رووداو دیجیتاڵ
دوای پێنج رۆژ بەفربارینی بەردەوام، لە چیای کۆڕەک زیاتر لە مەترێک بەفر باریوە. گەشتیاران نۆرەی زۆریان بۆ تەلەفریک گرتووە، پەلەیانە خۆیان بە بەفر بگەیێنن، گەورە و بچووک خەریکی شەڕە تۆپەڵن، کەسیان رەحم بە ئەوەی دیکە ناکات.
محەممەد حاجی، گەشتیاری زستانە بە رووداوی گوت، "شەڕە و لێکدەدەین، هەر کەسە و لەوی دیکە دەدات." بەهرە بەشدار، هاوژینی محەممەد باسی لەوە کرد، "لە خۆشیی ئەو بەفرە شەڕەتۆپەڵ دەکەین و هەموومان بە ناو یەک کەوتووین هەر
کەس بۆخۆی ئازابێت."
بەهۆی زۆریی رێژەی بەفربارین، گەشتیارێکی زۆر روویان لە چیای کۆڕەک کردووە، بەشی زۆری گەشتیاران لە رێگەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوون و بەشێکی دیکەی گەشتیارانیش هاونیشتمانیی شارەکانی هەرێمی کوردستانن.
سەلوە عەدنان، گەشتیار گوتی، "یەکەم جارە دێین بۆ ئێرە، سرووشتەکەی زۆر جوانە و ئەمساڵ بەفرێکی زۆر باریوە بەراورد بە ساڵانی پێشتر، کەشێکی زستانەی زۆر خۆشە و سارد نییە، هیوادارم هەمووان بێن بۆ چیای کۆڕەک."
رۆژانە نزیکەی دوو هەزار گەشتیار روو لە پڕۆژەی گەشتیاریی چیای کۆڕەک دەکەن، زۆربەیان لە رێگەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە دەچنە چیاکە.
چیا محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز دەڵێت، "رۆژانە سەرووی دوو هەزار گەشتیار سەردانی سنووری قەزای رواندز دەکەن، لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو ئێستا 18 هەزار گەشتیار لە رواندز ماونەتەوە و نزیکەی 45 هەزار گەشتیاریش سەردانی رواندزی کردووە."
لە چیای کۆڕەک پلەی گەرما سێ بۆ چوار پلەی ژێر سفری سیلیزییە، بەڵام بەشێک لە گەشتیاران بە شایی و هەڵپەڕکێی خۆیان گەرم دەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ