رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە سلێمانی بەربژێرانی حیزبەکەی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ناساند و دەڵێ: "بۆ ئەوەی سیستەمی فیدراڵی دروست ببێت، دەبێ سێ هەنگاو بنرێت".
جێگری سەرۆکی پارتی داوا لە خەڵکی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین دەکات دەرفەت بدەنە پارتی بۆ ئەوەی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی روو لە پارێز و شارەکان بکات.
'بەبێ دەنگدەرانی سلێمانی یەک ملیۆن دەنگ تامی نییە'
لە سەرەتای بانگەشەی پارتی لە بانگەشەی بۆ هەڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی لە چەندین کۆبوونەوەی جەماوەری حیزبەکەی داوای لە دەنگدەرانی پارتی کردووە، دەنگی حیزبەکە بگەیێننە یەک ملیۆن دەنگ، ئەمجارەش لە سلێمانی هەمان داوای لە دەنگدەران کردەوە و دەڵێ: "بەبێ دەنگدەرانی سلێمانی یەک ملیۆن دەنگ تامی تێدا نییە"، ئەو دەنگدەرانی بازنەی سلێمانی بە بەشێکی گرنگ دانا لە کەمپەینی کۆکردنەوەی یەک ملیۆن دەنگ بۆحیزبەکە و دەڵێت: "ئێوەش بەشێکی گرنگن لە کەمپەینی یەک ملیۆن دەنگ و زیاتر بۆ لیستی 275 پارتی دیموکراتی کوردستان."
نێچیرڤان بارزانی باسی جۆش و خرۆشی لایەنگر و ئەندامانی پارتی کرد لە بانگەشەی حیزبەکە لە سلێمانی و دەڵێ: "لێرەوە پەیامەکەم بۆ زیاتر لە ملیۆنێک دەنگە".
پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی 36 بەربژێری هەیە، حیزبەکە چاوی لە زیادکردنی کورسییەکانە لەو پارێزگایە، نێچیرڤان بارزانی داوای بەشداری کارای دەنگدەران دەکات و دەڵێت: " دەنگدان ماف و بەرپرسیارێتییە، داواتان لێدەکەم ئەوەی مافی دەنگدانی هەیە بچێتە دەنگدان بۆ ئەوەی ببنە پێشەنگی گەورە بۆ یەک ملیۆن دەنگ زیاتر بۆ لیستی پارتی".
جێگری سەرۆکی پارتی داوایشی کرد، دەنگدەرانی پارتی بەڵێن جێبەجێ بکەن رۆژی دەنگدان بە بەڵێنی یەک ملیۆن دەنگ هەموویان ئامادە دەبن و دەنگ بە لیستی 275 بدەن. راشیگەیاند، "دەبێ بەڵێنی خۆمان جێبەجێ بکەین، دەنگی پارتی بکەینە ملیۆنێک و زیاتریش".
'زۆنی زەرد و سەوز نییە، زۆنی کوردستانی هەیە '
نێچیرڤان بارزانی دەنگدەرانی پارتی لە سلێمانی بە بەشێکی گرنگی مێژووی پارتی دادەنێت و دەڵێ ، "پارتی بە ئێوە سەربەرزە و بە سەربەرزی دەمێنێتەوە، پارتی خاوەنی ئێوەیە و ئێوەش خاوەنی پارتین و خاوەنی رێبازی بارزانین".
بەرنامە و ئەجێندای پارتی بۆ بانگەشە و هەڵبژاردن و چوونە پەرلەمان کۆمەڵێک خاڵ لە خۆدەگرێت، سەرەکیترینیان جێبەجێکردنی دەستوورە، نێچیرڤان بارزانی قۆناخی داهاتووی عێراق بە پڕ ئاڵنگاری ناودەبات و دەڵێ: "ئامادەین بۆ هەموو ئەو ئاڵنگارییانەی بەرامبەرمان هەیە لە عێراقدا.''
پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی دوو کورسی بەدەستهێنا، جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێت: "وەکو راستییەک لەو ناوچەیە نوێنەرایەتیی پارتی کەمە، بەڵام دڵنیابین لەوەی بەرنامەی پارتی گەورەیە بۆ ئەو ناوچەیە، پێمانوایە هەرێمی کوردستان بەبێ ئەو ناوچەیە ناتەواوە، پارتی بێ ئەو ناوچەیە ناتەواوە، لەبەرئەوە خەمی ئێوە خەمی ئێمەیە.''
نێچیرڤان بارزانی داواکاری خەڵکی سلێمانیش لە پارتی بە "ئەرکی سەرشانی" حیزبەکەی دادەنێت و دەڵێت: " کەموکوڕییەکانی ئەو دەڤەرە، خەمێکی گەورەن بۆ پارتی، مایەی دڵخۆشی نین.''
جێگری سەرۆکی پارتی ئامانجی حیزبەکەشی لە سلێمانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "ئێمە وەکو ناوچەی دەسەڵاتێکی سیاسی سەیری سلێمانی ناکەین، بەڵکو وەکو بەشێکی خۆشەویستی کوردستان تەماشای دەکەین، پارتی ناوچەگەرێتی لەبیرکردووە، ناوچەگەرێتی شوێنی نەماوە و نامێنێت، بۆ یەکەمجار پارتی ناوچەگەرێتی نەهێشت و کوردستانبوونی چەسپاند."
جەختیشی لەوە کردووە: "هیچ پارتییەک بە جیاکاری و جیاوازی تەماشای هیچ شوێنێکی کوردستان ناکات، کە شەقامێک لە هەڵەبجە یان لە زاخۆ دروست دەکرێت وەکو یەک پێی دڵخۆش دەبین."
جێگری سەرۆکی پارتی باسی کردنەوەی ئاسمانی سلێمانیشی بەرووی گەشتە ئاسمانییەکان بەتایبەت تورکیا کرد، بڕیارە بەرەبەیانی دووشەممە یەکەم گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانییەوە بەرەو تورکیا بکرێت، نێچیرڤان بارزانی لەوبارەوە دەڵێت: "ئاسمانی سلێمانی بەشێکی جوانی ئاسمانی کوردستانە، کە ئاسمانی سلێمانی گەشتی کەمبێت، گەشتی ئاسمانی لە کوردستان کەمدەبێت، ئاسمان و خاکی ئێمە یەک ناویان هەیە ئەویش کوردستانە.''
نێچیرڤان بارزانی پێشتر رەتیکردووەتەوە کوردستان بە "دوو زۆنی جیاواز" ناوببات، لە گوتارەکەیدا لە سلێمانی دووپاتی کردەوە، "نابێ زۆنی سەوز و زۆنی زەرد هەبێ، دەبێ یەک زۆن هەبێ ئەویش زۆنی کوردستانە.''
ئەو نموونە بە شەڕی دژی داعش دێنێتەوە و دەڵێت: "کاتێک داعش هێرشیکردە سەر پێشمەرگە و کوردستان، نەیپرسی خوێنی کامەتان زەرد و کامەتان سەوزە، پێشمەرگە قارەمانەکان پێکەوە بەرگرییان لە کوردستان کرد.''
جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو ئاوەدانییەی لە کوردستان هەیە، هێشتا بەدڵمان نییە دەبێ خێراتر و زیاتر و باشتری بکەین.''
نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی کرداریش لەو ناوچەیە بە خەڵک دەدات و دەڵێت: "حەزمان بە کار و کردار لەو ناوچەیە، بەڕاستی شایەنی باشترینن بۆتان بکرێت، کاتی ئەوە هاتووە سلێمانی بگەڕێتەوە پێگەی شایستەی خۆی پێبدرێت، وەکو جاری جاران پێشەنگی زانستی و مەعریفە و دەستپێشخەری سیاسی و رۆشنبیری بێ.''
جێگری سەرۆکی پارتی زیاتر پەسنی سلێمانی کرد و پێیوایە هەمووان قەرزاری ئەو شارەن و دەڵێت: " کاتی ئەوە هاتووە بەشێک لە منەت و قەرزی سلێمانی بدەینەوە، جارێکی دیکە سلێمانی بکەینە پێشەنگ.''
'با پەرلەمانتارانی کوردستانپارێز بنێرین بۆ پەرلەمان'
نێچیرڤان بارزانی باسی ئامانجی نوێنەرانی پارتیشی کرد لە خولی داهاتووی پەرلەمان و لە حکومەتی عێراقیش، ئەو رایگەیاند: "ئەو هەڵبژاردنە بۆ کوردستان لە هەموو روویەکەوە گرنگە، دەنگدانمان بەهێزبوونی کوردستانە لە بەغدا.''
جێگری سەرۆکی پارتی داوای بەشداری کارای خەڵک لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی مادەی 140 دەکات و دەڵێت: "ئەگەر رێژەی بەشداریکردن لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی مادەی 140 زۆربێ، دەنگی نوێنەرانمان لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسیدا دلێرتر و بەهێزتر دەبێ، خواستی گەلی کوردستان بۆ چەسپاندنی دەستووری فیدراڵیی عێراق بۆ هەموولایەک روونتر دەبێ، دەبێ ئەم خولە بکەینە خولی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق.''
لە سلێمانی کۆمەڵێک لایەنی کوردستانی رکابەری لەسەر 18 کورسییەکەی ئەو بازنەیە دەکەن، سلێمانی و هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان هەموویان یەک بازنەی هەڵبژاردنن، جێگری سەرۆکی پارتی داوادەکات: "سلێمانی وەکو رۆحی خۆی پەرلەمانتارانی کوردستانپارێز بنێرێت بۆ پەرلەمانی عێراق، چونکە لە ناخدا سلێمانی کوردستانییە.''
جێگری سەرۆکی پارتی راشیگەیاند، "ئەو کەسانە دەنێرینە پەرلەمان، داوای پاراستنی دەسەڵات و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن.''
نێچیرڤان بارزانی داوای لە خەڵکی سلێمانی کرد 'دەرفەت' بدەنە پارتی و دەڵێت: "دژایەتییەکی زۆر بە پلان بەرامبەر پارتی کراوە، بەڵام با بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرە روون بێ، پارتی بە قسە نا، بەڵکو بە خەباتی کوردستانیبوونی خۆی وەڵامدەداتەوە، بە کار و ئاوەدانی وەڵام دەداتەوە، لەبەرئەوە پارتی رۆژ بە رۆژ خۆشەویستتر دەبێ، داوا لە خەڵکی سلێمانی دەکەم دەرفەت بدەنە پارتی ،بزانن چۆن خۆشگوزەرانی ئاوەدانی دێتە ئەو ناوچەیە."
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند: "پارتی ئامراز و کوردستان ئامانجی پارتییە.''
'جێبەجێکردنی دەستوورمان دەوێ نەک تەسلیم بوون'
سەرۆک بارزانی، هەروەها هەردوو جێگرانی سەرۆکی پارتی لەوەتەی بانگەشە دەستیپێکردووە چەند جارێك رایانگەیاندووە، ئەرکی داهاتووی نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمان جێبەجێکردنی دەستوور و دەرکردنی ئەو یاسایانەیە بەپێی دەستوور دەبێ پەسند بکرێن و 20 ساڵە نەکراون.
نێچیرڤان بارزانی، حیزبەکەی بە سەنگی کوردستان لە بەغدا دادەنێت و دەڵێ: "پارتی دەیەوێت ئەو خولەی پەرلەمانی عێراق، حکومەتی داهاتوو دەستوور جێبەجێ بکات، دەستوورێکی فیدراڵی هەیە، بەڵام دەسەڵات و بەڕێوەبردنێکی مەرکەزی لە عێراق هەیە، ئەو دەزگایانەی پێویستن دروست نەکراون، ئەو یاسایانەی دەستوور داوای کردوون لەلایەن عێراقەوە پەسند نەکراون.''
جێگری سەرۆکی پارتی نموونە بە قسەیەکی نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دێنێتەوە و دەڵێت: "لەو رۆژانەدا گوتی، وڵات بە یاساکانی سەردەمی رژێمی پێشوو بەڕێوەدەچێت، ئێمەش هەر ئەوە دەڵێین، بۆ ئەوەی سیستمی فیدراڵی دروست ببێت، دەبێ سێ کار بکرێت، دەزگە پێویستییەکانی سیستمی فیدراڵی دروست بکرێن، یاسا پێویستییەکان دەربچن، یاسا مەرکەزییەکان بگۆڕدرێن بۆ یاسای فیدراڵی، ئەوە نەکرێت عێراق سەقامگیر نابێ، دەسەڵاتی دەستووری تێدا دروست ناکرێت.''
نێچیرڤان بارزانی رەتی دەکاتەوە هەرێمی کوردستان 'تەسلیم ' بێت و دەڵێت: "دەستوورمان پەسندکرد نەک تەسلیم بوون، بەڕێوەبردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی مەرکەزی، نەهێشتنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان واتە تەسلیم بوون.''
سلێمانیش بە شاری 'تەسلیمنەبوون' ناودەبات و دەڵێت: "بە دەنگی بەرزەوە دەڵێین پارتی تەسلیم نابێ، گەلی کوردستان تەسلیم نابێ، دەمانەوێت دەستوور جێبەجێ بکرێت.''
سەرەڕای رێککەوتن و بڕیار، بەڵام هێشتا هەندێک کێشە لە پرسی مووچە لەنێوان هەولێر و بەغدا ماوە، بەتایبەت لە داهاتی نانەوتی دا، جێگری سەرۆکی پارتی باسی مووچە دەکات و دەڵێت: " مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان خێرپێکردن نییە، بەڵکو مافە و دەبێ بدرێت، دەستوور جێبەجێ بکرێت، ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێ، ئەو کێشانەی هەیە بەهۆی جێبەجێنەکردنی دەستوورە.''
جێگری سەرۆکی پارتی رووی لەوانەش کرد کە "هەست بە هیوایی دەکەن" و رایگەیاند: "داوا لەوانە دەکەم هەست بە بێ هیوایی دەکەن، دەنگ بە پارتی بدەن بۆئەوەی هیوای گەلی کوردستان بەهێزتر بێ.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ