رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پڕۆژەی (هەژماری من)، دابەشکردنی مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاسانتر و خەرجکردنیشی خێراتر کردووە و روونی و شەفافییەت لە دابینکردنی مووچەی حکومەتیشدا زیاتر بووە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "خۆشحاڵم کە دەبینم زیاتر لە نیو ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی، لەڕێگەی ئەو بانکانەوە وەردەگرن کە بەشدارن لە پڕۆژەی (هەژماری من)".
پڕۆژەی (هەژماری من)، پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای راگەیاندنی پڕۆژەکە، ئەو کەسانەی هەژماری بانکییان هەیە لە هەرێمی کوردستان، لە کەمتر لە 5%ـەوە بووە بە زیاتر لە 15%.
باسی لەوەش کردووە، "پڕۆژەکە بانکەکانی هانداوە بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزاریی تاکەکەسی و زیادکردنی لق و تۆڕەکانی ئامێری راکێشانی پارە و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کڕیاران. پارە دانان لە بانکە بەشداربووەکانیش، بەردەوام روو لە زیادبوونە، کە بەم هۆیەوە، قەرزی تاکەکەسی و بازرگانی دەدرێت".
وەکو سەرۆکوەزیران باسی دەکات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ ملیار دۆلاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستا، لەڕێگەی بانکە بەشداربووەکانەوە دراوە، ئەمەش هەلی کاری نوێی لە کەرتی خزمەتگوزارییە داراییەکاندا رەخساندووە و رێگەی بۆ دروستبوونی متمانەی بانکی خۆشکردووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2028، خزمەتگوزاریی بانکی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر لە 50% بەرز دەکاتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی دەڵێت، "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام کاری زۆر زیاتر لەپێشە. بەردەوام دەبین لە کارکردن تاوەکو خەڵکی سوود لە خزمەتگوزاریی بانکیی پارێزراو و سەردەمییانە ببینن، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
ئەو کەسانەی لە رێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە مووچە وەردەگرن، دوای ئەوەی لەڕێگەی کورتەنامەوە ئاگادار کرانەوە، دەواتنن بچن مووچەکانیان رابکێشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ