رووداو دیجیتاڵ
دوای ساڵانێک لە کێشەی کەمیی ئاو، بەتایبەت لە وەرزی هاوین لە بەشێکی شاری هەولێر، بەڕێوەبەری ئاوی شارەکە دەڵێ، بەرهەمیان بۆ نزیکەی دوو هێندەی پێویستی بەرزبووەتەوە و هاوین کێشەیان نابێت.
رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر تەواو بووە، تەنیا بەستنەوەی هێڵەکان کەمێکی ماوە و ئەویش لەم مانگەدا کۆتایی دێ."
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی، "ئێستا زۆرینەی شاری هەولێر ئاوی لە پڕۆژەکانەوە پێدەگات نەوەک بیرەکان، هەربۆیە نزیکەی هەزار بیری ئاو کوژێندراونەتەوە".
لە هەولێر، جگە لە پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر، پڕۆژەکانی ئیفرانی یەک، دوو و سێ ئاوی خاوێن بۆ دانیشتووانی شارەکە دابیندەکەن.
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی، "بەو بەرهەمەی بەردەست دەبێ، ئەم هاوینە کێشەی کەمیی ئاو نابێ، مەگەر لە جێگەیەک کێشەیەک یان چاکسازییەک بکرێ و ئاو بۆ ماوەیەک بگیرێتەوە."
رابەر حوسێن گوتی، "رۆژانە لە یەک کاژێردا نزیکەی 33 هەزار مەترچوارگۆشە ئاو دەگاتە هەولێر، ئەوەش دوو هێندەی پێویستیی دانیشتووانە."
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات، کە دەکاتە 60%ی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40%ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.
رۆژی 08-09-2024، مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان بهردی بناخهی پڕۆژهی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ههولێری دانا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ