رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێک لەمەوبەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە کە تێیدا منداڵێک لە یانەیەکی شەوانە پارە بەسەر سەماکەرێکی ئەو یانەیەدا هەڵدەدات و ئەوەش کاردانەوەی زۆری لای بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد. قایمقامی هەولێریش لەو بارەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد.
رۆژی سێشەممە 3-1-2023، بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، تیشکی خستە سەر ئەو رووداوە و هەریەک لە نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر؛ نایف سلێمان، بەڕێوەبەری ئۆفیسی منداڵپارێزیی کوردستان لە هەولێر؛ شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان لە هەولێر لەبارەی رووداوەکەوە دووان.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو دەرکەوتووە، ئەو منداڵەی ڤیدیۆکەی بڵاوبووەتەوە تەمەنی 10 ساڵە و لە نزیک قەڵای هەولێر چا دەفرۆشێت و خەڵکی بەسرەیە، ماوەی سێ ساڵە لە هەولێر نیشتەجێن. باوکی ئەو منداڵە بە تۆمەتی ئەوەی رێگەی بە منداڵەکەی داوە بچێتە ئەو یانەیە، لەلایەن پۆلیسی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێرەوە دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەستیپێکردووە.
شەهیان تەحسین سەردانی باوکی ئەو منداڵەی کرد و لە شوێنی دەستبەسەرکرانی هەڤپەیڤینی لەگەڵ ئەنجامدا و گوتی: "منداڵەکەم دەمێک بوو پەڵپی ئەو شوێنەی دەگرت، شەوی سەری ساڵ دەگریا و دەیگوت، دەبێ بمبەیت. منیش رازی بووم و بردم بۆ شوێنەکە."
باوکی منداڵەکە گوتی: "تا نەچووین بۆ شوێنەکە نەمدەزانی کوێیە و دواتر کە چووینە ناوەوە بینیم شوێنی سەماکردنە. هەموو ئەو پارەیەی لە گیرفانمدا بوو 50 هەزار دینار بوو و تەنیا بۆ کاژێرێک لە یانەکە ماینەوە."
باوکی ئەو منداڵە باسی لەوە کرد کە کوڕەکەی وای زانیوە شاری یارییە و گریاوە "بۆ ئەوەی بچینە ژوورەوە. بەهۆی گریانەکەیەوە لە یانەکە رێگەیان پێداین بڕۆینە ژوور، دواتر کە لە ژوورەوە سەماکردنەکەی بینی، ئەویش منداڵە و دەستی کرد بە سەماکردن."
باوکی منداڵەکە گوتیشی: "بەوە دڵخۆشبووم کە منداڵەکەم لەوێ پێدەکەنێت و سەما دەکات و خەڵک وێنەی دەگرن. ئەوەی روویدا تەنیا رێککەوتێک بوو. لە هەموو ژیانم ئەوە یەکەمجار بوو چووم بۆ یانەی شەوانە، بەڵام دواتر کە ڤیدیۆی منداڵەکەمم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینی، تووشی شۆک بووم و پاڵەپەستۆی خوێنم بەرزبووەوە."
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر لەبارەی چۆنیەتی رووداوەکە رایگەیاند: "دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق و نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرجەم لایەنەکان داوای بەدواداچوونی بەپەلەیان کرد. توانیمان ئەو شوێنە بدۆزینەوە کە گرتە ڤیدیۆکەی لێ تۆمارکراوە."
نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "دەستمانکرد بە گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان و سەرەتا شوێنەکەمان داخست و بە نووسراو داوامان لە داواکاریی گشتی کرد بۆ ئەوەی سکاڵای یاسایی دژی خاوەنی شوێنەکە و بەخێوکەری منداڵەکە بجوڵێندرێت."
قایمقامی هەولێر دەڵێت: "باوکی منداڵەکە دوو ژنی هەیە و خاوەنی نۆ منداڵە؛ ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و بەپێی یاسا لای ئێمە راگیراوە. دواتر رەوانەی دادگەی دەکەین بۆ ئەوەی سزای یاسایی وەربگرێت."
بە گوتەی نەبەز عەبدولحەمید: "خاوەنی یانە شەوانەکە و باوکی ئەو منداڵە کەمتەرخەمن لەو پێشێلکارییەی بەرامبەری کراوە، هەربۆیەش پەڕاوی لێکۆڵینەوە دژی هەردووکیان کراوەتەوە و دەبێ بەهۆی کەمتەرخەمییان سزابدرێن."
نایف سلێمان، بەڕێوەبەری ئۆفیسی منداڵپارێزیی کوردستان لە هەولێر ئەو منداڵە بە قوربانی ناودەبات و پێیوایە "سێ لایەن پێشێلکارییان بەرامبەری ئەنجامداوە."
نایف سلێمان دەڵێت: "دایک و باوکی منداڵەکە نەیانتوانیوە ئەو کوڕە بەرامبەر ئەو مەترسییانە بپارێزن کە رووبەڕووی دەبێتەوە. پێشێلکاریی دووەم ئەو شوێنە کردوویەتی کە رێگەی داوە منداڵەکە بچێتە ناو یانەکەوە. پێشێلکاریی سێیەمیش لایەنی پەیوەندیدار بەرامبەر ئەو منداڵە کردوویەتی کە نەیتوانیوە بە باشی چاودێریی یانە شەوانەکە بکات."
لەبارەی ئەگەری وەرگرتنەوەی ئەو منداڵە لە دایک و باوکی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی منداڵپارێزیی کوردستان لە هەولێر گوتی: "ئەگەر لەڕووی یاساییەوە سەلمێنرا پێشێلکارییەکەی بەرامبەر ئەو منداڵە کراوە لەلایەن کەسوکارییەوە بووە، دادگە بەگوێرەی ئاستی پێشێلکارییەکە بڕیار لەوە دەدات چ سزایەکیان بۆ دیاری بکات."
شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان لە هەولێر لەبارەی یانە شەوانەکەوە گوتی: "ئەو یانەیەی ڤیدیۆکەی لێ بڵاوبووەوە، مۆڵەتی گەشتیاری نییە. ئەو مۆڵەتە بۆ ئەو شوێنانەیە کە ئاهەنگ دەگێڕن و ئەو یانەیە مۆڵەتی ئاهەنگگێڕانی لای ئێمە وەرنەگرتووە."
شوکر عەزیز رایگەیاند: "بەپێی یاسا، شوێنێک مۆڵەتی ئاهەنگگێڕانی هەبێت، بەتایبەت یانە شەوانەکان، بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە رێگە بدەن کەسانی ژێر تەمەنی 18 ساڵی بچنە ژوورەوە؛ بۆیە کارگێڕیی یانەکە بەرپرسە لەو سەرپێچییەی کردوویەتی و رێگەی داوە منداڵێکی 10 ساڵان بچێتە ژوورەوە."
بە گوتەی جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان، لە هەولێر لەگەڵ داخستنی ئەو یانە شەوانەیە، دوو یانەی دیکەش بەهۆی نەبوونی مۆڵەت داخراون و دەشڵێت: "بە بڕیاری قایمقامی هەولێر ئەو یانەیە و دوو شوێنی دیکەی نزیک یانەکە داخران کە هیچ کامیان مۆڵەتی کارکردنیان نەبوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ