رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، خوێندن بە حەوت زمان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لەنێویاندا جگە لە کوردی، تورکمانی و سریانی وەک زمانی دایک بە فەرمی دەخوێندرێن.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەرێمی کوردستان قوتابخانە بە زمانەکانی کوردی، تورکمانی، سریانی، عەرەبی، ئینگلیزی، ئەڵمانی و فەرەنسی هەن".
بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردە بۆ رووداو، لە هەرێمی کوردستان 23 قوتابخانەی سریانی هەن و هەزار و 504 قوتابی تێیاندا بە زمانی دایکیان دەخوێنن.
زۆرینەی قوتابخانە سریانییەکانی هەرێمی کوردستان لە دهۆکن کە 18 قوتابخانەن و هەزار و 272 قوتابی تێیاندا دەخوێنن، دواتر دوو قوتابخانە لە زاخۆ 178 قوتابییان هەیە و لە هەولێریش دوو قوتابخانەی سریانی هەن و 47 قوتابییان هەیە؛ هەروەها لە سۆران یەک قوتابخانەی سریانی هەیە و 7 قوتابی هەیە.
لەبارەی قوتابخانە تورکمانییەکانەوە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی: "18 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان هەن و 2 هەزار و 67 قوتابی بە زمانی دایکیان فێری خوێندن و نووسین دەکرێن".
بەگوێرەی ئامارەکەی وەزارەتی پەردوەردە، لە هەولێر 15 قوتابخانە بە زمانی تورکمانی هەن و هەزار و 853 قوتابی بە زمانی دایکیان دەخوێنن؛ هەروەها لە گەرمیان 3 قوتابخانەی هاوشێوە هەن و 214 قوتابی بە زمانی تورکمانی تێیدا دەخوێنن.
گوتەبێژی وەزارەتی پەوەردە گوتی: "خوێندن بە زمانی دایک لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە پێکەوەژیان و پێکهاتە رەسەنەکان، بۆ ئەوەش دوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی سریانی و تورکمانی لە وەزارەتەکەمان هەن بۆ خوێندن بە زمانی دایکیی ئەو پێکهاتانەی هەرێمی کوردستان".
رۆژی 21 شوبات بە رۆژی جیهانیی زمانی دایكە و هەموو گەلانی جیهان بە چالاكی جۆراوجۆر ئەو رۆژە بەرز رادەگرن.
لە جیھاندا 6 ھەزار زمان ھەن، بەڵام بەشێکیان مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە و زۆرترین خەڵك قسە بە 100 زمان دەكەن، زمانی كوردییش لە پلەی 59-یەمین زمانی جیهاندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ