رووداو دیجیتاڵ
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵا لە دژی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکات، کە لە ساڵی 1992 دەرچووە و تایبەتە بە موڵکەکانى حکومەت.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، 10ی حوزەیرانی 2026 یەکەم دانیشتنی تایبەت بەو سکاڵایە دەکرێت.
سکاڵاکەی تەیف سامی، وەزیرى دارایی فیدراڵ، لەسەر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی و ئابوورییە.
لەو سکاڵایەدا تەیف سامی داوای کردووە بڕیاری ژمارە 3326ی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە "نادەستووری" بناسێنرێت، کە لە 24ی تشرینی دووەمی 1992 دەرچووە.
بەگوێرەی سکاڵاکە، ئەو بڕیارە تایبەتە بە تۆمارکردنی سەرجەم موڵکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە، کە پێشتر بە ناوی حکومەتی پێشووی عێراق و ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی پێشووی دەسەڵاتی بەعس بوون.
ئەو شوێنانەی کە تۆمارکردنەکە بەگوێرەی ئەو بڕیارە گرتوویەتییەوە، بریتین لە شووقەی نیشتەجێبوون، باڵەخانەی فەرمانگەکان و سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان.
لە دەقی سکاڵای تەیف سامی داوا کراوە: "ئەو بڕیارە تانەلێدراوە هەڵبوەشێنرێتەوە وەک ئەوەی کە نەبووە، هەروەها سەرجەم لێکەوتە یاساییەکانیشی هەڵبوەشێنرێتەوە".
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگاداری سکاڵاکەین و پێمانگەیشتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیدا دیاری نەکراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ