رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ کراوەتەوە و پێویست ناکات خەڵکی سنوورەکە بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت سەردانی ئەوان بکەن.
رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، "ئاگاداری هاووڵاتییانی سنووری قەزای چەمچەماڵ دەکەینەوە، بۆ مامەڵەی پاسپۆرت سەردانی نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ بکەن، چونکە ئێستا ئەو نووسینگەیە کراوەتەوە".
ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامێرەکان هەموویان گۆڕدراون و باشتر لە جاران کاروباری پاسپۆرتی هاونیشتمانیان لە سنوورەکەمان جێبەجێ دەکرێت".
قایمقامی چەمچەماڵ گوتی: "پێویست ناکات هیچ هاونیشتمانییەک لەمەودوا بچێتە سلێمانی بۆ دەرهێنان یان نوێکردنەوەی پاسپۆرت و هاوشێوەی پێش لافاوەکە ئێستا هەموو کارەکان لە نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ دەکرێت".
بەهۆی لافاوەکەی کۆتایی ساڵی رابردووەوە کە قەزای چەمچەماڵ و بەشێکی دیکەی باشووری کوردستانی گرتەوە، ئاو چووە ناو نووسینگەی پاسپۆرتی قەزاکە و زیانی زۆری پێگەیاندن، بەهۆیەوە کارکردن لەو نووسینگەیە راگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ