رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 20 قەسابخانە لە شارۆچکە، سەر رێگاکان و گوندەکان داخران.
رۆژی شەممە، سێی ئایاری 2025، رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی کۆبوونەوەیەکی دیکەی لیژنەی باڵا دەکەن، بۆ دەرکردنی رێنمایی نوێ بە هاوبەشی لەنێوان وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، شارەوانی، ناوخۆ و تەندروستی.
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "بۆ رێگریکردن لە تای خوێنبەربوون و بڵاوبوونەوەی، هەڵمەتی گەڕان بەردەوامە تاوەکو هەر قەسابخانەیەک سەرپێچی رێنماییەکان بکات، دابخرێت. لە ماوەی رابردوو نزیکەی 20 قەسابخانە لە کۆیە، کەسنەزان، سەر رێگای شەقڵاوە، سۆران، گوندی بێستانە و شارۆچکەکانی دەوروبەری هەولێر داخراون و بەردەوام دەبین."
رابەر محەممەد داوا لە هاووڵاتییان دەکات گۆشت بخۆن، بەڵام لەو شوێنانە بیکڕن کە دڵنیان رێنماییەکانیان جێبەجێکردووە، هەروەها رۆژێک پێش خواردنی گۆشتەکە لە ساردکەرەوەدا بیهێڵنەوە ئینجا بیخۆن.
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت بە سووکی تووشی بێت و جاروباریش دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان.
ساڵی 2023، لە هەرێمی کوردستان 9 کەس بە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستدا، بەڵام پار هیچ کەسێک بەهۆی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستنەداوە.
ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا لە سنووری کەرکووک (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان) پێنج کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە.
دوێنێ دکتۆر سەرکار سوورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "یەکەم تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا، ئەویش هاووڵاتییەکی شاری کۆیەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ