رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییان رایدەگەیێنێت کە ئەجێندایەکی هەرێمایەتی ناهێڵێت رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و ئەو شارە وەک سەربازگەیەکی هەواڵگری و سیخوڕی بەکاردەهێنێت.
شێخ شامۆ نعمۆ، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئەو گرووپە چەکدارانەی لە شنگالدان هەڵگری ئەجێندایەکی هەرێمایەتین و ئەو ئەجێندایە ئەو رێککەوتنە پەسند ناکات. من گوێم لە هەندێک سیاسەتمەداری شیعەی عێراقی بووە کە دەڵێن: 'ئەو رێککەوتنە هیچ نییە.' ئەو ئەجێندایە دەزانێت ئەگەر ئەو رێککەوتنەی شنگال جێبەجێ ببێت، ئەوا ئەوان لە شنگالدا جێیان نامێنێت. رێککەوتنەکە ئارامی دێنێتە ئاراوە و خەڵکی شنگال دەگەڕێنێتەوە، ئەجێنداکە ئەوەی ناوێت. ئەوان شنگال وەک سەربازگەیەکی هەواڵگری و سیخوڕی بەکاردەهێنن."
رۆژی 2020/10/10 حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەپێناو گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال رێککەوتنێکیان واژۆکرد و نێوەڕۆکەکەی بڵاوکرایەوە.
راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییان گوتی: "لەلای شنگالییەکان ئەوە روون بووەتەوە کە کلیلی چارەسەریی کێشەکانی شنگال جێبەجیکردنی رێککەوتنی بەغدا و هەولێرە کە ئەو رێککەوتنە دەرمانە. ئەو رێککەوتنە پشتیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکای هەیە، بەڵام بە داخەوە نە حکومەتی عێراق ئەو دەسەڵاتەی هەیە کە ئەو رێککەوتنە بە کردەیی جێبەجێ بکات نە ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەیش جیددییە."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە پەیامێکدا جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکانی حکومەت بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی کوردانی ئێزدی بۆ شوێنەکانیان کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنان هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە.
شێخ شامۆ نعمۆ گوتی: "هەر میوانێک لەسەر ئاستێکی جیهانی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، سەرۆکایەتیی حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان بە گەرمی لەسەر پرسی رێککەوتنی شنگال و ئێزدییەکان دانوستاندنی لەگەڵدا دەکەن بۆ ئەوەی چارەسەرێکی کێشەکە بکرێت."
بەپێی رێککەوتنی شنگال دەبێت جگە لە هێزەکانی پۆلیس هیچ هێزێکی چەکداری دیکە لە شنگالدا نەمێنن و شارەکە چۆڵ بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە جێبەجێ نەکراوە.
شێخ شامۆ نعمۆ باسی لەوە کرد: "چیای شنگال وەک شوێنی کۆبوونەوە و قاچاخچێتی ئەجێندایەکی هەرێمایەتی بەکاردێت و شنگالییەکان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بچنە ئەو چیایە. حکومەتی عێراق بەرامبەر بەو ئەجێندایە لاوازە، چونکە ئەو ئەجێندایە بەغدا و شنگال بەڕێوە دەبات. دەوڵەتێکی دیکە هەیە کە ناهێڵێت حکومەتی کازمی بەڵێنی خۆی بباتە سەر."
حەوت ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان تێدەپەڕێت. بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدیی رفێندراوی دەستی داعش کە بارەگای سەرەکیی لە هەرێمی کوردستانە کە لە شوباتی ساڵی 2021 بڵاوی کردووەتەوە، لە 3ـی ئابی ساڵی 2014وە ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق بە گشتی نزیکەی 550 هەزار کەس بووە، بەڵام بەهۆی هێرشی داعشەوە نزیکەی 360 هەزاریان ئاوارە بوون، کەچی تاوەکو ئێستا تەنیا 150 هەزاریان گەڕاونەتەوە شنگال.
بە گوێرەی ئەو ئامارە، ژمارەی شەهیدانی ئێزدی لە چەند رۆژی سەرەتای هێرشەکەی داعشدا گەیشتووەتە هەزار و 293 شەهید. هەر ئەو هێرشە بووە هۆی بێباوانکردنی دوو هەزار و 745 منداڵی ئێزدی.
تاوەکو ئێستا 82 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە، ئەوە جیا لە دۆزینەوەی دەیان گۆڕی تاکەکەسی، لە کاتێکدا داعش 68 گۆڕی پیرۆز و مەزارگەی ئایینیی ئێزدییەکانی تەقاندووەتەوە و ئەو هەموو رووداوانەیش بوونەتە هۆی کۆچکردنی زیاتر لە 100 هەزار ئێزدی بۆ دەرەوەی عێراق.
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەکە، شەش هەزار و 417 ئێزدی لەلایەن داعشەوە رفێندراون کە سێ هەزار و 548 رفێندراویان لە رەگەزی مێن و دوو هەزار و 869 رفێندراویان نێرن.
تاوەکو مانگی شوباتی 2021 سێ هەزار و 545 لەو رفێندراوانە لە دەستی داعش رزگارکراون، هەزار و 205ـیان ئافرەتن، 339یان پیاون، 2001 رزگارکراویشیان منداڵن، بەوەیش هێشتا چارەنووسی دوو هەزار و 768 ئێزدیی دیار نییە کە هەزار و 298ـیان مێن.
تاوەکو ئێستا 16 رێکخراوی نێودەوڵەتی و پەرلەمانی وڵاتان کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە، لە نێویاندا پەرلەمانی هۆڵەنەدا، بەلجیکا، ئەوروپا، کەنەدا، ئەرمینیا و ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ