پەیامی ئۆجەلان لە نەورۆزی ئامەد: دەرفەتێک هەیە کولتوور و باوەڕەکان بتوانن پێکەوە بژین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
وێنەیەکی ئۆجەلان لە ئامەد
وێنەیەکی ئۆجەلان لە ئامەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامێکیدا کە لە نەورۆزی ئامەد خوێندرایەوە رایگەیاند، دەرفەتێک لە ناوچەکەدا هەیە "کولتوور و باوەڕەکان جارێکی دیکە بتوانن پێکەوە بژین؛" ئاماژەی بەوەشکرد کە "لە دەست ئێمەدایە ژینگەی شەڕ و ئاژاوەگێڕیی کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست دەبێت، بگۆڕین بۆ باخچەیەکی ئازادیی بۆ هەموو گەلان".
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئەمڕۆ 21ـی ئاداری 2026، نوێترین پەیامی خۆی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە لە ئامەد بڵاوکردەوە.
 
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا دەڵێ: "ئەو شەڕە ئایینی و مەزهەبییانەی هەزاران ساڵە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵگیرساون، گەورەترین لێدانن لە کولتووری پێکەوەژیانی گەلان، هەر ناسنامە و هەر باوەڕییەک هەوڵ دەدات بکشێتەوە بۆ ناو قاوخەکەی و ئەوانی دیکە بکاتە دووژمن بۆ ئەوەی درێژە بە بوونی خۆی بدات، بەمەش مەودای نێوان گەلەکانمان قووڵتر دەبێتەوە. بەها و کولتوورە هاوبەشەکانمان پشتگوێ دەخرێن، جیاوازییەکانمان وەک هۆکارێک بۆ شەڕ سەیردەکرێن".
 
لە پەیامەکەدا کە لە گۆڕەپانی نەورۆزی ئامەد خوێندرایەوە، ئۆجەلان دەڵێت: "ئەو پارچەبوونەی کە سیاسەتەکانی سەرکوت و نکۆڵی و دووژمنایەتی بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروستیان کردووە، بەداخەوە ئەمڕۆ وەک بیانوویەک بۆ دەستوەردانەکانی ئیمپریالیزم بەکارهێنراون".
 
رێبەری پەکەکە رایگەیاند: "ئەمڕۆ دەرفەتێکمان هەیە کە کولتوور و باوەڕەکان جارێکی دیکە بتوانن پێکەوە بژین. ئەوە لە دەست ئێمەدایە کە ژینگەی شەڕ و ئاژاوەگێڕی کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروست دەبێت، بگۆڕین بۆ باخچەیەکی ئازادیی بۆ هەموو گەلان. دەتوانین ئەو تراژیدیایانەی بەسەرماندا دەسەپێندرێن پێچەوانە بکەینەوە و ژینگەیەکی ئازادیی بۆ گەلان بونیاد بنێین".
 
دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:
 
داستانی نەورۆز هەزاران ساڵە لە لایەن گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە وەک جەژنی ژیانەوە و بەرخۆدان و بەهار پیرۆز دەکرێت.
 
نەورۆز روحی بەرخۆدان و ژیانەوەی گەلانمانی بوژاندەوە.
 
هێما و فیگەرەکانی نەورۆز نیشاندەری روحی ئەم ناوچەیەن. زوحاک نوێنەرایەتی سیستەمی شارستانییەتی دەوڵەت دەکات؛ مارەکانی سەر شانی کە روژانە مێشکی دوو گەنج دەخۆن، نوێنەرایەتیی دڕندەیی دەوڵەتی ئاشوورییە و کاوەی ئاسنگەریش هێمای بەرخۆدانە دژی ستەم.
 
ئەو شەڕە ئاینی و مەزهەبی و چاندییانەی کە هەزاران ساڵە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەڵگیرساون، گەورەترین لێدانن لە کولتووری پێکەوەژیانی گەلان. هەر ناسنامە و هەر باوەڕییەک هەوڵدەدات بکشێتەوە بۆ ناو قاوغەکەی و ئەوانی دیکە بکاتە دوژمن بۆ ئەوەی درێژە بە بوونی خۆی بدات، بەمەش مەودای نێوان گەلەکانمان قووڵتر دەبێتەوە. بەها و کولتوورە هاوبەشەکانمان پشتگوێ دەخرێن، جیاوازییەکانمان وەک هۆکارێک بۆ شەڕ سەیر دەکرێن.
 
پێداگری لەسەر درێژەدان بە سیاسەتە دێرینەکان لە ناوچەکەدا روژانە کارەساتی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەو پارچەبوونەی کە سیاسەتەکانی سەرکوت و نکۆڵی و دوژمنایەتی بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروستیان کردووە، بەداخەوە ئەمڕۆ وەک بیانوویەک بۆ دەستێوەردانەکانی ئیمپریالیزم بەکارهێنراون.
 
هەرچەندە ئەو شەڕە ئایینی و مەزهەبییانەی کە بۆ ماوەی 3 سەدە لە وڵاتانی ئەورووپادا بەردەوام بوون، بە پەیمانی وێستفالیا لە ساڵی 1648 چارەسەر کران، بەڵام بەردەوامبوونی ئەو ململانێیانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تا ئەمڕۆ بووەتە هۆکاری تراژیدیای قووڵ بۆ گەلانمان. بەڵام ئەمڕۆ دەرفەتێکمان هەیە کە کولتوور و باوەڕەکان جارێکی تر بتوانن پێکەوەبژێن. ئەوە لە دەست ئێمەدایە کە ژینگەی شەڕ و ئاژاوەگێڕی کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروست دەبێت، بگۆڕین بۆ باخچەیەکی ئازادیی بۆ هەموو گەلان. دەتوانین ئەو تراژیدیایانەی بەسەرماندا دەسەپێنرێن پێچەوانە بکەینەوە و ژینگەیەکی ئازادیی بۆ گەلان بونیاد بنێین.
 
ئێستا، لاپەڕە شاراوەکانی مێژوو ئاشکرا دەبن، ئەگەری ئاشتی نێوان گەلان و بونیاتنانی نەتەوەی دیموکراتیک لە زیادبووندایە. لەگەڵ تێپەڕاندنی نەریتی دەوڵەتی سوونە و شیعە و نەریتی نەتەوەپەرستی، دەرفەتی پێکەوە ژیانی ئازاد لە نێوان گەلان بەهێزتر دەبێت.
 
ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی نوێ کراوەتەوە. رێگا بۆ گەلانی ئەم ناوچەیە کراوەتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئازادانە پێکەوە بژێن.
 
ئەو پڕۆسەیەی کە لە 27ـی شووباتی 2025 دەستمان پێکرد، ئامانجی زیندووکردنەوەی بناغەکانی یەکڕیزییە بەگوێرەی روحی نەورۆز.
 
بۆ ئەمەش پێویستە باوەڕمان بەوە هەبێت کە کولتوور و باوەڕەکان دەتوانن پێکەوەبژێن، دەتوانین بەسەر ئایدۆلۆژیا تەنگەکانی نەتەوەپەرستییدا زاڵبین و لەسەر بنەمای ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک ببینە یەک و پێکەوە هەبوونمان بونیاد بنێین. پێویستە ئەو هۆشیارییە بخەینەڕوو کە ئەمڕۆ دەتوانین بەسەر هەموو جۆرە شەڕ و هەژاری و دڕندەیییەکدا بەسەر بکەوین، وەک ئەوەی لە مێژووی ئێمەدا هەبووە.
 
نەورۆزی 2026 بە هەموو شکۆمەندییەکەیەوە نوێبوونەوەی ئەم مێژووەیە. مێژوو ئێستا سەرهەڵدەدات، بۆ هۆشیاری لەسەر بنەمای ناسنامەی کولتووری راستی، دەگاتە دەرفەتێکی مەزن.
 
مانا و هێزی نەورۆز وەک "ئێستا" لەسەر شانۆی مێژوو سەرهەڵدەدات. نەورۆزی ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوو گرنگییەکی مێژوویی وایان هەیە.
 
نەورۆزی 2026 لە رەگ و ریشەی خۆیەوە زیندوو دەبێتەوە، لەم ساتەدا بە هەنگاوێکی گەورە بە دیموکراتیکبوون و ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک دەژێتەوە؛ رەنگی نەورۆز وەردەگرێت.
 
جەژنی نەورۆز وەک لە مێژووەکەی خەریکە زیندوو دەبێتەوە، کاریگەری خۆی لە دڵی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دووپات دەکاتەوە و جارێکی دیکە رۆڵی خۆی وەک سیمبولی یەکێتی دیموکراتیک لە سەرتاسەری ناوچەکەدا دەگێڕێتەوە. نوێبوونەوەیەکی گرنگ لە ئارادایە و بەردەوامیش دەبێت.
 
تا ئێستا نەورۆز بە بەها سیمبولییەکان پیرۆز کراوە. ئێستا نەورۆز نوێنەرایەتی خەونێک یان یۆتۆپیایەک ناکات، بەڵكو نوێنەرایەتی ژیانێکی کۆمەڵایەتی پێکهاتوو و پێشکەوتوو دەکات. نەورۆز ئەو رۆژەیە کە ئێمە تێیدا بە شێوەیەکی مانادار و هەم لە رووی جەستەییشەوە خۆمان دەناسینەوە.
 
لە جەژنی نەورۆزدا با خۆمان پاک بکەینەوە لە هەموو ئەو پەیوەندی و مانا خراپانەی کە بەردەوام دڵگرانمان دەکەن و بە شێوازێکی پەیوەندییەکی لێهاتوو، بە قووڵایی مانا، بە ئەخلاقێکی نوێی ئازادیی و بە تێگەیشتنێکی ئیستاتیک، باوەش بە ژیاندا بکەین.
 
با فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە هەموو پەیوەندییەکانماندا بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە و ژیانێکی ئازاد بەدەست بهێنین. با لەوە تێبگەین کە نەورۆز ئیتر هیوا و خەون و تیۆری نییە، بەڵكو ساتێکی جێبەجێکردنی پراکتیکییە. وەرن با بە هۆشمەندییەکی تەواو و و قووڵی ماناوە وەڵامی ئەم ساتەی جێبەجێکردنی پراکتیکی بدەینەوە.
 
بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە لە دەستی ئێمەدایە ئەمساڵ بگۆڕین بۆ ساڵی ئازادیی راستی بۆ هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نەریتی دۆستایەتی و یەکگرتنی نێوان گەلان بونیاد بنێین. دەتوانین بە کۆتاییهێنان بە پارچەبوونی ئەتنیکی و ئاینی-مەزهەبی و پێکدادانی براکوژی و بە مسۆگەرکردنی یەکێتیی هەموو کولتوور و باوەڕە ئاینییەکان لەسەر بنەمای ئازادیی و برایەتی ئەمە پێکبهێنین.
 
لە بەرامبەر ئەو داڕمانە گەورە کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆژییەی کە مۆدێرنیتە سەرمایەداری دروستی کردووە، ئێمە گرێدراو بە روحی ئازادیی نەورۆز رێگەچارەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکمان لەسەر بنەمای سیاسەتی دیموکراتیک و پرەنسیپە ئیکۆلۆژییەکان و ئازادیی ژن پەرەپێداوە.
 
با رێگە نەدەین رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە کولتوور بونیاد دەنێت لە لایەن زلهێزە هەژموونخوازەکانەوە بکرێتە گۆڕەپانی جەنگ. وەک چۆن لە مێژوودا روویداوە، ئەمڕۆ دەتوانین پێکەوە ئاستەنگەکانی ئەم کولتوورە گەورەیە تێپەڕێنین کە بتوانێت ئازادانە خۆی دەرببڕێت و لەسەر بنەمای ناسنامە راستییەکانی خۆی ئەنتێگرە بێت. کاتێک نەخۆشییەکانی نەتەوەپەرستیی و مەزهەبیی دەست لێبەربدەین و کولتووری مێژوویی یەکگرتنی هەزاران ساڵەی نێوان گەلانمان بەهێزتر بکەین، ئەوا هیچ بەربەستێک نامێنێت کە نەتوانین بەسەریدا تێپەڕین.
 
دەکرێت مرۆڤ بە روحی یەکێتی سیاسەتی دیموکراتیک دیارییبکات. ئەگەر بمانەوێت تێکۆشانی هەزاران ساڵەی ژێردەستان تاخدار بکەین، شوێنی ئەمە لە ژینگەی کولتووری سەرمایەداری لە رۆژهەڵات و رۆژئاوادا نییە، بەڵکو لە ژینگەی ئازادانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدایە. دەتوانین ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک لەسەر ئەم خاکانە، لەسەر بنەمای یەکبینینێکی راستی و مرۆڤایەتیی، یەکێتی، یەکگرتن و دۆستانە نوێ بکەینەوە.
 
جەژنی رەمەزان لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەم و هیوادارم روحی جەژن ئاشتی و یەکێتیی گەش بکات.
 
نەورۆزی 2026 یەکەم جارە کە گەلانمان بە گیانی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک و ئاشتی و یەکڕیزی پیرۆز دەکرێت. بە هەموو هێزێکمەوە پشتیوانی ئەم روح و ئیرادەیە دەکەم و هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ کە بەراستی شایەنی ئەوەیە وەک "رۆژی نوێ" بەرز رابگیرێت، لە ساڵانی داهاتوودا ببێتە ئامرازێک بۆ رێپێوانێکی شایستە؛ هیوای ئاشتی بۆ هەموو گەلانمان دەخوازم.
 
بە خۆشەویستییەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان
 
زیندانی ئیمراڵی
 
21ـی ئاداری 2026
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە