گرووپێکی چەکداری شیعە بەرپرسیاریێتی هێرشەکەی هەولێری لە ئەستۆ گرت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گرووپی (سەرایا ئەولیا دەم) کە خۆیان وەک بەشێک لە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، رۆژی یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026 رایگەیاند، لە رێگەی ژمارەیەک (درۆن)، هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە شاری هەولێر.

لە راگەیێندراوێکدا ئەو گرووپە ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکە "وەک پشتیوانییەک بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل" و هەروەها بۆ "بەرگریکردن لە سەروەریی عێراق" کراوە.
 
بەپێی دەقی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە لە رێگەی "ژمارەیەک درۆن" کرا و بنکە ئەمریکییەکانی لە هەولێر کردووەتە ئامانج.
 
هەتاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەو هێرشە یان راستی و دروستیی بانگەشەی ئەو گرووپە بڵاونەکردووەتەوە.
 
دوێنێ شەممە، دوای دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هەمان گرووپ رایگەیاند، "موجاهیدەکانمان ئۆپەراسیۆنێکی جۆرییان لە رێگەی سێ درۆنەوە کردووە و بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان لە هەولێر کردووەتە ئامانج."
 
گرووپەکە لە راگەیێندراوەکەیدا هۆکاری هێرشەکەی بۆ "پشتیوانیکردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" گەڕاندەوە. هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوەیان وەک "بەرگری لە سەروەریی عێراق" کردووە.
 
سەرایا ئەولیا دەم، یەکێکە لەو گرووپە چەکدارانەی دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2020 دەرکەوت.
 
یەکەمجار نییە ئەم گرووپە هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان. رۆژی 15ی شوباتی 2021ی هێرشێکی دیکەی مووشەکیی سەر شاری هەولێری گرتە ئەستۆ، کە تێیدا بەڵێندەرێکی سڤیل کوژرا و سەربازێکی ئەمریکی و چەند کەسێکی دیکە برینداربوون. دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی ئەنجامدەری هێرشەکەی بڵاوکردەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی مووشەکی ئێران کە بەرەو کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولیر دەڕوات

بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە هەولێر 6 هێرشی پووچەڵ کردووەتەوە

دەزگای دژەتیرۆری کوردستان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لەکاتی زەنگی ئاگادارکردنەوەدا خۆیان بپارێزن. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداویش، تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ 6 هێرش لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکاوە بەرپەرچدراونەتەوە