پێشکەشکردنی هەموو خزمەتگوزارییەکان بە گەلەکەمان، چ گەشتیار بن یان بازرگان یان هەموو سەردانیکەرانی ئەو لایەنانەی سەر بە ئێمەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ