لە قەزای سێمێل رێوڕەسمێک لە ساڵیادی هێرشی داعش بۆسەر شنگال بەڕێوەدەچێت

02-08-2022
گۆڤەند مستەفا
 بەهۆی هێرشی داعش بەشێک لە خەڵکی شنگال لە ساڵی 2014 ناوچەکانیان جێهێشت، وێنە: Reuters
بەهۆی هێرشی داعش بەشێک لە خەڵکی شنگال لە ساڵی 2014 ناوچەکانیان جێهێشت، وێنە: Reuters
A+ A-

رووداو - دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاکە هیوای کوردانی ئێزدی بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی ئاوارەییان بریتییە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال؛ ئاماژە بەوەش دەدات، رۆژی شەممە لە قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک رێوڕەسمێک بەڕێوەدەچێت. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە 02-08-2022، سعود مستۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، میوانی بوولتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات.
 
رۆژی چوارشەممە هەشت ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆسەر شنگال تێدەپەڕێت. سعود مستۆ رایگەیاند، بەو بۆنەیەوە لە قەزای سێمێل رێوڕەسمێک بەڕێوەدەچێت و سێ گوتاری گرنگ پێشکێش دەکرێن؛ یەکێکیان گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، یەکێکی دیکەیان گوتاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانە و ئەوەی دیکەش گوتاری کەسوکاری قوربانیانە، هەروەها گوتیشی، هەر لە رێوڕەسمەکەدا فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری نمایش دەکرێت و چەند پانێڵێک پێشکێش دەکرێن.
 
بە گوتەی سعود مستۆ، لە کۆی شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندراو، سێ هەزار و 554 کەسیان رزگارکراون و "پرۆژەی جۆراوجۆریش پێشکێشکراون بۆئەوەی ئەو هاونیشتمانییانە دەست بە ژیانی ئاسایی بکەنەوە، بەڵام پلانەکە ستراتیجی نەبووە" و گوتیشی، کوردانی ئێزدی ئازادکراو لە رەوشێکی خراپدان، بەتایبەتی لە بواری دەروونییەوە.
 
بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستا لە شنگال هەیە، سعود مستۆ پێیوایە "کۆتایی بە دۆسیەی ئاوارەبوونی خەڵکی شنگال نایەت. تاوەکو زیاتر ئێزدییەکان لە ئاوارەییدا بمێننەوە، ئێش و ئازار و گرفت و بەربەستی ژیانیان زیاتر بۆ دروست دەبێت، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی و پشتگوێخستنیان لە لایەن حکومەتی بەغداوە". 
 
بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژە بەوە دەدات کە حکومەتی عێراق "نە دۆسیەی شنگال چارەسەر دەکات و نە پشتیوانی ئاوارەکانی شنگال دەکات لە هەرێمی کوردستان. ئێمە کەوتووینەتە دۆخێکەوە کە هیچ هیوایەکمان نەماوە. تاکە هیوامان ئەو رێککەوتنە بوو لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کرا، بەڵام بەداخەوە دەبینین دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە. ئەم کەمتەرخەمییەش دەکەوێتە ئەستۆی بەغدا کە بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە. ئێستاش داوا دەکەین ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت و دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و خەڵکی ئێمە کۆتایی بە ژیانی ئاوارەیی بهێنن".
 
ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی ئێزدی بەهۆی ئەو دۆخەی بەسەریان هاتووە روویان لە دەرەوەی وڵات کردووە. لەبارەی مەترسیی کەمبوونەوەی ژمارەی کوردانی ئێزدی لە باشووری کوردستان، سعود مستۆ دەڵێت: "لە بنەڕەتدا هەر یەکێک لە شوێنی خۆی بژیت باشترە. هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکارییمان بکات. لەسەر رووی ئەم زەوییە تاکە پەناگەیەک بۆ ئێمە هەبێت هەرێمی کوردستانە؛ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و میللـەتەکەش خاوەنداری ئێمەیان کردووە.. بەڵێ مەترسیی هەیە و مەترسییەکی گەورەشە و 20٪ی خەڵکی ئێمە بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە. تەنیا لە وڵاتی ئەڵمانیا لەنێوان 140-150 هەزار ئێزدی باشووری کوردستان هەن. مەترسیی لەسەر مان و نەمانی کۆمەڵگەی ئێزدی لە شوێنی خۆیان هەیە. هەر بۆیە داوا دەکەین بە زووترین کات رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و لەڕووی ئاسایش و کارگێڕی و خزمەتگوزارییەوە دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە