رووداو دیجیتاڵ
پیسبوونی ژینگە لە کوردستان بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی. بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو لە زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکان خۆڵ و خاشاکێکی زۆر کۆبووەتەوەو لایەنی ژینگەیی فەرامۆش کراوە. جیا لە ناوچە گەشتیارییەکانیش، پیسبوونی ژینگە بووەتە کێشەیەکی گشتگیر و زۆر شوێن و سێکتەری دیکە دەگرێتەوە، کە لە داهاتوودا هەڕەشەن بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ.
بە پێی یاسای نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 1972، پێناسەی پیسبوونی ژینگە دەکات بەوەی: بریتییە لەو چالاکییەی مرۆڤ، کە دەبێتە هۆی پێویستی زیادبوونی وزەی نوێ بۆ ژینگە، ئەم زیادبوونی وزەیەش ژیانی مرۆڤ و تەندروستی و خۆشگوزەرانی و سەرچاوەکانی سروشت رووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە، جا ئەگەر بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێت.
پلاستیک، گازی ژەهراوی و پاشماوەی پزیشکی ژینگەی کوردستان تێکدەدەن
هەندرێن شێخ راغب، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژانە لە هەرێمی کوردستان 7000 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوەندێکی ریساکلین نییە پڕۆفێشناڵ بێت. ئەو ئاماژەی بەوەکرد، کە لە تانجەڕۆی سلێمانی کارگەیەک دانراوە، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی نەکەوتووەتەکار. لە ماستەرپلانی وەزارەتی شارەوانیشدا هاتووە، کە ئەو کارگەیە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، "بەڵام بەهۆی کێشەی داراییەوە ئەو پڕۆژانە جێبەجێنەکراون".
لە جیهاندا 7 جۆر پلاستیک هەن کە دوو جۆریان ژەهراوین، لە زۆربەی وڵاتان ماددە پلاستیکییە ژەهراوییەکان قەدەخەکراون، بەڵام لە کوردستان قەدەخە نین. هەندرێن شێخ راغب دەڵێت "بە ئاشکرا دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان و هیچ پۆلێنێک بۆ ماددە پلاستیکییەکان نەکراوە".
ماددە پلاستیکییەکان کە بەکاردەهێنرێن، دواتر یان دەسووتێنرێن یان فڕێدەدرێن، کە لە هەردوو بارەکەدا زیانی بۆ ژینگە هەیە، کە لە بنچینەدا دەبێت ئەو جۆرە ماددانە ریساکلین بکرێن، نەک فڕێبدرێن، چونکە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ژینگە، شیبوونەوەیان لە زەویدا 300 ساڵی پێویستە.
لە هەرێمی کوردستان پاشماوە پزیشکییەکانیش هاوشێوەی پاشماوەکانی دیکە فڕێدەدرێن و لەلایەن ئۆتۆمبێلی فڕێدانی زبڵی ماڵان کۆدەکرێنەوە، هیچکام لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان شوێنی لەناوبردن و سووتاندنی ئەو پاشماوە پزیشکیانەیان نییە.
گوتەبێژەکەی دەستەی ژینگە، ئاماژەی بەوەش دا، رۆژانە لە هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو داتایانەی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان وەریانگرتووە، نزیکەی 8 ملیۆن لیتر بەنزین دەسووتێنرێت، "ئەمەش زیانێکی گەورەی بۆسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان هەیە".
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە، سووتانی دارستانەکانە. لە سەرەتای مانگی ئەیلوول ئاگرکەوتنەوە لە چیای گۆیژە باسوخواسی زۆری لێکەوتەوە، دوای ئەوەی 20 هەزار داری شاخەکە سووتان. ئاگرەکە نیگەرانییەکی زۆری لەبارەی داهاتووی ژینگەی ناوچەکە دروستکرد. بەڵام شاخی گۆیژە پێش ئەو ئاگرەش، بەهۆی کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاک مەترسیی لەسەر بووە، بێ ئەوەی بایەخێکی ئەوتۆی پێبدرێت.
هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی کوردستان و چۆنێتی پاراستنی لە دیبەتێکی رووداودا
هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی کوردستان و چۆنێتی پاراستنی ژینگە لە دیبەیتێکی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداودا بە بەشداریی ئەندازیار عەبدولڕەحمان سەدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، خاتوو ئاراز سابیر، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگە لە وەزارەتی شارەوانی و سیراج محەممەد عەبدوڵڵا، سەرۆکی بەشی زانستەکانی ژینگە لە زانکۆی سەڵاحەددین تاوتوێکرا.
عەبدولڕەحمان سەدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پرۆژەی دەستەکەیان تایبەت بە پرسی زبڵ و خاشاک رایگەیاند: ئەم چوار ساڵە ئەگەر سیستەمێکی ریسایکلین لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دانەنێن، دەڵێن سەرکەوتوو نەبوون. "چونکە ئەمجارە کارنامەی کابینەی 9 شتێکی بەرجەستەکراو، دەستلێدراو و هەستپێکراوی پێ نیشانداوین، کە دەڵێ بریتییە لە دامەزراندنی سیستەمێکی پێشکەوتووی ریسایکلین".
عەبدولرەحمان سەدیق رایگەیاند، لە رووی جێبەجێکردنەوە ئەو پرۆژانە لە ئەستۆی وەزارەتی شارەوانییە، دەستەی ژینگەش دەستەیەکی راوێژکارییە و چاوی هەیەو شتەکان دەبینێت و گوێ لە زانکۆکان دەگرێت، لایەنە جێبەجێکارەکانیش هان دەدات یان رێنماییان پێدەدات. بۆ نموونە کاتێک لە سنوورەکان ئەو هەموو ماددە ماوە بەسەرچووانە دێتە هەرێمی کوردستان و لە کوردستان لەنێودەبرێت، نووسراو بۆ وەزارەتی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ دەکەن، کە هەر لە سنوورەکانەوە، هەر خواردەمەنییەک کاتێک لە کوالێتی کۆنترۆڵ دەرنەچوو راستەوخۆ بە بارهەڵگرەکەوە بیگەڕێننەوە ئەو وڵاتەی لێوەی هاتووە، هەر کەسێکیش لەو بەڵێندەرانەی ئەوکارە دەکەن، ئەگەر دووبارەیان کردەوە بەڵێندەرایەتییەکەیان لێ وەربگیرێتەوە.
عەبدولرەحمان سەدیق ئاماژە بە مەترسییەکی دیکەی سەر ژینگە دەکات، ئەویش ئەو گازەیە کە بەهۆی سووتانی بەنزینی ئۆتۆمبێلەوە دەردەچێت. دەڵێت "نووسراومان بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە کە هەندێک کۆمپانیا بۆ بەرزکردنەوەی ئۆکتانی بەنزینەکانیان ماددەی ژەهراوی تێکەڵاو دەکەن، بۆیە وەکو لایەنی جێبەجێکار دەبێت ئەو بابەتە چارەسەر بکەن".
ئاراز سابیر، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگە لە وەزارەتی شارەوانی، رایگەیاند خاشاک بریتییە لە کۆکردنەوەو گواستنەوە، دواتر چارەسەرکردن "تایبەت بە کۆکردنەوەو گواستنەوە وەزارەتی شارەوانی رۆژانە ئەم خزمەتگوزارییە پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکات، ئەویش لە رێگای واژۆکردنی 28 گرێبەست لەگەڵ چەند کۆمپانیای نێوخۆیی. بەپێی ئامارەکان و داتاکانی ساڵی 2019ی وەزارەتی شارەوانی ئەو کۆماپانیایانە رۆژانە نزیکەی 7 هەزار و 200 تۆن خاشاکیان کۆکردووەتەوە".
سەبارەت بە چارەسەرکردنی خاشاک، ئاراز سابیر، پێیوایە ریسایکلین بەشێکە لە پرۆسەی چارەسەرکردن. بەپێی ئەو زانیارییانەی باسی کردن، لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا وەزارەتی شارەوانی دوو کارگەی جیاکردنەوەی خاشاکی لە پارێزگای دهۆک دروستکردووە، ئەو خاشاکانەی جیا دەکرێنەوە دووبارە ریسایکلین دەکرێتەوە، ئەویش یان لەنێوخۆ یان دەفرۆشرێتە دەرەوەی وڵات بە هەمان شێوەش کارگەیەکی ریسایکلین لە ئاکرێ هەیە.
لەبارەی دروستکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان دەستەی ژینگەو وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەست بە ژینگە، سیراج محەممەد عەبدوڵڵا، سەرۆکی بەشی زانستەکانی ژینگە لە زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێ: لە قۆناخی کۆکردنەوە و گواستنەوە گرفت نییە، بەڵام لە قۆناخی چارەسەکردن گرفتێکی گەورە هەیە، "ئەگەر چارەسەری ئەو بابەتە بگەیێندرێتە گشت وەزارەتەکان و سەرۆکایەتی حکومەتیش، بە مەزندەی من چارەسەر دەکرێت". ئەو دەشڵێت "دەستەی ژینگەو وەزارەتی شارەوانی زیاتر پەیوەستترن بەو بابەتە، لە هەمان کاتدا کاریگەری ئەو پاشماوانە لەسەر ژیانی مرۆڤ و لەسەر ژینگەو دواڕۆژی وڵاتەکەمان دەبێت بە جوانی بگەیێندرێنە شوێنی خۆی".
سیراج محەممەد، ئەوەشی گوت، کە ئەگەر سوود لەو خۆڵ و خاشاکە وەرنەگیرێت کە رۆژانە 7 هەزار و 200 تۆنی لێ فڕێدەدرێت، کاریگەرییەکی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
35%ی ئەو بابەتانەی هەن پلاستیکن، دەتوانرێت دووبارە بەشێکی زۆریان بەکاربهێندرێتەوە، 37%ی ئەو خاشاکانەی کوردستان ماددەی ئەندامین، 11%ی کاخەز و دار و ئەو پێکهاتانەن، زیاتر لە 80-90%ی ئەو پاشماوانە دەتوانرێت چارەسەر بکرێن بە کەمترین کاریگەری لەسەر ژینگەو ژیانی مرۆڤ.
زبڵ خەریکە رۆژهەڵاتی کوردستان دەخنکێنێت
فڕێدانی زبڵ و پاشماوە و نەبوونی توانای پێویست بۆ دووبارە جیاکردنەوەی ئەو زبڵانە، یەکێکە لە کێشە گەورەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بە جۆرێک مەترسییە لەسەر ژینگە و تەندروستیی خەڵک.
زۆر جار لەلایەن رێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی ئاسایی هۆشداری دراوەتە بەرپرسانی شارەوانییەکان و بەرپرسانی ژینگەیی حکومەت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەنگاوێکی جیددی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نەنراوە.
بەپێی ئامارەکانی شارەوانیی ئێران، لە رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانە 2 ملیۆن و 437 هەزار تۆن زبڵ فڕێدەدرێت، کە لەو ژمارە تەنیا 8٪ ، واتە 195 هەزار تۆنی ریسایکلین دەکرێتەوە، ئەویش تایبەتە بە پاشماوە کانزایی و پلاستیکییەکان.
لە پارێزگای ورمێ 730 هەزار تۆن، لە پارێزگای کرماشان 500 هەزار تۆن، لە پارێزگای لۆڕستان 465 هەزار تۆن، لە پارێزگای سنە 460 هەزار تۆن و لە پارێزگای ئیلام 282 هەزار تۆن لە ماوەی یەک ساڵدا زبڵ فڕێدەدرێت. بەشێکی زۆری شوێنی فڕێدانی زبڵ و پاشماوە لە نزیک شارەکانن.
کێشەی فڕێدانی زبڵ و پاشماوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی جێگەی دیاریکراو و تەرخاننەکردنی بودجەی پێویست لە لایەن حکومەتەوە بۆ جیاکردنەوەی زبڵە تەڕ و وشکەکان لە یەکدی و جیاکردنەوەیان بۆ مەبەستە پیشەسازییەکان.
لە ساڵانی رابردوودا خەڵکێکی زۆر کەلوپەلی پلاستیکییان بەکاردەهێنا بۆ گەشت، ئەمەش کێشەکانی ژینگەی چەند هێندە زیادکردووە. جیاکردنەوەی پلاستیک بە شێوەی سرووشتی 300 ساڵ کاتی دەوێ و مانەوەی لە سرووشتدا زیانێکی گەورەی بۆ ژینگە هەیە.
فەریبا رەزایی، بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەی پارێزگای سنە پێشتر رایگەیاندبوو، جیاکردنەوەی زبڵ و پاشماوە لە پارێزگای سنە خراپە. بەشێکی زۆری پاشماوەکان پیشەسازی و پزیشکین، لە پارێزگای سنە شوێنێکی دیاریکراو بۆ ریسایکلین و کۆگاکردنی ئەم دوو جۆرە زبڵە مەترسیدارە نییە. بەشێکی دیکەی مەترسییەکانی زۆربوونی زبڵ و پاشماوە لەسەر ژینگە، دەگەڕێتەوە بۆ فڕێدانی زبڵ لە گوندەکان. لە هەزار و 700 گوندی پارێزگای سنە، تەنیا بۆ هەزار گوند شوێنی دیاریکراوی فڕێدانی زبڵ هەیە.
لە چەند ساڵی رابردوودا لە بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک کرماشان، پاوە، بانە، سەقز، مەهاباد و چەندین شاری دیکە، لە لایەن ئەنجوومەنی ئەو شارانەوە بڕیاری دروستکردنی کارگەی ریسایکلکردنی زبڵ و پاشماوە دراوە و بودجەشی بۆ تەرخانکراوە. ئەگەرچی بەشێکی زۆری ئەو پلانانە لەلایەن کۆمپانیا تایبەتەکانیشەوە جێبەجێکراون، بەڵام هێشتا بە قۆناخی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی دیاریکراو لە پاشماوەکان، نەگەیشتوون. قۆناخێک کە دەتوانێ هیوایەک بێت بۆ کەمکردنەوەی باری قورسی زبڵ و پاشماوە لەسەر ژینگە و تەندروستی دانیشتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە:
پیسبونی ئاو
- بە پاشماوەکانی نەوت
- بە پاشماوەی كارگەكان
- بە پاشماوەی خەڵك
- بە پاشماوەکانی جەنگ و تەقەمەنی
پیسبوونی هەوا
نزیكەی 80 هەزار ماددەی ژەهراوی هەوا پیس دەكەن
- لە رێگەی كارگە پیشەسازییەكان
- دەردانی سەتان ملیۆن تۆن گاز و دووكەڵ
- پاڵاوگە نەوتییەكان
- جگەرە و نێرگەلە
- ئاگرکەوتنەوە
پیسبوونی خاك
- زۆر بەكارهێنانی كارەبا
- گۆرانێكی نەخوازراو لە پێکهاتەی خاك
- مەترسییە شاراوەكانی پیل و پاتری
- زیانەكانی گواستنەوەی نەوت بۆ سەر خاك
- سووتانی دارستان و پاوان
- بڕینەوەی دار و سەوزایی
جۆرەکانی پیسبوونی ژینگە لە هەرێمی کورستان
- پیسبوونی هەوا
- پیسبوونی ئاو
- پیسبوونی خاک
- پیسبوون بە گەرمی
- پیسبوون بە تیشک
- پیسبوون بە کانزاکان
- پیسبوون بە نەوت
- پیسبوون بە ماددەی کیمیایی
- پیسبوونی بە ژاوەژاو
- ژەهراویبوونی خۆراک
- پیسبوونی رووناکی
ئەوەی لەم ڤیدیۆیە دەیبینن بۆچوونی هاونیشتمانیانی کوردستانە لەبارەی پیسبوونی ژینگە:
ژینگەی رووباری چەقچەق لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بەهۆی خاشاکەوە پیس بووە
هەروەها لە قامشلۆ گەورەترین شاری رۆژئاوای کوردستان، رووباری چەقچەق کە بە نێوەڕاستی شارەکەدا تێدەپەڕێت شارەکەی کردووتە دوو بەشی رۆژئاوا و رۆژهەڵات. رووبارەکە بەهۆی زبڵ و خاشاکەوە ژینگەکەی پیس بووە و کاریگەریی لەسەر جوانیی شار و تەندروستیی خەڵک داناوە.
ئاوی رووبارەکە لەلایەن بەشێک لەو جووتیارانەی سەوزە دەڕوێنن بۆ ئاودان بەکاردەهێنێرێت و ئەوەش بووتە مەترسی لەسەر تەندروستیی بەشێک لە دانیشتووانی شارەکە.
لە قامشلۆ 67 شوێن بۆ فڕێدانی پاشماوە و خاشاک هەیە و بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا 100 شوێنی دیکەش بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ