بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان: ئاستی ئاوی بەنداوەکان بۆ خوار 30٪ دابەزیوە

02-12-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی کەمبارانییەوە ئاستی ئاوی بەنداوەکان بۆ خوار 30٪ دابەزیوە و دۆخی بەنداوی دووکان لە 10 ساڵی رابردوودا "بێوێنە" بووە. دەشڵێت، نەبوونی نەختینە لە بانکەکان بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم تەواوکردنی شەش بەنداوی نوێ.
 
ئەندازیار رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان و کۆگاکردنی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لە بەرنامەی (مژار)ـی رادیۆی رووداو، وردەکاریی دۆخی ئاوی هەرێمی کوردستان و پڕۆژەکانی خستەڕوو.
 
دووکان ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات
 
بەهۆی کەمبارانیی ساڵی رابردوو و دواکەوتنی باران لەم وەرزەدا، بەنداوە ستراتیژییەکانی (دووکان، دەربەندیخان و دهۆک) پاشەکشەیان کردووە.
 
رەحمان خانی گوتی: "ئاستی ئاوی بەنداوەکان بەگشتی لە نێوان 25٪ بۆ 30٪ـدایە. راستە لە هەر یەک لە بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان نزیکەی ملیارێک مەتر سێجا ئاو هەیە، بەڵام بەشێکی کۆگاکراوی مردووە و بۆ بەکارهێنان دەست نادات".
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان هۆشداریدا لەوەی "لە 10 ساڵی رابردوودا، یەکەمجارە ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان بەو شێوەیە دابەزێت"، بەڵام جەختی کردەوە کە هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڵێن وشکەساڵییە، چونکە "باشترین کاتی گلدانەوەی ئاو مانگەکانی شوبات، ئادار و نیسانە".
 
شەش بەنداوی نوێ و قەیرانی "نەختینە"
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لە شەش پڕۆژەی بەنداوی نوێدا دەکات (دوین و بانی تاڵەبان لە هەولێر، زەلان و چەقچەق لە سلێمانی، باوەنوور و خۆرنەوازان لە گەرمیان)، کە توانای گلدانەوەی 180 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە.
 
سەبارەت بە گرفتەکانیان، رەحمان خانی گوتی: "کێشەی ئێمە تەرخانکردنی بودجە نییە، بەڵکو کێشەکە لە بانکەکانە. کاتێک بەڵێندەر دەچێت بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانی، تووشی گرفتی نەبوونی نەختینە (سیولە) دەبێت و پارەی بۆ خەرج ناکرێت، ئەمەش پرۆژەکانی خاوکردووەتەوە".
 
بەنداوی بانی تاڵەبان؛ تەواوە و ئاوی تێدا نییە
 
یەکێک لە سەیرترین گرفتەکان لە بەنداوی (بانی تاڵەبان)ـە لە کۆیە، کە لەڕووی ئەندازیارییەوە تەواو بووە، بەڵام ناتوانرێت ئاوی تێدا کۆبکرێتەوە.
 
رەحمان خانی هۆکارەکەی ئاشکرا کرد: "بەهۆی تێپەڕبوونی هێڵی گواستنەوەی کارەبا و بۆریی ئاوی شارەکە بەناو حەوزی بەنداوەکەدا، ناتوانین دەست بە گلدانەوەی ئاو بکەین، چونکە مەترسیی پیسبوونی ئاو و کارەسات دروست دەبێت".
 
بەغدا و بەنداوە ستراتیژییەکان
 
سەبارەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بۆ دروستکردنی چوار بەنداوی ستراتیژی (باکرمان، دەڵگە، مەنداوە و تەقتەق)، رەحمان خانی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەغدا هەنگاوی جددی نەناوە. گوتیشی: "دەمانەوێت توانای گلدانەوەی بەنداوی مەنداوە لە 330 ملیۆنەوە بۆ یەک ملیار مەتر سێجا بەرز بکەینەوە، هەروەها هەوڵدەدەین بۆ جێبەجێکردنی بەنداوی بەردەسوور کە بۆ گەرمیان زۆر گرنگە".
 
کاریگەریی هێرشەکەی کۆرمۆر لەسەر ئاو
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان ئاماژەی بەوە کرد، دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و کەمبوونەوەی کارەبا، ناچار بوون بۆ ماوەی 48 کاژێر ئاوی زیاتر بەردەنەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
 
بەپێی ئامارەکان، لەو ماوەیەدا لە دووکان 65 مەتر سێجا لە چرکەیەک و لە دەربەندیخان 45 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا ئاو بەردراوەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی نزیکەی 60 مێگاوات کارەبا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سووریا لە تانکەکەیەوە هاتووەتە دەرەوە.

بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردە و گرووپی چەکداریی سووریا دا سەپاند

حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 6 کەسایەتی و 3 گرووپی چەکداریی سووریادا سەپاند، لەنێویاندا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو و بازرگانانی نزیک لە حکومەتی بەشار ئەسەد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە "سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و تووندوتیژیی تائیفی".