قەدەخەی هاتووچۆ لە عەفرین راگەیێندرا

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو  دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی عەفرین قەدەخەی هاتووچۆی لەنێو شار راگەیاند و داوا لە هاونیشتمانی و هاووڵاتییان دەکات پابەندی رێنماییەکان بن بۆ پاراستنی ئارامیی شارەکە.
 
رۆژی شەممە، 21ـی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی عەفرین لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، قەدەخەی هاتووچۆ لە کاژێر 08:00ی ئێوارەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 02:00ی بەرەبەیان بەردەوام دەبێت.
 
ئاسایشی عەفرین ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە لەپێناو پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی و تەبایی نێوان پێکهاتەکانی سووریا نراوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی عەفرین داوای لە دانیشتووانی شارەکە کردووە رێز لە سیمبوولە نیشتمانییەکان بگرن و بەهاکانی برایەتی و پێکەوەژیان بپارێزن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دراوەتە سەرپێچیکاران و هاتووە: "بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگرێتەبەر کە سەرپێچیی بڕیارەکە بکات، ئەوەش بە مەبەستی چەسپاندنی یاسا و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی."
 
ئاسایشی عەفرین جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە بۆنە نیشتمانییەکان ببنە مایەی خۆشەویستی و تەبایی لە نێوان هەموو پێکهاتە جیاوازەکاندا.
 
ئەم قەدەخەی هاتۆچۆیە لە کاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ژمارەیەک هاونیشتمانیی خەڵکی پارێزگای حەلەبی سووریا لە لایەن دەیان هاووڵاتییانی سووریاوە مامەڵەیەکی خراپیان لەگەڵ کرا و سووکایەتی بە سیمبوولە نەتەوەییەکانی گەلی کوردیش کرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە