رووداو دیجیتاڵ
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، دوو درۆنی دیکە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرانە خوارەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیک کاژێر 01:30ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دوو درۆن لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرانە خوارەوە."
بەگوێرەی سەرچاوەکەی رووداو، درۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر خراونەتەخوارەوە.
هەر ئەمڕۆ دووجار هێرشی درۆنی کرایە سەر قەزای هەریر لە پارێزگای هەولێر.
شێروان جەلال، قایمقامی هەریر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێرشی یەکەم کاژێر 04:43ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە بوو و هێرشی دووەمیش کاژێر 08:15 بوو."
شێروان جەلال ئاماژەی بەوە کرد: "گومانەکان زۆری بۆ ئەوەن هێرشەکان بە درۆن کرابن."
جەنگەکەی ئەمجارە دوێنێ 28ـی شوباتی 2026 بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، وەک وەڵامێکیش بۆ هێرشەکان، ئێران بە مووشەک و درۆن چەند وڵاتێکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ