رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەڵەبجە و بەرپرسانی دیکە ئاماری سێ رۆژی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەیان راگەیاند و جەختیان لە سەرکەوتنی کردەوە لە رووی ئابووری، گەشتیاری و ئاسایشییەوە. بەگوێرەی ئامارەکە 419 هەزار و 700 سەردانیکەری هەبووە.
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، سوپاسی هەموو ئەو تیمانەی کرد "شەو و رۆژیان خستبووە سەر یەک" بۆ سەرخستنی فێستیڤاڵەکە، لە تیمەکانی حکومەت و رێکخراوەکانەوە تاوەکو هێزە ئەمنییەکان، پۆلیس، ئاسایش، هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان.
پارێزگاری هەڵەبجە، سوپاسی باخەوان و خاوەن پیشە و بەرهەمە خۆماڵییەکانی کرد و گوتی: "جارێکی دیکە سەلماندتانەوە رۆحی راستەقینەی ئەم شارە لە دەستی ماندووی ئەو جووتیارانەدایە، کە ژیانیان بە زەوی بەخشیوە." هەروەها سوپاسی گەنجە خۆبەخشەکانی کرد و بە "داینەمۆی رێکخستنی کارەکان" ناوی بردن.
نوخشە ناسیح ئاماژەی بەوەشکرد، فێستیڤاڵەکە "پەیامێکی روون بوو لە هەڵەبجەی پایتەختی ئاشتی و شاری شەهیدانەوە بۆ هەموو جیهان؛ پەیامی ژیان و ئاوەدانی و پێکەوەژیان."
فرۆشی بەرهەمەکان گەیشتووەتە ملیارێک و 700 ملیۆن دینار
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ئاماری فرۆشتنی بەرهەمەکانی لە سێ رۆژی فێستیڤاڵەکە راگەیاند و گوتی: "خۆشبەختانە دەرفەتێکی زۆر باشی رەخساند بۆ ساخکردنەوەی ئەو بەرهەمانە."
بە گوتەی ستار مەحموود، کۆی گشتیی فرۆش لە ماوەی سێ رۆژدا گەیشتووەتە ملیارێک و 700 ملیۆن دینار، کە بەمشێوەیە دابەش بووە:
- بەرهەمە کشتوکاڵییەکان: 700 ملیۆن دینار
- خواردەمەنی: 800 ملیۆن دینار
- کاری دەستی: 200 ملیۆن دینار
پێشبینی کرد ئامارەکە لەوەش زیاتر بێ، چونکە ئەو ژمارانە تاوەکو کاژێر 5:00ـی رۆژی سێیەم بووە
زیاتر لە 419 هەزار گەشتیار سەردانی هەڵەبجەیان کردووە
هەر لە کۆنفراسە رۆژنامەڤانیەکەدا چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ئاماری هاتنی گەشتیارانی راگەیاند و گوتی: "بەپێی ئامارەکانی ئێمە، ژمارەی سەردانیکار و گەشتیار 419 هەزار و 700 کەس بووە."
81 هەزار ئۆتۆمبێلی بچووک، 204 پاس، 720 مینی پاس، 55 پاسی گەورە و 4 هەزار و 900 ماتۆڕسکیل بۆ فێستیڤاڵەکە چوونەتە نێو پارێزگای هەڵەبجە
چیا قاسم، ئەوەشی خستەڕوو "35% بۆ 40%ی ئەو گەشتیارانە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی دیکەی سنوورەکەیان کردووە، ماوەی هەفتەیەک زیاترە سەرجەم شوێنەکانی مانەوە تاوەکو رۆژی یەکشەممە و دووشەممە حیجز کراون."
زیاتر لە 5 هەزار هەلی کار رەخسێنراون
ئەرسەلان عابد، بەرپرسی تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجەش، رایگەیاند: "فێستیڤاڵەکە بووەتە هۆی رەخساندنی هەلی کار بۆ "پیشەوەر و جووتیار و خانمانی دەستڕەنگین و لاوانی ئەم دەڤەرە."
بە گوتەی ئەرسەلان عابد، لە 700 کەپر و ستانددا، 2 هەزار و 100 هەلی کاری راستەوخۆ و زیاتر لە 3 هەزار هەلی کاری ناڕاستەوخۆ رەخسێنراون.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، "زیاتر لە هەزار پلاتفۆرمی میدیایی و سۆشیاڵ میدیا لەناو فێستیڤاڵدا کاریان کردووە."
هیچ رووداوێکی ئەمنی رووینەداوە
لەکۆتایی کۆنفڕاسە رۆژنامەڤانیەکەدا سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە، جەختی لە سەرکەوتنی پلانی ئەمنیی فێستیڤاڵەکە کردەوە و رایگەیاند، "لەگەڵ هاتنی ئەو هەموو گەشتیار و میوانە، هیچ رووداوێکمان نەبووە کە شایەنی باس بێت."
قایمقامی هەڵەبجە، سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی کرد و ستایشی رۆڵی گەنجانی شارەکەی کرد کە "خۆبەخشانە کاری هێزە ئەمنییەکان و فەرمانبەرانی هاتووچۆیان کردووە" و نەیانهێشتووە هیچ جۆرە "شەڕ و ئاژاوەیەک" دروست ببێت.
بەگوێرەی ئاماری رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، پار 285 هەزار و پێرار 270 هەزار سەردانیکار و گەشتیار چووبوونە فێستیڤاڵی هەنار و پاییزەی هەڵەبجە و داهاتەکەی ملیارێک و 435 ملیۆن دینار بوو.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی هەناری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 هەزار تۆنە کە نزیکەی 30 هەزاری لە پارێزگای هەڵەبجەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ