رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، باران سێ تاوەکو چوار هێندە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادی کردووە؛ کشتوکاڵی هەولێر دەڵێ: "ئەم ساڵ نزیکەی 600 ملم باران لە شەقڵاوە باریوە." کشتوکاڵی سلێمانی رایگەیاند، " ئەم ساڵ 521 ملیم باران لە شاری سلێمانی باریوە." کشتوکاڵی سۆرانیش دەڵێت: "ئەم ساڵ زیاتر لە 1011 ملیم باران لە مێرگەسۆر باریوە."
ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی شوباتی 2026، هیوا عەلی بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ سەرچاوەکانی ئاو و ئاودێری زۆر باشە و باران سێ تاوەکو چوار هێندە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادی کردووە. دۆخی بەنداوەکان، بەتایبەت هەرسێ بەنداوە گەورەکە بەخێرایی بەرزدەبێتەوە و لە سەرەتای مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە دەست بە گلدانەوەی ئاو کراوە تاوەکو کۆتایی مانگی پێنجی ئەم ساڵ؛ هاوکات دۆخی کشتوکاڵ و پلانی چاندنی زستانە زۆر بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت.
بە گوتەی هیوا عەلی، پێشبینی باش هەیە بۆ بووژانەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکان و بەرزبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی. دەشڵێت: "پێویستە ئەوەش بگوترێت کە پێشبینییەکان زۆر باشن بۆ رەوینەوەی ترسی وشکەساڵی لەسەر ئاو، ئاودێری، کشتوکاڵ و ژینگە لە هەرێمی کوردستاندا."
هەر ئەمڕۆ کەشناسیی هەرێمی کوردستان رێژەی 24 کاژێر رابردووی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "زۆرترین باران لە ناحیەی شیلادزێ سەر بە قەزای ئامێدیی پارێزگەی دهۆک باریوە و رێژەکەی 19 ملیمە؛ هاوکات کەمترین هەر لە هەمان پارێزگەیە و 0.1 ملیم باران لە سەنتەری شاری دهۆک باریوە."
سەبارەت بە ئاوی بەنداوەکان، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ روونیکردەوە، "لە هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان، زیاتر لە نیو ملیار مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە؛ نزیکەی 8 مەتر ئاستی ئاو بەرزبووەتەوە؛ بەنداوی دهۆک زیاتر لە یەک ملیۆن مەتر سێجا ئاوی گلداوەتەوە و نزیکەی 50 سانتیم بەرزبووەتەوە؛ گۆمەسپان داهاتی یەک ملیۆن مەتر سێجا بووە؛ هاوکات زۆربەی بەنداوە مامناوەند و بچووکەکان پڕ بوون و سەرڕێژ بوون.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 24 کاژێر رابردوودا، لە هەولێر 2.7 ملیم باران باریوە؛ پار 72 ملیم و ئەم ساڵیش زیاتر لە 253 ملیم باران باریوە. جیاوازی بارینی بارانی ئەم ساڵ و پار، 181.6 ملیمە."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر گوتیشی: "پار زۆرترین باران لە هەریر باریوە کە رێژەکەی 137.9 ملیم بووە و ئەم ساڵیش لە شەقڵاوە بووە و رێژەکەی زیاتر لە 590 ملیمە. هەروەها پار کەمترین باران لە گوێڕ باریوە کە 57 ملم بووە و ئەم ساڵیش هەر لە گوێڕ بووە و رێژەکەی 157 ملیمە."
جووتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی لەبارەی بارانباینەوە بە رووداوی گوت: "پار 209 ملیم و ئەم ساڵ 521 ملیم باران لە شاری سلێمانی باریوە. زۆرترین بارانی ئەم ساڵ لە پێنجوین باریوە و رێژەکەی 938 ملیمە و پاریش 359 ملیم بووە و لە بەرزنجە باریوە."
بیزا ئیسماعیل، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گشتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی گوت: "ئاستی بارانبارین زۆر باشە و بارین لە ناوچە جیاوازەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیادی کردووە."
لەبارەی رێژەی بارانبارینی ئەم ساڵ و پارەوە، بیزا ئیسماعیل روونیکردەوە، "پار رێژەی بارانبارین لە ئیدارەکەمان زیاتر لە 200 ملیم بووە؛ بەڵام ئەم ساڵ پێنج هێندە زیادی کردووە و رێژەکەی بۆ زیاتر لە 1011 ملیم بەرزبووەتەوە."
لەبارەی رێژەی بەفرەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گشتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: "پار لە جگە لە مێرگەسۆر و چۆمان، بەفر لە ناوچەکەمان نەباریوە؛ بەڵام ئەم ساڵ کۆی گشتی بە سانتیم، زیاتر لە 43 سانتیم بەفر باریوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ