رووداو دیجیتاڵ
نەوەیەکی نێلسن ماندێلا دەڵێت، هاوسۆزییەکی قووڵ لەنێوان خەڵکی ئەفریقای باشوور و گەلی کوردستاندا هەیە و ئاماژە بەوەش دەکات، گەلی کورد هاوشێوەی گەلانی دیکەی جیهان مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی ئاداری 2023، دووەمین کۆڕبەندی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بە ناونیشانی "خاڵەکانی وەرچەرخان و داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەك ناوەندی لێكۆڵینەوە و دامەزراوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەستیپێکرد و چەند پانێڵێک لەبارەی چەند بابەتێکی جیاجیا بە ئامادەبوونی شارەزا و بەرپرسانی بوارە جیاجیاکان بەڕێوەچوون.
سیابولێلا ماندێلا، نەوەی نێلسن ماندێلا، سەرۆکی پێشووتری ئەفریقای باشوور لە گوتەیەکدا تیشکی خستەسەر خەباتی گەلی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی و گوتی: "لای ئێمە گەلی کورد شەڕی بەدەستهێنانی مافی چارەنووسی خۆی کردووە؛ شەڕی بە یەکسانی گەیشتن بە مافە گەردوونییەکانی کردووە، هەروەک چۆن لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چەسپێندراون".
نەوەکەی نێلسن ماندێلا تیشکی باسی ئەو هاوسۆزییەی کرد لە نێوان گەلانی کورد و ئەفریقای باشوور هەبووە، بە تایبەتی دوای جەنگی دووەمی جیهانی و گوتی: "کاتێک ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی سەرکردایەتیی گەلی کوردی کرد لە ساڵی 1946، ماندێلا و هاوتەمەنەکانی لە نەوەی ئەو کاتە وانەیان لێ وەرگرت لە بواری ستراتیژ، تاکتیک، بەرهەڵستکاری، هێزی ئەو و گەلەکەی لە دەستکردن بە شەڕێكی بەهێز بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسیان؛ کاتێك ماندێلا و هاوڕێکانی لە شەستەکان تاوەکو نەوەدەکانی سەدەی رابردوو دەستگیر و زیندانیکران، گەلی کورد و گەلی فەلەستین بوون کە لەگەڵ ئێمە وەستان، هەرچەندە ئێوە سەرقاڵی شەڕی ئازادی خۆتان بوون".
نێلسن ماندێلا لە ساڵی 1944 پەیوەندی بە پارتی "کۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریقی"یەوە کرد کە ئەو کات رێکخراوێک بوو کاری بۆ بەدەستهێنانی مافی رەشپێستەکانی ئەفریقای باشوور دەکرد و لە ساڵی 1952 بووە جێگری سەرۆکی پارتەکە. ماندێلا ساڵی 1961 بە تۆمەتی "ناپاکی" دەستگیرکرا و ساڵی 1964 سزای زیندایی تا هەتایی بەسەردا سەپێندرا.
ساڵی 1989 دی کلارک بووە سەرۆکی ئەفریقای باشوور و چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانەش کۆتاییهێنان بە ئەپارتاید و ساڵی 1990یش ماندێلا لە زیندان ئازادکرا و ساڵی 1994 پارتی "کۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریقی" سەرکەوتنی لە یەکەمی هەڵبژاردنی ئازادانەی ئەو وڵاتە بەدەستهێنا و ماندێلاش بووە سەرۆکی ئەو وڵاتە.
نەوەکەی نێلسن ماندێلا لەبارەی ئەو قۆناخە و هەڵوێستی نێلسن ماندێلا و سەرکردەکانی دیکەی ئەفریقای باشوور قسەی کرد و گوتی: "کاتێک ماندێلا و هاوڕێکانی ئازادی و سەربەخۆیی خۆیان لە 1990دا بەدەستهێنا، ماندێلا خۆی راشکاوانە و بە روونی گوتی، ئازادیمان تەواو نەبووە تاوەکو ئەو دەمەی خەڵکی فەلەستین و گەلی کوردستان لە هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئازاد دەبن. کاتێک ماندێلا خەڵاتی ئاشتی ئەتاتورکی حکومەتی تورکیای لە ساڵی 1992 رەتکردەوە، ئەوە خۆی لە خۆیدا جاڕنامەیەک بوو و جەختکردنەوە بوو لەوەی کە ئێمە لەگەڵ گەلی کوردین لە شەڕکردنی بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی".
سیابولێلا ماندێلا جەختی لەوە کردەوە کە ئێستاش وەک نەوەی ماندێلا و خەڵکی ئەفریقای باشوور هاوسۆزییان بۆ گەلی کورد هەیە بۆ ئەوەی بە مافەکانی بگات و گوتی: "هەمیشە پرد لەنێوانماندا هەبووە. لەوانەیە ئێستا کاتی بێت بۆ دروستکردنەوەی ئەو پردانە؛ لەوانەیە کاتی بێت سەکۆیەک دروستبکەین کە تێیدا ئێمەی گەنج کۆببینەوە؛ گەنجان لە ئەفریقیای باشوور و سەرانسەری کیشوەری ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ دانانی ستراتیژ و تاکتیکی تایبەت بەوەی چۆن دەتوانین درێژە بە پاڵپشتیکردنی گەلی کورد و گەلانی ستەملێکراوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدەین لە پێناوی گەیشتن بە سەربەخۆییان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ