رێگەی سەرەکیی هەولێر- کەرکووک کرایەوەو لیژنەیەک بۆ داوای تورکمانەکان پێکهێنرا

03-07-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لایەنگرانی بەرەی تورکمانی لە پردێ خۆپێشاندانیان کرد و رێگەی سەرەکی نێوان هەولێر و کەرکووکیان داخست، رێگەکە ئێستا کراوەیە. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سێی تەممووزی 2025، لایەنگرانی بەرەی تورکمانی لە پردێ رژانە سەر شەقام و گرژی کەوتە نێوان خۆپێشدەران و هێزە ئەمنییەکان.
 
تورکمانەکانی پردێ بۆ زیاتر لە کاژێرێک رێگەی سەرەکی نێوان هەولێر- کەرکووکیان داخست. دواتر هێزە ئەمنییەکان رێگەکەیان کردەوە و لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون لە داوای تورکمانەکان پێکهێندرا. 
 
پۆستەکانی ناحیەی پردێ کشەیان لەسەرە و تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، تورکمانەکان لە کۆی 17 پۆست، 12 پۆستیان لەژێر دەستە. 
 
تورکمانەکان داوای پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەکە دەکەن، بەڵام ئیدارەی کەرکووک ئەمڕۆ داواکەی رەتکردنەوە و گرژییەکی زۆر لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو. 
 
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال لەبارەی خۆپێشاندانەکە گوتی، ''لەو کاتەدا کە هەڵبژاردن نزیکە، کۆمەڵێک لە سیاسییەکان دەست دەخەنە ئەم کارانەوە.''
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی، ''تورکمان، کورد و عەرەب وەکو نەتەوە هیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵام حیزبەکان هەندێکجار بۆ دەستکەوتی خۆیان ئەم بابەتانە دەورووژێنن''.
 
تورکمانەکانی پردێ جاری یەکەمیان نییە خۆپێشاندان دەکەن، 30ـی حوزەیران بەشێک لە لایەنگرانی بەرەی تورکمانی، لە دژی دانانی بەڕێوەبەرێکی کورد بۆ شارەوانیی پردێ خۆپێشاندانیان کرد، تەنانەت بە کردنەوەی ئاگر رێگەی سەرەکیی هەولێر- کەرکووکیان داخست. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە