بانکەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان مەرجی قورس بۆ پێدانی قەرز دادەنێن

01-07-2022
رووداو @Rudawkurdish
بانکەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان مەرجی قورس بۆ پێدانی قەرز دادەنێن
بانکەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان مەرجی قورس بۆ پێدانی قەرز دادەنێن
A+ A-

رووداو - هەولێر

بانکەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیارنامەی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە لەبارەی سووککردنی مەرجەکانی پێدانی قەرزی کەم بە خەڵکی ئاسایی جێبەجێ ناکەن. هاونیشتمانییان دەڵێن، مەرجەکانی پێدانی قەرز بە خەڵکی ئاسایی قورستر کراون، بەڵام بەشی زۆری قەرزەکان دەدرێن بە کەسانی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو. 
 
بانکەکان قەرزی جیاوازیان هەیە وەکو قەرزی هاوژینی، کرێی خانوو، دامەزراندنی پیشە و جێبەجێکردنی پڕۆژە، بە رێژەی سووی 1 تاوەکو نزیکەی 20٪. هاونیشتمانییان دەڵێن، مەرجی سەختیان بۆ دادەنێن و بیانوویان لێ دەبیننەوە، تاوەکو قەرزەکەیان پێنەدەن.
 
شەهرام ئیسماعیلپوور، هاونیشتمانیی خەڵکی بۆکان دەڵێت: "بۆ هەر بانکێک کە دەچووم لە پێشدا دەیانگوت بڕۆ حەوت مانگی دیکە، هەشت مانگی دیکە یان ساڵێکی دیکە وەرەوە، ئەو کات نۆرەت بۆ دادەنێین، یانی ئەو کات تازە دەیانویست نۆرە دابنێن." 
 
بەشێک لە قەرزە بانکییەکان بۆ ئەوەن، گەنجان بتوانن پیشە یان پڕۆژەیەک دابمەزرێنن و هەلی کار بۆخۆیان و خەڵکی دیکەش بڕەخسێنن، بەڵام ئەو ئامانجە تەنیا بۆ خەڵکێکی کەم هاتووەتەدی. گەنجان دەڵێن، کەسانی دەستڕۆیشتوو قەرزی بانکەکان وەردەگرن و بەشی خەڵکی ئاسایی ناهێڵنەوە.
 
فەردین عابیدی، هاونیشتمانیی خەڵکی بۆکان گوتی: "ناچار بووم ئێستا بچم قەرزی بانکی وەربگرم، ئەوەش سوودێکی ئێجگار زۆری هەیە. ئەوە دوو جۆر سوودی هەیە، یان دەبێت 50 ملیۆنی وەربگرم کە 20 ملیۆنی دێتە سەر، یان ئەوەی کە 100 ملیۆنییەک وەربگرم کە لە سەرەتادا 18 ملیۆنی خۆیان وەردەگرن و، لەولاشەوە دەبێ زیاتریان پێبدەمەوە."
 
بانکی ناوەندیی ئێران ساڵی رابردوو لە بڕیارنامەیەکدا بە بانکەکانی راگەیاند، ئاسانکاری بۆ پێدانی قەرزە کەمەکان بە خەڵکی ئاسایی بکەن. هەشت مانگ بەسەر ئەو بڕیارە تێدەپەڕێت و مەرجەکان قورسترکراون و سووک نەکراون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە