ئەندامانی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبنەوە

03-08-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن یاسای نەوت و گاز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە و پڕۆژەیاسای نەوت و گازی لەگەڵدا تاوتوێ دەکەن. 
 
باسم غرێباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 03-08-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەی نەوت و گاز هەوڵەکانی خۆی چڕکردووەتەوە لەبارەی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز، ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە. 
 
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق گوتی، لیژنەکەیان بەنیازە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، لەوانەش لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی. 
 
سەبارەت بە کاتی سەردانەکە، غرێباوی گوتی، تائێستا وادەی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە، بەڵام بەنیازن ئەو سەردانە بکەن.
 
لە 2007ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز رەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، رێگربووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە رەشنووسی 2007، ساڵانى 2008 و 2011 دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى نێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەرى، لە پەرلەمان پەسند نەکران. 
 
رۆژی چوارشەممە 2-8-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی لایەن و فراکسیۆن و وەزیرانی نەوت و دەرەوە و نوێنەری لایەنە سەرەکییەکانی عێراق و راوێژکاری وەزیری سامانە سرووشتییەکان و ژمارەیەک راوێژکار و یاساناس و هونەرییەکان کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە دوایین رەشنووسی یاسای نەوتی گاز و بڕگە و مادەکانی باسکراوە، وەکو سەرەتایەک بۆ پەسندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان، سوودانی لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی وەزاری کە سەرپەرشتیی گفتوگۆ هونەرییەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، بۆ ئەوەی گفتوگۆی سیاسیی لەسەر ئەو رەشنووسە تەواوبکرێت و پێشکێش بکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە عەلی جۆرانی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراق و دوای پێشهاتەکانییەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "رەشنووسەکە لە کۆتاییەکانیدایە، تەنیا دوایین تێبینییەکان ماون، دواتر پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ماوە بۆ ئەوەی بگاتە پەرلەمان."
 
روونیشیکردەوە "لە رەشنووسە نوێیەکەدا زۆر لە دەسەڵاتەکانی دەرهێنان و بەرهەمهێنان و فرۆشتن ناوەندی دەبن، هەرێمی کوردستان و هەرێم و پارێزگاکانی دیکەش رۆڵیان لە داڕشتنی سیاسەتی نیشتمانی کەرتی وزەدا دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت یاساکە ببێتە هۆکارێک بۆ رەخساندن و راکێشانی دەرفەت و گرێبەستی گەورە لەو کەرتە و بکرێتە هۆکارێک بۆ خۆشگوزەرانیی زیاتر و بەکارخستنی سەدان هەزار گەنجی بێکار و راکێشانی ملیارەها دۆلار بۆ عێراق."
 
رۆژی 15ـى شوباتى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاری دا یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان بە "نادەستوورى" لە قەڵەم بدات، کە لە ساڵى 2007 لە پەرلەمانى کوردستان پەسندکراوە، ئەوە جگە لە ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى بەرهەمى نەوتى بە حکومەتى فیدراڵیی عێراق.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن