لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کۆرۆناوە فرۆشی پاسکیل زیادی کردووە

03-06-2020
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
 نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2018دا بە فەرمی 3ـی حوزەیرانی وەک رۆژی جیهانیی پاسکیل دەستنیشان کردووە
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2018دا بە فەرمی 3ـی حوزەیرانی وەک رۆژی جیهانیی پاسکیل دەستنیشان کردووە
نیشانەکردن پاسکیل
A+ A-
 
 
رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی پاسکیلسوارییە. ساڵانە بازرگانان بە بڕی 12 ملیۆن دۆلار پاسکیل هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن. بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ و کەرەنتینەوە بازاڕی پاسکیل لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە و زیاتر لە پێشوو دەفرۆشرێت و نرخەکانیش بە رێژەی 20% بۆ 30٪ بەرزبوونەتەوە.
 
ئەحمەد سەباح، کاسبکارێکی شاری هەولێرە و بۆ کڕینی پاسکیلێکی قەبارەی 26ـی دەستی دووی ژاپۆنی هاتووەتە ئەو بازاڕە.  پاسکیلێکی بە 70 هەزاردینار کڕی، بە ئامانجی ئەوەی لە رۆژانی قەدەخە و کەرەنتییندا هاتووچۆی پێبکات.
 
ئەحمەد سەباح دەڵێت، "ئێستا کەرەنتینە،  خۆت دەزانی هاتووچۆ نییە، نە بە تەکسی و نە بە پاس؛ ناچارم بە پاسکیلەکە هاتووچۆ دەکەم و سیماشی جوانە. زۆربەی زۆری وڵاتان هەر بە پاسکیل هاتووچۆ دەکەن، تەنانەت سەرۆکەکانیش. پاسکیل خۆشە".
 
 زۆربەی پاسکیلە نوێیەکان لە وڵاتی چین هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن و پاسکیلەکانی دەستی دوویش لە ژاپۆنەوە. بەپێی قسەی بازرگانانی پاسکیل سێ ساڵی رابردوو بازاڕی پاسکیل هەرەسی هێنابوو، بەڵام دوای راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ و کەرەنتیین بازاڕاکە بووژاوەتەوە. 
 
 سەرەڕای ئەوەی نرخی پاسکیلەکان بە رێژەی 20% بۆ 30٪ بەرزبوونەتەوە، بەڵام هیوا جەعفەر بە تەنیا ئەم ساڵ زیاتر لە هەزار پاسکیلی فرۆشتووە.
 
هیوا جەعفەر، پاسکیلفرۆشە و دەڵیت، "بەراورد بە ساڵانی رابردوو ئەمساڵ زۆر زۆر جیاواز بوو. ساڵانی رابردوو بازاڕی پاسکیل سستبووبوو، ئەمساڵ بازاڕ هەستاوەتەوە، پاسکیل خواستی زۆری لەسەرە. ئەوەی ئۆتۆمبێلی هەیە و نەتوانێت بێتە دەرەوە، پاسکیلی کڕیوە و بە پاسکیل دێتە دەرەوە. ئەمساڵ نرخی پاسکیل زۆر بەرز بووەتەوە، چونکە بازرگانەکان لە کۆگاکان دایانناون تا بەهۆی کۆرۆناوە گران بیانفرۆشن. نرخەکان لە 60 هەزار، 50 هەزار یان 40 هەزاردان، ئیتر بە گوێرەی پاسکیلەکەیە".
 
ساڵانە بازرگانان بە بڕی 12 ملیۆن دۆلار پاسکیل هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەو پاسکیلانەی ئەمساڵ لە بازاڕ دەفرۆشرێن ئەوانەن کە لە کۆگاکان بۆ وەرزی هاوین هەڵگیرابوون، کەچی کۆرۆنا وەرزی بازاڕی پایسکلی پێشخست.
 
پایسکلسواری لە چەندین رووە کاریگەریی باشی بۆ تەندروستی هەیە، لەوانە: دابەزاندنی کێش، کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە و نەخۆشیی دڵ، بەهێزکردنی توانای مێشک و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی لەش.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2018دا بە فەرمی 3ـی حوزەیرانی وەک رۆژی جیهانیی پاسکیل دەستنیشان کردووە. لە جیهاندا هۆڵەندا بۆ پاسکیلسواری بە پلەی یەکەم دێت کە زیاتر لە 22 ملیۆن پاسکیلیان هەیە.  
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە