پەدەکەسە: هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی هەوڵە بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە لەلایەن "گرووپە لەیاسا دەرچووەکانەوە" کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کراوە، مەکتەبی سیاسیی پەدەکەسە دەڵێت، "بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی بە ئامانجگرتنی ماڵی جەنابتانمان لەلایەن گرووپە لەیاسا دەرچووەکانەوە پێگەیشت، ئەمە هێرشە بۆ سەر بەها مرۆییەکان و ئەو سیاسیەتە واقیعییەی کە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات."
 
پارتی دیموکراتی کوردستانی-سووریا ئاماژەی بەوە کردووە، نێچیرڤان بارزانی سیاسەتێکی پەیڕەو کردووە کە ئامانجی پاراستنی گەلی کوردستان و دوورخستنەوەی هەرێمەکەیە لەو ململانێیانەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن. راشیگەیاندووە ئەم جۆرە هێرشانە "هەوڵێکی بێهودەن بۆ تێکدانی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی کە لە هەرێمی کوردستان دا هەیە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، مەکتەبی سیاسیی پەدەکەسە هاوسۆزی و پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ نێچیرڤان بارزانی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان "دەست لە ناو دەست" پشتگیری لەو "سیاسەتە داناییانە" دەکەن کە لەلایەن سەرۆک مەسعوود بارزانییەوە رێبەرایەتی دەکرێت، لە پێناو خزمەتکردنی گەلی کورد و دۆزە رەواکەی.
 
پارتی دیموکراتی کوردستانی - سووریا هیوای خواست سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک پشتیوانێکی بەهێز بۆ گەلی ئاشتیخوازی کوردستان بمێنێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە