رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە بەرپرسانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و شاری مورهێد لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا، رێککەوتننامەیەکی دۆستایەتیی مێژوویی واژۆ بکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە کولتووری و ئابوورییەکان.
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمی کە بۆ میدیاکان نێردراوە، رێوڕەسمی واژۆکردنەکە ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناوەندی دەرچووانی کریستیانسن لە زانکۆی ویلایەتی مینیسۆتا لە مورهێد بەڕێوەدەچێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم رێککەوتنە نوێنەرایەتیی پابەندبوونی هەردوو شار دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری، دەرفەتی پەروەردەیی و گەشەپێدانی ئابووری. هەروەها هێمایە بۆ یەکڕیزی و گیانی هاوئاهەنگی و ئەو نیازپاکییەی کە سنوورەکان دەبەزێنێت و خەڵکی لەڕێگەی بەها هاوبەشەکانەوە یەکدەخات."
لە رێوڕەسمەکەدا هەریەک لە شێلی کارلسن، سەرۆکشارەوانیی مورهێد و گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گوتار پێشکەش دەکەن.
هەر لە چوارچێوەی ئەم بۆنەیەدا، رێککەوتنێکی نوێ بۆ ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و مامۆستایان لەنێوان زانکۆی ویلایەتی مینیسۆتا مورهێد و زانکۆی زاخۆ رادەگەیێنرێت، کە وەک "پردێکی پەروەردەیی گرنگی جیهانی" وەسف کراوە.
نزیکەی 3,500 کورد لە شاری مورهێد دەژین، کە دەکاتە نزیکەی 8%ی کۆی دانیشتووانی شارەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ