تاى خوێنبەربوون و گرانیى نرخ لە عێراق خواستى لەسەر کڕینى ئاژەڵ کەم کردووەتەوە

03-06-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
بازاڕێکی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ لە بەغدا
بازاڕێکی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ لە بەغدا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە مەیدانى ئاژەڵانى بەغدا، ئاژەڵ زۆر و کڕیار کەمە. چەند رۆژێکى کەم ماوە بۆ جەژنى قوربان، بەڵام بازاڕى ئاژەڵی قوربانى کزە. بەرزبوونەوەى نرخەکەى و تای خوێنبەربوون دوو لەو هۆکارە سەرەکییانەن کە کڕیارانى لە کڕین دوورخستووەتەوە.
 
فازڵ عەبدولحەسەن، فرۆشیار دەڵێت، "خواستى هاووڵاتییان لەسەر کڕینى مەڕ نەماوە بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخەکەى، ئێستا نرخەکەى خەیاڵییە. خەڵک دێت بۆ ئێرە، دەسوڕێتەوە و بەبێ ئەوەى بکڕێت دەڕوات. ئەم ساڵ هەر دوو سەر مەڕێک زیاتر لە 100 هەزار دینارى چووەتە سەر."
 
لە مانگى نیسانى ئەم ساڵەوە حکومەت رێگەى دا بە هاوردەکردنى ئاژەڵ، بەڵام بە چەند مەرجێکى سەلامەتى تاوەکو کاریگەریى لەسەر بەرهەمى نێوخۆیی نەبێت.
 
رێوشوێنەکان بۆ پاراستنى بەرهەمى نێوخۆیی و رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەى تاى خوێنبەربوون، هۆکاری دیکەى کەمیى خواستى هاووڵاتییانە.
 
ئەم ساڵ زۆرترین گیانلەدەستدان بەهۆى تاى خوێنبەربوون لە کەرکووک تۆمار کرا، کە چوار کەس بوون.
 
د. مەنسوور ئەحمەد محەممەد، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى ڤێتێرنێریى کەرکووک رایگەیاند، "ترس لەلای ژمارەیەک لە هاووڵاتییان هەبوو بۆ کڕینى گۆشت، بەڵام ئێستا خواستەکە باشە، تیمەکانمان رۆژانە کار دەکەن بۆ گرتنەبەرى رێکارەکانى خۆپارێزى لەکاتى سەربڕینى ئاژەڵدا لە رۆژانى جەژنى قوربان."
 
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى تەندروستیى عێراق، ئەم ساڵ 93 تووشبووى تاى خوێنبەربوون تۆمار کراون، کە 11یان گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە