رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەى بابلیونى کریستیانى عێراق بڕیاریدا بەشداریى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان بکات. پەرلەمانتارێکى ئەو بزووتنەوەیە دەڵێت: "بەشداری لە هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانیش دەکەین".
بزووتنەوەى بابلیون کە نزیکە لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیى شیعە، لە راگەیێندراوێکدا ئەو بڕیارەی ئاشکرا کرد کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-02-2023، بڵاویکردەوە. جگە لەو بڕیارە، بزووتنەوەکە چەند بڕیارێکی دیکەیشی داوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، مەکتەبی سیاسیى بزووتنەوەى بابلیون بە بڕیارى کۆى ئەندامانى مەکتەبەکە، بڕیاریداوە بەشداریى "کاراى" هەڵبژاردنەکانى هەرێمی کوردستان بکەن و دەستە و لقەکانیان لە هەرێمى کوردستان کارا بکەن، وەک ئامادەکاریی پێشوەخت بۆ هەڵبژاردنەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دورەید جەمیل، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى بابلیون بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بە گوێرەى بڕیارەکە، بەشداری لە هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دەکەن.
دورەید جەمیل گوتیشى: "لەگەڵ راگەیاندنى وادەى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان، بەربژێرانى خۆمان بۆ ئەو هەڵبژاردنە پێشکێش دەکەین".
ئەوە یەکەمجارە ئەو بزووتنەوەیە بەشدارى لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانى هەرێمى کوردستان بکات، دوای ئەوەى ساڵى 2021 بە بەربژێرى کۆتا بەشداریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى کرد و لەو چوار پەرلەمانتارەى دەرچوون، یەکێکیان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک بوو.
بزووتنەوەى بابلیون پێشتر هێزێکى چەکدارى نێو دەستەى حەشدی شەعبی بوو، بەرلەوەى خۆى وەک پارتێکى سیاسیى تایبەت بە کریستیانەکان رابگەیێنێت کە رەیان کلدانى سەرۆکایەتى دەکات.
ئەو هەنگاوە لەکاتێکدایە کە کۆتای پێکهاتەکانى پەرلەمانى کوردستان بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى ئەو پەرلەمانە یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانى نێوان یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان.
بابلیون جگە لەوەى بە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەزانرێت، پەیوەندى لەگەڵ یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان بەهێزە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ