رووداو هەولێر
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەماوەیەکی نزیکدا دوو سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و کواڵیتی دەرمان کارا دەکەن و هاونیشتمانییان لە رێگەی بارکۆدێکەوە دەتوانن زانیاری ورد لەسەر نرخ و کواڵیتی دەرمان بەدەستبهێنن؛ دەشڵێت، لەڕێگەی ئەو سیستمەوە نرخی دەرمان لە هەموو دەرمانخانەکان کەم دەکرێتەوە و یەکدەخرێت، هەر دەرمانخانەیەک سەرپێچی بکات، سزای دەدەن.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرستیی هەرێمی کوردستان رۆژی 2-6-2022 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەرلەمانی کوردستان باسی لە بەشداربوونی لە کۆبوونەوەی پەرلەمان کرد و رایگەیاند، لە پەرلەمان 259 پرسیاری لەلایەن 73 پەرلەمانتارەوە لێکرا کە تایبەت بوون بە رەوشی دەرمان لە هەرێمی کوردستان، خزمەتگوزاریی نەخۆشخانە تایبەتەکان و سەنتەرە تەندروستییەکان و گوتیشی: "لەبارەی ئەو تەوەرانەوە دوو راپۆرتی وردمان بە ئامار و زانیارییەوە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان کردووە".
"نرخی دەرمان لە هەموو دەرمانخانەکان یەکدەخرێت"
دکتۆر سامان بەرزنجی گوتی، ماوەی ساڵ و نیوێکە هەوڵی دامەزراندنی دوو سیستمی ئەلیکترۆنی دەدەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و کواڵیتی دەرمان و گوتیشی، کارەکانی تایبەت بە دامەزراندنی ئەو دوو سیستمە بەرەو تەواوبوون دەڕۆن و لە ئاییندەیەکی نزیکدا کارای دەکەن.
لەبارەی ناوەڕۆکی سیستمە ئەلیکترۆنییەکان، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان گوتی: "لەڕێگەی دانانی بارکۆدێک لەسەر دەرمانەکان، هاونیشتمانییان دەتوانن هەموو زانیارییەک لە بارەی دەرمانەکە و شێوازی هاتنەناوەوەی بۆ نێو هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنن؛ هەروەها لەڕێگەی هەمان بارکۆدەوە، هاونیشتمانییان نرخی دەرمانەکان دەزانن و ئاگاداری ئەوە دەبن کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە نرخی دەرمانەکە چەندە؛ دەبێت هەموو دەرمانخانەکان پابەندبن بەو نرخانەوە و سزای تووندی ئەو دەرمانخانانە دەدەین کە سەرپێچی نرخەکان دەکەن" و گوتیشی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 9 هەزار و 800 جۆری دەرمانیان خستووەتە نێو سیستمەکە.
"نرخی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانە تایبەتەکان کەمدەکرێتەوە"
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، پەیڕەوێک بۆ کاری نەخۆشخانە تایبەتەکان دەردەکەن و هەلی کار بۆ ئەو پزیشک و کارمەندە تەندروستییانە دەڕەخسێنن کە لەکەرتی گشتی دەرفەتی دامەزراندنیان نەبووە؛ هەروەها گوتیشی: "لە نەخۆشخانە تایبەتەکان زیاتر لە هەشت هەزار جۆر نەشتەرگەری دەکرێت؛ پێداچوونەوە بە نرخی نەشتەرگەری و پشکنین و خزمەتگوزارییەکان لەو نەخۆشخانانەدا دەکەین و نرخەکان دادەبەزێنین".
سامان بەرزنجی باسی لەوەش کرد، لەماوەی رابردوودا پێداچوونەوەیان بە پسووڵەی نەخۆشخانە تایبەتەکاندا کردووە و 985 ملیۆن دیناری عێراقیان بۆ نەخۆشەکان گەڕاندووەتەوە کە بەزیادە لێیان وەرگیراوە.
"ساڵی رابردوو 13 ملیۆن سەردانکردن بۆ نەخۆشخانە گشتییەکان هەبووە"
دکتۆر سامان بەرزنجی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو: "نەخۆشخانە تایبەتەکان بە هاوکاری نەخۆشخانە گشتییەکان دەزانین، بەڵام نەبوونەتە جێگرەوەی کەرتی گشتی؛ تاوەکو ئێستاش نەخۆشخانە گشتییەکان زۆرترین گوشاریان لەسەرە؛ لە ساڵی 2021دا لە نەخۆشخانە گشتییەکان زیاتر لە 223 هەزار نەشتەرگەری کراون و 605 نەشتەرگەریش لە نەخۆشخانە تایبەتەکان کراون؛ هەروەها زیاتر لە 13 ملیۆن سەردانکردن بۆ نەخۆشخانەکان هەبووە".
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەکاتی سەردانیکردنی شاندی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، وەزیری تەندروستیی عێراق سەرسام بووە بە چەند پڕۆژەیەکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و یەکێک لەوانەش پشکنینی کواڵیتی دەرمانە لە هەرێمی کوردستان.
سامان بەرزنجی گوتی، وەزیری تەندروستیی عێراق بڕیاریداوە متمانە بە پشکنینەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت و لە عێراق کاری هاوشێوە بکرێت، هەروەها سەرسام بووە بە رەوشی نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە و چارەسەرکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ