رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، لە گەڕەکی لاوانی شاری هەولێر دەستیان بەسەر کۆگایەکی بێمۆڵەتی چەک و کردنەوەی چەک و ژمارەیەک ئامێرێکی تۆڕنەکردن و لێدان و دەیان پارچە چەک و سەدان پارچەی یەدەگی چەکدا گرتووە، دەشڵێت خاوەنی کۆگاکە دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
شەوی دووشەممە، 3-7-2023، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: "دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە لایەن هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەشی هەواڵگریی فەرماندەیی زێڕەڤانی، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لە گەڕەكی لاوانی شاری هەولێر توانیمان دەست بەسەر کۆگایەکی بێ مۆڵەتی چەک و کردنەوەی چەکدا بگرین."
بەپێی راگەیێندراوێکی ئاسایش، لە کاتی پشکنین بۆ ئەو کۆگایە دەست بەسەر دەیان پارچە چەکی جۆراوجۆردا گیرا كە چەكەكان لە جۆری کلاشینکۆف، دەمانچە، M4، قەناس و بی كەی سی بوون، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری فیشەک و سەدان پارچەی يەدەگی چەک و چەند ئامێرێکی تایبەتیی تۆڕنەکردن و لێدان و گۆڕینی ژمارەی چەک و چەندین پارچەی جۆراوجۆری کەلوپەلی سەربازی، کە بەشێوەی نایاسایی مامەڵەی پێوە دەکرا.
ئاسایشی هەولێر لە راگیێندراوەکەیدا لەبارەی چارەنووسی خاوەنی کۆگاکەوە دەڵێت "خاوەنی كۆگاكە بە ناوی (ر.ع.ج) دەستگیرکرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە."
سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، یان دەستداریی چەکی ئاگرین یان تفاقکردنی، یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بەپێی مادە 15ـی یاسای ژمارە 2ـی چەک لە هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 1-3-2022 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکرا، بریتی دەبێت بەندکردن بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ