رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی ژمارەیەک میوانی تایبەت، ئەڵقەیەکی دیکەی بەرنامەی (پاشیڤی رووداو) پێشکێشکرا و دیارییەکی دیکە بەخشرایە یەکێک لەو کەسانەی زۆرترین کۆمێنتی بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو.
(پاشیڤی رووداو)ـی شەممە، 21-02-2026، بە بەشداریی ئەحمەد مەحموود، هونەرمەندی میللیی گەرمیان؛ حەسەن ساڵح بازرگان و شارەزای بۆن؛ ئەسعەد عەدۆ، رۆژنامەڤان و نووسەر پێشکێشکرا.
سەرەتا پاشیڤ بە گفتگوگۆی سەمیرا کارزان و محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکارانی بەرنامەکە لەگەڵ ئەحمەد مەحموود ناسراو بە (ئەحمەد نۆکە) دەستی پێکرد.
ئەو هاونیشتمانییە سەبارەت بە ناسناوەکەی رایگەیاند: ''کاتی خۆی سێ ساڵ نۆکم فرۆشتووە و بەوهۆیەوە بە نۆکە ناسراوم.''
ئەحمەد مەحموود ئاماژەی بە سەرەتای دەرکەوتنی خۆی وەک هونەرمەندێکی میللی کرد و گوتی: 'لە ساڵی 1980ەوە ناوە ناوە شیعر و نوکتەم هەبووە، بەڵام لەم چەند ساڵەدا کە مۆبایل دەرکەوتووە، کارەکانم بڵاوبوونەتەوە، واتە نزیکەی 10 بۆ 15 ساڵێک دەبێ.''
''وڵاتی من بەهەشتە و ئەدیسۆن کوڕمە''
ئەو هاونیشتمانییە کە تاوەکو پۆلی سێی بنەڕەتی خوێندوویەتی، سەرجەم شیعرەکانی خۆی لەبەرە و دەڵێت: ''شیعر ئیلهامە و دەبێ خۆی بێت، کاتێک کە بەیانییان بۆ نوێژ خەبەرم دەبێتەوە، باشترین کاتە بۆ نووسینی شیعر.''
ئەحمەد مەحموود کە لەگەڵ پێشکێشکارانی رووداو لە کەشێکی بەهارەدا بەدەم پاشیڤەوە پیاسەیان دەکرد، هۆنراوەیەکی پێشکێشکرد و گوتی:
بەهارە و کاتی سەیرانی دەشتە، وڵاتەکەی من دەڵێی بەهەشتە
کام کوێرە کانی وشکە و بێئاوە، قەزای بکەوێ لەو جووتە چاوە
کام رێویم لەڕە و گەڕە و بێکەڵک، نایدەمە شێر و پڵنگی خەڵک
ئەو هونەرمەندە میللیە بەسەرهات و نوکتەیەکی گێڕایەوە و گوتی: ''دوو یان سێ جار لە شوێنێک لە سلێمانی دەعوەت کرابووم، ماسییەکی خۆشی هەبوو، منیش حەزم دەکرد جارێک غەزال (هاوژینەکەی) ئەو ماسییە بخوات. ئیدی لەگەڵ خۆم بردم.''
ئەحمەد مەحموود دەگێڕێتەوە: ''لە باوەنوورەوە تاوەکو چێشتخانەکە، غەزال قسەی کرد. 'خوا هەڵناگرێ و 100 هەزار بۆ ئێمە زۆرە' و ئەم جۆرە قسانە. چووینە چێشتخانەکە و گوتم سێ ماسیی دوو کیلۆ و نیوی بێنە. گوتی سێ ماسیتان بۆ چییە؟ گوتم نان و شتی دیکەی لەگەڵ ناخۆین، با لانیکەم تێر ماسییەکە بخۆین.''
ئەو هونەرمەندە لە درێژەی نوکتەکەدا دەڵێت: ''بەخودا تاوەکو ماسییەکەش برژا، [غەزال] هەر بۆڵەبۆڵی بوو. کاتێک هێنایە بەر دەستمان، خەریک بوو دەستپێبکەین، پیاوێک هەیە لە کەلار، سیروانی مۆبایلی ناوە، هاتە نێو چێشتخانەکە و هەر لەگەڵ سڵاو و چاک و چۆنی گوتی، هەر سێ تەڵاقم کەوتبێ [پارەی] ماسییەکانت عایدی منە. یەکسەر غەزال گوتی، ئەی بۆ چوار ماسیت داوا نەدەکرد؟ دەستی شەیتان بشکێت.''
ئەحمەد مەحموود ناوی کوڕێکی خۆی ناوە ئەدیسۆن و سەبارەت بە هۆکاری ناونانەکەی گوتی: ''هەر حەزم دەکرد ئەدیسۆن ناوێکیشمان هەبێ، وەک وەفایەک بۆ ئەو کەسەی ئەو رۆشناییەی دروست کردووە.''
ئەو هونەرمەندە کوردە هۆنراوەیەکی دیکەی نیشتمانپەروەرانەی لە بەرنامەی پاشیڤی رووداو پێشکێشکرد کە تێیدا هاتووە:
کوردم، خاوەنی مێژووی کۆنم
خوا خۆی دەزانێت بۆ وڵات چۆنم
دڕک و داڵەکەی بکەرە چاوم
لەم کوردستانە قەت بێزار نابم
هەر لە باوەنوور هەتاکو سنە
خواوەکیل هەموو وەک برای منە
هەر نەخۆشێکیان حاڵی ناکۆکە
قەزای بکەوێ لە ئەحە نۆکە
هەر لە باوەنوور هەتا دیاربەکر
وەک چای شیرین تێکەڵی شەکر
ئاوا تێکەڵ بووم جیا نابمەوە لێی
هەر وەکو شەکر ئەتاوێمەوە بۆی
هەر لە باوەنوور هەتا قامشلۆ
وەک چۆن دوو برای لە یەک دایکبوو
ئەوها لە یەکدی نزیک نەبینەوە
هەزار جاری دیکە ئەنفال دەبینەوە.
''بۆن هەیە نرخەکەی دەگاتە 20 هەزار دۆلار''
هاوکات لە بەرنامەی (پاشیڤی رووداو)دا حەسەن ساڵح، بازرگان و شارەزای بۆن کە خاوەنی براندی (باخی خاتوون)ـە رایگەیاند: ''دەکرێ بۆن سرووشتی بێت و لە گوشراوی (عصار و ئەسانس) گوڵ دروست کرابێ، هەروەها دەکرێ لە بەرهەمە کیمیاییەکانەوە پێکهاتبێت.''
بەگوتەی حەسەن ساڵح، نرخی کیلۆیەک پێکهاتەی سەرەکیی بۆن بەر لە گیرانەوەی، لە 500 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 20 هەزار دۆلار.
ئەو بازرگانە باسی لەوە کرد، زۆربەی پێکهاتە سەرەکییەکانی بۆن (ئەسانس) ئیتاڵین، ''تەنانەت ئەسانسی بۆنە فەرەنسییەکانیش هەر لە ئیتاڵیا بەرهەم دەهێنرێن.''
ژنان و پیاوان چی بۆنێک بەکاربهێنن گونجاوە؟
لە بەشێکی قسەکانیدا حەسەن ساڵح ئاماژەی بە جۆری ئەو بۆنانە کرد کە گونجاون بۆ ژنان یان پیاوان و گوتی: ''جیاوازییەک لە بۆنەکاندا نییە، بەڵام زیاتر ژنان بۆنی نەرم و پیاوان بۆنی تووند بەکاردەهێنن. باشتر وایە ژنان ئەو بۆنانە بەکاربهێنن کە پیاوان حەزیان لێیەتی و پێچەوانەکەی.''
وەک ئەو بازرگانە دەڵێت، ئەگەر بۆن لە دەماری خوێن بدرێ، زیاتر دەمێنێتەوە و گوتی: ''هەروەها بۆن بەراورد بە پێستێک کە وشکە، لەسەر پێستی چەور زیاتر دەمێنێتەوە، بۆیە باشترە بەر لە بەکارهێنانی، بە کرێم ئەو بەشەی جەستە چەور بکرێ کە بۆنەکەی لێدەدرێت.''
هەر لە بەرنامەکەدا، حەسەن ساڵح ژمارەیەک دیاری بەخشییە پێشکێشکارانی پاشیڤی رووداو و ئەحمەد مەحموود.
دیدار لەگەڵ رۆژنامەڤانی ئەسعەد عەدۆ
بڕگەیەکی بەرنامەی (پاشیڤی رووداو) تایبەت بوو بە گفتوگۆی سەمیرا کارزان و محەممەد شێخ فاتیح لەگەڵ ئەسعەد عەدۆ، رۆژنامەڤان و نووسەری کورد کە لە ماڵەکەی خۆیدا کرا.
ئەسعەد عەدۆ لە ساڵی 1985ـوە دەستی بە کاری رۆژنامەڤانی کردووە و پەیامنێری گۆڤاری کاروان بووە لە هەولێر و ئێستاش ئەندامی دەزگای راگەیاندن و رۆشنبیریی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
ئەسعەد عەدۆ بە زمانێکی پاراوی کوردی قسە دەکات و خۆی لەوبارەوە دەڵێت: ''هۆکارەکە ئەوەیە کە من گوندی و دەشتەکیم. کاتی خۆی بەرێوەبەری رادیۆ بووم، رۆژانە ئەڵقەیەکم سەبارەت بە داعش پێشکێش دەکرد کە زۆر بە باشی لەگەڵ بابەتی کۆمەڵایەتی و دۆخی ئاوارەکان تێکەڵم دەکرد.''
''کۆمێنت بکە و خەڵات ببەرەوە''
لە پاشیڤی رووداو کە کاژێر 1:00ی بەرەبەیانی پێشکێش دەکرێ، خەڵات بەو کەسانە دەدرێ کە زۆرترین جار کۆمێنت بۆ پۆستەکانی رووداو دەکەن و دەنووسن: "پاشیڤی رووداو".
لە تیروپشکی ئەڵقەی پێشوودا کانی هەرکی لە سۆرانەوە براوەی یەک لیرەی زێڕ بوو کە لەم ئەڵقەیەدا بە نوێنەرایەتیی یەکێک لە ئەندامانی خێزانی پێی بەخشرا.
هەروەها لە کۆتایی بەرنامەدا تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە زۆرترین کۆمێنتیان بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو و ئەمجارە خەڵاتەکە کە ئایپادێک بوو، بۆ هاونیشتمانییەک بە ناوی کاوە دۆسکی دەرچوو.
نوکتە: دیاریش دەفرۆشرێتەوە؟
هەر تایبەت بە بەخشینی دیاری، ئەحمەد مەحموود نوکتەیەکی گێڕایەوە و گوتی: ''جارێک بانگهێشت کرابووم لە شوێنێک، پیاوێک گوتی کاک ئەحمەد دیارییەکم بۆ داناوی، کەی دێیت وەریبگری؟ گوتم سوپاس هیچ کەموکوڕییەکمان نییە؛ گوتی کاکە من حەز دەکەم دیاریت بۆ دابنێم. گوتم دیارییەکەت چییە با بزانم. گوتی پێنج کەڵەشێر و کاوڕێکە.''
ئەو هونەرمەندە لە درێژەی نوکتەکەی دا دەڵێت: ''گوتم کەواتە پێنج کەڵەشێر و کاوڕێکم لای تۆیە؟ گوتی بەڵێ. گوتم دەی دوو مانگە مووچە نەهاتووە، لەوانەیە دوو مانگی دیکەش نەدرێ. لای تۆش بیانبەم هەر دەیانفرۆشم، بۆچی خۆت لێم ناکڕییەوە؟ خودا دەزانێت کەوتینە مامەڵە و بە 200 هەزار پێم فرۆشتەوە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ