رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان لەبارەی زیادبوونی رووداوەکانی کوشتن و تووندوتیژی لەم ماوەیەی دواییدا رایگەیاند، هیچ کوشتنێکی رێکخراو و تیرۆر نییە و هەموویان کێشەی کۆمەڵایەتین. هەروەها گوتیشی کە چەک لە دەستی هاونیشتمانییاندا ناهێڵن و مەفرەزەی تایبەت بە کافتریا و شوێنە گشتییەکان دادەنێن.
لیوا تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی دووەمی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: " خەڵکی دڵنیا دەکەمەوە کە ئێمە وەکو پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان هیچ کەمتەرخەمیمان نەکردووە و بە بەردەوام کاری خۆمان دەکەین. بەتایبەتی ئەم دواییە هەوڵمان داوە کە ئەو تاوانانە نەمێنن."
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکانی کوشتن لە شاری هەولێر گوتی: "وەک دەزانن هەولێر شارێکی گەورەیە و دەرگەی بە رووی ئاوارە و گەشتیاراندا کراوەیە و ئاوارەی زۆری تێدا دەژین. لە شاری وا گەورەیشدا رووداو زۆر دەبن." ئاماژەی بەوەش دا کە رووداوەکان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی و وڵاتانی دراوسێمان "زۆر کەمن."
لیوا تاریق ئەحمەد لەبارەی تووندوتۆڵکردنی ئاسایشی پارێزگاکانەوە باسی لەوە کرد کە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی پارێزگاکان و بە تایبەت هی هەولێر ئاگادار کراونەتەوە کە بەرنامەیەکی رێکوپێکی تایبەت بە پۆلیسی فریاکەوتن دابڕێژن کە هاوئاهەنگییان لەگەڵ پۆلیسی نەهێشتنی تاواندا هەبێت.
لیوا تاریق ئاشکرای کرد کە بە گوێرەی ئەو بەرنامەیە مەفرەزەیان دەچێت بۆ ئەو شوێنانەی گەنجانیان تێدا کۆ دەبنەوە وەک کافتریا و شوێنە گشتییەکان تاوەکو بەردەوام چاودێرییان بکەن. هەرکەسێک چەک و چەقۆی پێبێت لێی وەردەگرن و رەوانەی دادگەی دەکەن و رێکاری یاسایی لە بەرامبەر دەگیردرێتە بەر.
لەبارەی کوشتنی گەنجێک لە شەقامی 40 مەتریی هەولێر لە شەوی سێشەممە 2020/12/01ـدا بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان گوتی: "پۆلیسی هەولێر لەوبارەیەوە راگەیێندراوی دەبێت و زانیارییان لێوەردەگرین."
لیوا تاریق ئەحمەد ئەوەی خستەڕوو کە لە وەزارەتی ناوخۆ بەرنامەیەکی زۆر رێکوپێک بۆ نەهێشتنی چەک لە دەستی هاووڵاتییاندا داڕێژراوە کە بەرنامەکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دواخراوە و تەنانەت لەسەر کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانیش جێبەجێ دەکرێت.
لیوا تاریق لەبارەی بەرنامەکەیانەوە ئاشکرای کرد: "دەبێت هێزە ئەمنییەکان لەو کاتەی لە دەوامی فەرمیدا نین چەکیان پێنەبێت و لە ماڵەوە مەشجەبی بۆ دابنێن و وا دەکەین بە هیچ شێوەیەک چەک لە دەستی هاووڵاتییاندا نەمێنێت. بەمزووانە وەزارەتی ناوخۆ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا دەستیپێدەکات."
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە رۆژی چوارشەممە 2020/12/02 لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر و پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر دانیشتوون و بەرنامەیان داناوە کە بۆ نەهێشتنی ئەو رووداوانە چەند خاڵێکی دیکە و مەفرەزە هاوبەشەکانیان زیادبکەن. جەختیشی لەوە کردەوە: "ئەو بەرنامەیەش بۆ هەموو پارێزگاکانە."
لەبارەی ئامارەکانیشەوە ئامژەی بەوە دا کە سەری ساڵی تازە هەموو ئاماری رووداوەکانی پەیوەست بە کوشتن و تووندوتیژی بڵاودەکەینەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ