وەزیری کاری عێراق: کار بۆ زیادکردنی مووچەی کرێکاران دەکەین

01-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو کرێکارانەی لە کەرتی تایبەت تۆمارکراون 10٪ تێناپەڕێت. دەشڵێت، قەرزی پڕۆژەی بچووک و کەمترین مووچەی کرێکاران زیاد دەکەن.
 
ئەمڕۆ 1ی ئایاری 2025 یەکێتیی گشتیی سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق بەبۆنەی جەژنی جیهانیی کرێکاران لە بەغدا ئاهەنگێکی رێکخست. تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵی بۆنەکەی کرد.
 
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق لە وتارێکدا، باسی دەستپێکردنی هەڵمەتێکی وەزارەتەکەی کرد بەناوی "کاری سەلامەت" بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری سەلامەتی، تەندروستیی پیشەیی و هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی کارکردن لە کەشوهەوای گەرمی هاویندا.
 
وەزیری کار داوای لە خاوەنکاران کرد "پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی بن بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی کرێکاران و پاراستنی کەرامەت و تەندروستییان."
 
بەگوتەی وەزیری کار، لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە 50 هەزار هەلی کاریان دابینکردووە و پێیوایە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە شێوەیەک داڕێژراوە "کە دادپەروەرتر و گشتگیرتر" بێت.
 
ئەسەدی داوای لە هەموو دامەزراوەکان و خاوەنکاران کرد "کرێکارەکانیان لە فەرمانگەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆمار بکەن  و گوتی: "ئەو کرێکارانەی لە کەرتی تایبەت تۆمارکراون 10٪ تێناپەڕێت."
 
وەزیری کار باسی پێدانی قەرزی وەزارەتی کرد، کە دەیدەنە خاوەن پڕۆژە بچووکەکان، داواشیانکردووە ئەو قەرزانە بۆ (20، 30، 50) ملیۆن دینار زیاد بکرێن، بە مەرجێک کرێکارانی ئەو پڕۆژانە لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆمار بکرێن. هاوکات کاریان کردووە، کەمترین کرێ (مووچە) لە 350 هەزارەوە بۆ 450 هەزار دینار زیاد بکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە